19/04/2024
DidiMn Logo
Top

مارا/ساد لە نێوان خوێندنەوە و نماییشدا، بەشی دووەم

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

 

دیدی من

 

ڕزگار حەمەڕەشید

 

شانۆیی مارا/ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرێتیی هونەری شانۆ و پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی، لە نووسینیپیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە  ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی نماییش کرا.

مارا/ساد باس لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی دەکات بە ناوی شارنتۆن، کە لە ساڵی ١٦٤٥ەوە دامەزراوە و بە چارەسەرە مرۆییانەکەی بۆ نەخۆشەکانی ناسراوە، بەتایبەتییش لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە  لە ژێر چاودێریی کۆڵمیێردا. ئەو نەخۆشخانەیە کۆمەڵێک نەخۆشی بەناوبانگی گرتووەتە خۆی، لە ناویاندا مارکیز دی ساد لە ساڵی ١٨٠١ تا ١٨١٤. ساد وەک ئەرستۆکراتێک و فەیلەسووفێک و نووسەرێک و تاوانبارێک ناوی دەرکردووە، نووسینەکانی پڕ بوون لە دیمەنی ئاشکرای سێکسی و توندوتیژی و سوکایەتیکردن بە کەنیسەی کاسۆلیکی.  لە ماوەی شۆڕشی فەرەنسیدا، بە نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵبژێردرا، سیازدە ساڵی کۆتایی تەمەنی لە نەخۆشخانەی دەروونی بەسەر برد، زۆربەی کارەکانی لە زیندانەکان نووسیوە. ساڵی ١٨٠١ بە هۆی کتێبی جەستین و جولییەت، ناپۆلیۆن بۆناپارت فەرمانی گرتنی دەرکرد و دواتریش گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونیی چارنتۆن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، کۆڵمیێر،  ڕێگەی دا هەندێک لە شانۆنامەکانی خۆی لە ڕێی نەخۆشەکانەوە ئامادە بکات و بۆ خەڵک نماییشیان بکات. کۆڵمیێر بەوە ناسرابوو و ڕەخنەی لێ دەگیرا، لیبڕاڵانە هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆشەکانیدا دەکات و ڕێگەی دەدان بە هونەر گوزارشت لە خۆیان بکەن.

ڤایس بۆ کۆکردنەوەی چەندین چیرۆک و چەندین دەنگی جیاواز، شێوازی شانۆ لە ناو شانۆی بەکار هێناوە. دەیەوێت لە ڕێگەی باسکردنی شۆڕشی فەرەنسییەوە چەندین بابەتی گرنگ و هەستیار بخاتە ژێر تیشکی لێوردبوونەوەوە. ساد دەکات بە نووسەری گریمانەکراوی ئەو چیرۆکەی لە نەخۆشخانەکەدا نماییش دەکرێت، بۆیە بینەران بە بەردەوامی بەدوای جیاکردنەوەی چیرۆکەکەی سادەوەن لە چیرۆکەکەی ڤایس. ڤایس لە ڕێگەی ڕووداوەکانی شۆڕشی فەرەنسی و فیگەری دی سادەوە پرسیاری گەیشتن بە دونیایەکی باشتر لە چەندین ڕووەوە دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و تێڕامانەوە. ئەو شۆڕشەی بە یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت، دە ساڵ و نیو بەردەوام بوو (١٧٨٩- ١٧٩٩)، ماوەیەکی درێژ لە هەڵگەڕانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی. ئەو شۆڕشە کۆتایی بە سیستمی پادشایەتی هێنا و بە کۆماری جێگەی گرتەوە. بە چەندین ناڕەزایەتی و هەڵگەڕانەوەی پڕ لە توندوتیژیدا تێپەڕی و دواجاریش لەسەر دەستی ناپۆلیۆن گەیشتە قۆناغی دیکتاتۆری و زۆربەی پرەنسیپەکانی شۆڕشی بە ئەورووپادا بڵاو کردەوە، کە پێک هاتبوو لە بۆچوونە لیبڕاڵ و ڕادیکاڵەکان و گۆڕانکاریی قووڵی لە مێژووی نوێدا دروست کرد.

