27/04/2024
DidiMn Logo
Top

چەمکی ئەوانی دی لە موزیکی کوردیدا، بەشی یەکەم

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

توانا حەمە

پێشەکی

 

چەمکی ئەوانی دی چەمکێکی فرەڕەهەندە و پەیوەندیی بە زۆر لایەنی زانستە مرۆڤایەتییەکانی وەک ئەنترۆپۆلۆجی، کۆمەڵناسی، ڕامیاری، فەلسەفە و تا دوایی هەیە. بە هۆکاری ئەوەی پەیوەندیی تەواوی

بەم زانستانەوە هەیە، هەر بۆیە ئەم چەمکە وەک یەکێک لە چەمک و باسە گرنگەکان لە ناو موزیکی گەلاندا، جێی باس و خواسی زۆرێک لە لێکۆلەرەوانی موزیکناسی Musicology بووە. دواجار هەر نەتەوەیەک لە ڕوانگەی خۆیەوە، خوێندنەوەی بۆ ئەم چەمکە کردووە. بۆیە بە پێویستی دەزانم ئەم باسە وەک ئەزموونێکی نوێ و شیکاری لە ناو موزیکی کوردیدا بخەمە ڕوو، گەرچی بە داخەوە بە هۆی نەبوونی کادر و پسپۆڕی موزیکۆلۆجی، تا ئیستا فەرهەنگی موزیکی کوردی خۆی لە باسکردنی ئەم چەمکە گرنگانە نەداوە، تا بتوانرێت قووڵتر لەم باسە گرنگە بکۆڵمەوە و شیکاری بۆ ڕەهەندە جیاوازەکانی موزیکی کوردی بکە، بەڵام بە پێویستی دەزانم وەک دەلاقەیەک بۆ ئەم باسە گرنگانە، بە کورتە باسێک تیشک بخەمە سەر ئەم چەمکە گرنگە، بە ئومێدی ئەوەی لە ئاییندەدا تویژینەوەی چڕ پڕتری بۆ بکرێت.

چەمکی ئەوانی دی

 

ئەوانی دی، واتەکەی بە کوردی زۆر ڕوونە، بە زمانی ئینگلیزی The Other ی پێ دەگوترێ؛ مەبەست لە ئەوانی دی بە پێی بابەتەکان دەگوڕێت، بۆیە لە موزیکدا مەبەست  لە ئەوانی دی هەموو

ئەو بابەتە موزیکییانەی کە دەچێتە فۆڕمی موزیکی بێگانەوە، کە وەک فەرهەنگێکی نامۆ، ئاشنانەبوونی شێوازی دانان، هۆکارە هەستییەکان لە شێوازی دەربڕین و زۆر لایەنی دیکەی نەبێت. ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی کە پەیوەست نییە بە کلتووری موزیکی تۆ یان  ئێوە و زادەی بیر و ژیاری کۆمەڵەیەک یان نەتەوەیەکی ترە  و ئەوان بە توندی وابەستەن پێیەوە. بەڵام کاتێ باسی ئەم چەمکە دەکرێت، پێویستە ئاماژە بە  ڕەگ و ڕیشەی ئەم زاراوەیە بکرێت، کە بۆ فەیلەسووفانی یۆنان، بەتایبەت ئەرستۆ لە بەشی نۆیەمی کتێبی پێنجەمی میتافیزیکدا، بۆ دەگەڕیتەوە ئەم باسگەلە دەوروژێنێت و دەڵێت: “بە شێوەیەکی گشتی ئەوانی دی مانای جیاوازی و لێکچوونەکانی ئێمەیە.” هەر بۆیە لێرەدا باشترین پێناسە ئەوەیە بۆ ئەوەی خودی خۆت بناسی، پێویستت بە ناسینی ئەوانی دیکەیە. مەبەست لێرەدا ئەوەیە ئایا بوونی خود ب بێ ئەوانی دی مانایەکی هەیە؟ لە ڕاستیدا نەخێر، چونکە هەر کەسێک بە شێوەی واقعی یان خەیاڵی هەمیشە بە شێوەیەکی خۆڕسک ئەو لە وانی دی جیا دەکاتەوە. هەمیشە شوناسی خود یان ئەو وابەستەی  ئەوانی دیکە دەکات. هەر بۆیە دواجار دەبینرێت ئەم چەمکە ڕەنگدانەوەی لەسەر شێوازی پەیوەندییەکان و هەڵکردن و بەردەوامی دان بە پێکەو بوونی مرۆڤەکان دەبێت، تا بە تەواوی دەگاتە سەرجەم کایەکانی وەک ئایینی، نەژادی، نەتەوەیی، چینایەتی و بابەتە فەرهەنگییەکانی دی. دواتر ئەم چەمکە لای هیگڵ، هایدگر، سارتەر

