27/04/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بێرگمان: سێینەی بێدەنگی خودا، بێ باوەڕیی؟ یاخود لێكدانەوەی بوونگەراییانە؟

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئه‌لحیوار
له‌ عەرەبییەوە: چرۆ عیزەت

 ئینگمار بێرگمان ساڵی ١٩١٨ لە شاری  ئەبسالای وڵاتی سوید لەدایكبووە، كوڕی قەشەیەكی پڕۆتستانتی بوو، كە پەروەردە توندەكەی لە لایەن باوكییەوە كاریگەرییەگی زۆری بەسەریەوە ھەبووە. لە كۆلێژی  ستۆكھۆڵم خوێندوویەتی و ساڵی ١٩٤٤ دەست دەكات بە ڕێچكەی فیلمسازی.

 بێرگمان لە ماوەی ژیانیدا كاری دەرھێنانی بۆ نزیكەی ٥٠ فیلم كردووە و مامۆستایەكی تاك بوو لە زمان و ڕەوتی سینەمایی و بابەتی فیلمەكانیدا كە بەردەوام بە دەوری مردن و پرسیارەكانی بوونی خودادا دەسوڕانەوە، بە جۆرێك ڕەخنەگرەكانیش لەنێوان بوون و نەبوونی خودا لە لای  بێرگمان سەریان لێ شێواوە، ڕوونیشە كە  بێرگمان لەم بارەیەوە نەگەیشتبوو بە دڵنیاییەكی تەواو، چونكە ئەو دوو بابەتەش كە ھەرگیز لە فیلمەكانیدا كۆتاییان پێ نایەت ھەردوو بابەتی “مردن” و “خودا”ن، لەگەڵ چارەنووسی دوورە دەست لە ژیان و تەنانەت ھەندێكجار مردن دەگاتە ئەوەی پێمان دەڵێت كە  بێرگمان بێ باوەڕ بووە. سەرەڕای ئەوەش تەواوی بابەتەكان لە فیلمەكانیدا بە زمانێكی سینەمایی توندوتیژ دەربارەی بارودۆخی مرۆڤی سەردەم دەدوێن و بابەتەكان بە ڕێگەیەكی زۆر سەخت دەخاتە بەردەست، ئەمەش وا لە بینەری فیلمەكانی دەكات وا ھەست بكەن پەرتووكێكی فەلسەفی دەخوێننەوە كە ڕوون ناكرێتەوە، كارە سینەماییەكانیشی شیكارییەكی فەلسەفی و زمانێكی ئاڵۆز كە پێویستی بە زانستی دەروونناسی ھەیە لەخۆ دەگرن، ھەروەھا بابەتێك كە ئەو كەسانە دەخاتە دۆخێكی تایبەتەوە كە دەیانەوێت ڕووبەڕووی سینەما ببنەوە و شیكاریی بۆ بكەن و زۆرینەی جارەكانیش ناگەن بە بڕیارێكی ڕوون دەربارەی ئەم دەرھێنەرە ئەوەیە سەرجەم فیلمەكانی ئەم دەرھێنەرە چەندین بۆچوونی جیاواز لەخۆ دەگرێت و ھەتاكوو ئێستاش ڕەخنەگرەكان لەسەر ھیچ یەكێكیان ھاوبۆچوون نین.

لە گرنگترین ئەو فیلمانەی  بێرگمان كاری دەرھێنانی بۆ كردوون بریتین لە  خەونی شەوێكی ھاوین/١٩٥٥،  مۆری حەوتەم/١٩٥٧،  شلكە كێوییەكان/١٩٥٧،  ڕووپۆش/١٩٦٦،  چرپە و ھاوارەكان/١٩٧٢، ھەروەھا سێینەی ناسراو بە [بێدەنگی خودا] كە پێكدێت لە ھەر سێ فیلمی  بە ئاوێنەیەكدا بەتاریكی/١٩٦١ و  ڕۆشنایی زستان/١٩٦٢ و  بێدەنگی/١٩٦٣.

