18/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئەم خاکە بێخاوەن نییە

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – دیار حەسۆ

زنجیرە فیلمی (No Manʼs Land) یان “خاکی بێکەس و بێخاوەن” کە بەرهەمهێنەرانی بە پیتی بچکۆلە لەژێر ناوە ئینگلیزیەکەیدا نووسیویانە. یەکەم جار هاوڕێیەکم بۆی باس کردم، وتی تۆ تەماشای ئەمەت کردووە؟ فەڕەنسییەکان کارێکی تریان لەسەر کوردەکان کردووە.

هەوڵمدا حوکمی پێشینە نەدەم، بەڵام بەڕاستی تەنانەت ناوەکەی ئاسانکاری بۆ نەکردم. بۆچی بێکەس؟ بۆچی بێخاوەن؟ کەواتە ئێمە کێین؟ ئەو گەلەی شەڕی لەسەر دەکرێت، ئایا ئەم شەڕە لە دژی خاوەنی ئەم خاکە نییە؟ ئەو خاکەی شۆڕشی لەسەر بەرپا دەبێت، ئایا هاووڵاتییەکانی نین کە وا بە شۆڕش دەکەن؟

دوای هێرشی داگیرکاری ساڵی ڕابردووی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، فەیلەسوفی بەناوبانگ سڵاڤوای ژیژەک وتارێکی نووسیبوو. لە وتارەکەیدا ڕەخنەی هێرشەکە، خیانەتی ئەمریکا، هەڵوێستی ئەوروپا و هەندێک لە چەپگەرەکان دەکات. تێیدا دەڵێت” کورد قوربانی نمونەیین”، چونکە هەموو کەس هێرشیان دەکاتە سەر. دەوڵەتی تورکیان، ڕژێمی سوریا، داعیش، ڕوسیا و ئەمریکا، چەکدارانیی سەر بە ئێران، ئیسرایل، ڕێکخستنە سیخوڕیەکان و زۆر هێزی تر لە دژی کوردەکان و تەڤگەری ئازادی ڕۆژاوای کوردستانن. هاوکات چاپەمەنی و ڕاگەیاندنەکان دژایەتی دەکەن، ئەوە ماوەیەکە هەندێک هونەرمەند و بەتایبەت فلیمسازان دەستیان بە دژایەتی کردووە.

لەم سێ ساڵەی دواییدا سێ-چوار فیلم و یەک زنجیرە فلیمیش لەسەر شەڕڤانان و شۆڕشگێڕانی کوردستان بەرهەمهێنران، بەڵام هەموویشیان لە دژی ئەوانن. چۆن لە دژی ئەوانن؟ خاڵی هاوبەشی هەموویان ئەوەیە کە هەمیشە کەسی هەرە نەزان، بێڕەحم و بێویژدان کوردەکانن. ئەگەر بەدەست شەڕڤانانی کورد بێت، سڤیلەکان دەکوژرێن، ڕێگە بە ئەشکەنجە دەدەن، دەشبن بە هۆی مردنی هاوڕێکانی خۆیان و هتد… ئەم فیلمانە هەموویان وا دەڵێن! هەمیشە کەسە بیانییەکان، یانیش هەندێک جار ئینتەرناسیۆناڵیستەکان باشتر، زاناتر، دڵ گەرم تر و شۆڕشگێڕترن. لێرەدا سەختە مرۆڤ لەوە تێ بگات: لە نیشتیمانێک هەندێک کەس شۆڕشێک بەرپادەکەن، کاریگەری ئەم شۆڕشە دەگاتە هەندێک وڵاتی تر لە جیهاندا، هەندێک کەسی تر لەبەر ئەوەی کاریگەر بوون دێنە ناو ئەم شۆڕشەوە، بەڵام لەو کەسانەی ئەم شۆڕشەیان هەڵگیرساندووە باشتر لە شۆڕش تێدەگەن!

