04/05/2024
DidiMn Logo
Top

مارا/ساد و پیتەر بروک، بەشی یەکەم

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

دانا ڕەئوف

خاڵێکی گرینگی گۆڕانگارییەکان

بروک دوای پرۆژە ئەزموونگەرییەکانی، وەکوو بەرەنجامێکی (تاقیگە ئارتۆییەکەی) لە ساڵی ١٩٦٤دا شانۆنامەی (مارا/ساد)ی نووسەری ئەڵمانی (پێتەر ڤایس)<١٧> لەسەر شانۆی ئالدویک Aldwych لە لەندەن نمایش دەکات.

 شانۆنامە و نەمایشی مارا – ساد دەبێتە ناوەندێکی گرینگ و ئاستێکی بەرزی ئەو پرۆسە ئەزموونگەرییەی پیتەر بروک دەستی پێکردبوو. ئەم نەمایشە بووە خاڵێکی گرینگی گۆڕانکارییەکان لە ڕەوت و کارو پڕۆسە شانۆییەکەی بروکدا. شانۆنامەکەی پیتەر ڤایس هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی یەکێک لە شانۆنامەکانی نەخۆشخانەی (چارنتن) کە لە ساڵی ١٨٠٨ دا، لەلایەن نەخۆشەکانەوە نەمایشکراوە و باسی چیرۆکی کوشتنی مارا، لەلایەن شارلۆت کۆردییەوە دەکات، ئەمەش بۆ بروک دەبێتە مەسەلەیەکی گرینگ و ئەو سەرەتا ئەزموونگەرییە.

edd11d3dc3d00a7e6273a8fa34d02ef6

 کۆردی، مارا و هەموو ڕۆڵەکانی تری شانۆنامەکە لەلایەن نەخۆشەکانی ئەو نەخۆشخانەیەوە بینراوە.<١٨> بروک خۆی سەبارەت بە شانۆنامەکە دەڵێت (بۆ ئەوەی شانۆ لە ژیان بچێت و لە ژیانەوە نزیک بێت، پێویستە جوڵانەوەکان بەردەوام لە پێشەوە بۆ دواوە بێت: لەنێوان بۆچوونێکی کۆمەڵایەتی و خودگەرادا، یان بە مانایەکی تر لەنێوان ئەوەی خودگەرا و تایبەتە لەگەڵ ئەوەی گشتییە. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئاماژەی بۆ بکرێت، ئەو جووڵە بەردەوامەیە لە پێکداچوون و قووڵکردنەوەی جیاوازییەکان، دیارە ئەم سیما گرینگە تووشی سەرسوڕمانی کردم، کە بۆ یەکەم جار شانۆنامەی (مارا – ساد) م خوێندەوە، هەستم کرد کە ئەمە شانۆنامەیەکی زۆر چاکە.)<١٩>

  شانۆنامەکەی پێتەر ڤایس لەسەر گفتوگۆیەکی فەلسەفی لەنێوان مارا و ساد ڕۆنراوە. مارا بڕوای بەوەیە کە کۆمەڵگا لە ڕێگای شۆڕشێکی توندوتیژی بە زەبروزەنگەوە دەگۆڕدرێت، بەڵام ساد لەو بڕوایەدایە گۆڕانکارییەکان تەنها لەو ڕێگەیەوە بەدی دێت کە (تاک، خود) توانا و هێزە فەنتازییە بێ سنوورەکانی بەکاربهێنێت. ئەو قووڵاییەی ساد لەلای مرۆڤی تاک باسی دەکات، دەتوانێت وێنەی وا بخوڵقێنێت، کە لە هەموو جۆرە توندوتیژییەکەوە دوورە.<٢٠>

