25/04/2024
DidiMn Logo
Top

“پەنابەر” و “ترامپ”، وشە دڵخواز و ناوە دووبارەبووەکانی منداڵانی بەڕیتانیان

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: لاوک ئەبوبەکر

دەزگای چاپ و پەخشی زانکۆی ئۆکسفۆرد ڕایگەیاند، لەمساڵدا وشەی “پەنابەر”،  وشەی دڵخوازی منداڵانی بەڕیتانیا بووە؛ کە لە ناوەڕۆکی سەدەها چیرۆکی نووسراو لە لایەن منداڵانەوە، بینراوە.

دەزگاگە زیاتر لە ١٢٠،٠٠٠ چیرۆکی نووسراوی منداڵانی کۆ کردووەتەوە و شیکاری کردوون و پێشکەشی پێشبڕکێی ساڵانەی “٥٠٠ وشە”ـی کردوون، کە بەرنامەیەکی ڕادیۆ٢ـی بی بی سی‌ـیەوە و بۆ منداڵانی خوار تەمەن ١٣ ساڵ پێشکەش دەکرێت و تیایدا “وشەی ساڵی منداڵان” هەڵدەبژێردرێت.

1

هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند، بەکارهێنانی وشەکە لە بەرامبەر ساڵی ٢٠١٥ـدا، سێ جار زیادی کردووە.

پێشبڕکێکە ناو و بابەتی دیکەشی لەخۆ گرتووە، کە ئەوانیش بە هەمان شێوەی وشەی “پەنابەر”، زیاتر لە جارێک لە چیرۆکەکاندا بینراون، وەک: فیلمی “شەڕی ئەستێرەکان”، “شکسپیر”، ئەفسەری ئاسمانیی بەڕیتانی “تێم پیک” و ناونیشانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

جگە لەوەی وشەی “پەنابەر” زۆرترین منداڵ بەکاری هێناوە، لە هەمان کاتدا منداڵەکان زمانێکی وێناکاریی ناوازەیان بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی پەنابەران بەکار هێناوە.

2

بە پێی ڕاگەیەندراوی دەزگاکە، هۆکاری زۆریی بەکارهێنانی وشەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوام پیشاندانی هەواڵی پەنابەران لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەروەها زۆرینەی ناوەڕۆکی چیرۆکەکان، باس لە کۆچ و ڕێگەی سەخت و نەهامەتیی  ئەو منداڵە پەنابەرانە دەکەن، کە هاوتەمەنی منداڵانی بەشداربووی پێشبڕکێکەن.

هاوشان لەگەڵ وشەی “پەنابەر”ـدا، ناوەکانی “دەیڤد کامیرۆن”، “باراک ئۆباما” و “دۆناڵد ترامپ”، زیاد لە جارێک  لە چیرۆکەکاندا هاتوون، هەروەها “سانتا کلوز”، “زیۆس”، “لیۆنێل میسی”، “ساندرێلا”، “جەیمس بۆند”، “سنۆو وایت” و “هاری پۆتەر” وەک کەسایەتییە دڵخوازەکانیان.

4

جێگەی باسە، وشەی “هاشتاگ-#” لە ساڵی ٢٠١٥ـدا، “وشەی ساڵی منداڵان”ـی پێشبڕکێکە بوو

5
سەرچاوە: بی بی سی‌ی عەرەبی

هاوبەشی بکە

LawkAbubakr, Refugee, Trump,