 ئەگەر چی ئێمە کوردانیش ئەوە لەبیر دەکەین: ڕۆژاڤا، لە ئاسمانەوە، لە دەمی چۆلەکەکانەوە نەکەوتە خوارەوە. لە خۆیەوە دروست نەبوو. گەلی ڕۆژاڤا، پێشەنگ و شۆڕشگێڕانی تەڤگەری ئازادی کوردستان بنیادیان نا. شۆڕشگێڕەکان شۆڕشیان کرد. هەر بۆیە ئەو فیلمانەی بەرهەمی دەهێنن یەک لە یەک خراپترن. کچانی خۆر یان (Les Filles Du Soleil) خراپ بوو، هی دوای ئەو خوشکانی تفەنگ یان (Soeurs Darmes) لەو خراپتر بوو. فیلمێکیش لە کرانەوەی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلیندا پیشان درا بە ناوی (Sisters Apart)، لە هەردووکیان خراپتر بوو، لە ئاستی زماندرێژی و بێڕێزیدا بوو لە دژی کورد و بەتایبەت لە دژی گەریلا و ژنانی شۆڕشگێڕ. فیلمێکی تر هەیە هێشتا لە قۆناغی بەرهەمهێناندایە ژنێکی کاتاڵانی بەرهەمی دەهێنێت لەو باوەڕەدام لە هەموویان خراپتر بێت.

خاڵێکی تری هاوبەش ئەوەیە کە چیرۆکەکانیان زیاتر لەسەر شەڕڤانانی ژنن و دەرهێنەرەکانیش ژنن. بە دروستبوونی تەڤگەری ئازادی ژن لە کوردستاندا ناسنامەیەکی نوێ بۆ ژنی کورد ئافرێندرا. ئەمە لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژاڤا و یەپەژەدا زیاتر لە جیهاندا دەنگی دایەوە. ژن پێشەنگی تێکۆشان، شۆڕشی کوردستان و  ڕۆژاڤایە. ئەمە تەنها گوتنێک نییە، دروشمێک نییە، شرۆڤەش نییە. ئەمە ئیدی ڕاستییەکی پێکهاتووە. ئەگەر ژنان پێشەنگایەتی شۆڕشیان نەکردایە، نە لە ناوخۆدا شۆڕش ئەوەندە دەگەیشتە سەرکەوتن نە لە جیهانیش ئەوەندە دەبووە خاوەن کاریگەریی. بەم هۆیەوە هێزە نێودەوڵەتییە دژە شۆڕشەکان بە میدیای و ئامرازەکانی بانگەشەی شەڕی تایبەتی هۆشیاری، فکری، سیاسی دەیانەوێت هێڵی ئازادی ژن بکەنە ئامانج، ڕەشیبکەن و بە هەڵە نیشانی بدەن بە بازاڕکردن و مۆدێلکردنی جلی شەڕڤانان، وێنەی “ژنە پێشمەرگەکان” کە ئاژەڵیان بە ددانەکانیان پارچە پارچە دەکرد، خستنە بەرچاوی هەندێک لە ژنە هونەرمەندەکان. ئەم فلیم و زنجیرە فلیمانەش پارچەی هەمان تابلۆ و هەڵمەتن.

ئەم کارانە بەزانایی ئەنجام دەدرێن. لە لایەکی تریشەوە من باوەڕناکەم پیاوە لیبراڵەکان، یان فێمێنیستەکانی چینی ناوین بتوانن بەشێوەیەکی هونەری هێڵێ ڕزگاری ژن و تەڤگەری ئازادی ژن لە کوردستان هەڵسەنگێنن. سنوری چیرۆکبێژە لیبراڵ- مۆدێرنەکان لە بەرامبەر قووڵایی بابەتەکان زۆر سەرانسەرە. ناتوانن چیرۆکی ژنێکی پێشەگ بهێننە سەر زمان کە لە خودبونەوە بۆ خۆی هەیە، خۆی و ژنانی تر و وڵاتێک ئازاد دەکات، خاوەن باوەڕی و فکری خۆیەتی. هەربۆیە لە چیرۆکەکانیاندا ژنان هەمیشە بۆ ئەوەی کوڕەکەی ڕزگار بکات، براکەی لەناو داعیش نەجات بدات یان باوەش بە خوشکەکەیدا بکات لەناو ئارتەشی ئەڵمانیادا و کەمێک دەمینێت لەگەڵیدا بچێت بۆ ئەڵمانیا و هتد.. واتا ژن لە چیرۆکەکانی ئەواندا تەنها بۆ بنەماڵە شەڕ دەکات. ئەو تابلۆیەی کە دەڵێت ژن لە نیشتیمانەکەی زیاتر گرنگی دەدات بە بنەماڵەکەی بەرهەمی فانتازیای پیاوە. تابلۆی ناو ئەم فیلم و زنجیرە فیلمانە وەک نموونەی پەیوەندی شەڕڤانانی ژن، کوشتنی داعشییەکان بە جۆرێک کە پێی مەست ببن، ئەشکەنجەدانی ئەندامانی داعش کاتێک کە لە زنجیرە فیلمەکەدا بە بۆکس لە “دیلێکی داعش” دەدات هەمووی لە مێشکی پیاواندا ئافرێنراون و کراونەتە فانتازی.