 بۆ بروکیش مەسەلە ئەزموونگەرییەکان، شانۆیەکی فیزیکی و بیرکردنەوە جیاوازەکان دەبنە بنەما بەراییە گرینگەکانی ئەم پرۆسێسە. لەبەر گرانی هەنگاوەکەش، بروک لە سەرەتای پرۆژەکەدا میوانداری شانۆکار و ڕیژیسۆری پۆلۆنی (گرۆتۆڤسکی) دەکات تا لە هەندێک مەشقی فیزیکیی و گۆڕینەوەی دید و بیروڕاکانیان هاریکارییان بکات. گرۆتۆڤسکی بۆ ئەو مەبەستە دەچێتە لەندەن و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئەکتەر و بەشدارانی شانۆییەکە دەخاتە ژێر مەشقێکی گرانی جەستەییەوە. بروک دواتر ئاماژە بەوە دەکات، کە گرانە بە وشە باسی مەشق و دیدە فیزیکییەکەی ئەو دوو هەفتەیەی گرۆتۆڤسکی لەگەڵ گروپەکەیدا بکات (یەکەم لەبەرئەوەی نایەوێت ئەو نهێنییانە بدرکێنێت، دووەم لەبەرئەوەی خودی ئەو مەشقە جەستەییانە گرانە بخرێتە قاڵبی نووسین و گێڕانەوەوە.)<٢١>

hg-13-11524_peterbrook

 ڕەخنەگرەکان و لێکۆڵەرەوانی شانۆ دواتر ئاماژە بەوە دەکەن کە شێواز و فۆرمی نەمایشی مارا – ساد زیاتر چەمکی شانۆی برێخت لەخۆدەگرێت نەک ئارتۆ و شانۆی توندوتیژ. ئەوە جگە لە کاریگەری ئاشکرای تەکنیکی شانۆی پیراندیلۆ ١٨٦٧ –١٩٣٦<٢٢> بروک لە وەڵامی ئەم ڕەخنە و بۆچوونانەدا دەڵێت:(یەکێک لە ڕەخنەگرەکانی لەندەن بەم شێوەیە هێرشی کردە سەر نەمایشەکە: تێکەڵەیەکە لە باشترین بنەماکانی شانۆی برێخت، شانۆی ئەبسورد و شانۆی توندوتیژی. ئەو ڕەخنەگرە مەبەستی بوو بەم بۆچوونەی لە نرخی نەمایشەکە و شانۆنامەکە کەم بکاتەوە، بەڵام من ئەو ڕەخنەیە بە پیاهەڵدانێکی بەرز دەبینم.)<٢٣>

 پێتەر ڤایس خۆی دووپاتی ئەوەی کردۆتەوە کە ویستوویەتی هێزی دژ و جیاوازی برێخت و ئارتۆ لە شانۆنامەکەیدا کۆبکاتەوە، تا بەم پێکداچوونە زەمینەیەکی تری شانۆیی: جیاواز و لە هەمانکاتدا لێکچوو، لە هەردوو بنەما شانۆییەکانی برێشت و ئارتۆدا بخوڵقێنێت. بەڵام بروک بۆچوونێکی جیاوازتری هەیە و لەم ڕووەوە دەڵێت: (مارا – ساد نە بە تەواوی ” برێشت” ە و نە ئارتۆ و نە شەکسپیریشە، بەڵکو لە لایەکەوە ”ئیلیزابێسی” یە و لەلایەکی تریشەوە لە زۆر ڕووەوە سەر بەم سەردەمەی ئێستامانە.)<٢٤>  بێگومان ئەو شانۆنامە جیاواز و شۆڕشگێڕەی پێتەر ڤایس لەگەڵ دید و ئایدۆلۆژیا جیاواز و ئەزموونگەرییەکەی بروک دەگونجێت، بروک لە شانۆنامەی مارا – ساد دا گەلێک هەنگاو و داڕشتەی گرینگ لە ڕووی پراکتیزەکردنی بیروبۆچوونەکانی ئەنتۆنین ئارتۆ و شانۆی توندوتیژییەوە دەنێت.<٢٥>

 هەروەها بروک باسی ئەوەی کردووە کە چۆن خۆی لە یەکەم پرۆڤەکانی مارا – ساد دا لە ناوەوەی خۆیدا هەستی بە جۆرە توندوتیژییەک کردووە، لەوەوبەر بە هیچ شێوەیەک هەستی وای لەلا دروست نەبووە، ئەم هەستەش وایلێکردووە وا لە ئەکتەرەکانی بکات هەست بە توندوتیژی بکەن و شتێک، هەستێک لەمبارەیەوە لە ناوەوەی خۆیاندا بدۆزنەوە، بەم شێوەیە  بینەرانیش ناچار بکەن، کە هەست بە توندوتیژی خۆیان بکەن.<٢٦>

marat

ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی

”چەوسانەوە و کوشتنی (مارا)<٢٨> لەلایەن نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی (چارنتن) کە لەژێر چاودێری (مارکیز دی ساد)<٢٩> نەمایشکراوە” درێژترین ناونیشانی شانۆنامەیەکە، کە دواتر لەبەر درێژیی ئەو ناونیشانە بە مارا – ساد ناسراوە و ناودەبرێت.<٣٠>

