20/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی بیکێت: ڕۆلى خود، ئاگايى و فرەئاگايى لە شانۆنامەى بەدەم چاوەڕوانيى گۆدۆوە

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

ديدى مننيوس ڤاين، نەقدێ رووز

كان سۆلاگان
لە فارسييەوە: سەليم جەمال

 

تەواوى ژيـان چاوەڕوانييەكە؛ لە شانۆنامەى بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە، ساموێل بیكێت ڕەنجى مرۆڤ لەم ڕەوشه ئاڵۆزە، چاوەڕوانی، وێنا دەكات. دوو لە كارەكتەرانى ئەم شانۆنامەيە (ئیستراگۆن و ڤلادێمير) لە ڕێگەى نەجووڵان، ترس و گازندەكان، ئەم دۆخە دەخەنە بەر ديدى بينەران. خودى پەيڤى «چاوەڕوانی» بە باشترين شێوە پەسنى خودی ئەم شانۆنامەيە دەكات، چونكە لە بەش بەشى شانۆنامەكەدا بوونى هەيە. هەروەها لەگەڵ پێشوەچوونى چيرۆكەكە، كارەكتەران كەسايەتیى بەهێز و بەئيرادەيان لێ دروست دەبێت، بەپێى هزر و ڕوانينيشیان ڕەفتار دەكەن. بەڵام ئەوان كردەكانيان لەگەڵ يەكدى دژيەكن و هەڵبەتە لە هاوسەنگيدايە. بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە، شيكردنەوەيەكى پوخته لە بۆچوونەكانى فرۆيد كە لە خزمەت هرزدايە.

 

 

 

پێگەى ئیستراگۆن

پڕۆفيسۆر بێرنارد دێكۆر لەو باوەڕەدايە، ئەگەر بمانەوێت شانۆنامەكە بەگوێرەى ئايدۆلۆژياى فرۆيد هەڵبسەنگـێنين، گۆگۆ ڕۆڵى«خود»ى هەيە، بەڵام ئەم كارەكتەرە لە جێى ئەوەى كە ناوبژيوانی نێوان ئاگايى و فرەئاگايى بێت، پتر مەيلى فرەئاگايى بۆ لاى خۆى ڕاكێش دەكات. بەو پێيە بێت ئیستراگۆن ڕۆڵى «خود» دەگێڕێت و لە هەمان كاتيشدا ئەركى خۆى بە باشى ڕادەپەڕێنێت. گۆگۆ پيشاندەرى خودێكى ناكامڵه. ئەم ديالۆگەى خوارەوە، بە باشى دۆخى گۆگۆ لە شانۆنامەكەدا وێنا دەكات:

ئیستراگۆن (گۆگۆ): لەوانەيە من هەڵە بم. وا باشتره بۆ خولەكێك بێدەنگ بم. بۆچوونت چييه؟

ڤلادێمير (دیدى): زۆر باشه. گۆگۆ! گۆگۆ! گۆگۆ!

ئیستراگۆن: من لە خەودا بووم! بۆچى ناهێڵیت بخەوم؟

ڤێلادێمير: هەستم بە تەنيايى دەكرد.

گۆگۆ لە هەمان كاتدا دەيەوێت كە ڤلادێمير كارێك ئەنجام بدات، خواستەكەشى بە شێوەيەكى قايلكارانە دەدركێنێت، واتا بەو شێوەيەى كە «خود» دەيخوازێت، ڕەوش ئارام دەبێتەوە.

 

پێگەى ڤلادێمير

بێرنارد دێكۆر لەو باوەڕەدايە كە دیدى ناژيرانە و سروشتيتر ڕەفتار دەكات. زياتر لە قاڵبى ئايديايەكى دواكەوتوو يان داڕماو ڕۆڵ دەگێڕێت. دیدى پيشاندەرى ئايديايە لە شانۆنامەكەدا، لەو وێنە دەروونشيكارييەى كە لە ناو ئەم شانۆنامەيه وێنا دەكات، فیكره ياخود ئايديا، هيچ كاريگەريگەرييەكى لەسەر «خود» نييە. هەڵبەتە قسەكانى دێكۆر شايەنى باسن، چونكە هەميشه دیدى نييه كە ڕۆڵى كەسێكى ژير دەگێڕێت و دەكەوێتە ژێر كاريگەرى. لەم ديالۆگەى خوارەوە نموونەيەك لە پەسنى فرۆيد دەبينين، لە هەنبەر گۆڕانى ڕۆحيدا:

ئیستراگۆن: پێت چۆنە خۆمان لە سێدارە بدەين؟

ڤیلادێمير: بە پەرۆشەوە، ئەوكات ڕاست دەكەيت.