بەشی یەكەم:
فیلمی  بە ئاوێنەیەكدا بەتاریكی/١٩٦١

لەگه‌ڵ ده‌ستپێكی ئه‌م سێینەیەدا‌  بێرگمان چاره‌سه‌رێك بۆ كێشەی نەبوونی خودا دروست دەكات و له‌ گومان دوورمان دەخاتەوە. لەبەرئەوەی ئەم سێینەیە بە [سێینەی بێدەنگی خودا] ناسراوە، بەڵام چارەسەری ئەم كێشەیە  بوونی خودایە، كە پێویستە لەنێوان دوو كەوانەدا دایبێین و ئاماژەی بۆ بكەین، چونكە ئەوەی لەم سێینەیەدا دەیبینین دەرگایەك بە ڕووی كۆمەڵێك ئەگەر و پرسیاری زۆردا دەكاتەوە.

لە سەرەتای فیلمەكەدا خانەوادەیەك دەبینین لە ناوەڕاستی دەریایەكەوە دێنە دەرەوە، ئاخۆ  بێرگمان پێمان دەڵێت ئەم خانەوادەیە كە لە باوك و كوڕ و كچێك و مێردی كچەكە پێكھاتوون لە [ھیچ شوێنێك]ەوە ھاتوون؟ ئاخۆ لە ئاوی دەریاكەوە ھەڵقوڵاون؟ ئەگەر ئەوانە ڕاست بن كەواتە دەرھێنەرەكە دەیەوێت وەكوو دۆخێكی تایبەت لەم خانەوادەیە بڕوانین.

كچەكە، واتا  كارین دووچاری نەخۆشییەكی دەروونی بووە، لە فیلمەكەدا ناوی نەخۆشییەكەی ناھێنرێت بەڵام ڕوونە  شیزۆفرینیا یاخود پارانۆیایە،  نەخۆشییەكەیشی بەرەنجامی خەیاڵە قووڵەكانییەتی لەبارەی بوونی خوداوە، تەنانەت پێیوایە خودا لە ژوورەكەیدایە لە پشت لەزگەی دیوارەكەوە و ھەركاتێك لێی نزیك ببێتەوە دەیبینێت، درزێك لە دیوارەكەدا ھەیە  كارین زۆر جار تەماشای دەكات، لەگەڵ پەنجەرەیەك كە بەسەر دەریاكەدا دەڕوانێت،  كارین بۆ براكەی باس دەكات ھەموو ڕۆژێك بە دەنگێكی بەرز لە خەو ھەڵدەستێت كە بانگی دەكات، كەسێك لە پشت دیوارەكەوە قسەی لەگەڵدا دەكات.

ھاوسەری كچەكە، واتا  مارتن، ھەروەھا باوكی كچەكە واتا  دایڤید، ھەردووكیان  كارینیان خۆشدەوێت و بەھۆی نەخۆشییە دەروونییەكەیەوە ھەست و سۆزیان بۆی دەجوڵێت، بەڵام ڕووداوەكان بە ئاڕاستەیەكی دیكەدا دەڕۆن، كاتێك  كارین بۆی دەردەكەوێت باوكی نەخۆشییەكەی و ساتی توڕەبوون و شێتگیرییەكانی بەكاردەھێنێت ھەتاكوو چیرۆكێكی پێ دابڕژێت كە خۆی دەینووسێت.