 پێتەر ڤایس بۆ نووسینی ئەم شانۆگەرییە پشتی بە کۆمەڵێ ڕووداو و حەقیقەتی مێژوویی بەستووە، هەروەها ئاوڕی لە کۆمەڵێ بەڵگەنامە، دۆکیومێنت، ڕاپۆرت و کەرەستەی مێژوویی و باوەڕپێکراو داوەتەوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا شانۆنامەکەی بە کارێکی مێژوویی، یاخود تۆماری لە قەڵەم نادرێت. شانۆی تۆمارییش، وەکوو چەمکێکی گرینگ و تەوژمێکی شانۆی ڕامیاری، دوای ئەرڤین بسکاتۆر ١٨٩٣ – ١٩٦٦ لەسەر دەستی پێتەر ڤایسدا کۆمەڵێ چەمک و سیمای تایبەت لەخۆدەگرێت. پێتەر ڤایس گەرەکی نەبووە تەنها ڕووداو و بەسەرهاتە توندوتیژ و ڕاستەقینەکانی مێژوو تۆمار بکات و بە شێوازێکی شانۆیی نمایشیان بکات، بەڵکو لە ڕاستیدا ویستوویەتی درامایەکی تایبەت بخوڵقێنێت، کە لە دوای ئەو ڕاستییانەوە دید و نەخشەیەک بۆ بیری مرۆڤایەتی بکێشێت و دەستنیشانی چۆنییەتی کارکردنیشی بکات، بەڵام مەسەلە توندوتیژەکان و بۆچوونە توندڕەوەکانی شۆڕشی میللەتان و گفتوگۆ ڕامیارییەکان نامۆ نەبوون بە بەرهەمە ئەدەبییەکانی لەوەوبەری پێتەر ڤایس.

 (پێتەر ڤایس لە سەرەتای ژیانی نووسینیدا، زۆر جار باس و چارەسەری ئەو مەسەلانەی کردووە، کە لە دەوری تەوەرەکانی توندوتیژیدا سوڕاونەتەوە. ئەمەش خاڵێکی گرینگە کە هەر لە سەرەتاوە نووسەریی بە مارا – سادەوە بەستۆتەوە، لەوێدا مەسەلە توندڕەوەکان، سەبارەت بە سروشت و مەرجەکانی مرۆڤ و مەسەلە ڕامیارییەکانەوە، مانایەکی دیاریان هەیە و ڕاستەوخۆ بە گفتوگۆ و بۆچوونەکانی مارا و سادەوە بەستراونەتەوە.)<٣١>

شۆڕشی فەڕەنسی

شانۆنامەی مارا – ساد لە شۆڕشی فەڕەنسی دەدوێت و بۆ ئەم مەبەستەش ڕووداوەکانی لە مێژووی فەڕەنساوە وەرگرتووە، پێتەر ڤایس، مارکیز دی ساد و ژان پۆل مارا ڕووبەڕووی یەکتری دەکاتەوە. ساد وەکو نووسەرێک و مرۆڤێکی نەخۆش بە سێکسەناسازی، خاوەن بیروڕا و فەلسەفەیەکی خودی دیاریکراوە و بانگەشەی فراوانبوونی دەسەڵاتی تاکە کەس دەکات، بە نیازی بەدیهێنانی سەرفرازی بۆ مرۆڤ. ماراش ڕابەری شۆڕشی فەڕەنسیەو بڕوای بە زەبر و توندوتیژییە، چونکە هەر ئەو توندوتیژییە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و بەدەستهێنانی سەرفرازی. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لەلای پێتەر ڤایس لە ترۆپکی ڕووداوە ڕاستەقینەکانی شۆڕشی فەڕەنسیدا بەرجەستە دەبێت، بە تایبەتی بە ماوەیەک بەر لە کوشتنی مارا بە دەستی (کۆردی).<٣٢>