ئەگەر شۆڕش جۆرێک بێت لە یاخیبوون لەو سیستمەی لەئارادایە، ڤایس هێڵەکانی ئەو یاخیبوونەمان بەم شێوەیە بۆ دەکێشێت:

ساد نوێنەرایەتیی ئەو جۆرەیە لە یاخیبوون دەکات، کە تەنیا لەپێناوی یاخیبووندایە و هیچ پلانێکی بۆ مانەوە و شوێنپێدانان نییە. هەرچەندە چەندین پرسیاری ئەنتۆلۆجی و گرنگ دەوروژێنێت، ساد: “مارا من چاک دەزانم ئەم شۆڕشە بەرەو کوێ دەمانبات، بەرەو نەمانی مرۆڤ وەک خودێکی تەنیا، تا هێدی‌هێدی دەتوێتەوە، دەخرێتە ناو ئەوانی تر، یەک ڕەنگ و یەک شێوە.” بەڵام تەنیا ئەو چرکەساتە دەژی کە تیایدایە. ساد: “ئەو کاتەش کە نامێنم و لەناو دەچم، دەمەوێت هیچ شوێنەوارێک لەدوای خۆم بەجێ نەمێنێ، تا بۆم بکرێ ئەسەری بوونم بسڕمەوە.” لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بۆ ئەو جووڵە خێرایانەی ساد بکەم لە نماییشەکەدا، کە زۆر بە وردی ئەم حاڵەتەی بەرجەستە دەکرد و وەک کارەکتەرێکی نهێلیست هەستت دەکرد بە قاچ پێش خۆی و دوای خۆی دەسڕێتەوە.  جۆری جووڵانەوەی ئەکتەرەکان بۆ بەرجەستەکردنی ژیانی کارەکتەرەکان، یەکێکە لەو لایەنە سەرنجڕاکێشانەی وردبینیی نەخشەکانی دەرهێنان و نواندنمان بۆ ئاشکرا دەکەن. لە درێژەی ئەم نووسینەدا هەندێک لەو وردەکارییانە خوێندنەوەیان بۆ کراوە.

 مارا نوێنەرایەتیی جۆرێکی تری یاخیبوون دەکات، ئەویش یاخیبوونە لەپێناوی شوێنپێداناندا، بەڵام لە شوێنێکدایە کە هێشتا قاچێکی لەناو پێشینەکانی خۆیدایە، ئەو پێشینانەی مومارەسەی توندوتیژی دەکەن بە بیانووی شۆڕشگێڕانە و لە کۆتاییشدا یاخیبوونەکانیان بە خۆشکردنی شوێنپێیەک کۆتایی دێت، کە هەمان ئەو جێگەیەیە ئەوانەی پێش ئەو زەمەنێکی نەگۆڕیان تێدا دروست کردبوو. واتە دەشێت گۆڕانکاری لە فۆڕمی حوکمڕانیدا بکات، بەڵام هەرگیز نایەوێت خودی حوکمڕانی و دەسەڵات لەناو ببات، ئیش بۆ دروستکردنی فۆڕم و زەمەنی جیاواز دەکات لەناو هەمان زەمینەکانی پێش خۆیدا، هەرگیز ئەو سەرکەشییە ناکات تێکڕای زەمینەی ململانێکان بگۆڕێت. مارا دەستپێکی هەمان ئەو هێڵەیە کە ناپۆلیۆنی لێوە بەرهەم دێت، سەرقافڵەی بیری لیبڕاڵیزم بەرەو جیهان، ئەوەی هیگڵ بە سوارچاکی کردنەوەی دەرگەی کۆتایی مێژوو ناوی دەبات. لە نماییشەکەشدا لە جۆری ئەدای کارەکتەری مارادا، هەمیشە هەست بە جێگیری دەکەین، یان لە هەر جووڵەیەکدا چاوی لەوەیە چۆن بگەڕێتەوە ناو داڵدەکەی خۆی، بانیۆکە، ئەو شوێنەی لەم نماییشەدا و لە زۆر نمایشی تری مارا/سادیشدا شێوەی تاکەپێڵاوێکی دراوەتێ. وەک دەڵێن پاش کوژرانی مارا، هەر بەو شێوەیە پەسنی بانیۆکەی کراوە، کە لە تاکەپێڵاوێک چووە.