لێرەدا كەمێك ڕادەوەستین ھەتاكوو خەیاڵ و لێكدانەوە بكەین، ئاخۆ وێناكردنی ئەم بارودۆخە لەپێش باوكەكەدا جۆرێكە لە چێژبینین لە ئازار؟ ئاخۆ جۆرێكە لە كونجوكۆڵیی؟ یاخود لەوانەشە ھەڵوەشاندنەوەی كەسایەتییەكەی ڕۆمانێكی مەزنی لێ دەربچێت؟

ئەگەر كەسایەتییەكان لە [ھیچ شوێنێك]ەوە ھاتبن، وە ئەگەر پێویست بكات لە گۆشەیەكی تایبەتەوە لێی بڕوانین، ئەوا ئەو باوكەی بەردەوام سەرقاڵی نووسینە؛ لە چیرۆكەكانیدا وەكو خودا دەردەكەوێت و لە باوەڕ و گومان دڵنیا نییە، بە دوای ڕاستییشدا دەگەڕێت. باوكەكە بیری بوونی خودا تەرح دەكات و بوونێكی ئاڵۆزیشی نییە، وە ئەگەر خودا بوونیشی ھەبێت ئەوا ئێمە لەڕێگەی ئاوێنەیەكی تاریكەوە دەیبینین و لێرەدا پێویستە باوكەكە [خودا] سەرزەنشتی خۆی بكات.

با بگەڕێینەوە لای  كارین، ئاخۆ ئەو بارودۆخەی تێیدایە واتای ئەوەیە كە نەخۆشە؟ بۆچی دەرھێنەر لە فیلمەكەدا چارەنووسی  كارینی وا داناوە كە نەخۆش بێت؟ بۆچی بارودۆخێكی سۆفیگەرانە نەبێت و زیاتر لەو بابەتانەوە نزیك بێت كە بۆچوونمان ھەبێت لەبارەیانەوە؟

 كارین سەیری نێو دۆڵابەكە دەكات و ھیچ كەسێكی تێدا نادۆزێتەوە، بەڵام ھێشتاش دەنگێك بانگی دەكات. خۆی لە ژوورێكی گەورە و فراوان و درەوشاوەدا دەبینێتەوە كە ھەنگاو بەرەو ناو ژوورەكە دەنێت و خەڵكی تێیدا دێن و دەڕۆن، ھەندێكیشیان قسەی لەگەڵدا دەكەن و ئەویش لێیان تێدەگات و ھەست بە ئاسوودەیی دەكات. لە ڕووخساریاندا [كە ڕووخساری مرۆڤن] ڕووناكییەكی دەروشاوە ھەیە و ھەموویان چاوەڕێی ھاتنی ئەو [واتا خودا] دەكەن، بەڵام ھیچ كامیان نیگەرانیش نین،  كارین دەڵێت “ئەوان گوتیان منیش دەتوانم لەوێ بم كاتێك ئەوە ڕوودەدات”، پاشان بە كوڵ دەگری.

گریانێكی بە كوڵ دەگری بۆ ساتەوەختی چاوپێكەوتن [واتا چاوپێكەوتنی لەگەڵ خودا]، لەو باوەڕەشدایە خودا خۆی پێ پیشان دەدات،  ھەروەھا پێیوایە ئەوەش بەھۆی نەخۆشییەكەیەوە ڕوودەدات و نەخۆشییەكەیشی وەكوو خەونێك وەھایە.

ئەم نەخۆشییە لە تێڕوانینی دەروونییەوە كۆمەڵێك شیكاریی لەخۆ دەگرێت، ھەرگیز بارودۆخێكیش نییە كە لە لای دەروونشیكارەكان ھێندە دەوڵەمەند و بڕشت بێت، بەڵام خودی  بێرگمان پێیوایە ئەم بارودۆخە تەنھا بۆچوون و تێڕوانینی دەروونی لەخۆ ناگرێت، بەڵكو ھەڵگری بۆچوون و تێڕوانینی بوونێكی لاھوتییانەیشە، كاتێكیش  كارین لە كۆتایی فیلمەكەدا دووچاری دۆخێكی توڕەیی و شێتی دەبێت ئاخۆ ئەو بوونەی بینیووە كە لەسەر شێوەی جاڵجاڵۆكەیەك بوو؟ [ئاخۆ خودای بینیووە؟].

