24/11/2024
DidiMn Logo
Top

هونەرمەندانى ئێران پاڵپشتیی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەیان دەکەن

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

ديدى مندى دەبليو فارسى
لە فارسييەوە: سەليم جەمال

 

هاوشان لەگەڵ بەردەوامبوونى ناڕەزايەتييەكانى دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە هۆى نەبوونى بژێویى ژيان، بێكارى، هەژارى و سياسەتى چەقبەستوو لەو وڵاته، كۆمەڵێك لە هونەرمەندان پاڵپشتیى خۆيان بۆ خۆپیشاندەران دووپات كردەوە. هەروەها خوازيارى ئەنجامدانى خۆپیشاندانێكى ئاشتيیانەن، دوور له توندوتيژى و زيانگەياندن بە موڵكى گشتى.

كۆمەڵێك له هونەرمەندانى وڵاتى ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەى وڵات، وەك سينەماكاران، گۆرانيبێژ و فۆتۆگرافەر كە پێك هاتوون له تەرانە عەليدۆستى، تەهمينه ميلانى، مەهناز ئەفشار، عەليڕەزا عەسار، حەميد فەڕوغنەژاد، مەهدى كەڕەمپوور، شيرين نيشات، فەرامەرز ئەسلانى، گوگوش، ئیبى، هاتيف، مەنسوور و ڕەزا ديقەتى، خوازيارى ئەنجامدانى خۆپیشاندانێكى بێ خوێنڕشتنن و خۆپیشاندان بە مافێكى ڕەواى خەڵكى ستەمديده دەزانن.

 

 

تەرانه عەليدۆستى، ئەكتەرى ناودارى سينەما، لە هەژمارى تايبەتیى خۆى لە تۆڕى كۆمەڵايەتیى تويتەردا، لەبارەى ناڕەزايەتييەكان بەم شێوەيەى نووسى: ”بە ناڵە و فەغانەوە تكا دەكەم ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە لێرەدا بوەستێنن. لەگەڵ خەڵكى ناڕازى كارى توندوتيژى نەگرنە بەر، درك به تووڕەييان بكەن و دڵنەواييان بدەن. لەگەڵ هەر گرژى و ئاڵۆزيیەك ئەوان ئەمانەتى ئێوەن و سەلامەتیى گيانيان لە ئەستۆى ئێوەدايە؛ چ خەڵكى ناڕازى و چ ئەوانەش كە دەستگير كراون، ئومێد دەكەين لە ئەمن و ئەماندا بن و لە ژێر سێبەرى ياسا داڵدە بدرێن.“

عەليڕەزا عەسار، گۆرانيبێژ و موزيسيانى فارس، لەو ڤيديۆيانەى كە لە تۆڕە كۆمەڵايەتيیەكان بڵاوی كردەوە، كە تايبەت بوون بە كۆنسێرتەكەى ئەو لە تەلارى ميلاد لە شارى تاران، وێڕاى دژايەتیكردنى ئەو له تێكدانى موڵكى گشتى، ڕووى دەمى كرده بەرپرسان و گوتى: ”شايستەيى ئەم خەڵكە زۆر لەمە زياتره كە بەم شێوەيە بژين، ئەويش لە وڵاتێك كە پڕيەتى لە سامان و داهات.“

حەميد فەڕوغنەژاد، ئەكتەر و فیلمساز لە هەژمارى تايبەتیى خۆيدا لە تۆڕى كۆمەڵايەتیى ئينستاگرام، ڕای گەياند: ”ناڕەزايەتيدەربڕين مافى ئێمەيە. ڕێگە لەو كەسانە بگرن كه هەلێك لەو خۆپیشاندانانه دەقۆزنەوە و فيتنه بەرپا دەكەن، بۆ ئەوەى دەنگى ناڕەزاى ئێوە كپ بكەن. خۆیشتان لە تێكدانى موڵكى گشتى بەدوور بگرن.“

مەهناز ئەفشار، ئەكتەرى ناودارى سينەما لە هەژمارى تايبەتیى خۆى لە تۆڕى كۆمەڵايەتیى تويتەر، لەبارەى خۆپیشاندانەكان بەم شێوەيەى نووسى: ”ئەمە دەنگى ناڕازیى خەڵكە، وەڵامى دەنگى ناڕەزايەتييەكانيان، بە داركارى و گازى فرمێسكڕژێن نادرێتەوە.“

مەهدى كەڕەمپوور، فیلمساز و سيناريستى سينەما، ئەويش بە هەمان شێوە لە هەژمارى تايبەتيیدا لە تۆڕى كۆمەڵايەتیى تويتەر، پاڵپشتیى خۆى بۆ خۆپیشاندەران ڕاگەياند و سانسۆركردنى تۆڕە كۆمەڵايەتیيەكان و كپكردنى دەنگى هاووڵاتیيانى بە ناڕەوا لە قەڵەم دا.

ڤیدیۆكلیپێك به‌ به‌شداریی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك بۆ پشتیوانی له‌ خۆپیشانده‌رانی ئێران:

هاوبەشی بکە

Iran, Persian, Persian Music, Shahin Najafi, Taraneh Alidoosti,