24/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی عەندەلیب: شەڕی نەوەکان لە نێوان ئومکەلسوم و عەبدولحەلیم حافزدا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڕۆژی حەوتەم (الیوم السابع)
لە عەرەبییەوە: زرار حەمید
سەرپەرشتیاری پەڕاو: لاوک ئەبوبەکر

یادی شۆڕشی ٢٣ی تەمووزی ١٩٥٢ە و ئاهەنگێک لە یانەی ئەفسەرانی گەڕەکی زەمالیک بەڕێوە دەچێت. سەرۆکی وڵات و گەورە بەرپرسان لەوێن و گۆرانیبێژ و موسیزیانەکانیش ئاهەنگەکە گەورەتر دەکەن. هەسارەکەی ڕۆژهەڵات، خاتوو ئومکەلسوم لەوێیە و لە بەرنامەکانی ئاهەنگەکەدا گۆرانیی هەیە، دوای ئەویش سەرەی گۆرانیبێژێکی لاوە: عەبدولحەلیم حافز. بەڵام هەم بەرنامەکە و هەم ئاهەنگەکە، ئاسایی ناڕۆن و ڕووداوێک ڕوو دەدات.

محەمەد حەمزە، یەکێک لە شاعیرە تایبەتەکانی عەبدولحەلیم حافز، ئەم ڕووداوەی لە کتێبی ”دۆسیەی نهێنی لە ژیانی عەبدولحەلیم حافزدا”دا یاداشت کردووە: ”ئومکەلسوم داوای لە بەرپرسانی ئاهەنگەکە کرد پێش عەبدولحەلیم گۆرانی بڵێت، نەك دوای ئەو؛ وەك ئەوەی لەسەری ڕێک کەوتبوون. وەك دەزانین، دەبێت دیارترین ناوی ئاهەنگەکە کۆتایی بە ئاهەنگەکە بهێنێت. ئاهەنگەکەیش گرنگییەکی تایبەتی هەبوو، لەبەر ئەوەی سەرۆکی ئەوکاتی میسڕ، جەمال عەبدولناسڕ و گەورە بەرپرسانی تر، تێیدا ئامادە بوون.”

حەمزە سەرەتای ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە: ”کاتێك عەبدولحەلیم حافز هاتە ناو ئاهەنگەکە، بە مەرجە لەناکاوەکەی ئومکەلسومی زانی. زۆرزان بوو، دەستبەجێ بە مەرجەکە ڕازی بوو، چونکە نەیدەویست لەگەڵ ئومکەلسوم بچێتە جەنگێکەوە کە بێگومان تێیدا دەدۆڕێت. سەعات ١٠:٠٠ی شەو ئومکەلسوم هاتە سەر تەختەی شانۆ، گۆرانیی وت، لە کاتی وتنی گۆرانیی یەکەمیدا، زیاد لە جارێك پارچەیەک لە گۆرانییەکەی دووبارە دەکردەوە. دوای گۆرانیی یەکەم، یەکسەر گۆرانیی دووەمی وت، بە هەمان شێوەیەی یەکەم، زیاد لە جارێک پارچەیەکی دووبارە دەکردەوە.

لەم کاتەدا، عەبدولحەلیم کەوتە گومانەوە؛ گومانی ئەوەی ئومکەلسوم دەیەوێت زۆرترین ماوە لەسەر شانۆ بمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی ئیتر درەنگ دەبێت، کاتێكیش سەرەی عەبدولحەلیم دێت، ئیتر ئامادەبوان ئاهەنگەکە بە جێ دەهێڵن، بەمەیش خەونی چەند ساڵەی عەبدولحەلیم بۆ بەشداریکردن لەم ئاهەنگەدا، هەر وا بە ئاسانی لە بەین دەچێت. عەبدولحەلیم لە پشت پەردەی شانۆوە لە چاودێریکردنی ئەوەی لەسەر شانۆ ڕوو دەدات، بەردەوام بوو. لەم کاتەدا ئومکەلسوم گۆرانیی دووەمیشی تەواو کرد و چەپڵەڕێزانی ئامادەبوانیش دەستی پێ کرد، تا ئەو کاتەی بەڕێوەبەری ئاهەنگەکە هات و بانگهێشتی عەبدولحەلیمی کرد تا گۆرانییەکەی پێشکەش بکات.