براكەی  كارین لاوێكی ھەرزەكاری ویست لاواز، بەردەوام سكاڵا لە ژیان و لەو دۆخی ژیانەیان دەكات پاش ھەموو ئەو شتانەی دەیانبینێت [ئازار و ناڕەحەتی و مردن و ھەژاریی…ھتد]، بەدرێژایی فیلمەكە ھەست دەكەین لەنێوان باوك و كوڕەكەدا بۆشاییەك ھەیە، لە شتێك كەمە و لاوەكەش ئازاری پێ دەچێژێت، لە كۆتایی فیلمەكەشدا كوڕە لاوەكە دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت لەگەڵ باوكیدا گفتوگۆ بكات و لێی دەپرسێت “ئایا خودا بوونی ھەیە؟ ئەگەر ھەیە بەڵگەیەكم پێبدە كە بوونی بسەلمێنێت، دەزانم كە ناتوانیت”.

پاشان باوكی لە وەڵامدا پێی دەڵێت “ھەموو ئەوەی دەتوانم پێتبڵێم بۆچوونی خۆمن، لەم ژیانەدا خۆشەویستی ھەیە، نازنم ئاخۆ خۆشەویستی بەڵگەی بوونی خودایە؟ یاخود خۆشەویستی ھەر خۆی خودایە؟”.

لەڕاستیدا سیمبولی كۆتایی ھەڵگری بۆچوون و تێڕوانینی تایبەت بە خوودی  بێرگمان و بۆچوون و پەروەردە دینییە توندوتیژەكەیەتی، وە ئەگەر بمانەوێت لەبارەی بۆچوونی  بێرگمانەوە بگەینە ئەنجامێك ئەوا ئەم فیلمە بەڕاشكاوی پێمان دەڵێت كە خودا بوونی ھەیە، بەڵام ئامانجی ئەم [بوون]ەی ڕوون نییە و چەشنی ئاوێنەیەكی تاریكە، بابەتێك كە لای بێ باوەڕان ھەرگیز  نكۆڵی لێ ناكرێت كەم تا زۆر بابەتی “گومان”ە، سەرەڕای ئەوەی بەشێكی زۆری ڕەخنەگران بەرگری لێ دەكەن، بەڵام نكۆڵی لێ ناكرێت كە  بێرگمان باوەڕ بە تاوان دەزانێت.

باوكەكەش كە بڕیارەكانی ھەتاكوو ئەم ساتە دواخستووە جگە لە پیشاندانی بوونێكی مەعنەوییانەی خودا ھیچی دیكە نییە.

باوكەكە كچەكەی خۆشدەوێت ھەروەك چۆن خودا بەندەكانی خۆشدەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئازار و ناخۆشییان دەھێنتە ڕێ، بەكارھێنانی بارودۆخی كچەكەش لەلایەن باوكەكەوە جگە لە سەلماندنی ئەم قسەیە ھیچی دیكە نییە، ئەم بابەتە زۆر زیاتر لەوەش ھەڵدەگرێت كە بتوانین لێرەدا باسی بكەین.

ھەروەھا لەم فیلمەدا دەرھێنەر پشتی بە بەكارھێنانی گرتەی نزیك بەستووە و ڕووخساری نواندنكارەكان نزیك دەكاتەوە و دەتوانین خوێندنەوەیان بۆ بكەین.

 بێرگمان لەم فیلمەدا باس لە [بوون] دەكات و لە فیلمی دواتری سێینەكەشدا كە  ڕۆشنایی زستان/١٩٦٢ە باس لە ئامانجی ئەم بوونە دەكات.

