19/04/2024
DidiMn Logo
Top

فاندۆ و لیز لە نێوان بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆ و دوا یاریدا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

داستان بەرزان

كاریگەریی سامۆئیل بیكێت لەسەر فێرناندۆ ئارابال

كاریگەریی كەش و زمان و كاراكتەر و ڕووداو و هێڵ و هتد لە نێوان نووسەرەكانی بواری شانۆنامەدا شتێكی ڕوون و لە مێژینەیە، ئەم كاریگەرییە لە زۆر جێگەدا داهێنانی نوێی لێ كەوتۆتەوە، وەک دەڵێن: “ئەگەر تێكستە كۆنەكانی یۆنان نەبوونایە ئەوا تێكستەكانی ئێستا بەم جۆرە نەدەبوون، بەو مانایەی ئەوان ڕەچەڵەكن بۆ تێكستەكانی پاش خۆیان، لە نێوان نووسەرەكانیشدا كاریگەربوون بە یەكتری یەكێكی دیكەیە لە دیاردە باوەكان، ئەمەش لە نووسەرە لوتكەكانەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ نووسەرانی پاش خۆیان، مەبەستیش لە نووسەری لوتكە ئەو نووسەرانەن كە بە بەرهەمەكانیان خاڵێک بۆ شێوازی نووسینی پێش خۆیان دادەنێن و شێواز و ڕەوتی نوێ‌ دەهێننەوە ئاراوە، لەو نووسەرانەش ئەگەر لە پاش كلاسیكی كۆن وەربگرین ئەوان بێگومان شێكسپیر یەكێک دەبێت لەو لوتكانە، لە پاش شێكسپیر، هێنریک ئەپسن و ئۆگۆست ستربێرێگ و ئارسەر میلەر و ئەتوان چیخۆڤ و برتۆڵد برێشت و سامۆئیل بیكێت لە جۆری ئەو نووسەرانەن كە هەریەكەیان لوتكەیەكن و نوسەرانی پاش خۆیان كاریگەرن بە بەرهەمەكانیان، چ لە ڕووی شێواز، چ لە ڕووی ناوەڕۆكەوە.

12325059_1060310737342474_1271847585_n

سامۆئیل بیكێت لە شانۆی مۆدێرندا ئەو نووسەرەیە كە گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لە بواری درامانووسیدا كرد، بەرهەمەكانیشی سەلمێنەری ئەم بۆچوونەن، بەتایبەت شانۆنامەكانی بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆـوە، كۆتاییی گەمە، ڕۆژە خۆشەكان. كە هەریەكێكیان بگرین نموونەی بەرزی شێوازی نووسینی ئەم نووسەرە دەردەخەن، هەر بۆیەش زۆر لە نووسەرانی پاش خۆی دەكەونە ژێر كاریگەرییەوە و زمان و كەش و كاراكتەرەكانی لە ڕوونی لە بەرهەمەكانیاندا دەبینرێن، لە دیارترینیان هاڕۆڵد پینتەر، سلاڤومیر مرۆژیک و فێرناندۆ ئاراباڵ.

Waiting for Godot

فاندۆ و لیز، ڤلادیمێر و ستڕاگۆن یان هام و كڵۆف؟

ئاراباڵ لە شانۆنامەی فاندۆ و لیز وێنەی ژن و مێردێكی نوقمی ڕابردوومان بۆ دەكێشێت، كە ژیانیان پڕیەتی لە ململانێ، ململانێیەكی سەخت و دژواری وەها كە بەرگەگرتنی ئاسان نییە، ئەم ژن و مێردە دەیانەوێت بڕۆنە شارێک بە ناوی تار. ژنەكە بە هۆی ئەوەی ئیفلیجە و توانای ڕۆیشتن و جوڵەكردنی كەمە، زۆرینەی كات لە سەر گالیسكەیەكی كۆنە، پیاوەكەش كاراكتەرێكی ناجێگیری وەهای هەیە كە هەندێك دیمەندا نازانێت ئایا هەر بە ڕاستی ژنەكەی خۆش دەوێت یاخود ئەوەی دەیكات تەنیا نواندنێكی كاتییە و لە ڕاستیدا ئەم پیاوێكی توندوتیژە، بە جۆرێک كە لە ڕەفتارەكانیدا دەردەكەوێت كەسایەتییەكی سادـی هەیە، كە حەز بە ئازاردانی بەرامبەرەكەی دەكات.

