20/04/2026
DidiMn Logo
Top

یای ٢٥ ساڵەی بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی “سێبەری با”

لە لایەن دیدی من 5 خولەک پێش ئێستا

دیدی من – شانۆ بەکر

شاری بەرشەلۆنە لە ئیسپانیا، ئاهەنگێکی جوان و جیاوازی لە یادی ٢٥ ساڵەی بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی «سێبەری با» گێڕا، کە لە لایەن نووسەری کۆچکردووی ئیسپانی (کارلۆس ڕویز زافۆن)ـەوە نووسراوە. ئەم ڕۆمانە لە ساڵی ٢٠٠١ـەوە تا ئێستا نزیکەی ١٢ ملیۆن تیراژی لێ فرۆشراوە و بۆ زیاتر لە ٥٠ زمانی جیهانی وەرگێڕدراوە. چیرۆکی ڕۆمانەکە باس لە شوێنێکی نهێنی دەکات بە ناوی “گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان”، کتێبخانەیەکی خەیاڵی کە ئەو کتێبانەی تێدا دەپارێزرێت کە خەڵکی لەبیریان کردوون.


ڕێکخەرانی ئاهەنگەکە بینایەکی کۆن و جوانی شارەکەیان هەڵبژارد و گۆڕییان بۆ هاوشێوەی ئەو شوێنەی ناو ڕۆمانەکە. پاشان نزیکەی ٦٠ کەسیان بانگهێشت کرد و لە چوارچێوەی یارییەکی گەڕان و دۆزینەوەدا بردیاننە ناو بیناکە. بەشداربووان بۆ چەند گرووپێک دابەشکران و تابلێتیان پێ درا؛ کەسێکیش کە جلوبەرگی پارێزەری گۆڕستانەکەی پۆشیبوو، ڕێبەرایەتیی دەکردن. بە درێژایی گەشتەکە، پرسیاریان دەربارەی کارەکتەر و ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لێ دەکرا و لە کۆتاییدا بردرانە ناو ژێرزەمینەکان، کە تاریکترین بەشی چیرۆکەکەی تێدا گێڕدرایەوە.


دەزگای بڵاوکردنەوە بە بۆنەی ئەم ساڵیادەوە بڕیاری دا ڕۆمانەکە دووبارە چاپ بکاتەوە، بەڵام ئەم جارە بە بەرگ و دیزاینێکی نوێ تاوەکو نەوەی نوێ و گەنجان زیاتر ڕووی تێ بکەن. ناوەڕۆکەکە وەک خۆی ماوەتەوە و تەنیا بەرگی کتێبەکە نوێ کراوەتەوە.
ئێمڵی ڕۆسالێس، ئیدیتەری نووسەرەکە، گوتی: “دوای ٢٥ ساڵ، (سێبەری با) هێشتا یەکێکە لە پڕفرۆشترین و خوێنراوترین کتێبەکان کە بە زمانی ئیسپانی نووسرابێت و تەنیا ڕۆمانی ناوداری (دۆن کیشۆت) لە پێشییەوەیە”. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی ئەم ئاهەنگە ئەوە بوو خەڵک جارێکی تر چێژ لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی زافۆن وەربگرن و ڕێز لە یادی ئەم نووسەرە بگیرێت، کە توانیویەتی ناوی شاری بەرشەلۆنە لە جیهانی ئەدەبیدا بەرز بکاتەوە.

هاوبەشی بکە