بەشی دووەم:
فیلمی  ڕۆشنایی زستان/١٩٦٢

بابەتی ئەم فیلمە كە یەكێكە لە فیلمە دڵخوازەكانی گەورە دەرھێنەری ڕووسیی  ئەندریێ تاركۆڤسكی و بابەتێكی پەسەندی  بێرگمانە، كە ئەویش مرۆڤە. بابەتی ئەم فیلمە زۆر نزیكە لە بابەتی فیلمی  مۆری حەوتەم/١٩٥٧ەوە، سەرەڕای ئەوەی فیلمی كۆتایی بەھێزترە لەڕووی خوودی سینەماییەوە، چونكە فیلمی  ڕۆشنایی زستان بەزۆریی پشت دەبەستێت بە گفتوگۆی بەردەوامی نێوان نواندنكارەكان، ڕەخنەگرەكانیش لەو بڕوایەدان بەكارھێنانی كامێرا لەم فیلمەدا پشتی بەستووە بە گفتوگۆی نێوان كەسایەتییەكان.

چیرۆكی فیلمی  ڕۆشنایی زستان بە دەوری كۆمەڵێك پرسیاری لەدوایی نەھاتوو دەربارەی پەیوەندی مرۆڤ بە بەدیھێنەرەكەی و ڕاستی ئەم ژیانەوە دەسوڕێتەوە، قەشەیەك ھەیە بە دەوری كەسایەتییە نەخۆشەكاندا دەسوڕێتەوە كە وا دەردەكەوێت لە سەرەتا ھەتاكوو كۆتایی فیلمەكە ئازار بچێژێت، ئەمەش لە ئەنجامی ڕاستی بوونی خوداوە سەر ھەڵدەدات، ھاوژینەكەیشی بەر لەوەی بمرێت بەردەوام ھاوكاری كردووە و پشتی پێی بەستووە بەڵام ھەرگیز نەیتوانیووە لەبارەی باوەڕی قەشەكەوە دڵنیاییەكی تەواو وەربگرێت و بە زیادەڕەویی ناوی نەدەبرد و ھیچی دی، كاتێكیش ھاوژینەكەی دەمرێت قەشەكە داوای ھاوكاری لە خودا دەكات بەڵام دەبینێت خودا جگە لە بێدەنگی ھیچ وەڵامێكی دیكەی ناداتەوە.

 یۆناس كە ڕاوكەری ماسییە لە فیلمەكەدا خودا بە فێڵباز ناو دەبات، لە ڕووخساریدا بێ ئومێدی دەبینرێت و ھیچ كاردانەوەیەكی بەرامبەر ژیان نەماوە، لە ڕوودانی ھاوێشتنی موشەك دەترسێت [فیلمەكە لە ماوەی ھێرشە موشەكییەكانی  كوبیادا وێنەی گیراوە]. كاتێكیش قەشەكە پرسیاری لێ دەكات ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت “ئەگەر ھەر بە مردن كۆتاییمان پێدێت، ئیدی بۆچی بژین؟”، قەشەكەش سەری لە زەوییەكە دەنێت و ھیچ وەڵامێكی ناداتەوە.

پاشان  یۆناس خۆی دەكوژێت و ئەو گومان و دوودڵییانەی لە فیلمەكەدا درووست دەبن ئەم كەسایەتییە درووستیان دەكات.

یەكێكی دیكە لە كەسایەتییەكان ئافرەتێكە، كە مامۆستای خوێندنگەیە، ھەندێكجار قەشەكە بۆ خاوێنكردنەوەی ماڵەكەی بانگی دەكات، یەكێكیشە لە چیرۆكبێژەكانی كڵێسا كە وتارەكانی پێشكەش دەكات، قەشەكەی خۆشدەوێت و بەردەوام داوای لێ دەكات ھاوسەرگیری بكەن و بەردەوامیش دڵنیای دەكاتەوە كە خودا بوونی نییە و پێویستە چیدی واز بھێنێت لە دوودڵی، لەكاتێكدا لە كۆتاییشدا دەگاتە ئەو بڕوایەی كە نەبوونی خودا شتێكی ئاسوودەبەخشە و لەوە باشترە كە بوونی ھەبێت، لەمەشەوە مردن وەكو پاكبوونەوە لە ژیان وەردەگرێت و ھیچی دی.

