دیدی من – دلاوەر قەرەداغی
من له شارێکی زۆر دوورم
به‌پێی حه‌کایه‌ت
به کۆشی که‌نگه‌ر… به گاگۆڵکێی مناڵیی
ده‌گه‌یته لام
به‌سه‌ر باڵی په‌پووله‌یه‌که‌وه… ساده
به گالیسکه‌یه‌ک که چوار ئاسکی غه‌مبار
به‌نێو به‌فردا ڕایده‌کێشن
له پشتی پیکابێکدا… که به ئاونگ ده‌که‌وێته ئیش
به قیتارێ که خه‌یاڵ ده‌یئاژوێ
به پرسیار… ماڵه و ماڵ
کۆڵانه‌و کۆڵان
شاره‌و شار
به سۆراغکردن له ژیژکێکی شادمان
له کرمێ که سه‌رما ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوه
له چۆله‌که‌یه‌کی هه‌میشه قه‌ره‌باڵخ
له سمۆره‌یه‌کی بێزار
به‌یانییه‌ک زوو… به‌ر له ڕژانی هه‌تاو
ده‌گه‌یته لام
من له شارێکی زۆر دوورم
له په‌نا باخدا
به ده‌ستی چه‌پدا… له سه‌ری کۆڵان
یه‌که‌م ماڵ
ده‌رگایه‌کی پیرۆزه‌یی
ته‌نیشت دوکانه‌که‌ی باجی نیلۆفه‌ر!
وێنه‌یه‌ک له‌پاڵ ته‌نیاییدا ده‌گرین
تۆ له وێنه‌که‌دا جلکێکی ساده‌ت له‌به‌ردایه
که‌مێک لات کردۆته‌وه
وه‌ک شتێکی گرنگت بیرکه‌وتبێته‌وه
یان بته‌وێ نوقڵێ له جانتاکه‌ت ده‌ربهێنی
یاخود تێبینییه‌ک به وێنه‌گره‌که بڵێی
من چاکه‌ت و پانتۆڵێکی شه‌که‌ری
باش ئوتوو نه‌کراوم له‌به‌ردایه
قژم به‌لادا شانه کردووه و
ڕیشێکی ته‌نکم هێشتۆته‌وه
قیت ڕاوه‌ستاوم و
چاوم زه‌ق کردۆته‌وه و
سوور داگه‌ڕاوم
له‌وه ده‌چێ یان تام لێهاتبێ
یاخود نوکته‌یه‌کم بیر که‌وتبێته‌وه و
له‌وه‌دابم بده‌مه پڕمه‌ی پێکه‌نین
دوور… له پشتمانه‌وه
سێ به‌له‌مه‌وانی ته‌نیا له‌نێو زه‌ریادا دیارن
کڵاوه‌کانیان ڕاوه‌شاندووه و
پێده‌چێ خواحافیزی بکه‌ن له که‌سێک له‌مبه‌ره‌وه،
یان سڵاو بۆ وێنه‌گره‌که بنێرن
بایه‌ک له وێنه‌که‌دا هه‌ڵیکردووه
تنۆکێک ئاو ده‌تکێته سه‌ر پێڵاوه ڕه‌شه‌که‌ت
خاڵخاڵۆکه‌یه‌ک له‌سه‌ر په‌نجه‌ی شایه‌تمانم ده‌نیشێته‌وه
ده‌نگی فڕینی ناکاوی کڵاوکوڕه‌یه‌ک… هه‌ورێک ڕاده‌چڵه‌کێنێ
که به‌سه‌ر ده‌وه‌نێکه‌وه خه‌وی لێکه‌وتووه
نمه نمه ده‌نۆڕین
وێنه‌گره‌که ده‌ڵێ ئاماده و
ئێمه له‌نێو بروسکه و شه‌سته‌بارانێکی ناکاودا
ون ده‌بین!
