19/04/2024
DidiMn Logo
Top

ژیان لەسەر سنوور لە فێستیڤاڵی فیلمی تیبوڕۆنی ئەمەریکی نمایشدەکرێت

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

فیلمی دیکۆمێنتاریی کوردیی “ژیان لەسەر سنوور” لە پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تیبوڕۆن” لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشدەکرێت.

فیلمی دیکۆمێنتاریی “ژیان لەسەر سنوور” Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری کورد “بەھمەن قوبادی” کە لە لایەن کۆمپانیای فیلمی ھۆڵەندیی “ئیلۆمینا فیلمس” Illumina Films لە سینەماکان و فیستیڤاڵە جیھانییەکاندا بڵاودەبێتەوە لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەمە ١١ ئەپرێلی ٢٠١٦ لە بەشی “فیلمە دیکۆمێنتارییەکان” لە پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تیبوڕۆن” Tiburon لە وڵاتی ئەمەریکا دەچێتە سەر پەردەی سینەما.

Jiyan Lasar Sonoor La Festivali Filmi Tiburoni Amariki Nmaysdakreyt

ئەم ڕووداوە سینەماییە فیستیڤاڵێکی سەربەخۆیە و بە مەبەستی تێگەیشتنی زیاتر لە جیھان و کولتوورە جۆراوجۆرەکان لە ڕێگای بینینی فیلم بە کوالیتەی بەرز و ھونەریی سینەما و ھەروەھا دەوڵەمەندکردن و زانیاریی فەرھەنگی، بە دروشمی “تێگەشتنی جیھان لە ڕێگای فیلم”ەوە ساڵی ٢٠١١ لە وڵاتی ئەمەریکا دامەزراوە.

پازدەیەمین خولی ئەم فیستیڤاڵە ڕۆژی ٨ی ئەپرێل لە شاری کەنارئاویی تیبۆڕن لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە ئەمەریکا دەستی پێکردووە و تاکوو ڕۆژی ١٤ی ئەپرێلی ٢٠١٦ بە نمایشی ٦٥ فیلم لە سینەماکارانی ٣٠ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان و چەندین بەشی لاوەکی لەوانە: چاوپێکەوتن لەگەڵ سینەماکارانی بانگھێشتکراو، کردنەوەی پانێلی ئاخاوتن و ھەروەھا وتووێژ سەبارەت بە ھونەریی سینەما درێژەی دەبێت.

1042016102841maxresdefaultMAJEAR

لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تیبوڕۆن” ITFF خەڵاتی “زنجیرەی زێڕین” Golden Reel بە باشترین کورتە فیلم، باشترین فیلمی بڵیند، باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی، باشترین دەرھێنان، باشترین ئەنیمەیشێن و ھەروەھا باشترین فیلم خوێندکاریی پێشکەش دەکرێت.

“ژیان لەسەر سنوور” لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە ڕۆژانی ٢ و ٧ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە بەشی “نمایشی تایبەت” لە بیست و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤیلنیوس” Vilnius لە وڵاتی لیتوانیا نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە کە بە “بەھاری فیلم” Kino Pavasaris ناسراوە، یەکێکە لە ڕووداوە گرینگە فەرھەنگییەکانی لیتوانی و بەنرخترین فیستڤاڵی سینەمایی ئەم وڵاتە دێتە ئەژمار، بیست و یەکەمین خولی بە بەشداریی زیاتر لە ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراجۆری جیھان لە ڕۆژانی ٣١ی مارس تا ١٤ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە شاری ڤیلنیوس پێتەختی وڵاتی لیتوانیا بەڕێوەدەچێت.

هاوبەشی بکە

America, BahmanQobadi, Kobani, Singal, Tuburon, ZhyanLasarSnur,