24/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی عەندەلیب: دەنگی عەبدولحەلیم حافز لە نێوان خۆشەویستی و دەسەڵاتی سیاسیدا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – دی دەبلیوی عەرەبی (DW عربیة)
لە عەرەبییەوە: لاوک ئەبوبەکر
سەرپەرشتیاری پەڕاو: لاوک ئەبوبەکر

ڕۆژی ٣٠\٣\١٩٧٧دا، دوای ململانێیەکی دوورودرێژ لەگەڵ نەخۆشیی بەلهەزاریادا، عەبدولحەلیم حافز دنیای بە جێ هێشت. دوای مردنی، کۆمەڵێکی زۆر لە کچان بە هۆی ئەوەی بەرگەی هەواڵی مەرگیان نەگرت، خۆیان کوشت؛ ئەمەیش شتێک بوو پێشتر لە دنیای عەرەبیدا ڕووی نەدابوو.

ئەمە بەڵگەی ئامادەییەکی بەهێزی عەبدولحەلیم حافزە لە ویژدانی میسڕییەکاندا، وەک سەرمایە و سیمبولی هونەر. ئەمڕۆ و پاش ئەو هەموو ساڵانە، ”عەندەلیبی ئەسمەر” بووەتە بەشێک لە یادەوەریی هونەری میسڕی و عەرەبی، بەڵام هێشتایش لە ڕاگەیاندن و دراما و تۆمارگەکاندا، خودی خۆی ئامادەیی هەیە؛ بۆ نموونە ئێستایش دەزگای ئۆپرای میسڕی، ساڵانە ئاهەنگی تایبەتی بۆ ڕێک دەخات و گۆرانیبێژانی تر گۆرانییەکانی دەڵێنەوە.

بە تێڕوانینی شاعیری میسڕی، حیلمی سالم، ”عەبدولحەلیم حافز بەلایەنی کەمەوە بەشێکی سەرەکیی یادەوەریی هونەری و نەتەوەیی و سۆزداریی سێ نەوەی میسڕە: نەوەی پەنجاکان و شەستەکان و بەشێکی گەورەی حەفتاکان”. هەروەها دەڵێت: ”کۆمەڵێک هونەرمەند هەبوون کە بەشێکی گرنگی ئەو یادەوەرییە هونەرییە بوون، لەوانە عەبدولحەلیم حافز و سوعاد حوسنی؛ ئەوان خەون و نموونەییبوون و دەسەڵات و بەدیلیان پێکەوە دروست کرد و هەستی سۆزداری و سیاسی و ئەخلاقیی نەوەکەیان پێک هێنا.”

لەگەڵ ئەوەی عەبدولحەلیم دەنگی خۆشەویستی بوو و بە گۆرانییە سۆزدارییەکانی لە هۆڵەکانی کۆنسێرت و فیلمەکاندا تەواوی دنیای هونەریی عەرەبیی داگیر کرد و سیمبولی ڕۆمانسیەت بوو، بەڵام بە گۆرانییە سیاسییەکانی بووە دەنگی دەسەڵاتیش.

هەرچەندە عەبدولحەلیم ساڵێک پێش شۆڕشی ٢٣ی تەمووزی ١٩٥٢ بووە گۆرانیبێژێکی پیشەگەر، بەڵام تا دوای ڕاگەیاندنی کۆماریەت لە ١٩٥٣دا، سەرکەوتنێکی وای بە دەست نەهێنا، تا کاتێک لە ئاهەنگێکدا بەرامبەر ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش گۆرانیی وت و لەوەوە بەشێک لە خەڵک ناوی ”گۆرانیبێژی شۆڕش”یان لێ نا.

عەبدولڕەحمان عارف سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق

لە درێژەی کاروانی هونەرییشیدا، حەلیم ژمارەیەکی زۆر گۆرانیی نەتەوەیی وت، کە یەکێک لەوانە وەسفوسەنایەکی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەوکاتی میسڕ، جەمال عەبدولناسڕ بوو: گۆرانیی ”جەمال، ئەی خۆشەویستی ملیۆنان”. دواتر و پاش جەنگی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣، گۆرانیی ”هەر بژیی ئەوەی وتی”ی بۆ ئەنوەر سادات وت. ئەمە جگە لەو گۆرانییە سیاسییانەی لە جەنگ و شەڕە جیاوازەکانی دەوڵەت و سوپای میسڕی بەرامبەر نەیارەکانیان، عەندەلیب کاری تێدا کردوون. بە تایبەتی گۆرانیی ”سوێند دەخۆم”، کە دەقەکەی لە چەند دێڕێکی سادە پێک دێت، بەڵام بۆ ئەوکاتی جەنگی میسڕ بەرامبەر ئیسرائیل، بێ ڕادە ورووژێنەر بوو و ئێستایش نەک تەنها میسڕییەکان، بەڵکو تەواوی عەرەب لە کاتە هەستیارەکانیاندا بۆی دەگەڕێنەوە.

