24/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و فیلم: فیلمی وەک ئەستێرەکان لەسەر زەوی و کۆمەڵگەی کوردی

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

فیلم: وەک ئەستێرەکان لەسەر زەوی
دەرهێنەر: عامر خان، ئەمۆل گوپتێ، ڕام مادهڤانی
بینەر: محەمەد عوسمان

فیلمی وەک ئەستێرەکان لەسەر زەوی فیلمێکی هیندییە و چەندین دەرهێنەری بەتوانا بەشدارییان کردووە لە دەرهێنانیدا و یەکێک لەوانەش ئەستێرەی بۆڵیوود عامر خان‌ە. فیلمەکە باس لە منداڵێک دەکات کە نەخۆشییەکی زۆر دەگمەنی هەیە، ئەویش نەخۆشیی دیسلێکسیایە. دیسلێکسیا نەخۆشییەکی زەینییە، تێیدا نەخۆش ناتوانێت بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بخوێنێتەوە، وشەکانی لێ تێکەڵ دەبێت، خەیاڵی زۆر نامۆی لەبارەی وشەکانەوە بۆ دروست دەبێت، وەک لە فیلەمەکەدا پیشانمان دەدرێت.

ئەگەرچی سەرنجی تەواوی فیلمەکە لەسەر نەخۆشییەکەیە، بەڵام یەکێک لەو لایەنە کاریگەرانەش کە دەتوانین بڵێین کاری لەسەر کراوە لەم فیلمەدا، ڕەهەندی کۆمەڵایەتییە. ڕەهەندی کۆمەڵایەتی مەبەست لێی بەرکەوتنی خوێندکارە نەخۆشەکەیە لەگەڵ دەوروبەری، واتە خێزانەکەی، بەتایبەتیش دایکوباوکی و مامۆستاکانی. چ خێزانەکەی، ئەگەرچی خۆشەویستییەکی لەڕادەبەریان هەیە بۆی و چ مامۆستەکانیش، پەیوەندییەکی تەواو ناتەندروستیان هەیە لەگەڵی؛ هەمیشە وا دەزانن ئەم خوێندکارە، خوێندکارێکی بێعەقڵ و گێل و گەمژەیە، چونکە ناتوانێت ئەو شتانە بخوێنێتەوە کە لە بەردەمیدایە یاخود بە شێوەیەکی تەندروست کۆنتڕۆڵ بکات بەسەریاندا. هەڵبەت ئەوەی گرفتە لەم ئەتمۆسفێرەی کە فیلمەکە بۆمان وێنا دەکات، نائامادەگیی پرسیارکردنی “بۆ”یە لە سیستەمی هزریی کۆمەڵگەدا: بۆچی منداڵێک ناتوانێت وەک ئەوان بێت؟ بۆچی منداڵێک توانای ئەوەی نییە لە وانەکاندا دەربچێت؟ بۆچی منداڵێک ناتوانێت هاوکێشەیەکی زۆر سادەی ماتماتیک بە ئەنجام بگەیەنێت؟ ئەگەرچی ئەم منداڵە کەسێکی زۆر کارامەیە لە وێنەکێشاندا، بەڵام بە هۆی ئەوەی ناتوانێت لەگەڵ سیستمەکەدا هەڵبکات، ڕێگرێکی دەروونیشی بۆ بەدی دەهێنێت و چیدی پراکتیزەی بەهرەکەشی نەکات.

من لێرەدا لە باسی فیلمەکە دەوەستم، ئەوەی پێویست بوو ئاماژەی بۆ بکەم، کردم، کە ئەویش ئاماژەکردن بوو بۆ نامائادەگیی پرسیاری”بۆ”، لەگەڵ ئەوەشدا خوولانەوە لەو سنوورەی کە واقعی مەعریفیمان بۆی دیاری کردووین (واتە ئەو مەعریفەیەی تا ئیستە هەمانە). لێرەدا دایکوباوک و مامۆستا پرسیار ناکەن ئەم خوێندکارە بۆچی بەو شێوەیە، تا لە دۆخی منداڵەکە تێبگەن؟ چونکە وەڵامێکی ئامادە و لەقتونراویان لە لایە: ”ئەم خوێندکارە تەمبەڵە، نەزانە، لاموبالاتە، بیر ناکاتەوە”.

ئەوەی لە واقعی کۆمەڵگەی کوردیدا دەبینرێت ئەوەیە، لە سیستمی هزریی دایکوباوک و مامۆستاکانی ئێمەشدا هەمان فۆڕمی بیکردنەوە هەیە و بە هەمان شێوە. خوێندکار بۆ ناتوانێت کەسێکی کارا و بەرهەمهێن و کاریگەر بێت؟ لە سنووری وەڵامە لەقتونراوەکانیان زیاتر، هیچی دیکەیان لە لا نییە. چونکە خۆشیان هەر بە هەمان پڕۆسێسی پەروەردەدا تێپەڕیون، پرۆسێسی بەدەفرکردنی عەقڵ. لە لای زۆرینەی مامۆستاکان و دایکوباوکانی کۆمەڵگەی کوردیدا، بابەتگەلێک ئامادەگیی نییە بە ناوی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و لۆجیک، یاخود بە ناوی پەروەردەی دیموکراتیک یان لیبڕاڵ. ئەگەرچی هەریەکە لەم چەمکانە هەزاران توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەبارەوە کراوە کە چۆن لە سیستەمی پەروەردەدا بەکار بێت و توانست و هەستی مۆڕاڵی و مرۆیی لە لای خوێندکار بەهێزتر و بەرزتر بکاتەوە. ئەوەی هەیە دەرخیاتە، بیرکردنەوە کەمترین پێگەی هەیە لە هاوكێشە پەروەردەییەکاندا، لە بنەڕەتدا بۆچی بیر بکاتەوە؟

دەرئەنجامی ئەم بیرنەکردنەوە و دەرخیاتی بەردەوامە، ئەنگیزەیەکی دەروونی لە لای خوێندکار دروست دەبێت؛ هەمیشە دەرخ بکات، ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆی لەو ئاستەدا نەزانێت کە بیر بکاتەوە، بەرهەمهێنان دەبێتە مەحاڵ لە لای. ئاخر ئەم جینیەس نییەو جینیەس‌ەکان بە جێنەتیک هەر بە جینیەس‌ی لەدایک بوون.

لەگەڵ ئەمەشدا سیستمێکی میکانێکی دێت و ئەم قوتابی و خوێندکارانە دەکرۆشیت، بیر ناکەنەوە، دەرناچن، سترێسی دەروونییان بۆ دروست دەبێت، دەرئەنجامی بەرکەوتنیان لەگەڵ کۆمەڵگەدا، داهێنەر و بەرهەمهێن نین. لە دواییشدا بە پێی داتایەکی ستاتیستیک کە نیشانەی ئەوەیە مرۆڤ لەم سیستمەدا ماشێنێک زیاتر هیچی تر نییە، پێمان دەڵێن: خوێندکاران دەرنەچوویان زۆرە، یان ئەوەتا کۆشش ناکەن، یان ئەوەتا لە پێشتردا گزییان کردووە و ئێستە نەیان کردووە.

هاوبەشی بکە

Binar u Film, India, Like Stars on Earth, Muhamad Osman,