دیدی من – ڕاگەیاندنی سینەما سالم
ئه‌م فیلمه له ده‌رهێنانی تارسیم سینگه، کاتینکا وانتراو ڕۆڵی ئه‌لیکساندرا و لی پەیس ڕۆڵی ڕۆی ده‌گێرن و موزیکه‌که‌شی له لایه‌ن کنیشوا لێڤییهوه دانراوه.
زه‌مه‌نی ڕووداوه‌کانی ناو ئه‌م فیلمه له ساڵانی بیسته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدایه، به ڕزگارکردنی ئه‌سپێک و ئه‌کته‌رێک ده‌ست پێ ده‌کات که له کاتی نواندنی دیمه‌نێکی سینه‌ماییدا له‌سه‌ر پردێکه‌وه که‌وتوونه‌ته ناو ڕووبارێکه‌وه. پاش ئه‌وه‌ی دیمه‌نه‌که دهسووڕێته ناو نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ده‌وروبه‌ری لۆس ئه‌نجلۆس و ده‌رده‌که‌وێت، ڕۆی واڵته‌ری ته‌مه‌ن 30 ساڵان قاچه‌کانی له کار که‌وتوون و به‌م هۆیه‌ش له ژێر چاودێریی پزیشکدا ده‌مێنێته‌وه. له به‌شی منداڵانی هه‌مان نه‌خۆشخانه‌دا کچۆڵه‌یه‌کی جوانکیله‌ی ته‌مه‌ن 5 ساڵانی خه‌ڵکی یه‌کێک له ناوچه‌کانی هیندستان به هۆی شکانی قۆڵییه‌وه له نه‌خۆشخانه ماوه‌ته‌وه و قۆڵی له گه‌چ گیراوه و به قاڵبێک تا ئاستی سنگی هه‌ڵواسراوه و هه‌میشه‌ش بۆکسێکی چکۆله‌ی به ده‌سته‌وه‌یه. سه‌ره‌تای ڕاسته‌قینه‌ی فیلمه‌که ئه‌و کاته ده‌ست پێ ده‌کات ئه‌م کچۆڵه نامه‌یه‌کی کورت به زمانێکی نامۆ بۆ یه‌کێک له کچه په‌رستاره‌کانی نه‌خۆشخانه‌که ده‌نووسێت و له په‌نجه‌ره‌ی نهۆمی سێیه‌مه‌وه بۆی هه‌ڵده‌داته خوارێ، به‌ڵام به ڕێکه‌وت ڕۆی له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌یه‌ک به‌وێدا ده‌گوازرێته‌وه و با ئاڕاسته‌ی نامه‌که ده‌گۆڕێت و ده‌یخاته ناو باوه‌شی ڕۆی. کچۆڵه‌که به‌دوای نامه‌که‌دا ده‌چێت بۆ ئه‌و هۆڵه‌ی ڕۆیی لێ داغڵ کراوه و ئیدی له‌گه‌ڵ ڕۆی‌دا یه‌ک ده‌ناسن و ده‌که‌ونه گفتوگۆ. له به‌رده‌وامبوونی گفتوگۆکه‌یاندا له‌سه‌ر ناوی ئه‌لیکساندرا، ئیلی پرسیاری ئه‌وه ده‌کات “بۆچی ئهلیسکاندهری گه‌وره له جه‌نگ به‌رده‌وام بوو پاش ئه‌وه‌ی له ڕۆژهه‌ڵات زۆرینه‌ی سوپا و ئه‌سپه‌کانی له ده‌ست دا؟” ڕۆی که شتێک له وه‌ڵامه‌که نازانێت، وه‌ڵامێکی نیمچهخهیاڵی به شێوه‌ی حیکایه‌ت ده‌داته‌وه.