زنجیرە فیلمی (No Man’s Land) کارێکی هاوبەشی نێوان فەڕەنسا و ئیسرایلە. تەلەفزیۆنی ئارت (arte) ئەڵمانی-فەڕەنسی و هەموو میدیا دیجیتاڵیە ئەمریکییەکانی هولۆ (Hulu) بەرهەمهێنەری هاوبەشن. زنجیرە فیلمەکە لە دەرەوەی کوردستان دروستکراوە لە وڵاتی مەغریب و لە ناوچەیەکی نیمچە چیایی. زۆر هەڵەی جوگرافی لە زنجیرە فیلمەکەدا هەن، بەڵام کێشە نییە “دیکۆمێنتاریی” نییە. یەکێک لە سیناریۆنووسەکانی، مارییا فێڵدمن دەڵێت “سەرەتا کاتێک لە هەواڵەکاندا بینیم ئەندامانی داعش لە دەنگی هەلهەلەی ژنانی کورد و هەورییەکانیان دەترسن، من ویستم شتێک لەسەر ئەم شەڕڤانە ژنانە دروست بکەین.” بەڵام، چیرۆکەکە بێگومان لە چاوی کەسێکی بیانییەوە دەگێڕدرێتەوە. دەشڵێت “ویستمان زنجیرە فیلمەکەمان جیهانی بێت”. هەندێک کارەکتەری کوردیش هەن، بەڵام هەموویان ڕۆڵی ناسەرەکی و پڕکەرەوەن، چیرۆکی هیچ کەسێک لەوانی تێدا نییە. تەنها فەرماندارێکی یەپەژە هەیە کە لە سەرەتادا بریندار دەبێت، چەند قسەیەکی وشک و هەندێک ئاکاری ڕەق دەنوێنێت، هەر هاوار دەکات و پاشانیش خۆی فیدا دەکات. شەڕڤانێکی تری کوردیش دەبینرێت، بەڵام ئەویش فەڕەنسییە، لە منداڵییەوە لە فەڕەنسا گەورە بووە و بەناچاری گەڕاوەتەوە. ئەویش لە لایەن ئەکتەرێکی سویسری کە بە ڕەچەڵەک تونسییە نواندنی بۆ دەکرێت، چەند قسەیەکیش بە کوردی دەکات بەڵام ئەویش هیچ پەیوەندییەکی بە کوردبوون و هێڵی ئازادی ژنەوە نییە.

کەم تا زۆر مرۆڤ دەتوانێت لە هەموو ئەمانە تێبگات. بەڵام ئایا نابێت کوردەکانیش باس لە خۆیان بکەن؟ لە هەموو سینەماکانی دنیا بەتایبەت لە هۆلیوود، مژاری نوێنەرایەتی و خۆ هێنانە زمان زۆر گفتوگۆی لەسەر کرا. جاران ئاکتەرە ڕەشپێستەکان نەیاندەتوانی لە فیلمەکاندا ڕۆڵبگێڕن، پاشانیش بە شێوازێکی خراپ نیشان دەدران، پاشان ڕۆڵگەلێک کە ڕاستییەکانی ئەوانی نەدەهێنایە زمان و دوای قۆناغێکیش ڕۆڵی زۆر لاوەکیان پێ دەدرا. هەمان ئاکار بەرامبەر ژنان، کەمەنەتەوەکان و باوەڕییە جیاوازەکان ڕابەر دەکرا. بەڵام بە تێکۆشانی هونەرمەندان ئەمە شکێندرا. ئیدی خۆیان ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن و خۆیان دەینووسن. بێگومان ئێمە کوردەکان دەبێت لە کۆتاییدا خۆمان چیرۆکەکانی خۆمان بگێڕینەوە. بەڵام ئەوانەی ئەم جۆرە فیلمانە بەرهەم دەهێنن بێگوناح نین و “هەر وا بە ڕوانینی خۆیان” دەرهێنانیان بۆ ناکەن. لێرەدا ئەو پرسیار و لێپێچینەوەی کە مرۆڤ پێویستە لە خۆی بکات ئەوەیە بۆچی ئێمە دەمانتوانی ئەوەندە فیلمی هۆڵیود لەسەر ڤیەتنام، ئێران، ئەفغانستان و ئەمریکای لاتین تەماشا بکەین؟! ئەوەی جێی داخە ئەوەیە زۆرێک لە ئێمە کە تەماشای ئەم فیلمانەش دەکەین، پێمان باشن و ڕیکلامیان بۆ دەکەین. هەندێک ڕۆشنبیریش بە نووسینی دوور و درێژ پێیاندا هەڵدەدەن!

