29/03/2024
DidiMn Logo
Top

ستافی سینەما سالم بۆ دیدی من دەدوێن

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منلاژە تەها

لە بەرواری ٨\٨\٢٠١٦ لە شاری سلێمانی، سینەمایەکی هونەری بە ناوی سینەما سالم بە ڕووی بینەراندا کرایەوە، کە پرۆژەیەکی هاوبەشی ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە و ماڵی سوهرەوەردی بۆ لێکۆڵینەوە لە ئایین و ئەفسانەیە. بڕیارە سینەماکە گرنگی بدات بە نماییشکردنی فیملە هونەرییە باڵاکانی سینەمای جیهانی و لە ڕێی نماییشکردنی ئەو فیلمە کوردییانەی کە تا ئێستا بەرهەم هێنراون و لە ئاستێکی هونەریدان، هەوڵی دروستکردنی سینەمای کوردی بدات. هەروەها کردنەوەی سینەماکە هاوکات بوو لەگەڵ کردنەوەی کافێ کتێبی غەزەلنووس، کە هاوشوێن و ئامانجە لەگەڵ سینەما سالم. دەربارەی ئامانج و بەرنامەی کاری سینەما سالم، ستافی سینەماکە بۆ دیدی من دەدوێن.

ڕەوەز حەمەساڵح، بەڕێوبەری ناوەندی غەزەلنووس، دەربارەی ئەوەی چی وای کرد ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە بیر لە دامەزراندنی سینەما بکاتەوە، بۆ دیدی من گوتی: “هەر لە سەرەتای دروستکردنی ناوەندی غەزەلنووسەوە، مەبەستمان بووە کاری کلتووری بکەین، ویستوومانە لە چوارچێوەیەکدا کارەکانمان قەتیس نەکەین، لە کتێبفرۆشییەوە دەستمان پێ کرد. من هەمیشە وەک دۆخێکی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەم بۆشایییانەی کە لە کۆمەڵگەکەماندا هەیە تەماشای غەزەلنووس و ناوەندە هاوشێوەکانیم کردووە، پێم وایە کە دەبێت بۆشایییەکان ئەم ناوەندانە پڕیان بکەنەوە. بۆ کاری کلتوورسازی کە بەداخەوە هەرگیز هیچ پلانێکی بۆ نەبووە لە لایەن حکومەتەوە، بۆیە دەبێت ئەو بۆشایییە بە شێوازێکی شارستانییانە پڕ بکرێتەوە.”

گوتیشی: “تێڕوانینی غەزەلنووس بۆ ئەم باسە، تێڕوانینێکی گشتی بووە، کە دەبێت ئێمە کەشێکی گشتی دروست بکەین بۆ ئەوەی بێین کاری کلتووری تێدا بکەیین، هەروەها سینەما یەکێکە لە گرنگترین ئەو کەرەستانەی دەتوانین لە کۆمەڵگەدا گەشەی کلتووری پێ بکەین.”

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە: “یەکێک لە ئامانجەکانمان ئەوەیە کە چۆن بتوانین سینەما لە شوێنێکی بۆرژوازییانەوە بگوازینەوە بۆ شوێنێکی گشتی، ئەمەش لە ڕێگەی کەمکردنەوەی نرخی بلیتی بینینی فیلمەکان. چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەمیشە بینینی فیلم لە سینەما بە نرخێکی گران بووە. سینەما سالم پلانێکی درێژخایەنە، لە داهاتوودا بیرمان لە پلان و پڕۆژەی هەمەجۆر کردووەتەوە لە پێناویدا.”
11

ئاوات کەریم، سەرپەرشتیاری ژێرنووسکردنی فیلمە نماییشکراوەکانی سینەما سالم، دەربارەی تایبەتمەندیی ئەو فیلمانەی لە سینەما سالم نماییش دەکرێن، بۆ دیدی من گوتی: “ئەو فیلمانەی کە لە سینەما سالم نماییش دەکرێن چەند تایبەتمەندییەکیان هەیە، بەڵام ئەوەی کە گرنگە دوو تایبەتمەندییە، یەکەم لە ڕووی کوالێتییەوە هەوڵ دەدەین بە باشترین کوالێتیی دەنگ و ڕەنگ پیشانی بینەرانی بدەین. دووەم لە ڕووی هونەرییەوە هەوڵ دەدەین ئاستی هونەریی فیلمەکان دوور بێت لەو جۆرە فیلمانەی کە تا ئێستا بەشێکی زۆری بینەری ئێمە بینیویەتی. ئێمە دەمانەوێت و هەوڵ دەدەین باشترین فیلمە جدییەکانی دونیا نماییش بکەین، واتە ئەو فیلمانەی نماییش دەکرێن کە هەم لە ڕووی فۆڕمەوە و هەم لە ڕووی ناوەڕۆکەوە ئاستێکی هونەریی باڵایان هەیە.”

هەروەها دەربارەی چۆنییەتی هەڵبژاردنی فیلمێک بۆ نماییش و هەڵبژێرەریان، گوتی: “سینەما سالم بۆردێکی ڕاوێژکاریی هەیە، ئێمە لەگەڵ چەندین دۆست قسەمان کردووە، ئەوان لیستی خۆیان بۆ ناردووین، ئێمە سەیری فیلمەکان دەکەین دواتر بۆردی ڕاوێژکاری فیلمەکان دیاری دەکات، هەڵبەت دوای ئەوەی کە گفتوگۆ دەکرێت لەسەر ئاستی فیلمەکە. پاشان دەنێردرێت بۆ ژێرنووس دوای ژێرنووسیش جارێکی دیکە تەماشا دەکرێتەوە تا بزانین ئایا شیاوە بۆ نماییش یان نا.”

لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا دوای تەواوبوونی ماوەی نماییش، لە کافێ کتێبی غەزەلنووس، کە هاوشوێنە لەگەڵ سینەما سالم، گفتوگۆ بۆ فیلمەکان ئەنجام دەدرێت، ناوبراو گوتی: “ڕەنگە نەتوانین گفتوگۆ بۆ هەموو فیلمەکان ئەنجام بدەین، بەڵام هەوڵ دەدەین بە پێی توانا گفتوگۆ بۆ فیلمەکان ئەنجام بدەین. هەروەها بە دڵنیایییەوە تەواوی فیلمە کوردییەکان گفتوگۆیان و هەڵسەنگاندیان بۆ ئەنجام دەدرێت.”

سینەما سالم دەکەوێتە شاری سلێمانی، شاڕێی سالم، تەنیشت  دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. ڕۆژانە لە ۳ کاتی جیاوازدا فلیم نماییش دەکات، کە دوانیان بیانین و یەکێکیان کوردی.

‎فۆتۆ: پەڕەی تایبەتی سینەما سالم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک.

 

هاوبەشی بکە

Cinema Salim, LazhaTaha, Staff,