 (کۆردی) لە گوندەوە هاتۆتەوە و خەون بە جیهانێکی درەوشاوەی ئاینییەوە دەبینێت و بڕواشی وەهایە بە کوشتنی مارا، گەلی فەڕەنسا ڕزگار دەکات. لەڕاستیدا مارا و ساد هەرگیز لە ژیاندا ڕووبەڕووی یەکتری نەبوونەتەوە، بەڵکو پێتەر ڤایس جەمسەرە ڕاست و واقیعییەکانی ژیانی ئەو دوو کەسایەتییە مێژووییەی لە هاوکێشەیەکی هونەری بەرزدا بە یەک گەیاندووە و ڕووداوەکانیشی هێناوەتە ناو نەخۆشخانەی (چارنتن) ەوە.<٣٣> پێتەر ڤایس وەکو فۆرم و شێوازی نووسین بۆ بەرجەستە و وەدەرخستنی ڕووداوەکان تەکنیکی (شانۆی ناو شانۆ) بەکاردەهێنێت، ئەم شێوازەش چیرۆکنووس و شانۆنامەنووسی ئیتالی (پیراندیللۆ) بۆ یەکەمجار، لە ساڵی ١٩٢١ دا بە شێوەیەکی فراوان لە شانۆنامەی (شەش کارەکتەر بەدوای نووسەرێکدا دەگەڕێن) وەک فۆرم و تەکنیکێکی نوێ بەکاریهێناوە.

 پێتەر ڤایس لە ساڵی ١٩٧٩ لە چاوپێکەوتنێکدا بەم شێوەیە چیرۆکی نووسین و داهێنانی شانۆنامەی مارا – ساد دەگێڕێتەوە: (پاییزی ساڵی ١٩٦٢ من و کوڕە دوازدە ساڵانەکەم میکاییل، فیلمێکی فەڕەنسیمان بینی: Madame Sans Gene، ئەم فیلمە هانی دام مێژووی ئەو سەردەمە بخوێنمەوە کە باسی ڕووداوەکانی فیلمەکەی دەکرد، لە کتێبێکی کۆندا بە ناوی (شۆڕشی فەڕەنسی) ستۆکهۆڵم ١٨٩٩، وێنەیەکی مارامان لە حەوزێکی خۆشتندا دۆزییەوە. بەر لەم قۆناخە، لە سەردەمی خوێندنمدا کارەکتەری مارا جێگای سەرنج و سەرسوڕمانم بووە، هەروەها هەر لەو قۆناخەشدا، ڕادیۆیەکی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، داوای لێ کردبووم کە زنجیرە وتارێک سەبارەت بە شۆڕشی فەڕەنسی بنووسم، من بۆ ئەو مەبەستە، بیرم لەوە کردەوە گەمەیەکی شانۆیی بۆ ئیزگە سەبارەت بە مارا و کۆردی بنووسم. بەڵام تەنها ئەو کوشتنە مێژووییە ئامانجەکەی نەدەپێکا. ئەوەی جێگای باسە من لە پەنجاکاندا بەرهەمەکانی ساد- م خوێندبۆوە، جیاوازییەکی ژیانی ئەم دوو کەسایەتییەش جێگای سەرنج بوو، چیرۆک و باسەکە ئامادەبوو، بەڵام هێشتا بیرم لەو لایەنە لۆژیکییەی نەکردبۆوە، کە ئەم دوو کارەکتەرە کۆبکاتەوە. ئەم مەسەلەیەش درێژەی کێشا تا زستانی ساڵی ١٩٦٢/١٩٦٣ دوای گەڕان و پشکنینێکی قووڵ، لەکاتی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ نووسەر و پسپۆڕ و سادناس (ئەلیکساندەر کۆڤاڵ) لە بەرلین ئەو بیرۆکە دراماتیکییەم بۆ هات. دەگونجا گفتوگۆی مارا و ساد لە نەخۆشخانەی (چارنتن) دا کۆبکەمەوە، ئەمەش لە شانۆیەکی ناو شانۆدا، کە بە بڕیارێکی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە لەلایەن مارکیز دی ساد- ێکی بە تەمەنەوە پێشکەش بکرێت. بەم شێوەیە دەکرێت دراماکە بنووسم.)<٣٤>

