26/04/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بێرگمان: بێرگمان و دروستکردنی فیلم “دەربارەی دۆکیومێنتارییەکەی ڤیلگۆت هۆیمان”

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – سینێفیلیا ئاند بیۆند
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ژیر دانا

ساڵی ١٩٦١ـە و ئینگمار بێرگمان خەریکی دروستکردنی فیلمێکی نوێیە. لەو فیلمە نوێیەدا، ڤیلگۆت هۆیمان (کە دەرهێنەری فیلمەکانی “من فزووڵم” و “زەرد”ـە) یەکێکە لە یارمەتیدەرانی بێرگمان. هۆیمان لەو کاتەدا بیرۆکەی ئەوەی بۆ دێت کە دۆکیومێنتارییەک لەگەڵ بێرگماندا ئەنجام بدات. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەیش، دەچێت قسە لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی سویدی دەکات و هانیان دەدات کە هەتا بێرگمان لێیان نزیکە و خەریکی کارکردنە، دەرفەتێک وەربگرن و کارێکی لەگەڵدا ئەنجام بدەن. دواجار لە مانگی هەشتی ئەو ساڵەدا ستافێکی تەلەڤیزیۆنەکە بە یاوەری هیلگۆت هۆیمان دۆکیومێنتارییەکی پێنج بەشییان لەسەر بێرگمان و پڕۆسەی دروستکردنی فیلمەکەی ئەو کاتەیان کە فیلمی “ڕووناکی زستان” بوو دروست کرد. لەناو دۆکیومێنتاریەکەیشدا باسی ئەم بابەتانە دەکرا:  بەرەوپێشبردنی سیناریۆ، دامەزراندنی سێت، ڕووناکی، ڕاهێنان و مۆنتاژ. دوای باسکردنی ئەم بابەتانەیش گفتوگۆیەک لەگەڵ بێرگمان و کاستی فیلمەکەی ئەنجامدرا. دۆکیمێنتارییەکە بە کامێرایەکی شانزە میلیمی تۆمارکرا و لە کۆتاییشدا پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا لەلایەن بینەران و ڕەخنەگرانەوە. بڕایەن بێرک دەربارەی دۆکیومێنتارییەکە بەم جۆرە دەدوێت “باشترین دۆکیومێنتارییە کە بینیبێتم و دەربارەی پڕۆسەی فیلم دروستکردن بێت.” لە ئێستایشدا ئەو دۆکیومێنتارییە لەناو یەکێک لە بۆکسەکانی کرایتێریەن کۆلێکشن دانراوە بە ناوی “سێینەی بێرگمان”.

لەناو دۆکیومێنتارییەکەدا بێرگمان باس لە پڕۆسەی دروستکردنی فیلم دەکات لە کاتی ئەنجامدان، پێش و پاشی دروستکردنی فیلمی “ڕووناکی زستان”. کارەکە بەسەر پێنج بەشدا دابەشکراوە و لە خوارەوە ئاماژەیەکی کورت لەسەر هەر بەشێکیان دادەنێین.

سیناریۆ

لەم بەشەدا بێرگمان باسێک لە قۆناغەکانی نووسینی سیناریۆ دەکات. لە پاڵ ئەوەیشدا باس لە هەڵبژاردنی ئەکتەر، دیاریکردنی شوێنی وێنەگرتن، ڕووناکی و جلوبەرگیش دەکات. دوای بێرگمانیش قسە لەگەڵ سڤێن نایکڤیستی سینەماتۆگرافەر و ماکس گۆڵدستەینی دیزاینەری جلوبەرگ دەکرێت.

وێنەگرتن بەشی یەکەم

لێرەدا سەرنج لەسەر ستایلی وێنەگرتن و دەرهێنانی بێرگمانە، لەو کاتەی کە هەردوو ئاکتەر گەنەر یۆرنستراند و ئینگرید سولین خەریکی ئەنجامدانی گرنگترین دیمەنی فیلمەکەن. (لەناو وتارێکیدا لەسەر دۆکیومێنتارییەکە، هۆیمان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو دیمەنەی لەم بەشەدا دەردەکەوێت تەنها ڕاهێنان بووە و هەمان دیمەن نەبووە کە لە فیلمەکەدا بەکارهاتووە).

وێنەگرتن بەشی دووەم

هۆیمان هێشتا لەسەر باسکردنی وێنەگرتن و دەرهێنان بەردەوام دەبێت لەم بەشەدا و بۆ ئەم مەبەستەیش چاوپیکەوتن و گفتوگۆیەک لەگەڵ بێرگمان ئەنجام دەدات لەسەر سێتی فیلمەکە. گفتوگۆکەیش دەربارەی فەلسەفەی بێرگمانە لە کاری دەرهێنانی فیلمدا و دواتریش باسکردنی خاڵە بەهێز و لاوەزەکانیەتی.

پۆست پرۆدەکشن

لەم بەشەیاندا پڕۆسەی مۆنتاژکردنی فیلمەکە پیشان دەدرێت بە تەواوی قۆناغەکانیەوە لەسەر یەکێک لە دیمەنەکان. دواتریش چۆنییەتی دەستکاریکردنی دەنگی هەمان دیمەن.