سادیزم لە لای كاراكتەری پیاو لە ئاستێكدایە كە هەردوو جۆرەی ئازاردانەكەی لێ دەكەوێتەوە، مەبەست لە ئازاردانی دەروونی و جەستەیییە، هەندێک كات لە ڕووی جەستەیییەوە ئازاری دەدات، وەک ئەو كاتەی زۆری لێ دەكات كە لە سەر سک بڕوات، لە كاتێكدا لیز توانای ئەوەی نییە، یاخود شەوێک بە ڕووتی ل ەسەر ڕێگەكە دای دەنێت و ئەمەش دەبێتە هۆی نەخۆشكەوتنی لیز و هەر بە هۆی ئەمەشەوە لە كۆتاییدا دەمرێت، ئەو كاتانەشی لە ڕووی جەستەیییەوە ئازاری نادات، جەنگی دەروونیی لەگەڵدا دەكات، وەک ئەو دیمەنەی دەیداتە دەست سێ پیاوی چەترەكە كە وەک لێبوكێک دەستبازی لەگەڵ دەكەن و یاری بە جەستەی دەكەن، یاخود ئەو دیالۆگەی كە بە زمانێكی هەڕەشەئامێز پێی دەڵێت: “پێت دەڵێم نەگریت، هەر ئێستا ژیر نەبیتەوە بەجێت دەهێڵم.” هەڕەشەكردن لە ژنێكی ئیفلیج كە بەهۆی گالیسكەیەكەوە دەڕوات بێگومان ئازاردانێكی زۆری دەروونییە، چونكە ئەو لەو شوێنەدا كەس شک نابات جگە لە پیاوەكەی، بەڵام پیاوكەی واتە  فاندۆ بۆ ماوەیەک جێی دەهێڵێت و كاتێكیش دەگەڕێتەوە پەشیمانیی پێوە دیارە و باوەشی پێدا دەكات، ئەمەش یەكێكی دیكەیە لە سیفەتەكانی هەندێك خەڵكی سادیزم لە پاش ئازاردانی زۆری بەرامبەر پەشیمانییەكی زۆر دەكێشن و ئامادەن زۆر لە خۆیان ببوورن ئەوەی بەرامبەر بخەنەوە دۆخی ئاسایی خۆی، وەک دەزانین لە لای بیكێت‌ـی هەردوو كاراكتەری هام لە شانۆنامەی دوا یاری و پۆزۆ لە شانۆنامەی بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە نموونەی دیاری سادیزمن.

ئەم دوو كاراكتەرە لە زۆر جێگەدا لە كاراكتەرەكانی هام و گلۆف لە شانۆنامەی دوا یاری‌ـی بیكێت و فلادیمێر و ستراگۆن لە شانۆنامەی بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوەـی هەمان نووسەر نزیک دەبنەوە، لە سەرەتای شانۆنامەكەدا لیز داوا لە فاندۆ دەكات پیاسەیەكی پێ بكات، كە ئەمە نزیكە لەو دیمەنەی كە هام داوا لە كڵۆف دەكات بە كورسییەكەیەوە پیاسەیەكی پێ بكات، هەمان كردار لە شانۆنامەی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆـشدا لە لایەن كاراكتەری لەكییەوە ئەنجام دەدرێت لەسەر داوای پۆزۆ هەر نزیک لە هەمان كردار فاندۆ داوا لە لیز دەكات سەیری گوڵەكان بكات، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: “هیچ گوڵێكی لێ نییە.” هەمان دیالۆگ بەجۆرێكی دیكە لە شانۆنامەی دوا یاری‌ـیدا هەیە، لەو جێگەیەدا كە هام بە كلۆف دەڵێت: “سروشت ئێمەی لە بیركردووە.” كلۆف لە وەڵامدا دەڵێت: “سروشتی لێ نەماوە.” لە لای ئاراباڵ لە جیاتی وشەی سروشت وشەی گوڵ بەكارهاتووە، كە زۆر جار وشەی گوڵ سیمبۆلە بۆ سروشت، بەو پێیەی گوڵ بەشێكی دانەبڕاوە لە سروشت.

خەونی ڕۆیشتن بۆ شارێک بە ناوی تار و كەچی مانەوە لە هەمان شوێندا یەكێكی دیكەیە لە شتە لە یەكچووەكانی ئەم شانۆنامەیە لەگەڵ شانۆنامەی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆـوە. فلادیمێر و ستڕاگۆن بەردەوام چاوڕوانیی كەسێک دەكەن بە ناوی گۆدۆ، وەک هێمایەک بۆ فریادڕەسێک كە دێت و ڕزگاریان دەكات، هەرچی فانۆ و لیزـیشە چاوەڕێن بگەن بە شارێک بە ناوی تار كە دەكرێت شاری تار ئەو فریادڕەسە بێت كە ئەمان هەرگیز پێی ناگەن، وەک گۆدۆ كە هەرگیز نایەت. فلادیمێر و ستراگۆن بە بەردەوامی لە سەرە ڕێگەیەكدا وەستاون و ناڕۆن بەدم چاوەڕوانییەوە خەریكن ڕابردووی خۆیان دەگێڕنەوە و ئێستاش بە یاریكردن دەبەنە سەر، لەهەمان كاتی چاوەڕوانیی ئەماندا هەریەک لە پۆزۆ و لەكی دێنە ناو ڕووداوەكانەوە و بۆ ماوەیەک دەبنە بەشێک لە یارییەكانی ئەمان، منداڵێكیش لە شێوەی پەیامهێنێكدا زوو زوو دێت و لە نەهاتنی گۆدۆ ئاگەداریان دەكاتەوە.

