19/04/2024
DidiMn Logo
Top

سینەما سالم: پرۆژەیەکی کلتووریی گەورە لە سلێمانی

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منئاراس عەبدولڵا

ئێوارەی ڕۆژی ٧/٨/٢٠١٦ لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا، پرۆژەی سینەما سالم و کافێ کتێبی غەزەلنووس لە شاری سلێمانی بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەند، نووسەر و بینەرانی فیلم کرایەوە. ئەم پرۆژەیە بە یەکێک لە پرۆژە کلتوورییە گەورەکانی شاری سلێمانی هەژمار دەکرێت و لە لایەن ناوەندی غەزەلنووس و ماڵی سوهرەوەردییەوە بەڕێوە دەبرێت. وەک بەڕێوەبەرانی پرۆژەکە ئاماژەی بۆ دەکەن، ئامانجیانە بینینی فیلم لە شارەکەدا بکەنە کلتوور.

13886902_309978256017839_740964150027896359_n

ڕەوەز حەمەساڵح، بەڕێوەبەری ناوەندی غەزەلنووس، لە گوتاری دەستپێکی مەڕاسیمەکەدا بۆ ئامادەبوان گوتی: “ئێمە بە دامەزراندنی ئەم سینەما هونەرییە، دەمانەوێت بیرکردنەوە بۆ کلتوور بگەڕێنینەوە، واتە دژی ئەم ڕەوتە باوەی ئێستا بوەستینەوە کە کلتووریان دابەزاندووەتە سەر ئاستێکی سەرگەرمی و بەتاڵکراوەتەوە لە بیرکردنەوە و تەنیا بووەتە کەرەستەیەک بۆ بینینێکی ڕەواڵەتی و تێپەڕاندنی کات بەبێ ئەوەی هیچ بەرهەمێکی هەبێت بۆ خزمەتی فەزای گشتی و بەرهەمهێنانی هیچ بیرکردنەوەیەک.”

13902590_309977829351215_603225245342795815_n

گوتیشی: “ئامانجی هەرە سەرەکی لە دامەزراندنی ئەم سینەمایە، کلتوورە نەک بازرگانی، بەڵگەشمان بۆ ئەم قسەیەمان ئەوەیە کە ئێمە هەوڵمان داوە بە نرخی زۆر گونجاو و هەرزان دەرگەی سینەما بە ڕووی بینەران و هاوڵاتیاندا بکەینەوە و لە بەرنامەشماندا هەیە ڕۆژێک لە هەفتەدا تایبەت بکەین بۆ نماییشی خۆڕایی و بۆ هەموان بەبێ جیاوازی.”

13939394_309978719351126_1452055224435330404_n

کردنەوەی مەڕاسیمەکە بە فیلمی نامە بۆ پاشای دەرهێنەر و سینەماکاری کورد، هیشمام زەمان بوو. ئەو دەرهێنەرە بەر لە نماییشی فیلمەکەی گوتەیەکی پێشکەش کرد و پیرۆزباییی لە شاری سلێمانی کرد بە بۆنەی کردنەوەی سینەماکە و گوتیشی: “بە ڕاستی پێویستە نەک تەنیا بۆ شاری سلێمانی، بەڵکو پێویستە بۆ تەواوی کوردستان پرۆژەی دیکەی هاوشێوە هەبێت.”

13903244_309977736017891_647236647683633836_n

ناوبراو ڕوونییشی کردەوە کە بۆ ئەو هەستێکی ناخۆش بووە کە بەر لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی خۆی، بینەرانی وڵاتانی دیکە فیلمەکەی ئەویان بینیوە و هیوای خواست کە سینەما سالم دەروازەیەک بێت بۆ پێشاندانی فیلمی سینەماکارانی کورد بە بینەران و هاووڵاتیانی کوردستان.

سینەما سالم لە شاری سلێمانی، دەکەوێتە سەر شەقامی سالم، پشت دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سینەماکە هاوشانی کافێ کتێبی غەزەلنووس بە ڕووی بینەران و هونەردۆستاندا کراوەتەوە.

فۆتۆ: پەڕەی تایبەتیی سینەما سالم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک

هاوبەشی بکە

ArasAbdulla, Cinema Salim, Ghezelnus, Hisham Zaman, Letter to the King,