و تا دوایی بە ڕوونتر و لە دیگا و ڕەهەندی جیاوازەوە باسی لێ وەدەکرێت. بروانە [ئەحمەدی، 1389 : 155 ]. بەڵام هەمان چەمک ئەگەر لە تیڕوانینێکی مرۆڤناسیەوە لێی بڕوانرێت، ئەوا هەمیشە چەمکی ئەوانی دی پێویستی بە چەمکی خود دەبێت. بەڵام هەمیشە لایەنی ئەرێنی و باشەکە دەلکێنرێت بە چەمکی خود یان ئێمەوە، لایەنە نەرێنی و خراپەکانیش دەدرێتە پاڵ ئەوانی دی، بەڵام ئەم تێڕوانینە لە موزیکدا بەم شێوە توندە بەرچاو ناکەوێت، زیاتر گەڕانە بەدوای شوناسی موزیکی خۆدا لە چاو موزیکی ئەوانی دیدا، گەرچی لە هەندێک شاکاری موزیکدا ئەوانی دی وەک لۆبیک یا گاڵتەجار یان دڕەندە بەکار هاتووە، بەڵام ئەم کارانە زادەی سەردەمانێکن کاریگەریی ئەفسانە Myth بە سەر تاکەکانی کیشوەری ئەورووپاوە هەبووە. ئەگەرچی لە سەردەمی ڕینیسانسدا موزیکی بێگانە هێندە بەرباس و جێی بایەخی ئاوازدانەران نەبووە، بەڵام دواتر لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدە، بە هۆی سەرهەڵدانی سیاسەتی داگیرکاری   Colonialism لە ئەورووپادا و زیادبوونی ڕیژەی لێکۆڵینەوەی مرۆڤناسی  Anthropology  و کۆمەڵناسی sociology، بە تایبەت دەربارەی نەتەوە نائەورووپییەکانی وەک چینییەکان، هندییەکان، سوورپێستەکانی ئەمریکای باشوور، ڕۆژهەڵات یەکان  و تا دوایی. هەروەگا ناسینی فەرهەنگی بێگانە بووە جێی بایەخ لە سەرجەم بابەتە هونەری ئەدەبی کلتوورییەکاندا و سوودیان لێ وەردەگیرا و دواجار لە ناو بەرهەمە هونەرییەکاندا ڕەنگی دەدایەوە. بە نموونە کاتێک ژان فیلپ ڕامۆ لە ئۆپێرای سوورپێستانی عاشق لە ساڵی ١٧٣٥دا کە کەسایەتیەکانی ناو ئۆپراکە بریتی بوون لە تورک، ئێرانی، سوورپیستانی ئەمریکای باشوور، ئەم ئۆپیرایە زۆر سەرکەوتوو دەبێت و دوای چڵ ساڵ لە دانانی ئەم شاکارە لە ماوەیەکی کورتدا زیاتر دووسەد جار لە ناو شانۆ جیاکانی پاریسدا نماییش کراوەتەوە. یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی سەرکەوتنی ڕامۆ بەکارهێنانی سەمای سوورپیستان بوو، کە بۆ گوێگرانی و بینەرانی هونەری ئۆپیرای ئەورووپی شتێکی نوێ و ڕەنگێکی تازە و جیاواز بوو. دواجار هەر ئەم جیاوازیی ڕەنگە دەبێتە ناسنامەیەک بۆ ئەورووپا تا لە ڕێگەی ئەوان دییەوە خۆی بناسێت و شوناسێک بۆ خۆی دابنێت. دو بەدوای ئەمە لە کۆتای سەدەی هەژدەیەدا دەبینرێت لە ئەورووپادا موزیکی تورکی دەبێتە جێی بایەخی ئەورووپییەکان و لە سەدەی نۆزدەشدا بە هۆی زیادبوونی ئارەزووکردنی گەشتکردنی هونەرمەندان بۆ وڵاتانی هیندستان، ژاپۆن، چین، ئەفریقیا و ئەمریکا، کاریگەریی ئەم گەشتانە جگە لە موزیک لە ناو شاکارە هونەرییە شێوەکارییەکانیشدا دەبینرا. دواجار ئەوە بە ڕوونی دەبینرێت هونەرمەدانی ئەورووپا چۆن توانیویانە سوود لە موزیکی بێگانە وەردەگرن. هەر بۆیە لە ڕەشپێستانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سیمفۆنی ژمارە نۆی دڤورجاک لە ساڵی 1893 و موزیکی میسڕ و باکووری ئەفریقا لە ئۆپێرای ئایدالە ساڵی 1871 و شاکاری ڤێردی و ڕاوچیانی مرواریی جۆرج بیزێ لە ساڵی  1863 بە تەواوەتی هەردوو چەمکی ئێمە و ئەوانی دی، خۆی لە ناو موزیکی ئەورووپیدا نماییش دەکات.