ڕۆژی دواتر ئیلی دێته‌وه بۆ لای ڕۆی ئه‌و ئه‌ویش ده‌ست ده‌کات به گێڕانه‌وه‌ی حیکایه‌تێک که خۆی دروستی ده‌کات، گێڕانه‌وه‌ی حیکایه‌ته‌که له فیلمه‌که‌دا هاوکاته له‌گه‌ڵ سووڕانی زوومی کامێراکه له نه‌خۆشخانه‌که‌وه بۆ ناو حیکایه‌ته‌که. ته‌کنیکی فیلمه‌که وایه له‌گه‌ڵ ده‌ستکردن به گێڕانه‌وه‌ی هه‌ر حیکایه‌تێکدا ئیدی حیکایه‌ته‌که دێته سه‌ر شاشه و حیکایه‌ته ده‌بێته دیمه‌نی سینه‌مایی، ڕه‌نگه‌کان و شێوه‌ی که‌سه‌کان له واقع و حیکایه‌ته‌کاندا جیاوازن، ئه‌وه‌ش بۆ کێشانی هێڵێک له نێوان واقع و خه‌یاڵدا، به‌ڵام دواجار ئه‌م دوانه تێکه‌ڵ به یه‌ک ده‌بنه‌وه. ئه‌وه‌ی ڕۆی ده‌ی گێڕێته‌وه ئێمه ده‌یبینین، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی خه‌یاڵی ئیلییهوه، ڕاستییه‌که‌ی کامیرا له ناو خه‌یاڵی ئیلیدایه. ڕۆی هه‌ر ڕۆژه و به‌شێکی بۆ ئیلی ده‌گێڕێته‌وه و هه‌میشه‌ش به نیوه‌ناچڵی ده‌یان هێڵێته‌وه. کورته‌ی حیکایه‌ته‌کانی ڕۆی باس له سته‌مکارێک و پێنج پاڵه‌وانی ئه‌فسانه‌یی یاخی ده‌که‌ن که به هۆی زوڵمی سته‌مکاره‌وه ناڵاندوویانه و هه‌ریه‌کێکیشیان لای خۆیانه‌وه بڕیاری تۆڵه‌کردنه‌وه‌ی ئازاره‌کانی خۆیان به کوشتنی ئۆدیۆس‌ی حاکمی شاره‌که داوه بۆیه هه‌ر پێنجیشیان بۆ دوورگه‌یه‌کی بێ ده‌ره‌تان دوور خراونه‌ته‌وه. یه‌کێکیان ڕه‌شپێستێکی کۆیله‌یه که به هۆی کارکردن له زه‌ویی حاکمه‌که‌دا برایه‌کی دیکه‌ی له ژێر کاری سه‌ختدا گیانی له ده‌ست داوه. دووه‌میان پیاوێکی هیندییه که وه‌ختی خۆی هاوسەرگیریی له‌گه‌ڵ شاجوانی هیندستاندا کردووه و له‌به‌ر غیره‌کردن له جوانیی ژنه‌که و پاراستنی له ده‌ستی سته‌مکاره‌که ده‌یکاته کۆشکێکه‌وه و سه‌رجه‌م ده‌رگەکان کڵۆم ده‌دات و خۆیشی له‌به‌ر ده‌رگە ده‌بێته پاسه‌وان، به‌ڵام دادوەر وه‌ک تارمایی ده‌زه ده‌کاته ناو کۆشک و شاجوان ده‌ڕفێنێت و شاجوانیش تاکه ڕێگه‌ی ده‌ربازبوونی له ده‌ستی دادوەر خۆفڕێدانییهتی له‌سه‌ر تەلارێکی به‌رزه‌وه. کابرای هیندی له تۆڵه‌ی ژنه‌که‌ی بڕیاری کوشتنی دادوەر ده‌دات. پیاوی سێیه‌میان که‌سێکی سه‌رۆکی کانهبهردێکه، دادوەر کاره‌که‌ی لێ زه‌وت ده‌کات و تا ده‌شگه‌ڕێته‌وه ماڵ کۆشکه‌که‌ی که‌سی تێدا نه‌ماوه و کۆڵانه‌که‌یان له مرۆڤ به‌تاڵ بووەته‌وه. پیاوی چواره‌میان زانایه‌کی بایۆلۆژییه به ناوی چارلز داروین که هه‌میشه مه‌یمونێکی چکۆله‌ی له‌گه‌ڵدایه و ئێجگار زۆر په‌پوله‌ی ئه‌مریکانا ئیکزۆتیکای خۆش ده‌وێت، ڕۆژێک ئۆدیۆس‌ی دادوەر له سندووقێکدا په‌پوله‌یه‌کی کوژراوی ئه‌مریکانا ئیکزۆتیکای بۆ ده‌نێرێت، بۆیه شێتی ده‌یگرێت و بڕیاری کوشتنی دادوەر ده‌دات. که‌سی پێنجه‌م که‌سێکی ماسکپۆشه و زیاتر جلوبه‌رگی له هیی پاڵه‌وان یان چه‌ته‌کان ده‌چێت و ڕۆڵی سه‌رۆکی ئه‌م گروپه یاخیبووه ده‌گێڕێت. ئیدی ئه‌م یاخیبووانه له دوورگه‌که خۆیان ده‌رباز ده‌که‌ن و تا کۆتایی فیلمه‌که پێکه‌وه دوای ئامانجی خۆیان ده‌که‌ون که کوشتنی حاکمی شاره‌که‌یه.
