دانا ڕه‌ئوف
دونیای شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف زۆر تایبه‌ته، چه‌ندین درامای ناوه‌کی له‌خۆ ده‌گرێت و به شانۆی ئه‌تمۆسفێر ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێت، ئه‌م ئه‌تمۆسفێره‌ش پشت به وروژاندنی یاده‌وه‌رییه‌کان، هیواکانی ئاینده و هه‌ڵوێسته و باره دوروونییه‌کان، به‌تایبه‌تییش هه‌ره‌سهێنانی په‌یوه‌ندیی خۆشه‌ویستی و دڵشکاندن ده‌به‌ستێت. ڕه‌وشه ده‌روونییه‌کانیش له‌نێو خه‌ونه‌کانی ڕابردوو که نه‌هاتۆته دی و ئاواته‌کانی ئایینده‌ش که زۆر دووره له به‌دیهێنانیانه‌وه قووڵ ده‌بنه‌وه. ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ش گرنگترین سیفه‌ته‌کانی شانۆی چێخهفن و به بۆچوونی ڕه‌خنه‌گره‌کانیش چێخه‌ف بۆ به‌رجه‌سته‌کردن و دووپاتکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌تانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پانتاییه‌کانی سروشت، بۆ نموونه ده‌ریاچه له شانۆنامه‌ی باڵنده‌ی ده‌ریا، باخی گێلاس له شانۆنامه‌ی باخی گێلاسدا، یان خه‌ون به گه‌ڕانه‌وه‌وه بۆ مۆسکۆ له شانۆنامه‌ی سێ خوشکدا. ئه‌م مۆتیفانهش، به‌تایبه‌تی سروشت ته‌نها وێنه‌یه‌ک نییه و ڕووداوی شانۆنامه‌کانی تیایدا ڕوو بدات، یان تیایدا به‌ند بکات، به‌ڵکو هێنده‌ی کاره‌کته‌ره‌کان گرنگه و ڕۆڵێکی له‌به‌رچاویان له به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی هێڵی درامی و په‌یوه‌ندیی کاره‌کته‌ره‌کان و خودی ڕووداوه‌کاندا هه‌یه. چێخه‌ف له شانۆنامه‌کانیدا په‌نا ناباته به‌ر دروستکردن و پێکهێنانی دیمه‌نی توندوتیژ و هاتوهاوار، به‌ڵکو پێودانگه درامییه‌کان له دووتوێی هێڵێکی هێمن و له‌سه‌رخۆدا ده‌ڕۆن به‌ڕێوه. چێخه‌ف له‌م باره‌یه‌وه و له یه‌کێک له نامه‌کانیدا گوتوویه‌تی: “مرۆڤ له ژیاندا به به‌رده‌وامی یه‌کتر ناکوژن، یان خۆیان له‌ناو نابه‌ن و دان به ناپاکییهکانیاندا نانێن، هه‌روه‌ها کاته‌کانیشیان به گفتوگۆی زیره‌کانه‌وه نابه‌نه سه‌ر. ئه‌وه‌ی که بیر و هۆشیان داگیر ده‌کات خواردن و خواردنه‌وه و دڵداری و قسه‌ی بێمانایه. ئه‌م شتانه‌ش ئه‌وه‌یه که ده‌بێت له سه‌ر شانۆ به‌رجه‌سته‌یان بکه‌ین، شانۆ ده‌بێت وێنه‌ی خه‌ڵکی بخاته ڕوو له کاتێکدا که‌نوێژ ده‌که‌ن، سه‌فه‌ر ده‌که‌ن، نان ده‌خۆن و ده‌رباره‌ی ئاووهه‌وا قسه ده‌که‌ن و قومار ده‌که‌ن. با هه‌موو شتێک له سه‌ر شانۆ ئاڵۆز و گران بێت هه‌روه‌ک ژیان، ساکار و ئاسان بێت هه‌روه‌ک ژیان. که خه‌ڵکی نانی ئێواره ده‌خۆن له نانخواردن به‌ولاوه هیچی تر ناکه‌ن، ئه‌مه‌ش ڕێگە له به‌ختیاریی خه‌ڵکی ناگرێت، به هه‌مان شێوه ڕێگە له‌و که‌سانه‌ش ناگرێت که ژیانی خۆیان ده‌شێوێنن.” چێخه‌ف وه‌ک ئه‌ده‌ب سه‌یری شانۆی نه‌کردووه، به‌ڵکو