لەمە بەدواوە زۆر ناونیشانی وەک ژنی ڕۆژهەڵاتی، یەهوودی، قەرجانە دەدوا و تا دوایی لە ناو ئۆپێرا و شاکارە موزیکییەکان بەرچاو دەکەوێت. هەر لە سەدەی نۆزدەدا بە هۆکاری ئەم چەمکە موزیکی کەمەنەتەوایەتییەکانی جیهان بە تەواوەتی خۆی خزاندە ناو موزیکی کلاسیک و بە شێوەیەکی فەڕمی جێی خۆی کردەوە. کە ئەوانیش بریتی بوون لە راپسۆدی، مارش، گۆرانیی میللی و گۆرانیی گوندنشینان، کە لە ناو کارە موزیک یەکانی وەک شۆپان، شۆبیرت، برامس، لیست، دڤورجاک، زوڵتان کۆدای، شۆستاکۆفیچ و تا دوایی دەبینرێت [هەمان]. بە تایبەتی لای دانەرانی ڕووس موزیکی ڕۆژهەڵاتی و بەتایبەت عەرەبی زیاتر بەرچاو دەکەوێت، دیارترین نموونە شەهرەزادی شۆستاکۆفیج و بازاڕی عەرەبیی فیکرەت ئەمیرۆڤ، کە یەکێکن لە شاکارە دیارەکان بۆ ئەم باسە. ئەم کۆمەڵەکارەی کە ئاماژەی پێ درا، چەند نموونەیەکی بچووکن، لە ڕاستیدا سەدان نموونەی دی هەن، کە تا ئێستاش بە فۆڕمی جیا ئەم چەمکە خۆی تێدا نماییش دەکاتەوە. گەرچی لە ئێستادا جیهانگیری ڕۆڵی کارای هەیە لە سەر ئەم چەمکە، زۆر هەوڵ دەدرێت موزیکیش شکڵیکی جیهانی وەربگرێت، بەڵام بە بڕوای من ئەمە جۆرێکی دیکەیە لە تەوژمی داگیرکاریی ڕۆژئاوا، هەمیشە ئەوە باش و گونجاوە کە لە ئەورووپا و ڕۆژئاواوە سەر هەڵدەدات، هەمیشە ئەو موزیکە جیهانیە کە لە ڕۆژئاواوە سەر هەڵدەدات، هەر گیز موزیکێکی ڕۆژهەڵاتی نابێتە موزیکێکی جیهانی. لێرەدا تا ڕادەیەک هاوڕام لەگەڵ بەشێک لە بڕواکانی ئیدوار سەعید، کە بە ڕەگەز فەڵەستینییە، لە ساڵانی ڕابردوودا باسگەل و چەند تیۆرێکی وروژاند لە سەر جیهانگەرایی، کە جەوهەری باسەکەی ئەو پرسیارگەلە بوو کە بۆچی جیهانگەرایی تەنیا لە ئەورووپاوە بۆ ڕۆژهەڵات دێت و هەرگیز پێچەوانە نابێتەوە.

گەرچی باسەکە زۆر بە چڕی لە پێشەکییەکەدا لە مێژووی ئەم چەمکەوە پێیدا هاتووم، تەنیا بە هۆکاری ئەوە بووە لێرە بەدواوە خوێنەری کورد، زیاتر و وردتر ئەم چەمکە لە بیری خۆیدا شرۆڤە بکات و دواتر بە سانایی هەست بە سەدان نموونەی دیکە بکات.

