23/07/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی عەندەلیب: عەبدولحەلیم حافز… عەندەلیب، کە لە نێوماندا دابەش بووە و نەڕۆیشتووە

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ماڵپەڕی فەرمیی نەسیر شەممە (shammamusic.com)
نەسیر شەممە
لە عەرەبییەوە: لاوک ئەبوبەکر
سەرپەرشتیاری پەڕاو: لاوک ئەبوبەکر

لە سەرەتاکانی تێکەڵبوونم لەگەڵ موزیکدا، گۆرانییەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو، عەبدولحەلیم حافزم لە بەر دەکردن و هەمیشە دەموتنەوە، کچانی گەڕەکم کۆ دەکردەوە و ئەو بەشەی گۆرانییەکانم بۆ دەوتن کە لە بەرم کردبوون؛ کە گوێیان لێ دەبوو عەندەلیبی ئەسمەریان بۆ دەڵێم، فرمێسکم لە چاوانیاندا دەبینی، ئیتر هەستم بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکرد.

قۆناغێکی دوورودرێژی ژیانم، پاڵەوانەکەی عەبدولحەلیم حافز بوو، کە دەیتوانی بە گۆرانییەکانی بچێتە هەر شار و شەقام و ماڵێکەوە. ناوی بە ناوی نزار قەبانییەوە گرێ درابوو؛ تەنها لەبەر ئەوە نا کە چەند شیعرێکی شاعیری کۆچکردووی کردبوون بە گۆرانی، بەڵکو عەبدولحەلیم و نزار پێکەوە دوانەیەکی جوانی سەردەمی خۆشەویستی بوون.

بەڵێ: سەردەمی خۆشەویستی. ئەو سەردەمەی کچەکانی بەبێ پەخشانەکانی نزار قەبانی و گۆرانییەکانی عەبدولحەلیم حافز خەویان لێ نەدەکەوت.

عەبدولحەلیم تەنها گۆرانیبێژێک نەبوو کە تەواوی دنیای عەرەبی خۆشیان دەویست، بەڵکو خاوەنی پڕۆژەیەکی هونەری بوو، کە بە شێوەیەکی گشتی وتنی ”گۆرانیی هاوچەرخ” بوو و بۆ ئەوکات گۆڕینی شێوازی گۆرانیوتن بوو. بە بەراورد بە پێش خۆی، شێوازێکی نوێی دۆزییەوە. لەگەڵ ئەوەی خەڵکی تر ئاوازەکانیان بۆ دادەنا، بەڵام تێڕوانینی تایبەتی خۆی بۆ شێوازی ئەداکردنیان، کە جوانترکردنی ئاوازەکە و چڕینی بوو بە کورتی و پوختی، وای کرد ڕێڕەوی گۆرانی بگۆڕرێت و بۆ هەموو شێوازێکی گۆرانیوتن بە کار بهێنرێتەوە.

نەسیر شەممە

ئەمە بووە خاڵی گۆڕانی گۆرانیی عەرەبی و عەبدولحەلیم لەسەری سوور بوو تا بووە مۆرێکی نایاب بۆ دنیای گۆرانی. گرووپێک لە شاعیر و ئاوازدانەری لەگەڵدا بوون، کە خەون و خولیاکانیان دەهێنایە دی؛ ناکۆکییان دەکەوتە نێوانەوە، بەڵام لە دەرەنجامدا ئەو بەرهەمە دەهاتە دەرەوە کە ئەو دەیویست. دەیتوانی بە ئامانجە هونەرییەکانی بگات، لە سەردەمێکدا کە بۆ کارەکانی خۆی و گۆرانیی عەرەبی، گرنگ و پێویست بوون. گرنگیدانەکانی بە شێوازی گرووپە موزیکییەکە و ناوەڕۆک و ژەنیار و ئامێرەکانیان، تەواوکردنی ئەو شێوازە بوون کە ئەو خەونی پێوە دەبینی و هێنایە دی، فەزڵەکەیشی هەر بۆ خۆی دەگەڕێتەوە کە بە گرووپێکی ئەڵماسئاسا و بەناوبانگەوە دەستی پێ کرد و لە جێبەجێکردنی کارە هونەرییەکانیدا زۆر ورد بوو. عەبدولحەلیم حافز لە هەڵبژارنی دەقە شیعرییەکاندا زیرەکییەکی بێوێنەی هەبوو، پێویستی بە ئامۆژگاری و بۆچوونی نووسەر و ڕۆژنامەوانەکانی پێش خۆی نەبوو، کە هەر یەکێکیان پێیان وابوو تەنها خۆیان ڕاستن، بەڵام ئەو بەسەریاندا سەر کەوت و بێ گەڕانەوە بۆیان، قسە باشەکانی وەردەگرتن، ئەوانیش ناچار پاڵپشتیی کارەکانیان دەکرد.  