ئیستراگۆن: (پەشۆكاوە) ڕاست دەكەم؟

ڤیلادێمير: بە زيادەشەوە. هەر شوێنێك كاول ببێت توولەزەرەيەكى لێ دەڕوێت. هەر بەم هۆيەشەوە كاتێك ئەوان لێ بكەيتەوە دەقيژێنن. نەتدەزانى؟

ئیستراگۆن: مادام وەرە با زووتر خۆمان لە سێدارە بدەين!

لە دەقى سەرەوەدا پێدەچێت كە ئیستراگۆن لە ڕۆڵێكى ناژيرانه و سروشتيتردا پەلكێش ببێت. لە كاتێكدا كە پڕۆفيسۆر دێكۆر پێشتر ڕاي گەياندبوو ئەوە ڤلادێميره كە ڕۆڵى ناژيرانە و سروشتيترى هەيە لە شانۆنامەكەدا. هۆى هەڵبژاردنى ڤلادێميريش بۆ جەوهەرى ئەو لەزەتە دەگەڕێتەوە، جەوهەرێك كە لە پەسنى فرۆيد لە فەلسەفەى دەروونناسیدا ڕۆڵى بەرچاوى هەيه.

چەمكى ڕووت و زەقى شانۆنامەكە فرەئاگايى گۆدۆيە. ئەو دوو كارەكتەرى هەيە، ئیستراگۆن و ڤلادێمير، كە بە خەم و خەفەت بير لە گۆدۆ دەكەنەوە. ڕۆژگەلێكه بۆ هەمان شوێنى چەقبەستوو دەگەڕێنەوە و لە چاوەڕوانیى گۆدۆدان. ئەمە تەنها كارە كە بە درێژايى بەرەوپێشڤەچوونى كتێبەكە ئەنجامى دەدەن. ئەو دوو كارەكتەرە لە كۆى چيرۆكەكە لەژێر كۆنتڕۆلى گۆدۆدان. بەگوێرەى بۆچوونى فرۆيد، گرنگترين ئامانجى فرەئاگايى، كۆنتڕۆڵكردنى دەروونه.

كرۆكى بەهێزى ئەو بەرهەمە، ئەمەيە كە ئیستراگۆن و ڤلادێمير دەتوانن ديالۆگەكانى يەكدى بهێننه گۆ، بەبێ ئەوەى ئاستەنگێك بۆ لۆژيكى چيرۆكەكە دروست ببێت. لە كۆتايى پەردەى يەكەمدا ديالۆگەكە بەم شێوەيەيە:

ئیستراگۆن: ئـێ، وا چاكه بڕۆين.

ڤلادێمير: بڕۆين.

 

هەر ئەم ديالۆگه لە كۆتايى پەردەى دووەمدا دووپات دەبێتەوە، لە مەوداى نێوان پەردەى يەكەم و دووەم، پێگەى كارەكتەرانيش گۆڕانكاریی بەسەردا دێت. خۆڕاگریى كارەكتەران پەيوەستە بە ئاكارى يەكترى، ئەوان پێويستيان بە يەكدییە. لەم گوتنەدا دەشێت بگەينە ئەم ئەنجامه كە لەم شانۆنامەيە ”خود”ێك يان ”ئید”ێک ورد ياخود زەق بوونى نييه. بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە، ئیستراگۆن و ڤلادێمير لەبرى ئەوەى كە كارەكتەرى لە يەك جيا و پەرتەوازە بن، زياتر له قاڵبى گرووپێكدا ڕۆڵ دەگێڕن.

له كۆتاييدا دەشێت بڵێين ئەندێشەكانى فرۆيد دەربارەى خود، ئاگايى و فرەئاگايى، پەيوەنديیان بە كارلێكى هزرييەوە هەيە. ئەم لايەنانەى كە باس كران دەتوانرێت لەگەڵ ئەندێشەى كارەكتەرانى شانۆنامەى ساموێل بیكێت، هەڵبسەنگێنرێن. لە ئەنجامدا ئەگەر تەواوى كارەكتەرانى بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە لە پاڵ يەكترى كۆ بكەينەوە، تێدەگەين لەوەى كە ئەوان لە كەنار يەكترى ڕۆحێكيان پێك هێناوە.

هاوبەشی بکە

SamuelBeckett, Waiting for Godot, په‌ڕاوی بیكێت,