15/11/2024
DidiMn Logo
Top

“لەبارەی پەنجەرەوە”

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – محەمەد تاهیر

لە ژورەکەم بەتەنیا دانیشتووم 
بەڵام من هیچ ژوورێکم نییە، دەبێت بڵێم 
لە ژوورێک بەتەنیا دانیشتووم 
لە پەنجەرەکەوە دەتوانم زستان ببینم 
گفەی بادێت، جگەرە دەکێشم.

مێروولەیەک بە قەراغی پەنجەرەکەدا دەڕوات
پەنجەی دەستم دەکەمە بازگەی مێروولەکە
مێروولەکە سەردەکەوێتە ناو لەپی دەستم 
دەستم دەبێتە دەشتێکی بەرین.
یەک دوو سێ چوار پێنج شەش حەوت هەشت نۆ دە یانزە دوانزە
مێروولەیەک بۆ ئەوەی لەمسەری ناو لەپی دەستتەوە
بگاتە ئەو سەری ناولەپی دەستت
پێویستە هەتا دوانزە بژمێریت.

خۆشەویستە جوانەکەم 
من بەتەنیام 
هەموو ڕۆژێک بەرامبەر پەنجەرەکە دادەنیشم و
جگەرە دەکێشم.
لەبری دەستەکانت لەناو دەستم 
ڕۆژانە حەوت جار 
هەنگاوەکانی مێروولەیەک دەژمێرم.
یەک دوو سێ چوار پێنج شەش حەوت هەشت نۆ دە یانزە دوانزە.

بە مۆسیقا 
بە گوڵ 
بە ڕووبار 
بە گۆرانی
بە پەنجەرە 
بە درەخت 
بە بـــــــــــا
بە فڕین
بە ئەڤینم سپاردیت 

بە بێدەنگی بەرد
بە سەرما
بە گریانی نا ئاشکرای ناو پاسەکان
بە کۆڵان 
بە شەو 
بە ئێشکگرەکان
بە دڵتەنگیت سپاردم.

لەو پەنجەرەیەوە دەنگی گۆرانی دێت
پێشبینی دەکەم کەسێک لە ژوورەکەدا بێت
ڕەنگە گوڵی ناو ئینجانەکەی ئاوبدات
ڕەنگە شیعرێک بنوسێت
یان نامەیەک.
ڕەنگە پرتەقاڵێک بخوات
ڕەنگە چاوەڕوان بێت 
ڕەنگە
لەبیری کردبێت پەنجەرەکەی دابخات!

شەو درەنگە و 
دەنگی گۆرانیەک لە نهۆمی سیانزەی 
باڵەخانەیەکەوە دەبیستم 
پێشبینی دەکەم کەسێک لە ژوورەکەدا بێت.
ڕەنگە لە بیری کەسێکدا مردبێت!
ڕەنگە سێوێک لەت بکات
بە چەقۆ!
ڕەنگە بانگی کەسێک بکات بە گۆرانی!
ڕەنگە جگەرە بکێشێت 
ڕەنگە نوستبێت 
ڕەنگە مردبێت
یان ڕەنگە 
بگری. 

هاوبەشی بکە

Kurdish Poetry, Poetry,