لاوک ئەبوبەکر
”خوا ڕووناکیی ئاسمانەکان و زەمینە. ڕوووناکیی ئەو وەک تاقێکە چرای تێدا هەڵ کرا بێ، چراکە لە جامێکدا بێ، جامەکە وەک ئەستێرەیەک تروسکەی بێ و ماکی چرا لە زەیتوونێکی ممبارەک دەس کەوتبێ؛ کە دارەکەی نە هەمیشە بەرەو ڕۆژە و نە هەمیشە لە نزارە. تۆ ئێژی ڕۆنی چراکە -بەبێ ئاگر تخوون کەوتن- تیشک دەدا؛ ڕووناکی لەبان ڕووناکی. خودا هەرکەسێ حەز بکا، ڕووناکی خۆی نیشان دەدا. خودا بۆ مەردەم نەزیلان دێنێتەوە. خوا بە هەموو شت دەزانێ.”*
قورئان
[٣٥:٢٤]
بە دەر لەو شوناسە ئایینییەی قورئان وەک کتێبێکی تایبەت بە ئایینی ئیسلام هەیەتی، دەقێکە بێ ئەنداز گرنگە لە ڕووی ئەو زمانی گێڕانەوە، تەکنیکی شیعری و ڕەوانبێژییەی کە پێی نووسراوە. زمانی عەرەبی-قوڕەیشی، کە زمانی یەکەمی قورئانـە، دەتوانرێت بە پلەی یەکەم ئەو خاڵانەی تێدا بەدی بکرێت، کە زمانێکی گێڕانەوەی سەرنجڕاکێش، تەکنیکێکی شیعریی باڵا و ڕەوانبێژییەک لە باری میتافۆردا بێ پایان جوانی هەیە.
تایبەتیبوونی ئەو تایبەتمەندێتییانە بە زمانی یەکەمی کتێبەکە، وای کردووە لە کاتی گوێزانەوەی بۆ زمانێکی دیکە، هەست بەو چێژە نەکرێت کە پێشتر هەیبووە. زۆرینەی گوێزانەوەکان بە شرۆڤەی دوورودرێژ و وردەکاریی زۆرەوەیە، هەندێکیشیان وەرگێڕانێکی وشەیییە بۆ دەقەکە؛ ئەمانە وایان کردووە کە ئەو تایبەتمەندێتییەی قورئان لەڕووی زمان و بەشەکانییەوە هەیەتی، ون ببێت، هەروەها وا دەکات کتێبەکە تەنها لە ڕووی ناوەڕۆکەوە بایەخی هەبێت و جگە لە باوەڕداران، ئەوانەی باپەندبوونیان بۆ ئایینی کتێبەکە نییە، نەتوانن بیخوێننەوە.
شارەزایانی ئایینی، قورئانـیان کردووەتە کوردی و وەک هەر زمانێکی تر کە کتێبەکەی بۆ گوێزراوەتەوە، گوێزانەوەیەکی شرۆڤەیی یان وشەیی بووە. بەڵام لەناو هەموو ئەو قورئانـە ناوەڕۆک کوردیکراوانەدا، قورئانـێکی وەرگێڕدراو بە هەمان ئەو تایبەتمەندێتییانەی زمانی یەکەمییەوە لە کتێبخانەی کوردیدا بوونی هەیە؛ قورئانـە وەرگێڕدراوەکەی هەژار موکریانی. لەم قورئانـەدا، تەواوی ئەو زمانی گێڕانەوە، تەکنیکی شیعری و ڕەوانبێژییەی کە پێی نوسراوە، پارێزراوە، دەکرێت بێ ماندووبوون دەقە وەرگێڕدراوەکە بەراورد بە ڕەسەنەکە بکرێت و هەست بەو چێژە بکرێت، کە لەزمانی یەکەمی دەقەکەدا هەیە. لە هەموو لایەنەکانیش گرنگتر ئەوەیە، کە نە شرۆڤەیەکی وردەکارانەیە و نە وەرگێڕانێکی وشەیی، بەڵکو چۆن دەقە ڕەسەنەکە تایبەت بە کلتوور و زمانی عەرەبی-قوڕەیشی نوسراوە، ئەمیش تایبەت بە کلتوور و زمانی کوردی وەرگێڕدراوە و هەر وشەیەکی، بە لێزانییەکی زۆرەوە بەرامبەرە کوردییەکەی بۆ بەکار هێنراوە.
پاراستنی هەموو ئەو تایبەتمەندێتییانەی کە لەدەرەوەی ناوەڕۆکی ئایینی کتێبەکەدان لە وەرگێڕانەکەی هەژارـدا، جگە لەوەی بۆ باوەڕداران گرنگە، وا دەکات بێباوەڕانیش دەقەکە بخوێننەوە و چێژ لە شێوازی نووسینەکەی ببینن.
“سوێند بە خۆر و بە تیشکی، بەم هەیڤەش کە بە دویدا دێ، بەو شەوەیش کە دایدەپۆشێ، بەو عاسمانە و بەوەی ئەوی وەدی هێنا، بەو زەمینە و بەوەش کە وا پانی ڕاخست، بە گیانی مرۆ سوێندەکە و بەوەش کە ڕێکی خستووە.”*
قورئان
[١-٢-٣-٤-٥-٦-٧:٩١]
*نموونە لە ئایەتەکانی قورئانـە وەرگێڕدراوەکەی هەژار موکریانی
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.