20/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی عەندەلیب: توێژینەوە ئەکادیمییەکان لە بارەی عەبدولحەلیم حافزەوە

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئەخبارلیەوم (akhbarelyom.com)
لە عەرەبییەوە: لانیاس عەتا
سەرپەرشتیاری پەڕاو: لاوک ئەبوبەکر

لە دوای کۆچی دواییەوە، چەندین نامەی ماستەر و و دکتۆرا لە زانکۆ و پەیمانگەکانی میسڕ و وڵاتانی تری عەرەبی، لەسەر ژیانی تایبەتی و ئاواز و گۆرانییەکانی عەبدولحەلیم حافز نووسراون. بەپێی ئەوەی ژیان و ئەزموونی هونەریی عەندەلیب بوارێکی دەوڵەمەند و پڕباسە، لە خوێندنی ئەکادیمیی موزیکدا، بە بوارێکی گرنگ و بنەڕەتی سەیر کراوە، چونکە سروشتێکی تایبەتی هەیە و بەشێکی گرنگی مێژووی دووردورێژی گۆرانیی عەرەبییە. ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بە درێژایی نزیکەی نیو سەدە، حەلیم پاشای تەختی گۆرانیی عەرەبی بووە و هێشتایش دڵخوازی هەموانە، ئەمە سەرەڕای لە سەردەمی پێش خۆی و خۆی و دوای خۆیشیدا، چەندین ئەستێرەی دیکە هەبوون، بەڵام ئەزموونی هونەریی ئەو بەو شێوازە تایبەتەی هەیبووە، لای موسیزیان و بە تایبەت توێژەران، نموونەییە.

یەکێک لەو نوێترین توێژینەوانە، نامەیەکی دکتۆرای د. ئەشرەف عەبدولڕەحمانە بە ناونیشانی ”بەنناوی لە ڕاڤەکردنی گۆرانیی عەرەبیدا” و ئاواز و گۆرانییەکانی عەندەلیبی بە نموونە وەرگرتووە و باسی جوانییە تایبەت و تایبەتمەندییە نوێیەکانی ئەو گۆرانیبێژەی تێدا کردووە.

توێژەر بەوە دەست پێ دەکات کە چۆن ”لە سەرەتادا گۆرانیی ‘صافيني مرة’، بە هۆی ئەوەی شێوازێکی نوێی گۆرانی بووە و لە ژانرای تەڕەبیی (طربي) گۆرانیی عەرەبی بووە، جەماوەر قبووڵیان نەبووە و نەیانتوانیوە ئارەزووی بکەن. بەڵام دواتر دەبێتە شاکارێکی هونەری و هەموان بۆی دەگەڕێنەوە”.

عەبدولڕەحمان لە بارەی گەشەکردنی ئەو شێوازە گۆرانییە لای عەندەلیب، زیاتری نووسیوە: ”لە سەرەتای پەنجاکاندا، موسیزیان محەمەد موجی، بە گۆرانییەکانی ‘بانگی ڕابردوو’ (نداء الماضي) و ‘بەهاری شاعیر’ (ربیع الشاعر)، توانای تەڕەبیی عەبدولحەلیمی زیاتر دەرخست و پیشانی جەماوەری دا ئەو دەتوانێت لەو گۆرانییانە بڵێت کە خواستیانە.”

هۆکاری ئەم بەرەوپێشچوونەیش، بە بڕوای توێژەر، جێبەجێکردنی تیۆریی بەنناوییە لەسەر دەنگی عەبدولحەلیم، بە هۆی ئەوەی بە بەکارهێنانی ئەو تیۆرییە، گۆرانیبێژ لە ئەداکردن و گۆکردنی وشەکان و شێوەزارەکاندا باڵادەست دەبێت، جا بۆ عەبدولحەلیمیش کە بەهرەیەکی ناوازەی هەبووە، ئاسانتر بە دەستەوە هاتووە. ئیتر بۆیە عەندەلیب هەر زوو بە پەیژەی سەرکەوتندا سەر کەوت و چووە ڕیزی گەورە گۆرانیبێژانی وەک محەمەد عەبدولوەهاب و ئومکەلسوم و بۆ چەندین سەردەم وەک پاشا مایەوە.

لەسەر ئەم سەرکەوتنە خێرا و چاوەڕێنەکراوە، عەبدولڕەحمان نووسیویەتی: ”عەبدولحەلیم لە پەنجاکاندا دەرکەوت، سەردەمێک کە ئومکەلسوم، فەرید ئەتڕەش، کارم مەحموود، عەبدولغەنی سەید و محەمەد فەوزی گۆرانییان دەچڕی و هەموویان دەنگیان بەهێز بوو و توانایەکەی لە ڕادەبەریان هەبوو و هەر ئەمەیش بووبووە پێوەری هەوادارەکانیان، کەچی عەبدولحەلیم دەنگێکی ئارامی هەبوو، بە ‘چپەی هێمن’ ناسرابوو؛ ئیتر چوونەئەو مەیدانە بۆ ئەو قورس بوو. بەڵام لەبەر ئەوەی خاوەنی بەهرەیەکی بێپایان بوو و لە هونەرەکەدا زیرەک بوو، توانیی بە لێهاتووییەوە دەقی گۆرانی و ئاوازەکان هەڵببژێرێت و لەگەڵ دەنگیدا بگونجێن و جەماوەریش بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.”

