18/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی میازاکی : سوپاس میازاکی

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

پشتیوان کەمال

کاتێک یەکەم جار یەکەمین فیلمی میازاکیم بینی، شەیدای قووڵی و ئاڵۆزیی چیرۆکەکانی بووم، کە هەر زوو دەستم کرد بە گەڕان بە دوای یەکە بە یەکە لە فیلمە ئەنیمەیشنەکانی میازاکی و ستۆدیۆ گیبڵیدا. کاتێک سەیری فیلمەکان دەکەیت، هەر فیلمە تەواو جیاوازە لە فیلمەکانی تر، بەڵام گشتیان پڕن لە لوتکەی هونەر، پڕن لە جوانی، پڕن لە جادوو. میازاکی ڕێگەی نوێمان پیشان دەدات بۆ بینین لە هەمان کاتدا بە کارەکتەرەکانی سەرساممان دەکات و ڕامان دەکێشێت بۆ جیهانە تایبەتە دروستکراوەکەی خۆی. ئەو بە جۆرێکە دەڵێیت هەریەک لە ئێمە دەناسێت و لە هەریەک لە فیلمەکانیدا پارچەیەک لە ئێمە پیشانی خۆمان دەداتەوە. ئەو پێدەری خەیاڵ و خەونە بە منداڵ، بە گەورە، بەوانەی ڕۆژێک نەیانتوانی منداڵانە بژین. ئەو جیهانێکت پیشان دەدات پێت دەڵێت ئەمە ژیانە، دەکرێت ژیان وا بێت، تۆ لێت ون بووە، لێیان دزیوویت.

سەرەڕای ئەوەی ئەو لە وڵاتێکدا دەژی کە لوتکەی داهێنانە تەکنەلۆژییەکان لەوێوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام ئەو داهێنانەکان ڕێگرییان لێ نەکرد تا واز لە ئامێرە کۆن و ڕێگە کۆنەکان بهێنێت بۆ ئەوەی فیلمەکانی دروست بکات. ئەو هێشتا بە 2D فیلمە ئەنیمەیشنەکانی دروست دەکرد، کە ئەمەش مانای وایە دەبێت هەریەک لە گرتەکان سەرلەنوێ بکێشرێنەوە لەسەر کاغەز و پاشان ئەم وێنانە دەکرانە دیجیتاڵی.

میازاکی ساڵ بە ساڵ زیاتر خۆشەویست دەبوو لای منداڵ و گەورە و هەموو چینێک.ئەو هێشتا فیلمەکەی تۆتۆرۆی یەکێکە لە خۆشەویستترین فیلمە ئەنیمەیشنەکان لای خێزان. ئەو کاتێک فیلمەکانی بڵاو دەکردەوە، خۆی پۆشاکی کەسایەتییەکانی ناو فیلمەکانی لە بەر دەکرد و دەگەڕا بە بازاڕدا تا زۆرترین کەس بچێت و فیلمەکانی ببینێت. ئەو بەم ڕۆحەوە فیلمی دروست دەکرد و بڵاو دەکردەوە، هەر بۆیە فیلمەکانی دەگەیشتنە ئەو جێیەی دەبوو بگا.

کەنعان، کوڕی داهاتوو

میازاکی یادەوەری و خەیاڵ و گشت توانای خۆی دەخستە کار تاوەکو فیلمەکانی بەرەو پێش بچن، هەر لەبەر ئەوەش بوو دەبینین هەمیشە میازاکی لە هەڵکشاندابوو. بەهۆی مانەوەی کاریگەریی هەندێک لە یادەوەری منداڵیی میازاکی لە ژیانی خۆیدا وەک ئەو حەزە زۆرەی کە بۆ فڕۆکە هەیبوو، ئەو کار بۆ ئەوە دەکات کە بەرهەمەکانی کاریگەریی زۆر بەسەر ژیانی بینەرەکانییەوە جێبهێڵێت. میازاکی بە نەناسراوی لای گشت یەکێک لە ئێمەی کورد هەبووە لە زەمەنێکدا، ئەویش بە زنجیرەفیلمی ئەنیمەیشنی عەدنان و لینا (کەنعان، کوڕی داهاتوو)، کە هێشتا یادەوەری و کاریگەرییەکانی ئەم فیلمە لای ئێمەی کورد وەک خۆی ماوە. هەرچەندە ئەم زنجیرەیەی یەکێکە لە کارە هەرە سەرەتاییەکانی دەرهێنەر، بەڵام بە خەونێکی قووڵ و گەورەوە کاری کردووە و بەرهەمێکی نازداری لە منداڵیی ئێمەدا جێ هێشتووە، بەرهەمێک کە لەو هەموو شەڕ و نەهەمەتییەدا خەونمان بداتێ و هیوامان بۆ بگەڕێنێتەوە.

فیلمەکانی میازاکی هیی ئەوەن بیدەیتە دەست منداڵەکەت و چاوەڕێ بکەیت ببێتە کەسێکی خەیاڵفراوان و بێتاوان، لەگەڵیشیدا ژیر.

سەرپەرشتیاری پەڕاو: پشتیوان کەمال

هاوبەشی بکە

Animation, HayaoMiyazaki, PshtewanKamal, Wtari Cinema,