ئەو جۆشخرۆشەی هونەرمەندەکمان بۆ نایابی و کاری نوێ هەیبوو، بووبووە هۆی ئەوەی بەشێک بە هەڵەی بزانن و سروشتی بەو جۆرە پێناسە بکەن، بەڵام عاشق هەموو شتێک لەپێناو مەعشوقەکەیدا دەکات؛ عەبدولحەلیمیش مەعشوقێکی هەبوو: گۆرانیی نوێ و کاریگەری تەمەندرێژ، هەر بۆیە کاری دەکرد و چاوی لەو کاتەی و داهاتوو بوو. بەم شێوەیە، عەبدولحەلیم حافز دیاردەیەکی درەوشاوە و تاڤگەیەیەک بوو لە خۆشەویستی و کاریگەریی بەسەر هەموانەوە هەبوو. هەرچەندە بەشێک گرفتیان لەگەڵ شێوازی کارکردنیدا هەبێت، بەڵام ناتوانن نکۆڵی لە ئەزموون و ڕاستگۆییەکەی بکەن، تەنانەت لە نواندنیشیدا.

گۆرانیبێژەکەمان وشە و ڕستەی بە ئاوازەوە دروست دەکرد، تا گوێگر هەست بکات خۆی دروستکەر و داهێنەریەتی، بەمەیش دەبووە بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی خۆی و گوێگرەکانیشی، هەروەها عەبدولحەلیم دەیویست ئەوەی پێشتر لە هەر حاڵەتێکی خۆشەویستیدا ڕووی داوە، لە بیری بکات و سەرنج بخاتە سەر ئەوەی کە دێت، تەنانەت ئەگەر پێچەوانەی ئەو گۆرانییانەیش بووبێت کە پێشتر چڕیونی. ئیتر ئەو دەربڕێکی ڕاستەقینە، یان نموونەی دەربڕێکی ڕاستەقینە بوو، بێگومان عەبدولحەلیم داهێنانێکی هونەریی جێ هێشت، کە پڕ بوو لە نوێگەری و باڵایی و لەو جۆرە کارانە بوون کە لە دڵ و عەقڵ و ڕۆحەوە نزیکن، بێگومان لەگەڵ پاراستنی لایەنە هونەرییەکەی، کە خۆی زۆری مەبەست بوو. ئێمە گۆرانیبێژێک دەبینین کە توانیویەتی بە تەنیا ڕەنگێکی هونەریی تایبەت بە خۆی دابهێنێت، بێ ئەوەی ئاوازدانەر و شاعیر بێت.

گەڕانی بە دوای وشە و مانای نوێدا، هەندێکی وا لێ کرد پێیان وابێت عەبدولحەلیم خۆی شیعری گۆرانییەکانی دەنووسێت و شاعیرێک کە دەقی بۆ بنووسێت، بوونی نییە، لە کاتێکدا چەند شاعرێکی باش بۆیان دەنووسی. مایەی شۆکیش نییە کە دوای هەموو ئەمانە، هێشتا جەماوەرەکەی گۆرانییەکانی هەڵدەگرنەوە و لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت بڵاوی دەکەنەوە و لە تەواوی نیشتمانی عەرەبیدا، یادی هەمیشە بەرز ڕادەگیرێت.

عەندەلیبی ئەسمەر هەموو بەیانییەک لەگەڵمان هەڵدەستا و پێکەوە گۆرانییەکانی و وشەکانیمان دەوتەوە، کە هەر یەکێک لە وشەکان تایبەت بە خۆی بوون و خۆی ئەو مانەیەی دەدانێ کە دەیویست. ڕێیەکی پڕ لە هەوراز و نشێو و ئازار، بەڵام لێوانلێو لە خۆشەویستی و سەرکەوتنی یەک لە دوای یەک، کاروانی عەندەلیبی کۆچکردوو، عەبدولحەلیم حافز بوو.