قەشەكە ڕەتی دەكاتەوە ھاوسەرگیری لەگەڵدا بكات و بەئاشكراش نەفرەتی لێ دەكات، لەوانەیە لەبەرئەوەبێت كە بیەوێت سنوورێكی تەواو بڕواپێكراو بۆ بوونی دابنێت، پاشان لەكۆتایی ئەم گفتوگۆیەدا  بێرگمان چارەسەرێك دادەنێت و لەسەر زمانی یەكێك لە كەسایەتییەكانەوە دەیگەیەنێت، ئەویش ئەو ئافرەتەیە كە قەشەكەی خۆشدەوێت و دەڵێت “ئەگەر ھاتبا و مرۆڤ تەنھا باوەڕی ھەبایە و میھرەبانی و بەخشندەیی نواندبا”.

فیلمەكە كۆتاییەكی مەنتیقی ھەیە، ھەموو شتێك لەسەر ڕێچكەی خۆی بەردەوامە و قەشەكەش بەردەوامە لە پێشكەشكردنی وتارەكانی و بە ڕووخساریشییەوە گومان و دوودڵی دەبینرێت.

سووربوونی قەشەكە لەسەر ئەم پیشەیە گوزارشت لە ویستی باوكسالاریی دەكات و ئەمەش پەیوەندی بە ژیانی تایبەتیی  بێرگمانەوە ھەیە [گەڕانەوە بۆ ئەزموونەكانی سەردەمی منداڵیی بێرگمان].

لێرەدا و لە فیلمی  ڕۆشنایی زستاندا سەرەڕای سادەیی چیرۆكەكەی و سادەیی كارە سینەماییەكانی  بێرگمان پشت بە كاری وێنەگرتن دەبەستێت بۆ گەیاندنی فكرەی فیلمەكە و لێرەشدا دیسانەوە دەگەڕێتەوە سەر بەكارھێنانی گرتەی نزیك، چونكە  بێرگمان لەو بڕوایەدابوو كە لە سینەمادا خوێندنەوەی ڕووخساری مرۆڤەكان زیاتر چێژبەخشە.

ئەم فیلمە سادەترین و ڕوونترین فیلمی سێینەكەیە، پرسیاری بەھێز ئاڕاستركراویش ئەوە كە ئاخۆ بۆچی دەبێت لە ژیاندا بمێنینەوە؟  بێرگمانیش لەڕێگەی ناونیشانی فیلمەكەوە  ڕۆشنایی زستان بەڕاشكاویی وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە [بە ھەر ئومێدێك بێت].

سەرەڕای ئەوەی وێنەی خودا لەم فیلمەدا گۆڕانكاری بەسەردا نەھاتووە، شتێكە ھەر وەكوو قەشەكە وێنای كردووە لەسەر شێوەی جاڵجاڵۆكەیەكە، ئەگەریش خودا بوونی نەبووایە ئەوكات ژیان مایەی تێگەیشتن دەبوو، ئای لەو خۆشییە!

لە فیلمەكەدا جگە لە بێدەنگی خودا بێدەنگیی زیاتریش بوونی ھەیە، ھاوژینی كۆچكردووی قەشەكە لە گۆڕەكەیدا بێدەنگی دایپۆشیووە، قەشە  تۆماس لەھەمبەر پێویستیی ڕاوكەرەكەدا بێدەنگە، بە بێدەنگییەكی وشكیش وەڵامی خۆشەویستی  مارتا دەداتەوە، ئەمانەش لەپاڵ بێدەنگیی ژەنیاری ئۆرگانەكە لە كڵێساكەدا، كە ھەرگیز ھیچ قایلبوونێك لە شێوازی خزمەتكردنی لە كڵێساكەدا بەدەست ناھێنێت.