پاش ئه‌وه‌ی ڕۆی و ئیلی یه‌کتری ده‌ناسن، یه‌که‌میان خۆی ده‌کات به حیکایه‌تخوان و دووه‌میان ڕاده‌کێشێته ناو حیکایه‌ته‌کانی خۆیه‌وه. ڕۆی ده‌زانێت منداڵ هه‌میشه ئارەزوویەکی سه‌یری بۆ حیکایه‌ت هه‌یه، بۆیه ده‌ست ده‌کات به حیکایه‌تسازی، له به‌رامبه‌ر گێڕانه‌وه ئه‌م حیکایهتهشدا هه‌موو جارێک کارێک به کچۆڵه‌که ده‌کات، به زۆری کارەکە ئه‌وه‌یه که ڕۆی پێویستی به جۆره حه‌بێکه که ده‌یه‌وێت له‌به‌ر له‌ده‌ستدانی خۆشه‌ویسته‌که‌ی و له‌ده‌ستدانی قاچه‌کانی بۆ کۆتاییهێنان به ژیانی خۆی به‌کاری بهێنێت. هیچ کات حیکایه‌ته‌کانی ڕۆی ناگه‌نه کۆتایی، وه‌ک ئیلی ده‌ڵێت ”تۆ هه‌میشه له شوێنه خۆشه‌کاندا ده‌وه‌ستیت”. ڕاستییه‌که‌ی حیکایه‌ته‌کانی ڕۆی پێ ناچێت کۆتاییه‌کیان هه‌بێت، چونکه هه‌میشه له‌و کاته‌دا دروست ده‌کرێن و درێژه‌یان پێ ده‌درێت که ڕۆی له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی به‌کاریان دێنێت بۆ فریودان و قۆستنه‌وه و به‌کارهێنانی مرۆڤێکی تر، ئه‌و حیکایه‌تانه‌ی ڕۆی ده‌توانن له سه‌رده‌می ئه‌سکه‌نده‌ره‌وه درێژ ببنه‌وه هه‌تا سه‌رده‌می سه‌دان ساڵی داهاتوویش، به‌ڵام ڕووداوه‌کان به‌م جۆره نابن. حیکایه‌ته‌کان بۆ ڕۆی ماسکن و مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیی له پشتیانه‌وه شاردووەته‌وه، هه‌ر که پێویستی پێیان ده‌بێت بۆ فریودانی ئیلی ده‌یان سازێنێت و له دوای پڕکردنه‌وه‌ی پێویستییهکهیش کۆتای‌یان دێت، به‌م جۆره سه‌ره‌تا و کۆتایی حیکایه‌ته‌کان چه‌ند سه‌ره‌تایه‌ک و چه‌ند کۆتاییه‌که بێ بوونی سه‌ره‌تایه‌کی ڕاسته‌قینه و کۆتاییه‌کی ڕاسته‌قینه، ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌رژه‌وه‌ندیی ڕاسته‌قینه‌یه.
