29/03/2024
DidiMn Logo
Top

سانتا و دوو پڕۆژەی هونەریی شاد کامەران

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا

سانتا کلووز کەسایەتییەکە کە پەیوەستە بە جەژنی سەری ساڵی زایینییەوە و لە تەواوی جیهاندا ئەم کەسایەتییە وەک نیشانەیەک بۆ بەخشین دەناسرێت، بەوەی کە بە بۆنەی ئەو جەژنەوە، دیاری پێشکەش بە منداڵان دەکات. هونەرمەندی شیوەکاری باشووری کوردستان، شاد کامەران، لە دوو پڕۆژەی هونەریی خۆیدا، کە کاری ئیلوسترەیشنن، ئەم کەسایەتییە سیمبولییەی کردووەتە دوو پڕۆژە، بە ناوەکانی سانتای ڕۆژهەڵات و سانتای مەزن.

سانتای ڕۆژهەڵات، پڕۆژەیەکە کە تیایدا هونەرمەند کاری ئلوسترەیشنی لەو وێنەنانەدا کردووە، کە بەم دواییە لە دوای کارەساتی وێرانبوونی شاری حەلەبی وڵاتی سووریا، لە میدیا جیهانییەکاندا بڵاو بوونەوە. کڵاوی سووری سانتای کردووەتەوە سەری ئەو کەسانەی کە لە وێنەکاندا دەرکەوتوون، لە چەند وێنە و گۆشەیەکی جیاوازدا.

هونەرمەند لە سانتای مەزندا، وێنەی پێنج سەرۆکی پێنج وڵاتی زلهێزی ئەمڕۆی جیهانی وەرگرتووە، کە دەستیان ئاماژەی Fuck پیشان دەدات و کڵاوی سانتای کردووەتە سەریان. وەک خۆیشی ئاماژەی بۆ دەکات، پڕۆژەی سانتای مەزن دەکرێت وەڵامێک بێت بۆ پڕۆژەی سانتای ڕۆژهەڵات.

دەربارەی چۆنێتیی درووستبوونی بیرۆکەی پڕۆژەی سانتای ڕۆژهەڵات، هونەرمەندی شێوەکار شاد کامەران بۆ دیدی من گوتی: “بیرۆکەکە بەو شێوەیەیە کە سانتا هەمیشە بە مانای خۆشی و شادی و بەخشین دێت بە مانا گشتییەکەی، بەتایبەت لە کلتووری ڕۆژئاوادا. بەڵام ئایا ئەی سانتاکانی ڕۆژهەڵات چی بکەن؟ گەر سانتاکانی ڕۆژهەڵات بەو شێوەیەی کە لە کارەکاندا دەرکەوتووە، بژین، ئەی ئیتر دڵی کێ خۆش بکەن؟ لە کاتێکدا کە هەموو جیهان دوا ساتەکانی ساڵی ٢٠١٦ بە خۆشی بەڕی دەکەن، بەڵام لە ئێستادا بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵات لە وێرانبوون و کاولبووندایە و خەڵکەکەی بێبەشن لەهەموو ئەو خۆشییانەی سەری ساڵی تازە.”

 سەبارەت بە پڕۆژەی سانتای مەزن، هونەرمەندی ناوبراو گوتی: ”لەم پڕۆژەیەدا پێنج سەرکردەی دیاری جیهانم وەرگرتووە، کە دەسەڵاتێکی گەورەیان هەیە لە گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان و گۆڕینی ئاڕاستەی هەموو جیهاندا. ئەم سەرکردانە دەبێت چییان پێ بێت بۆ خەڵک و بە چ جۆرێک کاولکاری و کوشتن و بڕینەکانیان زیاد بکات! گەر لە کارەکاندا سەرنج بدەن شێوەی دەست و دەموچاویان بێباکییەکی تەواویان پێوە دیارە.”

پڕۆفایلی هونەرمەند شاد کامەران

شاد کامەران دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی، بەشی شێوەکارییەوە و لە ئێستاشدا خوێندکاری کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سلێمانییە، لە بەشی گرافیک/ دیزایین. تا ئێستا بەشداریی کردووە لە چەند پێشانگەیەکی شێوەکاریی هاوبەشدا، هەروەها بەشدار بووە لە دوو پڕۆژەی هونەریی گرووپی سولی ئۆن، بە ناوەکانی ڕێگا و تەچ. شێوازی کارکردنی هونەرمەند بریتییە لە ئیلوسترەیشن و دیجیتاڵ ئاڕت و کارەکانی زیاتر ڕەخنەئامێزن.

هاوبەشی بکە

Art, digital art, Santai Mazn, Santai Rojhalat, Shad Kamaran,