24/04/2024
DidiMn Logo
Top

کورتەیەک لە ژیاننامەی فەیلەسووفی ئەڵمانی هیگڵ

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – کتێبی لۆجیکی هیگڵ
د. محەمەد کەمال
داڕشتنەوە: ڕەوەند قادر

جۆرج فرێدریک ویلهێم هیگڵ، لە ساڵی ١٧٧٠ لە شاری شتوتگارد لەدایک بووە، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەستی کردووە بە خوێندنی ئایینی بۆ ئەوەی ببێتە قەشە. خێزانەکەی بۆ ئەم مەبەستە ناردوویانە بۆ تیوبنگن لە ساڵی ١٧٨٨ لە خوێندنگای مەسیحی پرۆستاتی تیۆلۆجی دەستی کردووە بە خوێندن.

چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانی لەم سالانەدا دەکەوێتە کار کە کاتێک بەئاگا دەبێت لە کێشە و ڕووداوە مێژووییەکانی سەردەمی خۆی.

لەو خوێندنگەیە لەگەڵ دوو هاوڕێی بە ناوی فرێدریک هۆلدەرلین و فرێدریک ویلهێم جۆسیف شێلینگ، بەرەیەکی ڕۆشنبیری دروست دەکەن بە ئامانجی ئەوەی کە ئەڵمانیاش بگات بە ڕووناکیی شۆڕشی فەرەنسا ە بەرەو قۆناغێکی مێژوویی ببات.

لە کۆتاییدا ئەم بەرەیە سێ بیرمەندی زۆر بلیمەتی بەرهەم هێنا، کە توانیان ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە مێژووی بیرکردنەوەدا بەرهەم بهێنن. هیگڵ و شیلینگ بوونە فەیلەسوف هۆلدەرلین بوو بە شاعیرێکی گەورەی بزوتنەوەی ڕۆمانسیزم.

هیگڵ لە تەمەنی لاوییەوە بزوتنەوەی ڕۆمانسیزم زۆر کاری لێ کردووە، بەتایبەتی دوای ناسینی هۆلدەرلین، ئەگەر کتێبی فێمێنۆلۆجیی هۆش بخوێنینەوە، ئەوا ئەو پەیوەندییەی بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە چۆن کاریگەریی بزوتنەوەی ڕۆمانسیزم لەسەری بووە.

MTE5NDg0MDU0OTkyMDI5MTk5

شێوازی هیگڵ بۆ پێناسەکردنی فەلسەفە ئەوەیە کە فەلسەفە بە شێوەیەکی نۆستالژیانە هانمان دەدات لە هەرشوێنێک بین ئەو شوێنە بکەین بە نیشتمان.

لە فەلسەفەی هیگڵدا ئاگامەندیی ڕەها پاش خۆبەرجەستە کردنی لە دەرچوونی سروشت، وەک ئەوی دی لە بوونی ئەوەوە، توشی نامۆبوون دەبێت و هەوڵ دەدات سروشت بۆ نێو خۆێ بگەڕێنێتەوە.

هەرچەندە خێزانی ئەم بیرمەندانە بۆ ئەوە ناردبوویانن تا خوێندنە ئایینیەکەیان تەواو بکەن، بەڵام هیچ کام لەمان نەبوونە قەشە و ڕێگەی ئایینی بگرنە بەر. بە هەمان شێوە ئەم چیرۆکە لە ژیانی فەیلەسووف فرێدریک نیتچە و مارتن هایدگەردا دووبارەوە بووەتەوە، کە لە ئاکامدا نەبوون بە قەشە و بوون بە فەیلەسووف.

هیگڵ لە ساڵی ١٨٠٧ ڕوو لە بامبێرگ دەکات و ئەم قۆناغەی ژیانی پڕە لە بەرهەمی فەلسەفی، دەتوانین ئەمە بە قۆناغێکی سەرەکی دابنێین لە گەشەکردنی بیرکردنەوەی هیگڵ. ئەم کاتە هیگڵ سێ بەرهەمی گرنگی بڵاو کردووەتەوە، ئەم سێ بەرهەمە وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوەی بواری فەلسەفەی بیرکردنەوە ناسراون.

ئەم سێ بەرهەمە بەیەکەوە بە زانستی لۆجیک داندراون، بەشی یەکەمیان بە ناوی لۆجیکی بوون، کە ساڵی ١٨١٢ نووسراوە، بەشی دووەم بە ناوی لۆجیکی جەوهەر، کە لە ساڵی ١٨١٣ نووسراوە، بەشی  سێیەم بە ناوی لۆجیکی چەمک، کە لە ساڵی ١٨١٦ نووسراوە، هەروەها زۆرینەی نووسینەکانی لە کتێبێکدا بە ناوی فێمێنۆلۆجیی هۆش بڵاو کردووەتەوە.

هیگڵ لە ساڵی ١٨٣١ بە نەخۆشییەکی کتوپڕ کە پێ دەچێت کۆلێرا بێتم کۆچی دواییی دەکات. لە گۆرستانێکی نزیک بەرلین لە لای فەیلەسووفی ئەڵمانی فیختە دەنێژرێت.

 

هاوبەشی بکە

Higel, Mhamad Kamal, Rawand Qadir,