محەمەد عەبدولوەهاب، عەبدولحەلیم حافز، ئومکەلسوم

سەعات ١:٣٠ خولەکی بەرەبەیان بوو، عەبدولحەلیم هاتە سەر تەختەی شانۆ، ئامادەبوان بە گەرمی پێشوازییان لێ کرد، پێش ئەوەی گۆرانییەکەی بڵێت، ڕووی لە ئامادەبوان کرد و وتی: ‘نازانم، ئەگەر گۆرانیوتن لە دوای خاتوو ئومکەلسومەوە بۆ من شانازی بێت، یان فێڵێک بێت و خاتوون لێم بکات، چونکە وابزانم کاتەکەی درەنگ بووە.’

لەم کاتەدا، ئومکەلسوم لە جێگەی تایبەتی خۆی دانیشتبوو و بەپێی گێرانەوەی د. هیشام عیسا، دکتۆری تایبەتی عەبدولحەلیم، کە لە کتێبی ‘من و حەلیم’دا باسی دەکات، ‘کاتێک ئومکەلسوم گوێی لەم قسەیە بووە، زۆر تووڕە بووە و بە کەمانچەژەنەکەی وتووە، گوێت لێیە ئەم کوڕە دەڵێت چی! ئەم هەموو بوێرییەی لە کوێوە هێناوە؟!”

ئامادەبوانیش ئەم قسە کورتەی حەلیمیان ئاسایی وەرنەگرتووە؛ سەبارەت بە کاردانەوەیان، حەمزە نووسیویەتی: ”کاتێك عەبدولحەلیم قسەکانی تەواو کرد، ئامادەبوان چەپڵەیەکی درێژیان بۆ لێ دا و دروشمیان بۆ دەوتەوە: ‘تا سبەی لەگەڵ تۆداین حەلیم!’ بەم جۆرە ورەی عەبدولحەلیم بەرز بووەوە و بە باشترین شێوە گۆرانییەکانی وت.”

ئەم ڕووداوە بووبووە هۆی مقۆمقۆی نێوان خانەوادەی عەبدولحەلیم و هاوڕێکانی. بەپێی گێڕانەوەی حەمزە، بۆ رۆژی دواتر کاتێك عەبدولحەلیم لە خەو هەڵدەستێت، پەیوەندیی بە سەرۆک جەمال عەبدولناسڕەوە دەکات و دەربارەی ڕووداوەکە قسەی لەگەڵدا دەکات. بەڵام وردەکارییەکان نازانرێت. هەروەها هیشام عیسایش جەخت لەوە دەکاتەوە، ئومکەلسوم بە سەرۆک جەمال عەبدولناسڕی وتووە، دەیەوێت لە یادی شۆڕشی ٢٣ی تەمووزدا خۆی بە تەنیا گۆرانی بڵێت و ڕۆژی ٢٦ی تەمووز، کە یادی مردنی مەلیك فارووقە و لە ئەسکەندەریە ئاهەنگی بۆ ڕێک دەخرێت، تایبەت بکرێت بە گۆرانییەکانی عەبدولحەلیم.

پەیوەندیی ئەم دوو گەورە گۆرانیبێژەی عەرەب، هەرگیز ئاسایی و سروشتی نەبووە. هەر یەکێکیان لەگەڵ گۆرانیبێژان و ئاوازدانەرانی تردا، پەیوەندیی توندوتۆڵ و بگرە هاوڕێی هاوبەشیشیان هەبووە، بەڵام پێکەوە وا نەبوون. دۆکیومێنتێکی بەردەستیش نییە هەتا ئەوە ساغ ببێتەوە کە ئەم پەیوەندییە بۆ وا بووە، بەڵام هیشام عیسا بە شێوەیەکی گشتی و لە چەند دێڕێکدا، چیرۆکی پەیوەندیی ”هەسارەکەی ڕۆژهەڵات” و ”عەندەلیبە ئەسمەرەکەی عەرەب” یەکلا دەکاتەوە: ”لە پەیوەندییەکەیاندا، هاوڕێیەتی و میهرەبانی نەبووە. لە هەموو تەمەنیدا، عەبدولحەلیم بۆ جارێکیش سەردانی ئومکەلسومی نەکردووە. ئومکەلسومیش ئەمەی نەکردووە. تەنانەت لە کاتی تێکچوونی تەندروستیی عەبدولحەلیمیشدا، ئومکەلسوم هەواڵی نەپرسیوە.”

هاوبەشی بکە

Abdul halim Hafiz, egyptmusic,