19/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی عەندەلیب: فیلمی ”حەلیم” و گێڕانەوەی وێستگە گرنگەکانی ژیانی عەبدولحەلیم حافز

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – عەنەب بەلەدی (عنب بلدي)
لە عەرەبییەوە: چرۆ عیزەت
سەرپەرشتیاری پەڕاو: لاوک ئەبوبەکر

بەرهەمهێنانی فیلم و زنجیرەدراما لەسەر ژیانی ئەو کەسایەتییە مێژووییانەی کاریگەرییان بە جێ هێشتووە، کارێکی چاوەڕێکراو و پێویستە؛ بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە کەمترین دۆکیومێنت بۆ ناسینی کەسایەتییەکان هەیە. فیلمی میسڕیی ”حەلیم” یەکێکە لەو بەڵگەنامە مێژووییانەی کە دەکرێت لێیەوە سەیری ژیانی تایبەتی و هونەریی گەورە گۆرانبیژێری عەرەب، عەبدولحەلیم حافز بکرێت و بناسرێت.

فیلمی ”حەلیم” ساڵی ٢٠٠٦ لە وڵاتی میسڕ بەرهەم هێنراوە و مەحفوز عەبدولڕەحمان سیناریۆکەی نووسیوە و شەریف عەرەفە کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. ئەکتەری ناوداری میسڕی، ئەحمەد زەکی و کوڕەکەی، هەیسەم ئەحمەد زەکی ڕۆڵی عەبدولحەلیم حافز لە تەمەنی گەنجی و کۆتاییەکانی ژیانیدا دەبینن، لەگەڵ چەندین ئەکتەری ناوداری تری عەرەب، وەک عیزەت ئەبوعوف، مونا زەکی و جەمال سولەیمان.

ئەحمەد زەکی لە ڕۆڵی عەبدولحەلیم حافزدا، فیلمی حەلیم (٢٠٠٦)

چیرۆکی سەرەکیی فیلمەکە، لە چاوپێکەوتنێکی عەبدولحەلیم حافز لە یەکێک لە ڕادیۆکانی میسڕەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لەگەڵ پرسیارە تایبەتییەکانی بێژەرەکەدا، عەندەلیب نۆستالژییانە دەگەڕێتەوە ڕابردوو و بە وێستگە گرنگەکانی ژیانیدا دەڕواتەوە.

فیلمەکە زۆر بە وردی و بە کورتی ئەو وێستگە جیاوازانە دەگێڕێتەوە، بۆ نموونە ژیانی تراژیدیی منداڵیی حەلیم و لەدەستانی دایکوباوکی و گەورەبوونی بە بێکەسی و نەخۆشکەوتنی. هەروەها حەزی زۆری بۆ مۆسیقا لە گەنجییدا و ڕووبەڕووبەوەی لەگەڵ جەماوەر و دژایەتیکردنی بە هۆی ئەو نوێگەرییانەی کە دەیەوێت بیانکات.

پەیوەندیی عەبدولحەلیم حافز و گەورە ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی میسڕ، محەمەد عەبدولوەهاب، لە فیلمەکەدا نمایش کراوە، ئەمە جگە لە پەیوەندییەکانی تری حەلیم بە هونەرمەندانی ترەوە، بە تایبەت ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئومکەلسومی گەورە گۆرانیبێژی عەرەب. پیشاندانی ئەو پەیوەندییانە لە چەند دیمەنێکدا، گرنگی و کاریگەرییان لەسەر ژیانی هونەریی حەلیم دەردەخات، کە ئەو بونیادە پتەوەی هەیبووە، لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە.

دوو زیمی گرنگی فیلمەکە، پیشاندانی پەیوەندیی عەندەلیبە بە دەسەڵاتی سیاسیی ئەوکاتی میسڕ و ژیانی تایبەتیەتی. چیرۆکی دروستکردنی گۆرانییە سیاسییەکانی حەلیم لە سەردەمی شۆڕشە جیاوازەکانی میسڕدا، پەیوەندیی بە سەرۆک و بەرپرسانی دەوڵەتەوە و ئەو ئاستەنگی و کێشە دەروونییانەی بۆی دروست کردوون، زۆر بە ڕوونی و بێ گرێوگۆڵ نمایش کراون و بۆ گوێگرانی ڕوون دەبێتەوە کە چۆن ئەو گۆرانییانە بەرهەم هاتوون. هەروەها چیرۆکە جیاوازەکانی خۆشەویستی کە لە ژیانی حەلیمدا ڕوویان داوە و لە هەوادارانی و بگرە کەسە نزیکەکانیشی شاراوە بوون. جگە لە سوعاد حوسنی و جیهان، کە تا ڕادەیەک پەیوەندییان بە عەبدولحەلیمەوە ئاشکرا بووە، چیرۆکی کچێکی تر هەیە، کە ناوی نەوال بووە و بەراورد بە حەلیم، تەمەنی زۆر کەمتر بووە، بەڵام نەوال بەبێ ئەوەی حەلیم ئاگادار بێت، عەشقێکی قووڵی بۆی هەیە و پێی وایە ئەویش بە هەمان شێوەیە بۆی. ئەمەیش گیروگرفتی زۆری بۆ هەردووکیان دروست کردووە، کە تا ساتی بەرهەمهێنانی فیلمەکە، کەم کەس ئەم چیرۆکەیان زانیوە.