فاندۆ و لیزـیش بە ڕێگاوەن بە بێ ئەوەی بڕۆن، خەریكی گێڕانەوەی ڕابردوون و ئێستاش بە ململانێكانیان دەبەنە سەر، لەناكاو سێ پیاوی چەترەكە بە ناوەكانی نامەر، میتەرۆ و تۆزۆ دێنە ناو ڕووداوەكانیانەوە، بۆ ماوەیەک پەیوەندییەكی كورتیان لەگەڵدا دەبەستن و پاش ئەوەی بڕیار دەدەن پێكەوە ڕێگە ببڕن بەرەو شاری تار لە یەكتر دادەبڕێن. ناوی یەكێک لەم پیاوانە تۆزۆـیە، لە ڕووی فۆنەتیكەوە نزیكە لە ناوی پۆزۆ، لە ڕووی كاراكتەریشەوە لێچوویییەک هەیە لە نێوانیاندا، بەوەی تۆزۆ هەمیشە حەز بە سەپاندنی بۆچوونەكانی دەكات و دەبێتە كۆسپ لە بەردەم ڕایەكانی دوو هاوڕێگەكەی دیكەیدا، وەک دەزانین پۆزۆـش لە شانۆنامەی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆـەوە ئاغایە و هەمیشە بۆچوونەكانی دەسەپێنێت.

Fando_y_Lis

قوڵاییی بێدەنگی، ئەوپەڕی قسەكردن

لە دیمەنی دووەم تاكو دیمەنی سێیەم كاراكتەری لیز بێدەنگ دەبێت، ئەم بێدەنگییەوە ئەوپەڕی هەڵوێست و هاواری ئەو نیشان دەدات لە بەرانبەر ئەو ئازار و ناڕەحەتییانەی بە دەستی فاندۆ دەیچێژێت، توڕەیی و وتنی “نا”ـیە بەرانبەر ئەو پەژارە قووڵەی لە دڵ و دەروون و گیانیدا پەنگیان خواردووەتەوە، ئەمە ئەو شوێنەیە لە لیزک‌ـە، ئیدی چارەسەرێک نییە بۆ گرفت و كێشەكان، ئەوەتا نە فاندۆ بەڵێنەكانی دەباتە سەر و دەست لە ئازاردانی هەڵدەگرێت، نە دەشگەنە شاری تار كە دەكرێت تار ئەو شوێنە بێت تێیدا شتەكان گۆڕانكارییان بەسەردا بێت.

بێدەنگییە پڕ لە قسەكەی لیز داخستنی خودە بەسەر جیهانی دەوروبەردا، بەڵام مەرج نییە مانای قبوڵكردن و خۆبەدەستەوەدانی ئەومان بۆ دەربخات، بەڵكو قوڵبوونەوەیە بە ناو خوددا و پاشان هەوڵدانە بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی تێیدایە ئەگەر بە مەرگیش بێت، ئەو ئیتر نایەوێت هەرچی بێت و یاری بە گیان و دەروونی بكات، بەڵكو دەیەوێت سنورێک بۆ ئەو دزێویانە دابنێت كە جارێک بە دەستی مێردەكەی و جارێكیش هەر لە سەر داوای مێردەكەی بە دەستی ئەوانی تر پێی دەكرێت، هەر بۆیە كە لە فیگەری لیز ورد دەبینەوە لە هەریەک لەو دوو دیمەنەدا پڕیەتی لە بەها و جوانیی شاراوە، بۆیە گرنگیشە دەرهێنەر لە كاتی خستە سەرشانۆی ئەم دەقەدا لە سەر ئەم بێدەنگییە بووەستێت و ئاستێكی بەرزی هونەری پێ بدات و نەهێڵێت بە ئاسانی بەسەریدا تێپەڕێت، وەک بڵێی ئەو كاراكتەرە ڕۆڵی نەماوە، بە پێچەوانە جوانترن كاراكتەر ئەوانەن بە بێ دیالۆگ قوڵاییی خۆیانمان نیشان دەدەن، ئەم بێدەنگییەی لیز كە ئاستێكی فەلسەفی و بەهایەكی بەرزی هونەری هەیە.

Endgame-Poster

پاش ئەوەی لیز دەكەوێتەوە قسەكردن، بە هۆی ئەوەی شەوێک بە ڕووتی لە سەر ڕێگایەک دانراوە لە لایەن فاندۆـوە نەخۆشە، ئەمەش درێژكراوەی ئەو ڕەفتارە خراپانەی فاندۆـیە بەرامبەری، كە ئەوەمان پ ێدەڵێت كە فاندۆ هەگیز چاک نابێت و بەردەوامە لە سەر ڕەفتارە دزێوەكانی، ئەو بەڵێنانەشی پێی دەدات تەنیا لە پێناو غەریزەیەكی كاتیدایە، پاشان دەبێتەوە هەمان كاراكتەرە دزێوەكەی پێشوو، نەخۆشی و نالەباریی تەندروستیی لیز دەكاتە ئەوەی لیز بمرێت، فاندۆـش وەك پێشتر بەڵێنی پێ دابوو ئەگەر لیز بمرێت هەوڵ دەدات بگری.

هاوبەشی بکە

Dastan Barzan, Fernando Arabal, SamuelBeckett,