24/03/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بێرگمان: ئەندێشە و ڕەنگدانەوەكانی بێرگمان دەربارەی ژیان، مردن و خۆشەویستی

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا


دیدی من – سینێفیلیا ئاند بیۆند
لە ئینگلیزییەوە: چرۆ عیزەت

دەرھێنەری بەناوبانگ ئینگمار بێرگمان بە دەگمەن چاوپێكەوتنی ئەنجام دەدا، بەڵام ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ ‘مالۆو ڤۆن سیڤەرس’ی ڕۆژنامەنووسی تەلەفزیۆنی سویدی (تی ڤی فۆ یو ئینتەرناشناڵ) چاوپێكەوتنێكیان ساز دا. لەگەڵ باشترین ھاوڕێ و یاریدەدەرە ھەمیشەییەكەیدا ‘ێرلاند جۆزێفسۆن’ی نواندنكاری سویدی بەناوبانگ پێكەوە گفتوگۆی ژیان و مەرگ و خۆشەویستییان كرد. بێرگمان وەكو شارەزاترین پیشەگەری سینەما و شاعیری فیلم بەردەوام ڕێزی لێ دەگیرا. ئەو ژیری و بیرۆكەكانی بۆ خستنەڕووی یادەوەریی ئازار و شادییەكانی ڕابردووی بەكار دەھێنا، فیلمەكانیشی ڕەنگدانەوەی بەشێكی زۆری ھەستەكانی ژیانن، وەكو ترس و تۆقین و ڕق و خۆشەویستی و ھەروەھا ترس لە مەرگ.

ھەموو ڕۆژانێكی شەممە، ئینگمار بێرگمان و ئێرلاند جۆزێفسۆن بە تەلەفۆن قسەیان دەكرد، ھەمیشەش بابەتی گفتوگۆكانیان ھەمان شت بوون، ”ژیان، مەرگ، خۆشەویستی.” ئەوان ساڵی ١٩٣٩ بە یەكدی ئاشنا بوون، كاتێك تەمەنی بێرگمان ٢١ ساڵ و ئێرلاند ١٦ ساڵ بوو. ئێرلاند جۆزێفسۆن لە بیرەوەریدا ھێشتاش ئەو یەكەم ساتەی لە یادە كە لەگەڵ بێرگماندا چاویان بە یەكدی كەوت، كاتێك بێرگمان بەرەو ژوورەكە ھەنگاوی نا، خاوەنی كاریزمایەكی جادوویی بوو، ھاوشانی چۆنییەتی و پیشەی فیلمسازییەكەی. چەند ساڵێك دواتریش پێكەوە لە ھۆڵی شانۆیی ھێڵسینگبۆرگدا دەستیان كرد بە كاركردن پێكەوە بە شێوەیەكی لێھاتوانە. لەو كاتەشەوە و بۆ ماوەی نزیكەی ٦٠ ساڵ پێكەوە كاریان كرد، لە فیلمەكانی وەكو ”فانی و ئەلیكساندەر، ھاوار و چرپەكان، دیمەنەكانی ئاھەنگی ھاوسەرگیرییەك.”

گفتوگۆیەكی بێرگمان لەگەڵ خوێندكارەكانی پەیمانگەی ئەمەریكیی فیلمدا (٣١ی تشرینی یەكەمی ١٩٧٥) بێگومان یەكێكە لە چاوپێكەوتنە نایاب و زۆر چاكەكان كە لەگەڵ ئینگمار بێرگماندا ساز درابێت.

كاتێك ڕووبەڕووی خوێندكارەكان دەبێتەوە بێرگمان دەڵێت:

”زۆر شڵەژاوم، خەریكە دەبوورێمەوە، ھەمیشە لەو كاتانەدا كە پێویست دەكات كەسانێكی زۆر ببینم ئەوا زۆر دەترسێم، بەڵام ئێوە زۆر خۆشەویستن و منیش ھەرچیم لەدەست بێت ئەنجامی دەدەم.”

كەسێك پێی گوتم یەكەم ڕۆژ كە دێمە ئێرە ئەوا دێمە وانەكەتانەوە و شپرزە دەبم، منیش گوتم: وانە؟ وانەی چی؟ ئەویش گوتی: دەڕۆیت بۆ لای ئەو خوێندكارانە و سڵاوێكیان لێ دەكەیت، ئیدی تەواو.

