29/03/2024
DidiMn Logo
Top

دەربارەی کەمانچەژەنی ئیتاڵی نیکۆلۆ پاگەنینی

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بایۆگرافی، ڤایۆلین توتۆرپرۆ
لە ئینگلیزییەوە: تابلۆ عومەر

 

كه‌مانچه‌ژه‌نی ناوداری ئیتاڵی نیکۆلۆ پاگه‌نینی، که‌ به‌ که‌مانچه‌ژه‌نی شه‌یتان ناو ده‌برێت، ساڵی ١٧٨٢ له‌ شاری جه‌نه‌وه‌ی وڵاتی ئیتاڵیا له‌دایک بووه‌. له‌ سه‌ره‌تاکانی ته‌مه‌نیدا فێری ژه‌نینی که‌مانچه‌ بووه‌ له‌ لایه‌ن باوکییه‌وه‌، ته‌مه‌نی نه‌گهی‌شتبووه‌ دوازدە‌ ساڵان که‌ یه‌که‌م نماییشی موزیکی له‌ که‌نیسه‌ تۆمار کرد له‌ ساڵی ١٧٩٤. به‌ یاوه‌ریی هونه‌ریی ڤیرچۆزۆ و ئه‌زموون و خۆگونجاندنه‌ پڕ نهێنییه‌کانی ناوبانگێکی مه‌زنی به‌ده‌ست هێناوه‌، که‌ له‌ لایه‌ن زۆرێکه‌وه‌ به‌ یه‌کێک له‌ که‌مانچه‌ژه‌نه‌ مه‌زنه‌کان دانراوه‌. له کاره‌ به‌ناوبانگه‌کانی کامپانێلا و کاپریسن.

له ‌ناو خه‌ڵکیدا هێشتا به‌ ڕێزه‌وه‌ ناوی ده‌برێت، جگه‌ له‌ هه‌ڵسه‌که‌وت و ناوبانگی وه‌ک ئاره‌زوویه‌کی زۆری بۆ ژن و ته‌نانه‌ت ناونانی وه‌ک مێباز، به‌ بڕوای هه‌ندێک خه‌ڵک گوایه‌ دایکی ڕۆحی ئەوی به‌ شه‌یتان فرۆشتووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ناوبانگێکی مه‌زن .

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا زۆرینەی خه‌ڵک ده‌رباره‌ی ژیانی پاگه‌نینی نازانن، که‌واته‌ وه‌ک هه‌وڵێک بۆ به‌رچاوڕوونیی خه‌ڵک، لێره‌دا شه‌ش ڕاستیی سه‌رسووڕهێنه‌ر ده‌رباره‌ی پاگه‌نینی ده‌خه‌ینه‌ ڕوو:

 

١- باوکێکی توندوتیژی هه‌بووه‌
باوکی که‌ میوزسیان بووه‌، کۆنتڕۆڵێکی توندی به‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ڕۆژانه‌ی بۆ پڕۆڤه‌ی موزیک هه‌بووه‌، به‌ جۆرێک ئه‌گه‌ر پاگه‌نینی پڕۆڤه‌کانی له‌چه‌ند کاتژمێرێکی دیاریکراودا ته‌واو نه‌کردایه‌، باوکی نه‌یده‌هێشت نان بخوات.

٢- زوو بووه‌ پاڵپشتی خۆی
ڕه‌نگه‌ به‌ ئه‌وه‌ی له‌ ژێر ڕکێفی باوکی ڕزگاری بێت یاخود له‌به‌ر خۆشه‌ویستیه‌کی زۆری بۆ موزیک، له‌ته‌مه‌نی ١٨ ساڵیدا به‌ ته‌واوی پشتی به‌ خۆی به‌ست له‌ ڕێکخستنی کاره‌کانیدا، به‌ جۆرێک وه‌ک یه‌که‌م که‌مانچه‌ژه‌ن هه‌موو کاته‌کانی کاری بۆ ته‌رخان کردبوو، هه‌روه‌ها چه‌ند کار و هه‌وڵێکی یه‌ک خست بۆ به‌هێزکردنی داهاتی خۆی، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ نه‌یده‌توانی پارێزگاری له‌ هه‌موو پاره‌کانی بکات، چونکە قومارچییەکی ترسناک بوو.

٣- قومارچییه‌کی ترسناک بوو
ژه‌نیاره‌ مه‌زنه‌که‌ ڕووی خراپی خۆی هه‌بووه‌، به‌رده‌وام قوماری له‌سه‌ر پاره‌ کردووه‌ و ته‌نانه‌ت بووه‌ به‌ وه‌به‌رهێن له‌ گازینۆیه‌ک که‌ دواتر تووشی قه‌رزێکی گه‌وره‌ی کرد و بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌ پێویستییه‌کانی ژیانی بفرۆشێت.

٤- به‌ ڕاده‌ی په‌رستن کوڕه‌که‌ی خۆشویستووه‌
وه‌ک وتراوه‌ ژنانی بووە، به‌ڵام بۆ چه‌ندین ساڵ خۆی بۆ ژنه‌ گۆرانیبێژێک ته‌رخان کردبوو به‌ ناوی ئه‌نتۆنیا بیانکی، که‌ دواتر ده‌بنه‌ خاوه‌نی کوڕێک. هه‌رچه‌نده‌ هیچ هاوسه‌رگیرییه‌کی فه‌ڕمیی نه‌کردووه‌، به‌ڵام دوای ١٥ ساڵ جیا ده‌بنه‌وه‌ و پاگه‌نینی دوای ئه‌و دابڕانه‌ش به‌شێکی زۆری ژیانی بۆ کوڕه‌که‌ی ته‌رخان کردووه‌ که‌ بۆ زۆرێک له‌ گه‌شته‌کانی هاوه‌ڵی بووه‌.

٥- موزیکی داناوە
ھەرچەنە داھینانە موزیکییەکانی وەک ناوبانگی کەمانچەژەنی گەورەنەبوو، بەڵام چەندین پارچە موزیکی داناوە. زۆرینەی دانراوەکانی بە گیتار ژەندراون، کەمێکیشیان بە کەمانچە ژەنراون. ئەمەش جێی بایەخە چونکە باوکی پەگانینی ماندۆلینی ژەنیوە. دەکرێت ئەمە ڕێگەیەک بێت تایبەت بە خۆی بۆ گەشتن بە باوکی.

٦- که‌س نه‌یویست بینێژێت
ناوبانگی پاگه‌نینی له‌ هه‌بوونی مامه‌ڵه‌ و په‌یوه‌ندیی به‌ شه‌یتانه‌وه‌، زیندوو بووه‌ و زۆر باوه‌ڕیان پێی بووه‌ له‌ سه‌رده‌می خۆی، جگه‌ له‌ کوڕه‌که‌ی.  به‌م هۆیه‌ش که‌نیسه‌ ڕه‌تی کردووەتەوە بنێژرێت. هه‌رچه‌ندە کوڕه‌که‌ی زۆر به‌ قورسی هه‌وڵی داوه‌ و شه‌ڕی کردووه‌ تا باوکی شوێنێکی ئارامی هه‌بێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ بۆ ٣٦ ساڵ بێ گۆڕ بوو و نه‌نێژرا، هه‌رچه‌ندە له‌ کۆتاییدا ڕێگه‌یان پێدا له‌ پارما بنێژرێت.

Paganini_Pic1

هاوبەشی بکە

Classical Music, Musician, Paganini, Tablo Omer, Violin,