24/03/2024
DidiMn Logo
Top

ژێل دۆلۆز له‌باره‌ی “ده‌سته‌كانی بریسۆن”ه‌وه‌

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

نووسینی ژێل دۆلۆز
وه‌رگێڕانی: توانا باران

لە فیلمەکانی بریسۆندا، زۆر بە کەمی مەودای تەواو دەبینرێت. دەتوانین ناوێ بنێین مەودای پارچەپارچە. بۆ نموونە گۆشەیەکی بەتاڵ ھەیە پاشان گۆشەیەکی تر یان لادیوارێک. ھەموو شتێک کە ڕوو دەدات وەکو ئەوەی مەودای بریسۆنی پێک ھاتبێت لە چەند پارچەیەکی بچووک کە پەیوەندییەکی دیاریکراو نییە لە نێوانیاندا. چەند دەرھێنەرێکی مەزن بە پێچەوانەی بریسۆن کاریان لەسەر مەودای تەواو کردووە، من ناڵێم بەڕێوەبردنی مەودای تەواو ئاسانترە، بەڵام مەودای بریسۆنی زۆر تایبەتە. بێگومان چەند دەرھێنەرێکی تر بە شێوازێکی داھێنەرانە تازەگەرییان بۆ ئەو مەودایە کردووە، بەڵام بریسۆن لە یەکەمەکان بووە بۆ دروستکردنی مەودای بچووک، پارچەی بچووک و لێکدابڕاو کە پەیوەندییەکی دیاریکراویان بە یەکترەوە نییە. ئەمەوێت ئەوەش بڵێم :

لە نێوان ھەموو ھەوڵەکانی ئافراندندا کات و شوێن ھەیە، تەنیا کات و شوێن، باڕستەکانی بریسۆن لە مەودا/جووڵە، لەو جۆرانەیە .

پاشان پرسیارێک دێتە ئاراوە، چ شتێک ئەو پارچە بچووکانە لە مەودای بینراودا پێکەوە دەبەستێت کە ھیچ پەیوەندییەکی دیاریکراو لە نێوانیاندا نییە؟

دەست، دەستەکان پێکەوەیان دەبەستێت. ئەمە تیۆر و فەلسەفە نییە، ناتوانین بەو چەشنە شیکردنەوەی بۆ بکەین. من دەڵێم ئەو مەودا بریسۆنییە بەھایەکی سینەمایی بە دەست دەبەخشێت لە وێنەدا. مەودای بریسۆنی لە ڕاستیدا پارچەپارچەیە تەنها دەست بە یەکتریان دەبەستێتەوە.

ھەر ئەوەشە ھۆکاری ماندووبوونی دەستەکان لە فیلمەکانی بریسۆندا. بارستەی بریسۆن بۆ مەودا/جووڵە (دەست)ی ھەیە وەکو ئاماژەیەک بۆ کاری داھێنەر، تەنها دەست دەتوانێت پەیوەندییەکی چالاک لە نێوان مەوداکاندا بسازێنێت. بریسۆن مەزنترین دەرھێنەرە کە بەھای بۆ پارچەیەک دروست کردووە لە سینەمادا، نەک لەبەر ئەوەی توانیویەتی بە جوانی وێنەی دەست بگرێت، بەڵکو وێنەی دەستی گرتووە چونکە پێویستی پێیەتی. داھێنەر بۆ خۆشی کارەکانی ناکات، بەڵکو دەیکات چونکە پێویستی پێیەتی .

هاوبەشی بکە

hands of bresson, Movie,