هەیسەم ئەحمەد زەکی لە ڕۆڵی عەبدولحەلیم حافزدا، فیلمی حەلیم (٢٠٠٦)

بەشێکی گرنگی سەرکەوتنی فیلمی ”حەلیم”، بۆ ڕۆڵبینینە ناوازەکەی ئەحمەد زەکی دەگەڕێتەوە. لە هیچ یەکێک لە دیمەنەکاندا، زەکی لاساییەکی ڕووتی عەبدولحەلیم حافز ناکاتەوە، بگرە وەک ئەوەی خۆی خودی کارەکتەرەکەیش بێت، نواندن دەکات، بەڵام زیاتر و زیاتر هەست بە حەلیم و کەسایەتی و کاریزماکەی دەکەیت. بەشێکی ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە کاتی بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا، هاوشێوەی عەندەلیب، ئەحمەد زەکی بە نەخۆشییەوە دەیناڵاند، کە ئەمە یارمەتییەکی گەورەی دا تا ئەو دیمەنەنانی تێیدا ڕۆڵی حەلیمی نەخۆش دەبینێت، لە دڵ نزیک و ورووژێنەر بن.

ئەحمەد زەکی دوای بەرهەمهێنانی نیوەی فیلمەکە، کۆچی دوایی دەکات. ئەمە دەبێتە کێشەیەکی گەورە و ناچار هەیسەمی کوڕی ئەحمەد زەکی بۆ ڕۆڵبینین لەو دیمەنانەی کە ماون، ڕادەسپێرێت. هەرچەندە ئەمە بۆ هەیسەم ئەزموونێکی تازە و تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوو، بەڵام بووە هۆی ڕەخنەگرتن لە کۆی فیلمەکە و بەشێک لە ڕەخنەگران و بینەران پێیان وایە ”ناهەقی لە زەکیی باوک کراوە و نەدەبوو تەنها لەپێناو تەواوکردنی فیلمەکەدا، هەیسەم ئەو بەرپرسیارێتییەی پێ بدرایە”.

هەرچەندە لە بەشێکی کەمی دیمەنەکاندا لایەنە نەرێنییەکانی سروشت و هەڵسوکەوتی عەبدولحەلیم حافز پیشان دراون، بەڵام ڕەخنەگران پێیان وایە هێشتایش دەبوو زیاتر بوایە، تا فیلمەکە ببوایە بە یەکەمین ئەو فیلمە عەرەبییانەی کە لە ژانرای بایۆگرافیدان. بۆ نموونە پەیوەندییە سۆزدارییەکانی حەلیم بە سانایی پیشان دراون، هەروەها ئەو کێشانەی لەگەڵ هونەرمەندانی وەک محەمەد ڕوشدی و فەرید ئەتڕەش هەیبوون، بە هیچ جۆرێک ئاماژەیان بۆ نەکراوە، کە ئەگەر ئەم ڕووداوانە و ڕووداوەکانی تری ژیانی، کە کاریگەریی زۆریان لەسەر بە جێ هێشتووە، نمایش بکرانایە، فیلمەکە سەرکەوتنێکی زیاتری بە دەست دەهێنا.

شایەنی باسە هەر لە ساڵی ٢٠٠٦دا، زنجیرەدرامای ”عەندەلیب، چیرۆکی گەل” لە میسڕ بەرهەم هێنرا و لە ٣٠ زنجیرەدا، شادی شامل ڕۆڵی عەبدولحەلیم حافز دەبینێت و زیاتر گێڕانەوەی ئەو ڕووداوە سیاسییانەیە کە عەندەلیب بە گۆرانییەکانی تێیاندا بەشدار دەبێت. بەڵام وەکو فیلمی ”حەلیم” دەنگدانەوەی نەبوو و ئەو سەرکەوتنەی بە دەست نەهێنا.

هاوبەشی بکە

Abdul halim Hafiz, egypt,