پیشاندانی کوردان و شۆڕشگێڕەکانیان بەم جۆرە بێڕێزییە. لایەنە زاناییەکانی ئەم بێڕێزیەش زۆرن. ئایا نەیاندەتوانی لەگەڵ کەسێکی پەیوەندیداری تەڤگەری ئازادی گفتوگۆ بکەن؟ بەشێکی زۆری کاری نووسین لێکۆڵینەوەیە. کاتێک مرۆڤ دەیەوێت دەربارەی مژارێک بنوسێت لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات، دەخوێنێتەوە و پرسیار دەکات. لە زنجیرە فیلمەکەدا سێ کارەکتەری داعشی هەن، هاوڕێی منداڵی یەکترین و لە بەریتانیاوە دێنە سوریا و دەچنە ناو داعش. چیرۆکەکەیان، هۆکاری پەیوەستبوونیان بە ئیسلامەوە، هۆکاری بوونە داعشیان، ئەو لەمپەرانەی ڕوبەڕویان دەبێتەوە، لایەنە مرۆڤییەکانیان و هەموو شتێکیان زۆر بەڕوونی باس دەکەن. هەر ئەوەندەی مرۆڤ خۆی بخاتە جێی ئەوان تەواوە! لەوانەیە لەگەڵ هەندێک داعشی قسەیان کردبێت. واتا لێکۆڵینەوەیان کردووە. لایەنی ڕێکخستنی و هەواڵگیری بەشێکی گەورەی زنجیرە فیلمەکەن، لەگەڵ ئەوانیش گفتوگۆیان کردووە. نوسەر ڕوان لەشم لە ڕیپۆرتاژێکدا دەڵێت “لەگەڵ ئەفسەرانی هەواڵگیریدا کارمان کرد”. ئایا نەیدەتوانی خۆیشی بگەیەنێتە ئەندامێکی تەڤگەری ئازادی کورد؟ کەواتە نەیانویستووە.

لەم زنجیرە فیلمەدا بابەتی هەواڵگیری کە مۆسادیشی تێدا هەیە زۆر بەرفراوانە. بێگومان مۆسادیش، سی ئای ئەی، می ئای ١٦ و هەموو هێزەکانی تریش سیخوڕ دەنێرن بۆ سوریا و ڕۆژاڤا، کارەکانی خۆیان بێڕاوەستان ڕادەپەڕێنن. بەڵام لە زنجیرە فیلمەکەدا وا پیشانی دەدەن کە مۆساد هاو ئاستی هێزە کوردەکان چالاک و حاکمە لە هەرێمەکەدا. وەک ئەوەی لە دژی داعش شەڕ دەکەن، هاوکاری کوردان دەکەن و هەردوو کارەکەشیان بە باشەکاری ئەنجام دەدەن. تەنانەت لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین پشگیری دیموکراسی دەکەن.

یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکان لە زنجیرە فیلمەکەدا ئانا (کە ئەویش فەڕەنسییە) ئارکیۆلۆگ و چالاکوانە. پاشان دەبێتە جاسوسی مۆساد. دەچێتە هەندێک ناوچەی وەک ئێران. بەڵام گوایە کاتێک دەبینێت لە ئەنجامی کارەکانی مۆساد هاووڵاتی سڤیل دەکوژرێن دەڵێت من ئیدی لەگەڵ ئێوە کار ناکەم. دواتر بەشداری ناو ڕیزەکانی یەپەژە دەبێت. هەموو شتێک دەربارەی ئەم ڕابردووەی خۆی بە فەرماندارەکەی دەڵێت. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەویش دەبێتە “مەکینەیەکی کوشتن” و داعشە بریندارەکانیش دەکوژێت! واتا ئەوەندە “بەهێز” و بێڕۆح دەبێت. بەڵام کاتێک لە ڕۆژاڤا و لەسەر ڕێگایەک ئەندامانی مۆساد دەبینێت مێشکی دەشڵەقێت. پاشان هاوڕێیەکیان بریندار دەبێت بەڵام فەرمانداری یەپەژە کە تەنها چەند قسەیەک دەکات، بریندارەکە پشتگوێ دەخات. واتا ئەو شەڕڤانانەی بۆ هاوڕێکانیان گیانی خۆیان فیدا دەکەن، بەڵام بۆ ئەوەی بریندارەکەیان چاکبکەنەوە و ڕزگاری بکەن هەوڵ نادەن! ئینجا ئانا بۆ ئەوەی شەڕڤانەکەی یەپەژە بە برینداری ڕزگار بکات دەگەڕێتەوە لەگەڵ مۆساد کار دەکات. واتا کوردەکان شۆڕش دەکەن، وڵات و ناوچەکانیان ڕزگار دەکەن، سیستەمی خۆیان بنیاد دەنێن، بەڵام هەمیشە پێویستیان بە هێزی دەرەکییە! یان فڕۆکەوانانی کوالیسیۆن دێن، یان ئەندامانی مۆساد، یان شەڕڤانێکی ئینتەرناسیۆنالیست و هتد…

دیسانەوە بۆچی؟ بۆچی وا دەکەن؟ بۆچی بەمجۆرە پیشانمان دەدەن؟ نەک لەبەر ئەوەی کوردەکان وەک لایەنێکی خراپ پیشان دەدەن، نا. وەک لایەنێکی باش پیشانی دەدەن. بەڵام بە جۆرێکی کەم، یان نا ڕاست. دەیانەوێت بڵێن ئێمە هاوشێوەین. شەڕڤانانی ڕۆژاڤاش وەک ئەندامانی مۆسادن، وەک سەربازانی ئەمریکان، وەک هەموو ئەوانەی ترن. شەڕڤانان خۆیان باشن، شتی باش دەکەن، بەڵام مەجبوورن ئەو شتانەیشی خراپن بیکەن. وا نییە! هەموو کەس ئەمە دەزانێت. داعشیش دەزانێت. کاتێک باخۆز ڕزگار کرا، زۆر هەواڵمان لە تیڤیەکاندا بینی. لە ڕیپۆرتاژێکی فڕانس ٢٤ دا ژنێکی ڕزگاربووی باخۆز وتی “میرەکەمان، خەلیفە بڕیاری دا کە ئێمە ڕابکەین. پیاوەکانمان وتیان خۆتان تەسلیمی کوردەکان بکەن هیچ شتێکی خراپتان لێ ناکەن. ئەگەر سەربازانی عێراق یان سوریا دەزگیری بکردینایە دەستدرێژیان دەکردە سەرمان و دەیانکوشتین.”

سەرەڕای هەموو هێرشەکانی داعش و قوربانییەکانی ئێمە، تەنها ئێمە خاوەنداریمان لەوانکرد “وەک مرۆڤ”. زۆرێکیان لێخۆشبونیان پێ بڕا و گەڕانەوە ناو ماڵ و هۆزەکانیان. هەندێک چاوەڕێی سزاکانیانن، هەندێکیان پەروەردە دەکرێن، هیچیان ڕووبەڕووی بۆکز و شەق نەبوونەوە وەک ئەوەی ئەم زنجیرە فیلمە باسی دەکات. شۆڕشگێڕانی ئازادی کوردستان وانەیەکی گەورەیان دەربارەی مرۆڤایەتی، ئازادی و دیموکراسی دایە هەموو کەس. دیارە ئەمەیە کە پێیان تاڵە. هەربۆیە ئەوەندە هەوڵی ڕەشکردنی دەدەن.

وەک ئەنجام دەمەوێت ئەوە بڵێم هەر فیلمێک کە لەسەر کورد بەرهەمدەهێنرێت، گەر بەبێ کوردەکان بەرهەم بێت ئەوە لە دژی کوردە.

هاوبەشی بکە

Wtari Cinema,