ڕووداوه‌کانی ناو فیلمی کەوتن له دوو شوێندا ڕوو ده‌دەن، یه‌که‌میان نه‌خۆشخانه‌که که له ده‌وروبه‌ری لۆس ئه‌نجلۆسه و دووه‌میشیان له ناو حیکایه‌ته‌کانی ڕۆی‌دا. به‌ڵام گێڕانه‌وه‌کانی ڕۆی نابنه هیچ تا له‌گه‌ڵ خه‌یاڵی ئیلی‌دا کارلێک نه‌که‌ن. توانای ڕۆی گێڕانه‌وه‌یه و توانای ئیلییش خه‌یاڵکردن. شوێنی نه‌خۆشخانه‌که له ئه‌مەریکایه و شوێنیش له حیکایه‌ته‌کاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خه‌یاڵی ئیلین و ئێمه‌ی بینه‌ر له‌سه‌ر شاشه خه‌یاڵه‌کانی ئیلی ده‌بینین. له‌وه تێده‌گه‌ین سیمای شاری هیندییان تێدایه و بگره له ناوچه جیاوازه‌کانی هیندستاندا ڕوو ده‌ده‌ن.
ڕۆی گێڕه‌ره‌وه‌یه‌کی زۆر سه‌رکه‌وتوو نییه و حیکایه‌ته‌کانی بونیادێکی پته‌ویان نییه، ئه‌و له‌گه‌ڵ حیکایه‌ته‌کانی خۆیدا ناژی، ناتوانێت شوێنه‌کان ببینێت، ناتوانێت له‌مسی کاره‌کته‌ره‌کانی بکات، ناتوانێت هه‌ست به ئازار و ناڕه‌حه‌تییه‌کانیان بکات، ئه‌و ڕاستگۆ نییه له‌گه‌ڵ حیکایه‌ته‌کانی خۆیدا و حیکایه‌ته‌کانی ته‌نیا ماسکن. ڕۆی زۆر جار له گێڕانه‌وه‌دا هه‌ڵه ده‌کات، جاری وا هه‌یه له بیری ده‌چێت له کوێدا حیکایه‌ته‌که‌ی کۆتایی پێ هێناوه، له بیری ده‌چێت باسی کێی کردووه، جاری واهه‌یه حیکایه‌ته‌کانی خۆی ده‌گه‌یه‌نێته بنبه‌ست و له شوێنێکدا قفڵ ده‌بێت و بواری درێژه‌پێدانی بۆ ناهێلێته‌وه. به کورتی له گێڕانه‌وه‌ی ڕۆی‌دا هه‌میشه کۆمه‌ڵێک که‌لێن و درزی گه‌وره هه‌ن که پێی پڕ ناکرێنه‌وه، ئه‌م درز و کهڵێنانه دەرفەتی دزه‌کردنی کاره‌کته‌ری تر و ڕووداوی تریان هه‌یه بۆ ناو حیکایه‌ته‌کانی. که حیکایه‌ته‌کانی ده‌گه‌نه بنبه‌ست و دهرگەکانی قفڵ ده‌بن که‌لێنه‌کانی به فریای درێژه‌دان به حیکایه‌ته‌کانی ده‌که‌ون.