خوێندنی ئەکادیمیی موزیک وای کرد بە شێوزاێکی گونجاوتر دەنگی دەرببڕێت، ئەو مەعریفییە موزیکییەیش کە هەیبوو، بێپایان سوودی لێ بینی؛ بە وردی و ڕاوێژی زۆر، ئەو ئاوازانەی هەڵدەبژارد کە لەگەڵ دەنگی دەگونجان، بە هەستێکی ناوازەوە گۆرانیی دەوت، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر خەڵک دانا، بە هەموو برین و ئازارەکانیەوە دەیچڕی، هەر ئەمانەیش بوون وایان دەکرد دەنگێک لە قووڵایی ڕۆحیەوە بێتە دەرێ و تەنها هیی خۆی بێت و بەس. ئەو تەنها پشتی بە بەهرەکەی نەدەبەست، بەڵکو هەمیشە کاری لەسەر دەنگی دەکرد، تا ئەو شیرینییەی پەیدا کرد و بووە شوناسی؛ لەگەڵ ئەوەی گۆرانیبێژانێک هەبوون هەمان ئەو شیرینییەی دەنگی عەندەلیبیان هەبوو، بەڵام هەستەکانیان هەمان هەستی ئەو نەبوو.

یەکێک لەو پایە هەرە سەرەکییانەی کەسایەتیی عەبدولحەلیم حافزی لەسەر بینا کرابوو، دووربینییەکەی بوو؛ ئەو تەنها چاوی لە ئێستا نەبوو، بەڵکو لەو داهاتووەی دەڕوانی کە لە بەردەمیدایە، وەک ئەوەی کتێبێک بێت و بیخوێنێتەوە.

عەبدولحەلیم حافز ئەستێرەیەکی ڕاستەقینەیە، هەر بۆیە هەرگیز لە وێنەی نەبووە و نابێتەوە، ئەو لە هەر یەکێکماندا زیندووە، هێشتا دەنگی برینداری ئازارەکانیەتی، پێمان دەگات و هەست و سۆزمان دەجووڵێنێت و خورپە بە دڵ و ڕۆحماندا دەهێنێت. هەر لە ”صافيني مرة”ەوە، کە لە گۆرانییەکانی سەرەتای بوو، دەنگی عەندەلیبی ئەسمەر لە دڵی خۆیەوە دەهاتن، کەچی لە دڵی ئەوانی تریشەوە نزیک بوو. هەر لەو سەردەمەیشەوە، لە محەمەد موجیی موسیزیانی هاوڕێی هەرە نزیکی دوور نەکەوتەوە، کە بە درێژایی کاروانەکەی لەگەڵیدا بوو و دواتریش موسیزیانی کۆچکردوو، کەمال تەویڵ کامڵتری کرد.

یەکێک لەو پایە هەرە سەرەکییانەی کەسایەتیی عەبدولحەلیم حافزی لەسەر بینا کرابوو، دووربینییەکەی بوو؛ ئەو تەنها چاوی لە ئێستا نەبوو، بەڵکو لەو داهاتووەی دەڕوانی کە لە بەردەمیدایە، وەک ئەوەی کتێبێک بێت و بیخوێنێتەوە. لەپێناو ئەو داهاتووەیشدا، بە زیرەکی و لێهاتووییەکی زۆرەوە کاری کرد، سەرەڕای نەخۆشی و ماندوویەتییەکەی، بەر لە هەر ئاهەنگێکی، لە ڕادەبەدەر پڕۆڤەی دەکرد، تا دەگەیشتە سەر تەختەی شانۆ، پشووی نەدەدا، تا دواتر لە ساڵۆنی هۆڵەکەدا لە هۆش خۆی دەچوو.

ئازار و کۆژانەکانی، کە کەسایەتی و دەنگی ئەویان دروست کردبوو، وایان کردبوو دەنگی لە ڕۆحی گوێگر نزیکتر بێتەوە، هەر بۆیە هەموان بڕوایان بەو گۆرانییە دەهێنا کە دەیچڕی، هەستیان بە خۆشی و ناخۆشییەکانی دەکرد و لەگەڵ سات بە ساتی گۆرانییەکانیدا دەژیان، بە هەستێکی واوە ئەدای دەکرد کە لە وێنەی نادۆزیتەوە، هەروەها ڕاستگۆییەک کە لە گرنگترین ئەو تایبەتمەندییانە بوو هەستی خەڵکی بەوەوە گرێ دا. تەنانەت لە فیلمەکانیشیدا، جەماوەرەکەی دژی ئەوە بوون کارەکتەرەکەی زوڵمی لێ بکرێت، یان دژی کارەکتەری خۆشەویستەکەی بوون کە جێی دەهێشت یاخود پێی نەدەگەیشت؛ ئازارچەشتنی کارەکتەرەکانی بە یارمەتیی جەماوەرەکەی بونیاد دەنرا و هەر ئازارێکی، ئازاری ئەوانەیش بوو کە بینەری بوون.