نماییشکردن

لە کۆتا بەشی دۆکیومێنتارییەکە، پڕۆسەی پلان دانان بۆ بڵاوکردنەوە و نماییشکردنی فیلمەکە پیشان دەدرێت لەناو سوید و دەرەوەی سویدیش. دواتر سەرنجی بینەرەکان و ڕەخنەگران وەردەگیرێت لەسەر فیلمەکە.

چەند سەرنجێکی ڤیلگۆت هۆیمان لەسەر کارەکە:

یەکەم درامای خۆمم لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا نووسی. هەر ئەو کاتە پیشانی ئینگمار بێرگماندا، کە ئەو لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا بوو. دواتر بەردەوام بووم لە نووسینی سیناریۆی فیلم. هەر ئەوەیش بوو کە وای لێکردم بمەوێت چۆنییەتی کارکردنی دەرهێنەرەکان بزانم. لێرەوە بوو بیرۆکەی دۆکیمێنتارییەکەم بۆ هات و یەکەم پرسیاریش کە ئاڕاستەی بێرگمان کرد ئەمە بوو: “دەتوانم هەنگاو بە هەنگاو چاودێری پڕۆسەی فیلم دروستکردنەکەت بکەم؟” دواتر قسەم لەگەڵ بڵاوکەرەوە تایبەتەکەی خۆم کرد و ئەویش بیرۆکەکەی زۆر بەدڵ بوو. لە کۆتاییشدا بیرۆکەکەم خستە بەردەست تەلەڤیزیۆنی سویدی و ئەوانیش قبووڵیان کرد.

لەوانەیە ئەمە یەکەمجار بووبێت کە ئەو ڕێگا بە کەسێک بدات پڕۆسەی فیلم دروستکردنەکەی بەو وردەکاریەوە دۆکیومێنت بکات. ئەو ڕێگای دەدەم کە هەر شتێکم بینی پێم خۆش بوو بتوانم بەکاری بهێنم و لەلای خۆم دۆکیومێنتی بکەم. بەڵام هێشتا هەندێک بابەت هەبوون کە بێرگمان خۆی لێیان دەپاراست و بە ئاسانی نەیدەهێشت من دەستم پێیان بگات. بۆ نموونە درافتی یەکەمی سیناریۆکە و هێڵکارییەکانی پێش ئەوەی گۆڕانکاری تیا ئەنجام بدات. ئەمەیش لە کاتێکدا کە دواتر خۆی لەناو کتێبێکدا بە ناوی”وێنەکان: ژیانی من من لەناو فیلمدا” بڵاوی کردەوە. بەڵام هێشتا دەتوانین بڵێین کە لە ڕێگای دۆکیومێنتارییەکەوە سەرچاوەی دروستبوونی فیلمەکە زۆر بەباشی دەردەکەوێت. بە جۆرێک کە وەک ئەوە وایە من خودام لەناو کڵێسەکەی خۆیدا هێنابێتە قسە و لە بێدەنگییەکەی دەرم هێنابێت.

دەبێت باسی ئەوەیش بکەم کە بێرگمان نەیدەهیشت ستافی تەلەڤیزیۆنەکە کە بەرپرس بوون لە وێنەگرتنی دۆکیومێنتارییەکە، بچنە ناو ستۆدیۆکان و لەکاتی وێنەگرتن ئامادەبن. هەر بۆیە لە ڕۆژانی دوای وێنەگرتن ئاکتەرەکانی ڕاسپاردەوە کە دیمەنەکان دووبارە بکەنەوە تەنها بۆ دۆکیومێنتارییەکە. واتە ئەو دیمەنانەی کە لە فیلمەکەد بەکارهاتوون هەمان ئەو دیمەنانە نین کە لە دۆکیومێنتارییەکەدا بەکاردێن. هەرچەندە ئەو کاتە فیلمەکە تەواو ببو، بەڵام بێرگمان زۆر سەرکەوتووانە پڕۆسەکەی دووبارە کردەوە. بە جۆرێک کە هەموو ستافەکە کەوتبوونە ژێر فشارەوە وەک ئەوەی کە بەڕاستی خەریکی فیلمەکە بن. بۆیە ئەوانیش بە جۆرێک دیمەنەکانیان دووبارە دەکردەوە کە هەمان شێوەی دیمەنەکانی ناو فیلمەکە بێت. بێرگمان زۆر جدی بوو لە دروستکردنەوەی دیمەنەکان و پیشاندانی پڕۆسەکە. ئەوەندە جدی بوو کە دوای تەواوبوون و سەیرکردنی کارەکە پێ وتم “بە دڵم نییە. پێویستە دووبارەی بکەینەوە”. ئێمەیش هەر وامان کرد و دووبارەمان کردەوە.

لینکی دۆکیومێنتارییەکە:

https://youtu.be/U8sGaGhKgQg
هاوبەشی بکە

Bergman, Ingmar Bergman,