19/04/2024
DidiMn Logo
Top

هونه‌رمه‌ندانی هاوچه‌رخ: باندی جگەرەکانی دوای سێکس“Cigarettes After Sex”

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

ئاماده‌كردنی: لێوه‌ند به‌ناز

 جگەرەکانی دوای سێکس، گروپێکی میوزیکی ئەمەریکین، لە ساڵی (٢٠٠٨)دا لەسەر دەستی گرێگ گۆنزالێز دروست کراوە، کە گۆرانیبێژی سەرەکی و شیعرنووسی گروپەکەیە. جگەرەکانی دوای سێکس سەر بە ژانرای پۆپی خەونین (dream pop) گۆرانییەکانیان کەشێکی ئەفسوناویی خەونئامێزیان هەیە، لە کاتێکدا تێکستی گۆرانییەکانیان بیرەوەریی ڕۆمانسین و لە دەوری میلۆنخۆلیای عیشقدا دەسووڕێنەوە.

زۆرێک لە ڕەخنەگران و گوێگرانی باندەکە، سروشتی ئەفسوناوی و خەیاڵی گۆرانییەکانی جگەرەکانی دوای سێکس، دەگەڕێننەوە بۆ دەنگی گۆنزالێز. جۆرە دەنگێک، کە بە ئاسانیی ناتوانرێت ڕەگەزەکەی جیا بکرێتەوە و توخمێکی دوو ڕەگەزیی (ئەندرۆجینۆس)ی هەیە. ئەم شێوازی دەنگبێژییە وا دەکات تێکستەکانی گۆرانییەکانی باندەکە، فرەسێکسواڵی و فرەڕەگەزی بن. ئەم بەرفراوانییە شتێکە کە باندەکە مەبەستی گواستنەوەیەتی. دەیانەوێت هەموو کەس، بە هەموو ڕەگەز و سێکسواڵێتییەکەوە، بتوانیت ئەزموونی ئەو میلۆنخۆلیایە بکات، کە عەشقێک دەتوانێت دروستی بکات.

میلۆدی ئارام و خەونئاسا لەگەڵ ناوی باندەکەدا یەک دەگرنەوە: جگەرەکانی دوای سێکس، وێنەیەکی پاڵکەوتن و ئارامبوونەوە دروست دەکات. وێنەی تەواوبوونی لێکئاڵانێک و بیرکردنەوە لێی، بەدەم نەفەسی کۆمەڵە جگەرەیەکی هەمیشە سووتاوەوە. هەڵبەت تێکستی گۆرانییەکانیشیان هەر ئەمەیە: جۆرە یادەوەرییەکی لێکئاڵان، کە خوساوە لە بۆن و سوتوی کۆمەڵە جگەرەیەکدا، کە لە یادەوەریی سێکسێکدا، خەریکی سووتانن.

تێکست و میلۆدیی گۆرانییەکانی باندەکە، ئیلهامێکی ڕاستەوخۆیان لە فیلمەوە وەرگرتووە. دەرهێنەرە دڵخوازەکانی گۆنزالێز بریتین لە: مایکڵئەنجیلۆ ئەنتۆنینی، کریستۆف کیشڵۆڤسکی، گۆدار و چەندینی دیکە. لە ساڵی (٢٠١٧)دا باندەکە لە بروسیل کۆنسێرتێک ساز دەکەن. لەسەر دیواری پشتەوەی باندەکە، پرۆجێکتەرێک دیمەنی چەند فیلمێک پیشان دەدات. لەنێو ئەم دیمەنانەدا چەند دیمەنێکی کۆمەڵە فیلمێکی گۆدار، کیشلۆڤسکی و چەندینی تر دەبینرێن. لە ڕێگەی ئەم دیمەنانەوە، باندەکە دەتوانێت بەتەواوەتی هەستی گۆرانییەکانیان ڤیشواڵایز بکەن و ئەزموونێکی حەقیقیی بگوازنەوە. لە کاتی نووسینی ئەمەدا، ئەم کۆنسێرتە لە یوتووب زیاد لە ملیۆنیک و حەوتسەدهەزار بینەری هەیە.

باندەکە لە ساڵی (٢٠١٢)دا بە گۆرانیی ”ئازیزم هیچ شتێک ئازارت پێ ناگەیەنێت” ناوبانگی خۆیان دەرکرد. یەکەمین ئەلبومیشیان لە ساڵی (٢٠١٧)دا بە ناوی ”جگەرەکانی دوای سێکس” بڵاو کردەوە.

لە ئێستادا باندەکە لە چوار ئەندام پێکهاتوون:

گرێگ گۆنزالێز – دامەزرێنەر، گۆرانیبێژ، گیتاری ئەلیکترۆنی، گیتاری ئەکوستیک.
ڕانداڵ میڵەر – بەیس.
جەیکۆب تۆمسکی – دڕەمس.
جۆش مارکۆس – کیبۆرد.

گرێگ گۆنزالێز لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: ”شتێک کە خەڵکی زۆر دەیڵێن و دڵم خۆش دەکات ئەوەیە کە گۆرانییەکانمان یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوان، چ لە هێورکردنەوەی قەلەقییەکانیاندا بووبێت، یاخود یارمەتیدانیان بۆ خەوتن. بۆ من ئەمە وەک چارەسەری مۆسیقی وایە. ئێمە دەمانەوێت میوزیکەکانمان جۆرە هەستێک بۆ بیسەرەکانمان دروست بکەن، کە هەرگیز ئەزموونیان نەکردووە، واشیان لێ بکات هەست بکەن خۆیان ڕاستەوخۆ بەر ئەو ئەزموونانە کەوتوون.”

دیدی من له‌ چوارچێوه‌ی زنجیره‌ه‌یه‌كدا بۆ ناساندنی گۆرانییه‌كانی ئه‌‌م بانده‌، به‌شێك له‌ گۆرانییه‌كانی به‌ وه‌رگێڕانی لێوه‌ند به‌ناز و مۆنتاژكردنی شاملو دانا ژێرنووسكردووه‌ و له‌ چانێڵی یوتیوبی دیدی من بڵاویانده‌كاته‌وه‌.

هاوبەشی بکە

Art, Cigarete after sex, contemporary artists, Music,