من له شارێکی زۆر دوورم
به جانتایه‌که‌وه هه‌میشه ئاماده بۆ سه‌فه‌ر
به جووتێ پێڵاوه‌وه له ئاسن
به ئه‌لبوومێ وێنه‌وه
هه‌ندێکی ڕووناک به‌و که‌سانه‌ی
که خۆشم ده‌وێن و
زۆریشی تاریک به‌و که‌سانه‌ی که کت‌وپڕ
دزه‌یان کردۆته ناومه‌وه
من له شارێکی زۆر دوورم
له‌ژێر گوێسوانهیهکدام
ئاشنا به خوڕه‌ی نیشتنه‌وه‌ی
کۆتر
به نمه‌ی ڕووناکی باران
من له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌کدا داده‌نیشم و
ده‌نووسم
جیرانی باغچه
که هامشۆی هه‌یه له‌گه‌ڵ گیای ته‌ڕ
نامه گۆڕینه‌وه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ بانیژه
من هه‌ناسه‌یه‌ک هه‌ڵده‌مژم
پڕه له بۆنی ڕه‌یحانی ته‌نیایی
پڕه له غایله‌ی هه‌ناره‌مێخۆشه‌ی شیعر
من له شارێکی زۆر دوورم
شتێک له مندا ڕه‌ویوه‌ته‌وه
شتێک له مندا نه‌ماوه
شتێک له مندا دوو له‌ت بووه
شتێک له مندا درزی بردووه
شتیک له مندا هاڕه‌ی کردووه و
شکاوه!
له وێنه‌که دهنۆڕمهوه
وێنه‌یه‌ک گیراو له شارێکی دوور
پڕ له ته‌م و غه‌م و دوورایی
به‌خۆم ده‌ڵێم: خه‌ریکه له‌م شاره دووره‌دا
ده‌بمه خاوه‌نی یاده‌وه‌ری
ده‌بمه خاوه‌نی به‌سه‌رهاتێ
که جارێک له جاران… له ئێوارانی
چیمه‌نێکدا بیگێڕمه‌وه
خه‌ریکه له‌م شاره دووره‌دا
ده‌بمه خاوه‌نی شتێ له که‌وتنی زۆر و هه‌ستانه‌وه‌ی که‌م
ده‌بمه خاوه‌نی شتێ له شکستی زۆر و بردنه‌وه‌ی که‌م
به‌ڵام هه‌ر باشه
مرۆڤ زۆر که‌م له شارێکی دووردا
ده‌بێته خاوه‌نی یاده‌وه‌ری
مرۆڤ له شاری دووردا… زۆر که‌م
ده‌یپه‌رژێ وێنه‌یه‌ک بگرێ
پڕ بێ له دوورایی
زۆر که‌م بۆی هه‌ڵده‌که‌وێ
وێنه‌یه‌ک بگرێ
سێ به‌له‌مه‌وانی ته‌نیای له دووره‌وه
تێدا دیاربن
که کڵاوه‌کانیان به نیشانه‌ی سڵاو
یان خواحافیزیی ڕاوه‌شێنن!
من له شارێکی زۆر دوورم
به‌یانییه‌کی سارد
که دڵ خه‌ریکه ده‌یبه‌ستێ
گالیسکه‌یه‌ک… که چوار ئاسکی غه‌مبار
ڕایده‌کێشن
پیکابێ که به ئاونگ ده‌که‌وێته ئیش
قیتارێ که خه‌یاڵ ده‌یئاژوێ
له‌به‌رده‌م دوکانه‌که‌ی باجی نیلۆفه‌ردا
داتده‌گرن!
تەمموزی ٢٠٠٨
سوێد
ژیاننامەی دلاوەر قەرەداغی:
دلاوەر قەرەداغی، لە ساڵی ١٩٦٣ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٨٦ بەشی شانۆی لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا تەواو کردووە. وەک نووسەر، شاعیر و وەرگێڕێکی دیار، خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە و تاوەکوو ئێستا ٦٠ کتێبی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. یەکەمین بابەتی لە ساڵی ١٩٨٢ لە ڕۆژنامەی «هاوکاری» بڵاو کردووەتەوە و یەکەمین دیوانی شیعریشی بە ناوی «پەیکەرێک لە باران» لە ساڵی ١٩٩٢دا خستووەتە بەر دیدەی خوێنەران. بەشێک لە شیعرەکانی بۆ زمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و فەرەنسی وەرگێڕدراون.
___
شیعری “من له شارێکی زۆر دوورم” لە ڕۆژی ٩\٦\٢٠٢٦ لە یادەی دە ساڵەی ماڵپەڕی کو‌لتووریی دیدی مندا لەلایەن خودی شاعیر خوێندرایەوە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.