جاک درێدا بۆیه میتۆدی دیکۆنسترهکشنی به‌کار هێناوه و په‌یڕه‌و کردووه چونکه بڕوای به‌وه هه‌بوو هه‌موو ده‌قێک کۆمه‌ڵێک که‌لێن و درزی هه‌یه، هه‌موو ده‌قێک درێژکراوه‌ی پێش خۆی و درێژکه‌ره‌وه‌ی دوای خۆیه‌تی، له‌م دهقئاوێزانهدا زۆر جار ده‌قه‌کان شتی نوێیان نییه بۆ گوتن و ناتوانن بونیادێکی زۆر پته‌و و دونیایه‌کی تۆکمه و تایبه‌ت به خۆیان دروست بکه‌ن، بۆیه ڕه‌خنه‌گر ده‌توانێت له که‌لێنه‌کانه‌وه دزه بکاته ناو ده‌قه‌که و ورده‌ورده ئه‌و که‌لێنانه گه‌وره بکات تا دواجار هه‌ڵیان ده‌وه‌شێنێته‌وه. کتومت ئه‌م میتۆده درێداییه له‌م فیلمه‌دا ده‌رده‌که‌وێت و که‌شوهه‌وایه‌کی درێدایی به‌سه‌ردا زاڵه: هه‌ر حیکایه‌تێک درێژکراوه‌ی پێش خۆی و درێژکراوه‌ی دوای خۆیه‌تی، له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م حیکایه‌تانه‌دا کۆمه‌ڵێک درز و که‌لێن هه‌ن که ناتوانرێت پڕ بکرێنه‌وه، حیکایه‌تخوان به ته‌واوی توانای به‌سه‌ر بابه‌ته‌که‌ی خۆیدا نییه، مه‌مله‌که‌تی چه‌مک و مانا و ئاڕاسته‌کان و ڕووداوه‌کان وه‌ک ئاژه‌ڵێکی ماڵی ده‌سته‌مۆ نابن، هه‌میشه کۆمه‌ڵێک پنت و ناوچه هه‌ن که ده‌سه‌ڵاتی نووسه‌ر یان حیکایه‌تخوان نایانگاتی و له ئاگاییه‌که‌ی ده‌خزێن، کۆمه‌ڵێک ناوچه بوونه‌ته مۆڵگه‌ی یاخیبوون له نووسه‌ر و دواجار له پێکهاتهشکاندنی ده‌قه‌که‌دا به‌شدار ده‌بن (ئه‌مه‌ش له چه‌ندین شوێنی فیلمه‌که‌دا ڕوو ده‌دات، که ڕووداوه‌کان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له ده‌ستی ڕۆی ده‌رده‌چن) بۆیه ئه‌م که‌لێن و درز و ناوچانه ده‌بنه شوێنی دزه‌کردنی ئیلی بۆ ناو حیکایەتهکه و زۆر جار ئیلی ئاڕاسته‌ی حیکایەتهکان ڕاست ده‌کاته‌وه و بگره هه‌ندێک جار ده‌بێته حیکایه‌تخوان و ڕۆی له بنبه‌ست ڕزگار ده‌کات و ڕووداوه‌کان ده‌خاته‌وه سه‌ر ڕێگەی خۆیان و بگره ئیلی له نزیکی کۆتایی فیلمه‌که‌دا ده‌بێته یه‌کێک له کاره‌کته‌ره‌کانی ناو حیکایه‌ته‌کانی ڕۆی.
خاڵی به‌هێزی ئیلی بوونی توانایه‌کی ناوازه‌ی خه‌یاڵکردنه، ئه‌وه‌ی ڕۆی به زمان ده‌یڵێت ئیلی وه‌ک ڕاسته‌قینه له پێش چاوی خۆی ده‌یانبینێت، ئیلی dهتوانێت شوێنه‌کان ببینێت، ده‌ست له شته‌کان و کاره‌کته‌ره‌کان بدات، ئه‌توانێت بۆن بکات و به‌ر ڕووداوه‌کان بکه‌وێت، به کورتی ئیلی به پێچه‌وانه‌ی ڕۆیهوه به ڕاستی له‌گه‌ڵ حیکایه‌ته‌کاندا ده‌ژی و ژیانی چۆته ناو حیکایه‌ته‌کانه‌وه، ئه‌و هه‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌م خهیاڵهیشهوه حیکایه‌ته‌کان له مه‌رگ و کۆتایی ڕزگار ده‌کات، مردنی کاره‌کته‌ره‌کان لای ئیلی وه‌ک مردنی مرۆڤی هه‌قیقین، ڕق و خۆشه‌ویستی، سێبه‌ر و هه‌تاو، ئاو و ڕووبار، گوڵ و شمشێر و تا دوایی، هه‌موان بۆ ئیلیی ڕاسته‌قینه‌ن، هه‌ر بۆیه ڕۆییشی زۆر خۆش ده‌وێت.
