23/04/2024
DidiMn Logo
Top

کۆدی داڤینشی بە چاپێکی تایبەت بە لاوان بڵاودەکرێتەوە

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: لاوک ئەبوبەکر

دان براون، نووسەری ئەمەریکیی ڕۆمانی بەناوبانگی کۆدی داڤینشی، ڕایگەیاند ڕۆمانەکەی بە چاپێکی تایبەت بە ئەدەبی لاوان، بڵاو دەبێتەوە.

پێشتر ڕۆمانەکە لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا بڵاو بووەتەوە، ئەوکات فرۆشی گەیشتووەتە ٨٢ میلیۆن دانە لە دونیادا، کە لە دواتریشدا فیلمێکی سینەمایی لێ بەرهەم هێنرا و تیایدا ئەکتەری ئەمەریکی، تۆم هانکس ڕۆڵی سەرەکی تێدا بینی و داهاتی گەیشتە ٧٥٨ میلیۆن دۆلار.

چاپی نوێی ڕۆمانەکە بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە تەمەنیان سەروو ١٣ ساڵە و بەمەش کتێبەکە دەچێتەوە ناو خانەی ئەدەبی لاوانەوە، هەروەها تێما و بابەتی سەرەکیی ڕۆمانەکە گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، کە باسە لەو نەوانەی عیسای مەسیح، کە لە ژیاندان.

١
نووسەری ڕۆمانەکە دەڵێت: “گەلێک بە پەرۆشم بۆ چاپکردنی چاپێکی نوێی کۆدی داڤینشی بۆ خوێنەرانی لاو، هەمان ئەو چێژی دۆزینەوەیەی هەیە، کە کاتێک مێژووی نادیار و نادیارییەکان دەدۆزینەوە لەم جیهانەی تێیدا دەژین.”

چاپی سەرەکیی ڕۆمانەکە لە ٥٢٥ لاپەڕە پێک دێت، لە کاتێکدا یەکێک لە درێژترین ڕۆمانەکان کە هاری پۆتەر و کۆمەڵەی سیمرخەکان‌ـی نووسەری ئینگلیزی جەی. کەی. ڕۆوڵینگ‌ـە، لە ٧٦٨ لاپەڕە پێک دێت.

لیسا کامپڵ، ڕێنووسکار لە گۆڤاری بووک سێڵەرـی بەڕیتانی، کە ڕێوشوێنەکانی چاپکردنی کتێبەکەی لەبەر دەستە، ڕایگەیاند: “لە گۆشەنیگای بازرگانییەوە، بازاڕی فرۆشی کتێبی لاوان باشە و لە گەشەکردنی بەردەوامدایە، ئەمەش وا دەکات گونجاو بێت کە دان براون بیر لەوە بکاتەوە کتێبە گرنگەکەی بە ناوەڕۆکێکی تایبەت بەو کایەیە، بڵاو بکاتەوە.”
٣_2
ڕۆمانی کۆدی داڤینشی، لە زنجیرەیەک ڕۆمانی نووسەردایە، کە لە تەواویاندا کارەکتەرێک ئامادەیی هەیە بە ناوی رۆبێرت لانگدن؛ هەر بۆیە کامپڵ وتیشی: “ئەمەش هەر وەک ئەو بۆنەیەی لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ تیایدا نووسەر پێش نمایشکردنی ئەو فیلمەی لە ڕۆمانی دۆزەخ‌ـیەوە وەرگیرا بوو، ڕایگەیاند سەرقاڵی نووسینی زنجیرەیەکی تری ئەو ڕۆمانەیە و هێشتا کاتی بڵاوبوونەوەی دیاری نەکراوە، کە خوێنەرانی بەردەوامی زنجیرە ڕۆمانەکە، لە چاوەڕوانی چیرۆکێکی تری ڕۆبێرت لانگدن‌ـدان.”

بە پێی ئامارەکانی گۆڤاری بووک سێڵەر، داهاتی بازاڕی کتێبی لاوان لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ـدا، ٧١.٩ میلیۆن جونەی ئیستەرلینی بووە، کە بە ڕێژەی لە %٧.٤٥ بەرز بووەتەوە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠١٥.

ئەم چاپەی ڕۆمانی کۆدی داڤینشی، لە ڕۆژی هەشتی مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا لە بەڕیتانیا و لە ڕۆژی ١٣ـی هەمان مانگدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بڵاو دەبێتەوە.

٢_1
سەرچاوە: بی بی سی‌ـی عەرەبی

هاوبەشی بکە

Dan Brown, Davinci Code, LawkAbubakr,