ديدى من – ماڵپەڕى فەرميى موحسين نامجو
له فارسييەوە: سەليم جەمال
موحسين نامجو گۆرانيبێژ، موزيسيان، تێكستنووس، ژەنيارى سێتار و عود ڕۆژى ٤ى ٣ى ١٩٧٦ لە شارى خۆراسانى وڵاتى ئێران لەدايك بووە. ئەو شارەى كە بە مەڵبەندى شيعر و مۆسيقا ناودەبرێت. ئەو له ئێستادا نيشتەجێى شارى نيويۆركى وڵاتى ئەمەريكايه. نامجو خاوەنى چەندين چاوپێكەوتنى ڕۆژنامەڤانى و ميديايى گرنگه لەوانەيش لەگەڵ: BBC، NY، TIMES، GUARDIEN. بە يەكێك لەو هونەرمەندانه دەناسرێت كە زياتر لە پشت دەنگى ناڕەزايەتیی گەنجەكانە و پاڵشتيان دەكات.
موحسين نامجو له ساڵى ٢٠٠٩وە لەو كاتەى كە نيشتەجێى وڵاتى ئەمەريكايه، ژمارەيەكى بەرچاو كۆنسێرتى ئەنجام داوە و سەردانى چەندين هۆڵى كۆنسێرت و ئۆركێسترا بەناوبانگەكانى جيهانى كردووە. لەوانەش؛ كۆشكى هونەرە هاوچەرخەكان، سانفرانسيسكۆ، Conservatorio Sala Verdi، ميلان، تەلارى ديزنى، مارك تاپەر، لۆسەنجلێس، باربيكان هۆڵ، لەندەن، ڤۆلكس ڤاگن ئارێنا، ئيستانبووڵ و زۆرى ديكەيش. واتا ئەو بە يەكێك لەو هونەرمەندە هاوچەرخانەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دادەنرێت كە بە شێوەيەكى فراوان كۆنسێرتى ئەنجام داوە و بووەته خاوەنى چەندین خەڵاتى بەنرخ.
بەرهەمەكانى ئەو ئاوێتەيەكن له میوزيكى ڕۆژهەڵاتى و ڕۆژئاوايى، وەكو ژانرەكانى ڕۆك، بلوز، جاز و فۆڵك. بە بەكارهێنانى گيتار، سێتار و چەندين ئامێرى ديكەى میوزيكیی ڕەسەن. تايبەتمەندیی بەرهەمەكانى نامجو ”تێكهەڵكێشن” واتا بەيەكەوەبەستنى ژانرە جۆراوجۆرەكانى میوزيكى ئێرانى و بيانى، هەروەها ئاوێتەى شيعرى كلاسيكى فارسى لەگەڵ ئەو شيعرانەى كە خۆى دەيهۆنێتەوە. ئەو شيعرانەيشى كە بۆ گۆرانيیەكانى خۆى سوودى لێ وەردەگرێت، بريتين له شيعرەكانى؛ مەولاناى ڕومى، حافز، نيما يوشيج، خواجه كرمانى، ئەحمەد شاملو و ڕەزا بێراهەنى، كە هەندێك جار پەيڤ و دەستەواژەى بازاڕى لە نێوان دێڕەكانيدا زياد دەكرێت. ئەو لەم بارەيەوە دەڵێت: ”بە بۆچوونى من تێكهەڵكێشكردن درم و نەخۆشیی ئەم سەردەمەيە. تێكهەڵكێشى میوزيكی دوو شێوەى هەيه، يەكيان تێكهەڵكێشى ئامێره، بۆ نموونه زيادكردنى گيتار لە بەرانبەر ئامێرى سێتار كە ئەمەيان شتێكى نوێ نييه؛ دووەميشيان ئاوێتەكردنى گام و نۆتى دەنگەكانە كە تاوەكو ئێستا كەمتر كارى لەسەر كراوە لەناو میوزيكى ئێرانيدا، بۆ نموونە ئەوە بەسە كە دوو نۆت له ئامێرى میوزيكى شوور بسڕينەوە تاوەكو بگەينە نۆت و گامى ژانرى بلوز.”
موحسين نامجو تاوەكو ئێستا خاوەنى سێزدە ئەلبووم و زياتر له بيست گۆرانى سەربەخۆيه. جگە لەوەيش ڕۆلى له چەند فيلمى سينەمایيشدا بينيوە، وەكو فيلمى چەند كيلۆ خورما بۆ مەڕاسيمى بەخاكسپاردن، خەونەكانى ڕاديۆيى و بەڵگەفيلمى دەنگیی كپبوون. له هەمان كاتدا خاوەنى دوو كتێبه بە ناوەكانى دوڕابى خەوشدار و چوار وتار.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.