19/04/2024
DidiMn Logo
Top

لە ئەمەریکا هەڕەشەی سووتاندنی کتێبەکانی جەی کەی ڕۆڵینگ دەکرێت

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منبی‌بی‌سی فارسی

لە فارسییەوە: بیار ڕەشید


جەی کەی ڕۆڵینگ، نووسەری زنجیرەکتێبەکانی هاری پۆتەر، وەڵامی بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەری دایەوە، کە هەڕەشەی ئەوەیان لێ کردبوو، کتێبەکانی دەسووتێنن.

دوای ئەوەی ڕۆڵینگ لە تویتێکدا ڕەخنەی لە سەرۆکی تازەدەستبەکاربوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دۆناڵد تڕەمپ، گرت، بە هۆی بڕیاری قەدەغەکردنی چوونەناوەوەی نەتەوەکانی حەوت وڵاتی زۆرینەموسڵمان، ئەم کارەی لە لایەن بەکارهێنەرانی تویتەرەوە کاردانەوەی لێ کەوتەوە.

بەشێک لەو بەکارهێنەرانە، هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە کتێبەکانی دەسووتێنن و بەشێکی تریان نووسیویانە کە ئەو پێویستە لە دونیای سیاسەت خۆی بەدوور بگرێت. بەڵام جەی کەی ڕۆڵینگ، کە نزیکەی نۆ ملیۆن فۆڵۆوەرسی هەیە، وەڵامی ڕەخنەکانی دایەوە.

ئەو لە وەڵامی بەکارهێنەرێکدا، کە نووسیبووی “کتێب و فیلمەکانت دەسووتێنم”، نووسیی: “باشە، بەڵام ئەو گازەی کە لە سووتانی دی ڤی دییەوە دروست دەبێت، ژەهراوییە و من پارەی خۆم دەست کەوتووە؛ چەرخەکەم بە قەرز وەربگرە.”

لە وەڵامی بەکارهێنەرێکی تردا، کە نووسیویەتی ”دوای حەڤدە ساڵ لایەنگری، هەموو کتێبەکانی هاری پۆتەرم سووتاند”، ڕۆڵینگ نووسیویەتی: ”وا دیارە کە پێویستە ئەم قسەیە قبووڵ بکەین: دەتوانیت هەر کەسێک بۆ ئەو کتێبانە ڕێنمایی بکەیت، کە لەبارەی دەرکەوتن و لەناوچوونی دیکتاتۆرێکەوەن، بەڵام ناتوانیت وای لێ بکەیت کە بیرکردنەوەی بخاتە کار.”

بەکارهێنەرێکی تر نووسیویەتی “تۆ ژنێکی بۆگەنی، کە تەواوی پیشەکەت لەسەر بنەمای چیرۆکێکە کە تێیدا منداڵێکی باش خه‌ڵكی دەگۆڕێت بۆ بۆق. لە سیاسەت خۆت بەدوور بگرە”. لە وەڵامدا ڕوڵینگ نووسیویەتی “لە – یەک – وڵاتی – ئازددا – هەر کەسێک – دەتوانێت – سەبارەت – بە – سیاسەت – قسە – بکات… هەوڵ بدە هەرکام لە بڕگەی وشەکان بە بەرزی دووبارە بکەیتەوە و هاوکاری لە کەسێکی دەسەڵاتدار وەربگریت.”

ئەمە یەکەمین جار نییە کە خوێنەران هەڕەشەی ئەوە لە جەی کەی ڕۆڵینگ دەکەن کتێبەکانی دەسووتێنن.

لە کۆتایی دەیەی ١٩٩٠دا و ماوەیەکی کەم دوای چاپکردنی یەکەمین کتێب لە زنجیرەی هاری پۆتەر، کۆمەڵێک نیگەرانی لەبارەی توانای جادوویی و خوداییانە و دژیەکیی ئەوانە لەگەڵ ئامۆژگارییەکانی ئینجیلدا، دروست بوو. هەروەها گرووپێکی ئایینی، لە کانوونی یەکەمی ٢٠١١دا، بەشێک لە کتێبەکانی هاری پۆتەریان لە نیو مێکسیکۆ سووتاند و ڕایانگەیاندا ئەو کتێبانە “شەیتانی” بوون. جگە لەوەش، لە مەین، کە ویلایەتێکە و دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا، ئامۆژگاریکەرێکی ئایینی لە مەڕاسیمێکدا هاری پۆتەر و تەلاری نهێنییەکانی پارچەپارچە کرد.

جەی کەی ڕۆڵینگی نووسەر، لە ٣١ ی تەمووزی ١٩٦٥ لە بەڕیتانیا لەدایک بووە و ئێستاش لەو وڵاتە دەژی. خاوەنی چەندین کتێب و خەڵاتە لە بواری نووسیندا، لە ناو ئەوانەشدا خاوەنی زنجیرەکتێبی هاری پۆتەرە، کە لە حەوت کتێب پێک دێت و بەشێکیان کراون بە فیلم.

هاوبەشی بکە

Donald Trump, Harry Potter, JK.Rowling,