20/04/2024
DidiMn Logo
Top

پێدەچێت ئەنجلینا جولی بەشداری لە فیلمێکدا بکات کە لە ڕۆمانێکی ئاگاسا کریستی‌ـیەوە وەرگیراوە

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من– وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

ئەنجلینا جولی‌ـی براوەی خەڵاتی ئۆسکار، نزیکە لەوەی بەشداری لە فیلمێکدا بکات کە پێشتر لاورین باکاڵ ڕۆڵی تیادا بینیوە بە ناوی کوشتن. ئەم فیلمەش نوێکردنەوەی ئەو فیلمە کلاسیکییەی ساڵی ١٩٧٤ـە و کێنیس براناگ کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجام دەدات.

فیلمەکەی براناگ، هەروەک فیلمە ئۆریجیناڵەکەی سیدنی لومێت، چیرۆکەکەی لە ڕۆمانێکی ساڵی ١٩٣٤ـی ئاگاسا کریستی وەرگرتووە، کە تەوەری چیرۆکەکە دەربارەی لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتی هێرکول پایرۆت و هەوڵەکانیەتی بۆ چارەسەرکردنی کەیسێکی کوشتن.

براناگ ڕۆڵی پایرۆت دەبینێت، کە لە فیلمەکەی لومێت‌ـدا ئەلبێرت فینی ڕۆڵی تێدا دەبینی. بەگوێرەی زانیارییەکانی هۆڵیوود ڕیپۆرتەر، جولی لە گفتوگۆی کۆتاییدایە بۆ ئەوەی ڕۆڵی خاتوو هاریەت هوبارت بەرجەستە بکات.

دەبێت ئاماژە بەوەش بدەین لە فیلمەکەی لومێت‌ـدا لە پاڵ هەریەکە لە فینی و باکاڵ، ئینگرید بێرگمان و شان کۆنێری ڕۆڵیان لەو فیلمەدا بینیوە.

بڕیارە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دەست بە وێنەگرتنی ئەم فیلمە بکرێت و شوێنی وێنەگرتنیش بریتییە لە لەندەن و ماڵتا.

جولی لەم ساڵانەی دواییدا کەمتر وەک ئەکتەر دەرکەوتووە، بەڵکو دەیەوێت زیاتر وەک خانمە دەرهێنەرێک خۆی بناسێنێت. ساڵی پار جولی لەگەڵ هاوسەرەکەی، براد پیت، دەرهێنانیان بۆ فیلمی لە تەنیشت دەریا کرد.

ئەم فیلمەی کە بڕیارە براناگ کاری دەرهێنانی بۆ بکات، لە لایەن فۆکس‌ـەوە بڵاو دەبێتەوە، لە کاتی گەرمەی دابەشکردنی خەڵاتە جیهانییەکان؛ مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧.

سەرچاوە: زە گاردیان

هاوبەشی بکە

AnjelinaJolie, Film, PshtewanKamal,