به‌ر له هه‌موو شتێک شانۆنامه‌نووسین بۆ ئه‌و بۆ شانۆ بووه، شانۆکه‌شی شانۆیه‌کی واقیعی بووه و بنه‌ماکانی له سه‌ر تێکسته شانۆیییه‌کانی بونیاد ناوە. له‌م ڕووه‌وه چێخه‌ف نوێخواز بووه و مه‌به‌ستی شانۆ نه‌بووه، به‌ڵکو شانۆ پێویستی به چێخه‌ف بووه و به‌دوای شانۆنامه‌کانیدا ڕایان کردووه. له‌به‌ر ئه‌وه نوێخوازی و واقیعییه‌تی چێخه‌ف دابڕانێک بووه له هه‌موو ته‌وژم و نه‌ریته شانۆیییه‌کان. چێخه‌ف شاره‌زایییه‌کی ته‌واوه‌تی له هونه‌ری شانۆ هه‌بووه، له‌م ڕووه‌وه له وه‌ڵامی یه‌کێک له‌و ده‌زگا چاپه‌مه‌نییانه‌ی که ویستوویه‌تی شانۆنامه‌کانی چاپ بکات، گوتوویه‌تی: “من هیچ شانۆنامه‌یه‌ک به شایانی بڵاوکردنه‌وه نازانم تا له‌کاتی پرۆڤه و له‌گه‌ڵ ئه‌کته‌ره‌کاندا پیایدا نه‌چمه‌وه.” تاکه هۆیه‌کیش که وای له چێخه‌ف کردووه شانۆنامه بنووسێت ئه‌وه بووه که له سه‌ر شانۆکان پێشکه‌ش بکرێت.
شانۆکه‌ی چێخه‌ف واقیعییه، به‌ڵام واقیعییه‌تێکی تایبه‌تمه‌نده، چێخه‌ف پێی له سه‌ر ئه‌وه داگرتووه که ژیانه ساکاره‌که به‌رجه‌سته بکات، ژیانی هه‌موو ڕۆژێک، به‌ڵام گوێزانه‌وه‌ی ژیانی ڕۆژانه بۆ چێخه‌ف ته‌نها وێنه‌کردنێکی ڕووت نه‌بووه، به‌ڵکو فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م نووسه‌ره فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ساکار و ئاسایی بووه. چێخه‌ف له‌و ژیانه ئاسایییهدا هه‌موو ورده‌کارییه‌کانی بینیوه، ژیانی له چه‌مکه ساکاره‌کانیدا دۆزیوه‌ته‌وه و سه‌رله‌نوێ پێمان ده‌ناسێنێته‌وه؛ خۆشگوزه‌رانیمان، ئازاره‌کانمان، هیواکانمان، رۆژه خۆش و دڵخۆشه‌کانمان، خه‌ونه‌کانمان.
پێویسته ژیان له ڕوانگه‌ی دیمه‌نه ئاسایییهکهوه وه‌ربگرین، له ده‌روازه‌کانی ساکاربوونهوه له ژیان و له خۆمان تێده‌گه‌ین. مه‌به‌ستی چێخه‌ف ئه‌وه بووه وێنه‌یه‌کی ژیانی ڕۆژانه‌مان بداتێ به هه‌موو ساکاری، ناخۆشی و ڕیتمه خاوه بێزارکه‌ره‌که‌یه‌وه، تا له پشت ئه‌وه‌وه ئه‌و جیهانه ببینین که به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن، ئه‌و جیهانه‌ی که له خه‌ونه‌کانماندا ده‌یانبینین.
له‌و ژیانه ساکار و ئاسایییهی چێخه‌فه‌وه ڕاستی خۆمان و ڕاستی ژیانمان ده‌بینین، له‌نێوان ئه‌ندێشه و واقیعدا، له‌نێوان ناته‌با و ته‌بادا، له‌نێوان ساکار و ئاسان و دژوار‌دا شیعری چێخه‌ف و شانۆی چێخه‌ف وێنه‌یه‌کی ڕاستگۆی مرۆڤایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌کانمان بۆ به‌رجه‌سته ده‌کات. له‌م ئه‌تمۆسفێره‌دا هه‌موو ڕه‌وش و په‌یوه‌ندی و هه‌ڵوێسته‌کان پابه‌ندن به په‌یوه‌ندییه‌کانی مرۆڤه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌کانی مرۆڤیش به‌وانی تر و به شته‌کانه‌وه، به گه‌ردوون، به ژیان و به خودی خۆیه‌وه.