د. ئەشرەف عەبدولڕەحمان، توێژەر و موسیزیانی میسڕی

وەک د. ئەشرەف باسی کردووە، حەلیم لەسەر ستایلی تەڕەبی بەردەوام دەبێت و چەند گۆرانییەکی تر لەو شێوازە بە ئاوازی محەمەد عەبدولوەهاب، وەک ”تۆبە” (التوبة) و ”لە کوێ بوویت” (کنت فین) دەڵێت، تا دەگاتە ئەوەی پێی بڵێن دەنگی لاوازە و تەنها دەتوانێت لەو ئاست و شێوازەدا گۆرانیبێژ بێت، بەڵام عەندەلیب بە گۆرانیی ”بێوێنە” (جبار) وەڵامی دایەوە، کە دەقەکەی حسێن سەید نووسیبووی و محەمەد موجی ئاوازی بۆ دانابوو. گۆرانییەکە مەودای زۆر و بەهێزیی دەنگیی عەبدولحەلیمی دەرخست. ڕەخنەکان لەوێدا نەوەستان و دەوترا کە ڕاستە دەنگی مەودای هەیە، بەڵام زۆر نییە، هەر بۆیە گۆرانیی ”بهێڵە دڵم”ی (یا خلي قلب) لە دەقی مورسی جەمیل و ئاوازی محەمەد عەبدولوەهاب وت و تایبەتمەندییەکانی گەیاندیە ڕۆژئاوایش.

یەکێک لە بەشەکانی توێژینەوەکە، پۆلێنکردنی گۆرانییەکانی عەبدولحەلیم حافزە، کە لە چەندین بواری جیاواز جیاوازدا بەرهەمی هەبوون و لە هەر بۆنە و بارودۆخێکی میسڕ و وڵاتانی تری عەرەبیدا گۆرانی چڕیوە. د. ئەشرەف عەبدولڕەحمان بەم جۆرە ڕیزی کردوون:

گۆرانیی نیشتمانی

عەبدولحەلیم پێگەیەکی دیاری لە بواری گۆرانیی نیشتمانیدا هەیە و تا ئێستایش ئەو بەرهەمانەی لە دەروونی جەماوەرەکەیدا دەژین، لەبەر ئەوە من پێم وایە گۆرانییە نیشتمانییەکانی دەستپێکی مێژووی سیاسیی ئەو سەردەمە بوون. دوای شۆڕشی  تەمووزی ١٩٥٢، عەبدولحەلیم بوو بە گۆرانیبێژی شۆڕش. لەگەڵ محەمەد عەبدولوەهابدا گۆرانیی ”نیشتمانە گەورەکەم”یان دروست کرد (وطني الاکبر)، دواتریش گۆرانیی ”چیرۆکی گەل’ (حکایة الشعب)، کە ئەحمەد شەفیق کامل شیعرەکەی نووسیبوو و کمال تەویڵیش ئاوازی بۆ دانابوو، چیرۆکی ئەو ماوەیەی شۆڕشی تەمووز و دوژمنایەتییەکانی میسڕ و دروستکردنی بەنداوی سینا بوو، کە بە ڕاستی گێڕانەوەی چیرۆکی گەل بوون. پاشان لە دوای نسکۆی ١٩٦٧، عەبدولحەلیم یەکێک لە گرنگترین گۆرانییەکانی ژیانی هونەریی دروست کرد، ”ئەمڕۆ تێپەڕیی” (عدی النهار)، کە لە دەقی عەبدولڕەحمان نودی و ئاوازی بەلیغ حەمدی بوو.

میللی

عەبدولحەلیم دوای ئەوەی شێوازی خۆی دۆزییەوە و بوو بە ناوێکی دیار، ئیتر دەستی کرد بە دروستکردنی گۆرانیی میللی. سەرەڕای ئەمەیش، بێ ئەوەی لەژێر کاریگەریی کەسدا بێت، لە درێژەدان بە شێوازە خۆڕسکەکەی پێشووی بەردەوام بوو. لەگەڵ بەلیغ حەمدیدا بووبوونە دوانەیەکی نموونەیی و ئەو جۆرە گۆرانییەیان پێشکەش دەکرد، وەک لە بەرهەمەکانی ”گەشتیار” (سواح) ”جانا الهوا”دا بە تەواوی دەردەکەوێت.