جەمال عەبدولناسڕ سەرۆککۆماری ئەوکاتی میسڕ

ئایا ئەمانە ئەوە دەگەیەنن کە عەبدولحەلیم حافز گۆرانیبێژی دەسەڵات بووە؟ حیلمی سالم لەو بارەیەوە دەڵێت: ”بێگومان عەبدولحەلیم گۆرانیبێژی دەسەڵات بوو، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: کام دەسەڵاتە؟ ئەو دەسەڵاتەی کە عەبدولحەلیم پیاوی بوو، دەسەڵاتی ناسڕی بوو، کە زۆرێک لە شاعیران، شێوەکاران، هونەرمەندان و نووسەرانی تریش کاریان بۆ دەکرد؛ هەموویان چەپ بوون و داوای دادپەروەریی کۆمەڵایەتییان دەکرد، وەک سەڵاح جاهین، سەید حیجاب و عەبدولڕەحمان ئەبنوودی. هەر ئەمانەیش بوون ئەو دەقانەیان دەنووسی کە عەبدولحەلیم لە قۆناغی ناسڕیەتدا دەیکردنە گۆرانی.”

وێنەیەکی ئەنوەر سادات

ئەم پەیوەندییەی عەبدولحەلیم حافز بە سیاسەتەوە تەنها لە چوارچێوەی گۆرانیوتن بۆ دەسەڵاتی میسڕیدا نەوەستا، بەڵکو بە چەند گۆرانییەک بۆ بەشێک لە پادشاکانی شانشینە عەرەبییەکانی تر زیاتر ناوبانگی دەکرد. عەبدولحەلیم حافز یەکێک بوو لە میوانە هەمیشەییەکانی ساڵیادەکانی شا حەسەنی دووەم، کە چەند گۆرانییەکی بۆ وتووە، لەوانەیش ”مەغریبی” و ”ئاو و سەوزایی و ڕوخساری حەسەن”ن، کە لەوەی دووەمیاندا دەڵێت: ”حەسەن، ئەی عەرەب، ئەی بەرامەی ماڵی نەبی.” لە یەکێک لە دۆکیومێنتە دانسقەکانی تەلەڤیزیۆنی ”مەغریبی”یشدا، عەبدولحەلیم باسی پەیوەندیی خۆی و شا حەسەن دەکات و بە ”گەورەمان” ناوی دەهێنێت، کە هەمان ئەو شێوازەیە مەغریبییەکان بۆ شاکەیان بە کاری دەهێنن. هەروەها بە هەمان شێوە گۆرانیی بۆ دەوڵەتەکانی کوێت و ئەردەن و فەلەستین وتووە.

وێنەیەکی شا حەسەنی دووەم

ئەو ئامادەییە بەهێزەی هێشتایش عەبدولحەلیم حافز هەیەتی، هاوشان لەگەڵ ئەم پەیوەندییە ڕاستەوخۆیانەی بە دەسەڵاتەوە، جێی پرسیارن. حیلمی سالم پێی وایە ”ڕاستگۆیی هۆکاری سەرەکیی ئەو بەردەوامییەیە” و دەڵێت: ”عەبدولحەلیم حافز دیاردەیەکە لە چەند بەشێک پێک دێت: ئاستی بەرزی دەقی گۆرانییەکانی، ئەو شاعیرە گەورانەی بۆیان نووسیوە، ئاوازدانەرە مەزنەکانی ئاوازیان بۆ دادەنا، وەک محەمەد عەبدولوەهاب، کەمال تەویڵ و بەلیغ حەمدی و… ئینجا ئەو دەنگە نایابەی. بەڵام سەرەڕای ئەمانەیش، هۆکاری هەرە سەرەکی، ڕاستگۆییەکەیەتی. حەلیم دەیتوانی وا بکات بە تەواوی بڕوا بەوە بکەیت کە دەیڵێت، ئیتر سۆزداری بێت یان نەتەوەیی. هەر ئەمەیشە ئەو هێزەی بە وشەکان و ئاواز و دەنگەکە داوە؛ ئەم چوارچێوەیە ئەو تێکەڵە ئەفسووناوییەی پشت سەرکەوتنی عەبدولحەلیم حافزە. دیاردەی عەبدولحەلیم حافز، وشە و ئاوازە نوێیەکانی، دەنگی، دەگمەنن. دەگمەنییە هەرە گرنگەکەیشی، ئەو ڕاستگۆییەیە کە لە دەڵیەوە دێت.”

هاوبەشی بکە

Abdul halim Hafiz, Politics,