   کۆردی نوێنەرایەتیی تێکڕای ئەوانە دەکات کە هەرگیز خەونی تێپەڕاندن و سڕینەوەی ئەو داڵدە ئاسوودەیەیان نییە، کە لە پێشینەکانیانەوە دامەزراوە، بە هەموو توانایەکیانەوە شەڕی هەر نەیارێکی سەرکەش دەکەن، ئەگەر بیەوێت ببێتە مەترسی بۆ ئەو مەنزڵگە ئارام و ڕەها و ئاسوودەیە. کۆردی: “مارا من هاتووم تۆ بکوژم تا هەموو خەڵکی ئازاد بن.” یان هەموو هەوڵێک دەدات ئەوەی لەدەست چووە، بیگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی و هەموو شتەکان بە شێوەکەی جارانی ڕێک بخاتەوە؛ کۆردی: ” ڕۆژێک دێ ئەو خەونە بێتە دی، وای لێ دێ مرۆڤ لەگەڵ خۆی و خەڵکیدا ئاشت بێتەوە، لەوپەڕی ڕێکی و تەباییدا بژی.”

دکتۆر نوێنەر و نموونەی دەسەڵاتە، لە سیستمی هەڕەمیی نەخۆشخانەدا، لە دکتۆرەوە بۆ کارمەندەکانی تر، لە مومارەسەکردنی سەرکوت و دەمکوت و سزا و دیسیپلینکردنەوە تا ڕامکردن و بە کۆیلەکردنی هەموان. لە تێکستەکەدا دکتۆر نموونەی پیاوێکی لیبڕاڵە، کە بە تەواوی لەژێر کاریگەریی دەسەڵاتی ناپۆلیۆندایە. ئەوەی ئەو قەدەغەی دەکات، ئەو بەشانەیە کە دژی کەنیسە و دەسەڵاتە، بەتایبەتی  ئەو بەشانەی دیالۆگەگانی ساد دژی شۆڕش و بەدگومانییەکانی سەبارەت بە شۆڕش و ئەو ڕەخنانەی مارا لەسەر گەندەڵکاران. لە نماییشەکەدا ئەمە زیاتر فراوان کراوە و ڕاستەوخۆتر کاری لەسەر سزا جەستەییەکان کردووە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بە بەرچاوی بینەرانەوە. ئەمەش بۆ نەخۆشخانەیەک کە دەیەوێت خۆی وەک نموونەیەکی شارستانی پیشان بدات و وەک دکتۆر باسی دەکات، گوایە دەیانەوێت لە ڕێگەی هونەرەوە یارمەتیی نەخۆشەکانیان بدەن، داواش لە بینەران دەکات لەوە تێبگەن ئەمانە تاوانبار نین و هەر یەکەیان بەرلەوەی بچنە ئەو شوێنە، ئەرکی کۆمەڵاتییان هەبووە ڕای بپەڕێنن. کەچی ئەو دکتۆرە بەڕێزە بە نواندنی ئەکتەری بەتوانا ڕۆژە فایەق، دەگۆڕێت بۆ جەللادێکی ڕووداماڵراو و بەربادێکی پڕ لە هاوار و پاش سەربڕینی سمۆرەکەشی بە دەستی ساد، ئیتر وەک نەخۆشێک بەو ناوەدا دێت و دەڕوات و تەنانەت لە کاتی لاقەکردنی یەکێک لە نەخۆشەکانیشدا، هیچ هەڵوێستێکی جدی نانوێنێت و هەر بە ئازاری سمۆرەکەیەوە دەناڵێنێت.

هاوبەشی بکە

Hiwa Fayaq, MaraSad, Rizgar Hama Rashid,