لەو بڕوایەدام چەندین پرسیارم لێ دەكەن، بەڵام نازانم ئاخۆ چیتان لێم دەوێت. ھەوڵ دەدەم ھەتاكو بتوانم ڕاستگۆ بم. زۆر سەختە لەبەر ئەوەی ناتوانم بە زمانەكەی خۆم قسە بكەم، ھەندێك جار تەواو ئەستەمە وشە ڕاست و گونجاوەكە بەكار بھێنم، كەواتە یارمەتیی یەكدی دەدەین، وایە؟

ھەروەھا چاوپێكەوتنێكی (بی بی سی) لەگەڵ بێرگماندا كە لەژێر ناوی ”ئینگمار بێرگمان و دورگەی فارۆ”دا بڵاویان كردەوە دەلاقەیەكی جوان و نایاب بوو بۆ ئاشنابوون بەم دەرھێنەرە مەزنە، كە تێڕوانین و شێوازێكی ھێنایە نێو سینەماوە نەك تەنھا ئەزموونەكانی مرۆڤ بەڵكو  ئەزموونە سینەماییەكانیشی لەخۆ دەگرت و وایان كرد بە یەكێك لە مەزنترین دەرھێنەرەكان ناو ببرێت.

كاتێك كەسێك تەماشای فیلمێكی بێرگمان دەكات ئەو ڕاستییەی بۆ دەردەكەوێت و لەوەش زیاتر و جوانتر دەرھێنەرەكە لە ماوەی ژیانیدا كاری دەرھێنانی بۆ زیاتر لە چل فیلم كردووە. بۆ پڕكردنەوەی كاتەكانی ڕۆژ و ھەفتەكانت لیستێكی گەورە لە فیلمەكانی بێرگمان ھەن كە دەتوانیت ھەڵیانبژێرێت، ئەم چاوپێكەوتنەش ئەوە ڕوون دەكاتەوە ئاخۆ بۆچی پڕكردنەوەی كاتەكانت بە فیلمەكانی بێرگمان لە ”باش” زیاترە.

ئینگمار بێرگمان نموونەی فیلمسازێكە لە بەرگی ھونەرمەندێكدا، ئەو ڕووناكییەكی ڕۆشنكەرەوە بوو لە فیلمی ئێستادا كە بێئاگایانە وەكو ھونەر بوو. لە ”وودی ئاڵن”ەوە بۆ ”ئاندریێ تاركۆڤسكی” كارەكانی بێرگمان كاریگەرییەكی زۆری بەسەر زۆر كەسەوە ھەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنھا چەند كەسێكی كەم بەختی ئەوەیان ھەبووە چاویان بە بێرگمان بكەوێت و بە دوورودرێژی لەگەڵیدا بدوێن. لەم چاوپێكەوتنە یەك كاتژمێرییەشدا دەرھێنەرەكە باسی خۆی و ژیانی و فیلمسازییەكەی دەكات.

تەماشای ھەر فیلمێكی دەكەیت ساتەوەختێكی تێدایە كە لە بینەرەكەی نزیك دەبێتەوە و تێكەڵی دەبێت، وەكو ئەو كاتەی باوكەكە بۆ كوڕەكەی دەدوێت لە دوا ساتەكانی فیلمی ”بە ئاوێنەیەكدا بە تاریكی” و ئەو كاتەی لە فیلمی ”ڕۆشنایی زستان”دا قەشەكە لە كڵێسا چۆڵەكەدا لەبەر (مارتا) خزمەتكارەكە بەڕێ دەكات، یانیش ئەو كاتەی لە فیلمی ”بێدەنگی”دا كوڕە بچكۆلانەكە لەسەر شەمەندەفەرەكە نامەكەی ”ئیستەر” دەخوێنێتەوە. چەند سات و دیمەنێكی كورتخایەن بەڵام بێبەزەییترینیانن. ئەوەی لە ژیانیشدا زۆر سەختە ئەوەیە بتوانیت پەیوەندییەكی لەو جۆرە لەگەڵ مرۆڤێكی تردا دروست بكەیت. ئەگەرنا وای دانێ مردوویت، ھەر وەك چۆن زۆر كەسی تر ئەمڕۆكە مردوون.

”بەڵام ئەگەر یەك ھەنگاو بەرەو پەیوەندییەك بنێیت، بەرەو تێگەیشتن و بەرەو خۆشەویستی، ئەوا گرنگ نییە ئاخۆ دەبێت داھاتوو چەند سەخت بێت، ھیچ خەیاڵ و فریوێكیش بوونی نابێت، تەنانەت سەرەڕای ئەو ھەموو خۆشەویستییەی لە دنیادا ھەیە، دەكرێت ژیانكردن زۆر سەخت بێت، كەواتە نەمردوویت و پارێزراویت. خۆی ھەر ئەوەش كێشەكەیە، وا نییە؟” (بێرگمان، حوزەیرانی ١٩٦٤)

هاوبەشی بکە

Bergman, Ingmar Bergman,