25/04/2024
DidiMn Logo
Top

کتێبێک لەسەر حەمەساڵح دیلان بڵاو دەکرێتەوە

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – فه‌رهاد سه‌عدی

ساکار عەبدوڵا ساڵح ئێتنۆمیوزیکۆلۆجیست لە کۆلێجی هونەرەجوانەکان، بەشی میوزیک، لقی ئێتنۆمیوزیکۆلۆجی خوێندووه‌ و له‌ ئێستادا خه‌ریكی كاركردنه‌ له‌سه‌ر كتێبێك له‌باره‌ی هونەرمەندی مەقامبێژ و گۆرانیبێژ حه‌مه‌ساڵح دیلان.

وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێده‌دات لەم کتێبەدا تیشک خراوەتە سەر ژیانی هونەریی، مەقام، گۆرانییەکانی و شیکاریکردنی چەند بەرهەمێکی حەمەساڵح دیلان. هه‌روه‌ها هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی وەڵامی چەند پرسیارێکی هەستیار و گرنگی وه‌ك سەرچاوەی دەنگخۆشی دیلان، دەستپێکی گۆرانیگوتن لای دیلان، شوێنی تۆمارکردنی بەرهەمەکانی، کات و شوێنی بڵاوبوونەوەی یەکەمین بەرهەمەکانی، هۆکاری ئارەزووی زۆری دیلان بۆ چڕینی مەقام، پەیبردن بە پەیوەندیی نێوان هۆنراوە و مەقام لای دیلان و هه‌روه‌ها هۆکاری سڵکردنەوەی دیلان لەوەی کە وەک گۆرانیبێژێک بناسرێت. ئەمانە و جەندین پرسیاری گرنگی تر کە هەوڵ دراوە وەڵامی گونجاویان بدرێتەوە لەم پەرتوکەدا.

ئه‌رشیڤی حه‌مه‌ ساڵح دیلان

بۆ یەکەمین جارە لە ڕوانگەی زانستی ئیتنۆمیوزیکۆلۆجییەوە چەند بابەتێکی گرنگ لەسەر دیلان وەک هونەرمەندێکی مەقامبێژ و گۆرانیبێژ لە دووتوێی پەرتوکێکدا شرۆڤە بکرێت

ساکار بۆ دیدی من دوا و وتی ‘’لقی ئێتنۆمیوزیکۆلۆجی ئەزموونێکی جیاواز بوو بۆم، کە توانی بمخاتە سەر ڕێگەیەکی جیاوازتر لە کاری ژەندن، ئەویش بواری نووسین و گەڕانی مەیدانییە و گەڕانە بە دوای ئەو کەسانەدا کە بە کاری میوزیکەوە خەریکن. من پێم وایە کە زۆر گرنگە کار لەسەر ئەزموونی ئەو کەسانە بکرێت کە ئەزموون و پێگەیان هەیە لە هونەردا، یان لە هەر بوارێکی تردا. لەو رێگەیەوە دەتوانین دەرگایەک بکەینەوە بۆ گەڕان بە دوای ڕابردوودا، ئەو ڕابردووەی زانیارییەکان تێیدا کەمن و نەنووسراونەتەوە.’’

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ساکار دەربارەی دیلان وتی ‘’بۆ من دیلان سیمبولێکی دیاری نێو گۆرانی و میوزیکی کوردییە، ئەوەی لەم پیاوەدا جیاوازە ئەوەیە کە هیچ کات نەیویستووە هونەر بکات بە پیشە، ئەو دەیویست ناسینی لە رێی بابەتە وێژەییەکانەوە بێت نەک میوزیک و گۆرانی’’

هەروەها ساکار ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو لاپەڕانەی باس لە هونەری دەنگخۆشی دیلان دەکەن زۆر کەمن  و وتی ‘’بۆیە بۆ من دیلان و گەڕان بە دوای ئەو لایەنە شاراوانەی ژیانیدا چێژێکی تایبەت بوو. ئەمە جیاواز لەوەی کە ئەگەر بتوانم خزمەت بە تەمەنێک لە هونەری ئەم مرۆڤە و میژووەکەی بکەم شتێکی باشە.’’

ئه‌رشیڤی حه‌مه‌ ساڵح دیلان

ساكار لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ دا دەستی کرد بە گەڕانی مەیدانی و خوێندنەوە لەسەر دیلان، بە مەبەستی ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی زانستیی بۆ کۆتا ساڵی خوێندنی. دەربارەی ئەو ئاستەنگانەی لەم لێکۆڵینەوەیەیدا هاتووەتە ڕێی وتی ‘’کاتێک دەگەڕام هەستم دەکرد کەمترین زانیاری لەسەر لایەنی هونەری دیلان هەیە، جیاواز لەوە دەیان نووسین و توێژینەوە لەسەر لایەنی ئەدەبیاتی دیلان هەبوو، بۆیە کارەکە لێرەدا بۆ من قورس بوو لە کاتێکدا بەشێکی زۆری هاوتەمەنەکانی لە ژیاندا نەماون، یان ئەوانەی کە لە نێو دانیشتنەکاندا لە گەڵیدا بوون، خودی دیلان کەمترین کات قسەی لەسەر بابەتی هونەرەکەی کردووە و تەواوی باسەکانی کە بە ڤیدیۆ یان تۆماری دەنگی بێت باسی لایەنی ئەدەبیاتەکەی بوون. نەمان و فەوتانی بەشێکی ئەرشیفی دیلان، دووریی منداڵەکانی دیلان تا بتوانم زانیاریم دەست بکەوێت.’’

به‌رده‌وام بوو و وتی ‘’هەرچەندە گرفتەکان زۆر بوون، بەڵام توانیم بە سەرکەوتویی ئەو توێژینەوەیە پێشکەش بە بەشی میوزیک بکەم و وەک بابەتێکی گرنگ لێیی بڕوانن. کاتێكیش لە زانکۆ دەرچووم پێم باش بوو کاری زیاتری لەسەر بکەم و بیخەمە نێو دووتوێی چەندین لاپەڕەوە و پێشکەشی خوێنەرانی بکەم، بۆیە چەند ساڵێکە بەردەوام من لە گەڕاندا بووم بە دوای هەر زانیارییەک یان دۆکۆمێنتێک کە خزمەت بە توێژینەوەکەم بکات، تا گەشتە ئەم قۆناغەی ئێستا و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچێتە نێو کتێبخانەی کوردییەوه‌’’ .

ئه‌رشیڤی حه‌مه‌ ساڵح دیلان

ساکار عەبدوڵا ساڵح لە ١١\١١\١٩٨٩ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. ساڵی ٢٠٠٨ – ٢٠٠٩ وەک ژەنیاری ئامێری عود پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی تەواو کردووە. ساڵی ٢٠١١ – ٢٠١٢ لە کۆلێجی هونەرەجوانەکان، بەشی میوزیک، لقی ئێتنۆمیوزیکۆلۆجی وەرگیراوە و ساڵی ٢٠١٥ تەواوی کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە لە گروپە میوزیکییەکاندا وەک ژەنیاری ئامێری عود دەستی کردووە بە کاری هونه‌ری، هەروەها ژەندنی بە تەنیا لە چەندین بۆنەی کولتووری و نەتەوەیدا و کاری لە چەند پڕۆژەیەکی تایبەت بە منداڵان کردووە.

هاوبەشی بکە

Books, Hama Salih DIlan, Kurdish Music, Kurdish Singer,