واقیعییه‌تی چێخه‌ف ناتورالیزمی ناگه‌یه‌نێت و زۆر دووریشه له چه‌مک و بۆچوونه‌کانی ناتورالیزمی ئه‌میل زۆلاوه، به‌ڵکو واقیعییه‌تی چێخه‌ف زیاتر سروشتییه‌کی زیندووه و له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌کانیدا کۆمان ده‌کاته‌وه. لێکنزیکبوونه‌وه و پێکگه‌یشتنی ئێمه و کاره‌کته‌ره‌کانی چێخه‌ف پێکگهیشتنێکی مرۆڤایه‌تییه به هه‌موو گه‌رموگوڕی و خه‌ون و هیواکانییه‌وه، به هه‌موو سۆز و لێکچوونه‌کانی چاره‌نووسێکی هاوبه‌شه‌وه.
چێخه‌ف چه‌نده گرنگی به که‌سی تاک ده‌دات و مه‌سه‌له خودییه فه‌لسه‌فییه‌کان له لای مرۆڤی تاک چاره‌سه‌ر ده‌کات، هێنده‌ش به‌و مانایه‌ی که مرۆڤ و مرۆڤی تاک ئه‌ندامی کۆمه‌ڵگە و بنه‌ما کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه. له‌به‌ر ئه‌وه شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف پاڵه‌وانی تاک له‌خۆ ناگرێت و هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانی، به‌بێ جیاوازی گرنگن و به‌شێکن له سیسته‌م و ڕژێمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. کاره‌کته‌ره‌کانی وه‌ک خودێکی تاک په‌یوه‌ندییان به‌وانی تره‌وه هه‌یه و له هه‌مان کاتدا په‌یوه‌ستن به کۆمه‌ڵگه‌یشه‌وه.
به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کان له لای چێخه‌ف ئاشکران: په‌یوه‌ندیی مرۆڤ به مرۆڤه‌وه، تاک له‌گه‌ڵ تاک له په‌یوه‌ندییه‌کانیدا به کۆمه‌ڵگەوه، کۆمه‌ڵگەش له به‌رامبه‌ر خۆیدا، به‌تایبه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگەیانه‌ی که به گۆڕانکاری و دابڕان و ململانێی فیکری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا تێده‌په‌ڕن و به‌م شێوه‌یه‌ش بارودۆخی مرۆڤایه‌تی له باشه‌وه به‌ره‌و خراپ ده‌گۆڕێت و بارێکی ئاڵۆز و دوور له ڕاستییه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌کات.
زۆر گرانه شانۆنامه‌کان و کاره‌کته‌ره‌کانی چێخه‌ف بخزێنرێته بواره‌کانی کۆمیدیا یاخود تراژیدیاوه، به‌ڵکو له‌و ڕووه‌وه‌ی که شانۆنامه‌کانی سیمایه‌کی مرۆڤایه‌تی گشتگر له‌خۆ ده‌گرن و چ کۆمیدیا یان تراژیدی به‌شێکن له‌م سیما گشتگره مرۆڤایه‌تییه. چێخه‌ف خه‌نده و په‌ژاره به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر تێکه‌ڵاو ده‌کات، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و وێنه‌یه‌کی ڕاستگۆی ژیانه که له یه‌ککاتدا پڕه له پێکه‌نین و له هه‌مان کاتدا خه‌م و په‌ژاره، خۆشی و ناخۆشی. چێخه‌ف خۆی شانۆنامه‌کانی زیاتر وه‌ک کۆمیدیا ناوزەند کردووه، به‌ڵام بۆ ڕه‌خنه‌گره‌کان زۆر گران بووه له ژێر ته‌وژمه‌کانی شانۆیه‌کی کۆمیدیادا شرۆڤه‌ی شانۆنامه‌کانی بکه‌ن، زۆر گران بووه که شانۆنامه‌کانی له‌نێوان کۆمیدیا و تراژیدیادا جیابکه‌نه‌وه و هه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش خاڵێکی دژوار و جیاوازی و کێشه‌ی نێوان چێخه‌ف و ڕیژیسۆری گه‌وره‌ی ڕووسی ستانیسلاڤیسکی بووه. ستانیسلاڤیسکی شانۆنامه‌کانی چێخه‌فی له سه‌ر شانۆی هونه‌ریی مۆسکۆ وه‌ک تراژیدیا ڕاڤه کردوون، نهماییشهکانی زیاتر له تراژیدیاوه نزیک بوون نه‌ک کۆمیدیا و ئه‌مه‌ش چێخه‌فی دڵگران کردووه.
