زامۆئا داراغا
لە مێژووی هونەری ئەم هەرێمەدا ئەمە دووەم جارە هونەرمەندان هەڵدەستن بە سووتاندنی کارە هونەرییەکانیان وەک پەرچەکردار لە بەرانبەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابووریی ئەم هەرێمە. گەر بە سادەیی بیر بکەینەوە، دەڵێین ئاساییە، هونەرمەند هیچی نییە بێجگە لە کارە هونەرییەکانی تا بیانکات بە قوربانی وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بەو ژیانەی کە تێیدا دەژی.
پرسیارێکی گرنگ خۆی دەهێنێتە ناوەوە: گەر هەموو هونەرمەندەکان بڕیاریان دا کارە هونەرییەکانیان بسووتێنن، چی ڕوو دەدات؟ گەر داڤینشی لە دژی دەسەڵاتی کەنیسە کاری مۆنالیزای بسووتاندایە، ڤان کوخ لە دژی ئەو ژیانە هەژارانەیەی کارەکانی بسووتاندایە، کاندنسکی لە دژی دەسەلاتی کۆمۆنیستی سوڤهت کارەکانی بسووتاندایە، بیکاسۆ لە دژی شەڕی ناوخۆ کاری گێرنیکای بسووتاندایە، ئێستا مرۆڤایەتی بێ مێژوو و هونەر دەمایەوە، مۆزەکان چۆڵوهۆڵ دەبوون، پێشکەوتن ڕووی نەدەدا و نەماندەتوانی بەرەنگاری هیچ دەسەڵاتێکی کۆنەپەرست و فاشی و دیکتاتۆر ببینەوە و وەک باووباپیرانمان دەژیاین.
هونەر هەمووکات و سەردەمێک خۆی وەک دژ پیشان داوە مێژووی خوێناویی هەموو مرۆڤەکانی تۆمار کردووە، پێش هەموو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکان کەوتووە. ئەوەی لێرەدا پێوستە جەختی لێ بکەم هونەرمەندەکەیە کە دەبێت لەو پاسیڤییە و لەو ماسۆخیسییەی دەربچێت و ئەکتیڤ بێت، پڕ بێت لە هەڵوێست و و بە چالاکیی هونەری و کاری جیدی دژی ئەم ڕەوشە بوەستێتەوە، لە رێگەی هونەرەوە پرسیار بورووژێنێت دەربارەی ڕەگوڕیشەی کێشەکان. لەو شوێنەی نائومێدی هەیە پرسیارمان هەبێت بۆ ئومێد، لەو شوێنەی جەنگ هەیە پرسیارمان هەبێت لە ئاشتی، لەو شوێنەی ناشیرێنی هەیە پرسیارمان هەبێت بۆ جوانی. کەواتە گەر سووتاندنی هونەر چارەسەر بێت، دەبوایە شێرکۆ بێکەس هەموو شیعرەکانی بسووتاندایەم بەختیار عەلی هەموو ڕۆمانەکانی بسووتاندایە، دارا حەمەسعید پەیکەرەکانی بشکاندایە. بۆ ئەوەی ڕزگارمان ببێت لەم قهیرانانە، ئیتر با بێین هەموو کارە هونەرییەکانمان بسووتێنین و وەک ئەوان ئێمەش ببین بە برغوویەک لە ماشێنی وێرانکاری.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.