که‌ره‌سته‌کانی خه‌یاڵی ئیلی زۆر ساده و ساکار و نزیکدهستن, ئه‌و زۆرینه‌ی شوێن و که‌ره‌سته و کاره‌کته‌ره‌کانی ناو حیکایه‌ته‌کانی له شوێن و شت و که‌سه‌کانی ده‌وروبه‌ری خۆی داتاشیوه. خۆی خه‌ڵکی هیندستانه و ڕووداوه‌کان له خه‌یاڵی ئه‌ودا له هیندستان ڕوو ده‌ده‌ن، کاره‌کته‌ری ناو حیکایهکان به‌شێک له کارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌که و ئه‌و که‌سانه‌ن که له‌و ماوه‌یه‌دا ناسیونی، بۆ نموونه که‌سه ماسکپۆشهکه که سه‌رۆکی گروپی یاخیبووه‌کانه خودی ڕۆیه و ماسکه‌که‌ی ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و واقعه‌ی که حیکایه‌ته‌کانی وه‌ک ماسکێک داناوه بۆ شاردنه‌وه‌ی مه‌به‌سته ڕاسته‌قینه‌ی له پشت گێڕانه‌وه‌یانه‌وه ئه‌ویش ده‌ستخستنی هاوشێوه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر یان ماده‌ی کوشنده‌یه. کۆیله ڕه‌شه یاخیبووه‌که کارگوزارێکی باخه‌وانی نه‌خۆشخانه‌که‌یه، چارلز داروین گه‌نجێکی بێ ڕیش و سمێڵی ناو نه‌خۆشخانه‌که‌یه و سندووقه چکۆلهیهیشی که له حیکایه‌ته‌کاندا هه‌میشه پێیه‌تی خودی سندووقه چکۆله‌که‌ی ئیلییه، ئه‌و کچه‌ی که ماسکپۆش له حیکایه‌ته‌که‌دا شه‌یدای ده‌بێت هه‌مان کچه په‌رستاری نه‌خۆشخانه‌یه و ئیدی هه‌ر به‌م شێوه‌یه. سه‌رجه‌م کاره‌کته‌ره‌کانی دیکه‌یش. وا پێ ده‌چێت که‌سه‌کانی ده‌وروبه‌ری کچۆڵه له دنیای واقعیدا چ ئەرک و کارێکیان هه‌یه به نزیکه‌ی له ناو حیکایهتهکانیشدا ئەرک و کارێکی هاوشێوه‌یان هه‌بێت، ته‌نانه‌ت خودی ئۆدیۆس‌ی دادوەر که‌سێکی بۆرژواز و پۆزاوییه به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌که‌یه.
خه‌یاڵه‌کانی ئیلی ڕۆح ده‌که‌ن به به‌ر گێڕانه‌وه‌کانی ڕۆی‌دا، ڕۆی که ساردوسڕی و به‌رژه‌وه‌ندی له پشت حیکایهتهکانییهوه ڕووداوه‌کانیشی بۆ ئه‌و هیچ بنەڕەتێکیان نییه، به‌ڵام بۆ کچۆڵه ته‌واو جیاوازه، ئه‌وه‌ی زمانی ڕۆی ناتوانێت به‌رجه‌سته‌ی بکات له خه‌یاڵی ئیلی‌دا ده‌بێته ڕاستی. توانای خه‌یاڵی ئیلی ده‌چێته سه‌رووی قودره‌تی زمانی ڕۆیهوه.
ناونیشانی فیلمه‌که، که‌وتن، ئاماژه‌یه بۆ چرکه‌ساتی گۆڕانێک له ئاراسته و ڕێڕه‌وی ڕووداوه‌کان و حیکایه‌ته‌کانی نێو فیلمه‌که و بگره گۆڕان له دۆخی که‌سایه‌تییه‌کانیشدا. ڕۆی به‌ڵێنی ئه‌وه به ئیلی ده‌دات که درێژه به حیکایه‌ته‌که‌ی ده‌دات له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی بچێت حه‌بی مۆرفینی بۆ بهێنێت که گوایه ڕۆی به‌و حه‌به نه‌بێت ناتوانێت بخه‌وێت. شه‌وێک که کچۆڵه به دزییه‌وه خۆی ده‌کات به ناو ده‌رمانخانه‌که‌دا ده‌چێته به‌شی consultanedی ده‌رمانخانه‌که‌وه، به هۆی ئه‌وه‌ی ده‌رمانه‌که له ڕه‌فه‌یه‌کی به‌رزدا دانراوه بۆیه ده‌چێته سه‌ر مێزێک، به‌ڵام به هۆی به‌رزی شوێنه‌که و ناجێگریی پێی ئیلییهوه ئیدی کچۆڵه ئه‌که‌وێته خواره‌وه. ئه‌م که‌وتنه ئاراسته‌ی ڕووداوه‌کان ده‌گۆڕێت.