ئەوانی دی کێن لە موزیکی کوردیدا؟

 

لێرە بەدوا گرنگترین پرسیارەکان ئەوەن کە ئایا موزیکی کوردی لە کوێی هاوکێشەی ئەم چەمکەدایە؟  ئەوانی دی لە موزیکی کوردیدا کێن؟ ئایا ئەم چەمکە چ ڕۆڵیکی ئەرێنی یا نەرێنیی بینیوە؟ ئایا ئیدی موزیکی کوردی دەتوانێت لە ڕێگەی موزیکی ئەوانی دییەوە ناسنامەی موزیکی خۆی بناسێتەوە؟

 بە بڕوای من ئەم چەمکە لە موزیکی کوردیدا زۆر بە ڕوونی خۆی نماییش دەکات، ئەوانی دی لە موزیکی کوردیدا تەنیا ڕۆژئاوا و ئەورووپا نییە، بەڵکو بریتین لە نەتەوەکانی دراوسێ (فارس، ڕەگەزی تورک (تورکیا، تورکمانستان و ئازەربایجان(، ئەرمەن، عەرەب)، کە زیاتر ئەم کارەکتەری ئەم چەمکە لە سەر شانۆی ئەم باسە دەبینرێت. ئەگەر بە وردی لە موزیکی کوردی بکۆڵیتەوە، گەرچی نزیکیی تەواو هەیە لە شێوازی ستراکچەری موزیکی نەتەوەکانی دراوسیدا، بەڵام سیماکانی موزیکی کوردی بە تەواوەتی مۆرکی تایبەتی خۆی هەیە، بە تایبەت لە ڕیتمی هەڵپەرکێ، مۆتیڤی گۆرانییەکان، ڕستە موزیکییەکان و شێوازی بەکارهێنانی کۆماکان لەسەر ئامێرەکان بە ڕوونی دەبینرێن. بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە و بووەتە گرێیەک لە موزیکی کوردی، ئەوەیە تا ئێستا موزیکی کوردی شێوەیەکی زارەکییە و کەمترین دانراوی دانەری ئەکادیمی و زانستی هەیە، بۆیە موزیکی کوردی نەیتوانیوە سوود لە موزیکی ئەوانی دی وەربگرێت تا شوناسی خۆی خۆی تێدا بدۆزێتەوە. زۆر جار لە موزیسیانی کورد لە جێی بەکارهێنان و سوو وەرگرتن لە موزیکی نەتەوەیەکی دی ،ڕووی کردووەتە کۆپیکردن و بەکورد کردن، بەبێ ئاماژەپێدان کە ئەم ئاوازە لە چ نەتەوەیەک وەرگرتووە. بۆیە لێرەدا بۆ دۆزینەوە و پێناسەکردنی ناسنامە Identity ی موزیکی کورد بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لێکۆڵینەوە لە ناسنامەی نەتەوەیی موزیکی کوردی بکەن، بۆیان زۆر سەخت و دژوار دەبێت.

کورد چۆن لە موزیکی ئەوانی دی و ڕۆژئاوا دەڕوانێت؟

 

گەرچی بە درێژایی مێژوو هەستی ناسیونالستی لە ناو گەلی کورددا زۆر بەهێز بووە، بەڵام لە موزیکدا ئەم هەستە ناسیونالستیە بەرامبەر موزیکی ڕۆژئاوا کەمتر بەرچاو دەکەوێت و تا ڕادەیەکی زۆر موزیکی ڕۆژئاوا وەک بەمۆدیرنەبوونی موزیکی کوردی لێی دەڕوانرێت. نموونە لە ساڵانی 1968 بۆ 1970 قادر دیلان چەند  بەرهەمێکی کوردی بە ستایلی و موزیکی پۆپی ڕۆژئاوا تۆمار کرد، لەوانە فریشتە، قژکاڵی لێوئاڵی تا دوایی. ئەم کارانە تا ئێستاش بە ناوازەترین بەرهەمی کورد هەژمار دەکرێن، ئەگەرچی موزیکی ئەوانی دی پڕاوپڕی لە کارەکەیدا بەرجەستەیە، تەنیا وشە و میلۆدیی گۆرانییەکە کوردییە، کەچی نە لە سەردەمی خۆیدا نە لە ئێستادا تاکی کورد بە چەمکێکی ناسیۆنالستی لەم بەرهەمانە ن ڕوانێت، بەڵکو وەک شاکارێک ناوی دەبەن. ئەمە ئەوە دەخاتە ڕوو چەمکی ناسیونالستی کورد نیگەران نییە بەرامبەر موزیکی ڕۆژئاوا، ئەگەر لە کارەکاندا ڕەنگ بداتەوە.

 

هاوبەشی بکە

Awani Di, First Part, Kurdish Music, Others, TwanaHama,