ئایینی

یەکێک لەو ڕەنگانەی عەبدولحەلیمی پێ جیا دەکرێتەوە، وتنی گۆرانیی ئایینی بوو. پاش ئەوەی ئومکەلسوم جڵەوی ئەم جۆرە گۆرانییەی گرتبووە دەست و بۆ چەندین ساڵ لە ڕێگەی  گۆرانییەکانی ”دڵ هەموو جوانێکی خۆش دەوێت” (القلب یعشق کل جمیل) و ”جێنشین” (ولي العهد) و ”سێیینەی پیرۆز”ەوە (الثلاثیة المقدسة) ڕابەری بوو، عەبدولحەلیم هاتە مەیدانەکە و بۆ یەکەم جار پاڕانەوەی کورتی ئایینیی وت. لەگەڵ شاعیر عەبدولفەتاح مستەفا و ئاوازدانەر محەمەد موجیدا ١٣ نزای ئایینیی کورتیان دروست کرد و لەمەوە ئەم جۆرە گۆرانییە زیاتر بەهای پەیدا کرد و گۆرانیبێژانی تر لە دواییدا بەو شێوازەی حەلیم دەیانوت.

لە نامەکەیدا، د. ئەشرەف لە وەسفکردنی عەبدولحەلیم بەردەوام دەبێت و لە بارەی جیاوازیی عەندەلیب لەوانی تر، نووسیویەتی: ”عەبدولحەلیم حافز قوتابخانەیەکی تایبەتی گۆرانیی عەرەبییە. چەندین گۆرانیبێژ لەسەر هەمان ڕێبازی ئەو ڕۆیشتوون، چەندینی تریش لە سەردەمی ئەودا دەرکەوتوون و خاوەنی هەمان بەهرە بوون، وەک عەبدولغەنی سەید، کەمال حوسنی و ماهیر عەتار، بەڵام هەمان زیرەکیی هونەریی عەبدولحەلیمیان نەبووە. هەر ئەمەیش تایبەتمەندی و خاڵی جیاکەرەوەی عەبدولحەلیم بوو لە ژیانی هونەرییدا، چونکە لە هەڵبژاردنی دەق و ئاوازی گۆرانییەکانی خاوەنی توانا و لێهاتووییەکی زۆر بوو. بۆ نموونە، گۆرانییەکانی ”نامەیەک لە ژێر ئاوەوە” (رسالة من تحت الماء) و ”قاوەگرەوەکە” (قارئة الفنجان)، دەقی نزار قەبانی بوون، کە دواتر دەرکەوت حەلیم گۆڕانکاریی بنەڕەتیی تێدا کردوون، تا بچێتە سەر ئەو شێوازەی پێی وابووە جەماوەرەکەی دەیانەوێت. هەروەها لە هەڵبژاردنی ئاوازدانەرەکانیشدا بەو ڕادەیە ورد بوو، کە دەبوو بیانتوانیایە گوزارشت لەو دەقە بکەن کە ئەو هەڵی بژاردووە. بۆ نموونە، گۆرانیی ”نامەیەک لە ژێر ئاوەوە” (رساڵە تحت الماء) و ”ئەی خاوەنی دڵم” (یا مالکا قلبي)، کە موجی ئاوازی بۆ داناون، تا ئێستا نازانرێت بە کام یەک لە شێوازەکانی بەرز یان نزم دابنرێت.”

دواجار توێژەر لە بارەی گرنگیدان بە عەندەلیبە ئەسمەرەکەی عەرەب، لە هەردوو لایەنی ئەکادیمی و دەوڵەتییەوە، نووسیویەتی: ”لەسەر ئاستی جەماوەر، عەبدولحەلیم خاوەنی ڕێزێکی زۆرە و ئەکادیمیانیش سەدان نامە و توێژینەوەیان بۆ تەرخان کردووە. بەڵام لەسەر ئاستی دەوڵەت، وەک پێویست کاری بۆ نەکراوە. تەنانەت ئەو ئاهەنگانەی کە بۆ ساڵیادەکانی ڕێک دەخرێن، دەوڵەت لەژێر فشاری جەماوەردا دەیانکات، چونکە دەزانێت تا چ ڕادەیەک هۆگری بوون. تا ئێستا نە شەقامێک، نە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنێک بە ناو و بە تایبەتی بۆ ئەو تەرخان نەکراون، لە کاتێکدا یادەوەرییەکی بەرزی میسڕ و عەرەبە. تەنها جەماوەرەکەین کە ڕێزی حەلیم دەگرن و لە کۆتاییشدا هەر خۆی گۆرانیبێژی هەموو سەردەمەکانە.”

هاوبەشی بکە

Abdul halim Hafiz, egypt,