زوربه‌ی ڕه‌خنه‌گره ئه‌وروپییه‌کان شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف دابه‌ش ده‌که‌ن به‌سه‌ر دوو قۆناغدا: یه‌که‌میان شانۆنامه‌کانی قۆناغی سه‌ره‌تای ده‌گرێته‌وه، له‌م قۆناغه‌دا ڕووداوی شانۆنامه‌کانی زیاتر ڕاسته‌وخۆن، به‌تایبه‌تی شانۆنامه کورته‌کانی. دووه‌میشیان ئه‌و شانۆنامانه دێن که ڕووداوه‌کانی ناڕاسته‌وخۆن و چێخه‌ف له‌م قۆناغه‌یدا ده‌گاته ئاستێکی گه‌وره‌ی داهێنان. باڵنده‌ی ده‌ریا، لالۆ ڤانیا، باخی گێلاس و سێ خوشک نموونه‌یه‌کی به‌رزی قۆناغی دووه‌می شانۆنامه‌کانی چێخهفن.
گۆڕانکاری و بهرهوپێشهوهچوونه ئاسایییه‌که‌ی هێڵ و پێودانگه درامییه‌کان له لای چێخه‌ف ته‌نها گه‌وهه‌ر و هه‌ڵسوکه‌وت و ڕه‌فتاری کاره‌کته‌ره‌کان ناگرێته‌وه، به‌ڵکو له په‌یوه‌ندییه‌کانیاندا به‌وانی تره‌وه، به خۆیانه‌وه و به ژیانیشه‌وه ده‌گرێته‌وه. له‌م نێوه‌نده‌شدا ڕاستگۆیی به هه‌موو ماناکانییه‌وه، بێ پێچوپه‌نا، له هه‌موو دیمه‌نێک له دیمه‌نه‌کانی شانۆنامه‌کانیدا ده‌بینرێت.
سیمای شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف وه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئاماژه‌مان بۆ کردووه، ئه‌تمۆسفێرێکی تاریکی هێدی که دڵه‌ڕاوکێ، ناخۆشی، بێزاری، دڵته‌نگی، قێزلێکردنه‌وه، نائومێدی و ون بوون له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌م سیمایانه‌ش هه‌موویان پێکه‌وه هاوکارن، پێکدا ده‌چن، دژی یه‌کتر ده‌وه‌ستنه‌وه و به شێوازێکی ناڕاسته‌وخۆ یه‌کتری ته‌واو ده‌که‌ن و ڕووداوه‌کانی شانۆنامه‌که به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌به‌ن.
چێخه‌ف به شێوه‌یه‌کی سروشتی، ساکار و وه‌ستایانه ڕووداو و چینه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگە له ده‌وری ڕووداوه سه‌ره‌کییه‌که‌ی شانۆنامه‌کانی کۆ ده‌کاته‌وه، دوای ئه‌وه یه‌ک له دوای یه‌ک په‌رده له ڕووی بابه‌ت و هه‌ڵوێسته درامییه‌کانی ڕووداوه‌کان لا ده‌بات، به‌م شێوه‌یه‌ش گرێ درامییه‌کان و په‌یوه‌ندییه مرۆڤایه‌تییه‌کان دروست ده‌کات، ڕیتمێکی مۆسیقی ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌ی نێوان شێوه و ناوه‌ڕۆک، دیمه‌نی ده‌ره‌وه و گه‌وهه‌ره قووڵه شاراوه‌که‌ی ده‌کات.
ئەم نووسینە لە کتێبی شانۆنامەی سێ خوشک، نووسینی ئەنتوان چیخۆڤ، وەرگێڕانی جەلال تەقی، ژمارە ٢٠ لە زنجیرەی شانۆی بیانیی دەزگای ئاراس بڵاو کراوەتەوە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.