گەر لەسەر گۆرانیی ”بێوێنە” (جبار) بوەستین، هەست بەوە دەکەین کە وشەکان چۆن بەرد دەکەنە ئاو، وەک ئەوەی گوزارشت لە جەبەروتێکی ڕاستەقینە بکات، لە قووڵایی دڵیەوە هاوارێک دێتە دەرەوە و داوا لە هەموو گۆی زەوی دەکات، لە بەرامبەر قەهری ”بێوێنە”کەیدا لەگەڵی بوەستن، کەچی دەبینین لەپڕ سۆزێکی زۆر دای دەگرێت و دەڵێت: ”نازدارییەکەی هەڵی خەڵەتاندنم.” هەروەها لە ”بێ ماندووبوون”دا (بلاش عتاب) گوێگر لە هەموو ئازارەکانی خۆشەویستیدا دەژیی و عەندەلیبی ئەسمەر لەگەڵ خۆیدا دەیبات، تەنانەت ئەگەر هەمان ئەو دۆخە دەروونییەی گۆرانییەکە باسی دەکات، نەیبێت.

وەک هەموو شتێکی جوان، کاسێتەکانی عەبدولحەلیم لە نێوان خەڵکدا دەهات و دەچوو؛ بۆ عاشقێک تەنها ئەوە بەس بوو کە کاسێتێکی گۆرانییەکانی عەبدولحەلیم بداتە مەعشوقەکەی، تا بە ڕادەی عەشقەکەی بزانێت. ناوی ئەو، ناونیشانی خۆشەویستی بوو و هێشتایش بەو جۆرە و بگرە گەورەتریشە.

لە سەردەمێکی هونەریی جواندا ژیا، کاتێکیش ڕۆیشت میراتێکی گەورەی جێ هێشت، کە دوایی نایەت و تەواو نابێت؛ لە گۆرانیی کورت و ئاسانەوە بۆ گۆرانیی درێژ و قورس. سەرەڕای ئەمەیش، ناتوانین بڵێین کە قوڕگی عەبدولحەلیم حافز، هەمان قوڕگی ئومکەلسوم یان عەبدولوەهابە، بەڵام ئەو هەستێکی نایابی وای هەبوو کە جار لە دوای جار جوانیی دەنگی و هێزی قوڕگی دەردەخست.

لە کۆتاییدا دەڵێم، عەبدولحەلیم حافز دەرفەتی ئەوەی بە هەموان دا کە بتوانن خەون بەوەوە ببین لە ڕێگەی شێوازی نوێی گۆرانیوتنەوە، ببنە گۆرانیبێژ. هەروەها پێم وانییە کوڕێک نەبووبێت ڕۆژێک لە ڕۆژان خەونی بەوەوە نەبینیبێت کە ئەو عەبدولحەلیمە، دیسان پێم وانییە کچێک نەبووبێت خەونی بەوەوە نەبینیبێت کە عەبدولحەلیم تەنها گۆرانی بۆ ئەو دەڵێت؛ ئەو لە نێوماندا دابەش بووە و نەڕۆیشتووە.

نەسیر شەممە، موسیزیان و ئاوازدانەری عێراقی، ساڵی ١٩٦٣ لە شاری کووت لە دایک بووە. لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە فێری ژەنینی ئامێری عود بووە و ساڵی ١٩٨٧ ئەکادیمیای موزیکی بەغدادی تەواو کردووە. ئاوازدانەر و داڕێژەرەوەیەکی بەتوانایە و چەندین بڵاوکراوەی موزیکی و زنجیرەکۆنسێرت و شەوەئاھەنگی لەگەڵ گرووپی تایبەت و جیاوازدا ھەیە، کە زیاتر بە تاکژەنییەکانی ناسراوە. ساڵی ٢٠١٧ نامەیەکی ماستەری لەسەر شێوازگەریی موزیکی پێشکەش بە زانکۆی قاھیرە کرد، بەڵام لەبەر ئاستبەرزییەکەی بە دکتۆرا قبووڵ کرا. ئێستا سەرۆکی دامەزراوەی “ماڵی عود”ە و جگە لە نیشتمانی عەرەبییش، لە تەواوی دنیادا ناسراوە و گوێگر و جەماوەری تایبەت بە خۆی ھەیە.

هاوبەشی بکە

Abdul halim Hafiz, egypt,