ئا له‌وێدا بۆ یه‌که‌م جار ڕۆی دان به‌وه‌دا ده‌نێت که ئه‌و حیکایه‌تانه ته‌نیا کۆمه‌ڵێک قسه‌ی بێ‌مانا و پووچ بوون و بۆ خه‌ڵاتاندنی ئه‌و دروستی کردوون تا له به‌رامبه‌ردا به‌کاری بهێنێت و کاری پێ بکات، ئا لێره‌دا ماسکه‌که‌ی ڕۆی ده‌که‌وێت، له ژێر پێداگریی کچۆڵهدا کوڕه‌که درێژه به حیکایه‌ته‌که‌ی ده‌دات، به‌ڵام به ئاڕاسته‌یه‌کی نوێ‌دا، له حیکایهتهکهیشدا که ڕۆی ده‌رده‌که‌ویته‌وه ماسکه‌که‌ی لا بردووه‌وه و به‌بێ ماسک ده‌رده‌که‌وێته‌وه، هه‌روه‌ها حیکایه‌ته‌که‌ش به‌ره‌و کۆتایی ده‌بات که پێشتر هه‌میشه به‌ره‌و ناکۆتایی ئاڕاسته‌ی ده‌کردن. جه‌وهه‌ری ناونیشانی فیلمه‌که، که‌وتن، که‌وتنی ماسکه‌که‌ی ڕۆیه نه‌ک که‌وتنه‌خواره‌وه‌ی ئیلی، سه‌رکه‌وتنی ڕۆیه به‌سه‌ر زاتی خۆیدا، که‌وتنی ئیلی مانای ده‌رکه‌وتنی ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی حیکایهتخوانهکهیه، مانای ئه‌وه‌یه ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌م که‌وتنه‌ی ئیلی‌دا ڕۆی ده‌بێته به‌شێکی ڕاسته‌قینه له ڕووداوه‌کانی ناو حیکایه‌ته‌که‌ی خۆی.
دواجار تێده‌گه‌ین کاریگه‌ریی هزری نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌می و به‌تایبه‌ت کاریگه‌ریی سینه‌مای پۆستمۆدێرنیزمی به‌سه‌ردا زاڵه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م کاریگه‌رییانه ڕاسته‌وخۆیش نه‌بن.
١- کۆبوونه‌وه‌ی گروپه یاخیبووه‌که هه‌ر که‌سه‌یان به خه‌سڵه‌ت و جیاوازیی خۆیه‌وه و پێکه‌وه گونجانیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئۆدیۆس‌ی دادوەر، چه‌مکی تاقمی ژیل دۆلۆزمان بیر ده‌خاته‌وه.
٢- ڕۆڵی چالاکانه‌ی ئێلی، وه‌ک گوێگری حیکایەتهکانی ڕۆی، له ئاڕاسته‌کردن و گۆڕینی ڕووداوه‌کانی ناو فیلمه‌که تێزی مه‌رگی دانه‌ری ڕۆلان بارتمان بیر ده‌خاته‌وه.
٣- به‌یه‌کداچوونی حیکایەتهکان و دروستکردنی ئۆتۆماتیکییانه‌ی ڕووداوه‌کان و کاریگه‌ریی دەقە مێژووییه‌کان و فیلمی ناو فیلمه‌که و تا دوایی، تێزه‌کانی ژاک دێریدامان بیر ده‌خاته‌وه له باره‌ی ده‌قئاوێزانه‌وه.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.