 مارکیز دی ساد نەخۆشێکی بەندکراوی نەخۆشخانەی (چارنتن) ە و بە نووسین و کاری ڕیژی و ڕاهێنانی ئەکتەرەکانی ئەو شانۆنامەیە هەستاوە. هەر لەم ڕووەوە نەخۆش و شێتە بەندکراوەکانی چارنتن دەبنە ئەکتەر و بینەری ئەو گەمە شانۆییە. مارکیز دی ساد، لە ڕاستیدا، بۆ نەخۆشەکانی ئەو نەخۆشخانەیە زۆر شانۆنامەی نووسیوە و هەر لە ڕێگای ئەوانیشەوە نەمایشیکردوون، لەم ڕێگایەوە مارکیز دی ساد وەکوو مرۆڤێکی زرنگ و هۆشیار، بە شێتیی خۆی جیهانێکی تایبەتی بۆ شێتە هاوەڵ و هاودەمەکانی خوڵقاندووە، بەمەش هەر یەکێک لەو کەسایەتییە شێتانە، بە هەستی شێتیی خۆیانەوە، خۆیان لە ناوەوەی خۆیاندا دۆزیووەتەوە.

بنەمای سێکوچکەیەکی مێژوویی

پێتەر ڤایس لە دیدی پەیوەندییەکی سێکوچکەییەوە بنەماکانی شانۆنامەی (مارا- ساد) پێکدەهێنێت، لەم پەیوەندییە سێینەیەدا چەندین هێڵ و داڕشتەی جیاوازی مێژوویی و فەنتازیی، واقیع و ئەندێشە تێکەڵاو دەکات، بەم تێکەڵاوبوونە، وەک پرۆسەیەکی فیکری و هونەری زنجیرەیەکی ئاڵۆزی دژ بەیەک و لەهەمانکاتدا پێکەوە لکاوی دروست کردووە.

 کەسایەتی و لۆژیکی مارا زۆر لە کەسایەتی و سیستم و لۆژیکی ساد دژو جیاوازەترە، مارا لە ڕوانگەی چرکەزەمەنێکی هەڵچووی ناو شۆڕشێکی دژوارەوە دێت، کە پابەندە بە پرەنسیپ و سیستەمێکی شۆڕشگێڕی توندڕەوەوە. ئەو سیستەمە خوێناوی و توندوتیژە ئەڵتەرناتیڤی ئەو پانتاییانەیە، کە مارا گەرەکییەتی. کەواتە گۆڕانکاری شتەکان لە دەروازەی بۆچوونێکی توندوتیژی شۆڕشگێڕانەوە نەبێت، ناگاتە هیچ بەرەنجامێک و دوا جاریش هەموو تەقەلاکان لە سنوورێکی پەراوێزکراودا دەمێننەوە، بەڵام ئەم لۆژیکە لەلای ساد لۆژیکێکی نائاراستەیە و لە هیچ چرکەزەمەنێکدا نابێتە ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاو. بە پێچەوانەوە تاک لەلای ساد بونیاد و بنەما سەرەکییەکانە و لە دیدێکی فەلسەفییانەی تاکڕەوییەوە (تاکەوە) جیهانبینی شتەکان دەکات.

 لەلایەکی دیکەشەوە (کۆردی) لە دیدێکی ترەوە دەیەوێت لە پێناوی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتیدا، کودەتایەکی ڕاستەوخۆ بەرپا بکات، ئەو کودەتایەش بە کوشتنی مارا نەبێت ناگاتە هیچ ئەنجامێک. ئەمەش هاوکێشەیەکی لاسەنگ و کێشەیەکی دژوارە.

 پێتەر ڤایس ئەم سێ کارەکتەرە ڕاستەقینە مێژووییە کۆدەکاتەوە، بەکاریاندەهێنێت لە دروستکردنی بارودۆخ و هەڵوێستەیەکی گرینگی هاوچەرخدا و بەرجەستەی دیدێکی نوێ و هونەرییان دەکات. بەمەش مێژوو، واقیع و شانۆ کۆدەکاتەوە و دەیانکاتە سترکتوور و ئێستاتیکایەکی جیاوازی جیهانی شانۆ.

تێبینی: ئەم بابەتە لە کتێبی (پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا)ەوە وەرگیراوە

 

 

هاوبەشی بکە

Dana Raouf, Hiwa Fayaq, MaraSad, Peter Bruke,