خۆكوشتنەكەی  یۆناسیش بیرێكی گومانكاری لە پشتەوەیە نەك ئەوەی ئەنجامی واقیعێكی ماددییانە بێت [بۆ نموونە شۆكێكی عاتفییانە]. ئەمەش گوزارشتە لەوەی  بێرگمان ناچارمان دەكات لە فیلمەكانیدا واز لە فەلسەفە و لێكدانەوەی فەلسەفی بھێنین و پێگەی فەلسەفی بگەڕێنینەوە بۆ پێگەی دینی و لاھوتی.

بەشی سێیەم:
فیلمی  بێدەنگی/ ١٩٦٣

بەشی سێیەمی سێینەی “بێدەنگی خودا” بریتییە لە فیلمی  بێدەنگی/١٩٦٣، دەشێت ئەم فیلمە جیاوازتر بێت لە دوو بەشەكەی دیكە و دەتوانین بەشێوەكی جیا باس لەم فیلمەیان بكەین كە ئەگەر باشترینیان نەبێت ئەوا بەناوبانگترینیانە.

دوو خوشك بە شەمەندەفەر گەشت دەكەن، بەڵام لەناكاو بەھۆی بارودۆخی تەندرووستی  ئیستەرەوە لە یەكێك لە میوانخانەكان لادەدەن [ناوی ئیستەر لە یەكێك لە نووسینەكانی پەرتووكی پیرۆزەوە وەرگیراوە]، ناشزانین بۆچی گەشت دەكەن و بەرەو كوێ دەڕۆن، تەنانەت ئەو میوانخانەیەی لێی لادەدەن ھیچ ناوێكی نییە و ناوی شوێنەكەش ناسراو نییە لامان و واتای نییە، ھونەرمەندی ژوورە تاریكەكانیش [یەكێكە لەو ناوانەی لە  بێرگمان نراوە و پێی بەناوبانگە] ھێندەی گرنگی بە دەربڕینی ئەو وشانە دەدات لە لایەن نواندنكارەكانەوە دەگوترێن و لە سوودی بابەتەكەدان، بەو ڕادەیە بەتین و تاو نییە دەربارەی ژیانی.

لەگەڵ دەستپێكی فیلمەكەدا لە پشت گفتوگۆیەكانەوە گوێبیستی مۆسیقایەك دەبین كە چركەی كاتژمێرە، ئەوەش یەكێكە لە گرنگترین تەكنیكەكانی ئەم فیلمە.

چركەكانی كاتژمێرەكە ئاماژەیە بۆ تەواوبوونی ئەو كاتەی لەم ژیانەدا ھەمانە و مردن ڕەھەندێكی بنچینەیی فیلمەكەیە و دەربارەی دوو كەسایەتی جیاوازە،  بێرگمان دەیەوێت خوشكە بچووكەكە لە دۆخێكدا ببینین كە ڕووتە و ڕەگەز لە فیلمەكدا بۆشاییەك داگیر دەكات [ڕەھەندی بوونی مرۆڤ] كە شایەنی ئەوەیە زیاتر لە بابەتی دین گفتوگۆی لەبارەوە بكەین، لەبەرئەوەی فیلمەكە بە شێوەكی سەخت و ڕەمزیی داڕێژراوە لەنێوان تێگەیشتن لە دین و لە بوون.

ڕەھەندی سێیەمی فیلمەكە  جۆنی كوڕی  ئانا و چۆنێتی ڕوانین و كاردانەوەكانییەتی بۆ تەواوی مەوقیفەكان.

 ئیستەر نەخۆشە، خوشكەكەی خۆشیناوێت و نایەوێت یارمەتی بدات، لەڕێگەی گرتەی نزیكەوە  بێرگمان دەیەوێت وەكو دۆخێكی تایبەت لە  ئیستەر بڕوانین، ڕابردوویش لەنێوان ئەم دوو خوشكەدا ڕابردوویەكی نەگریس بووە.

سەبارەت بە  ئانا، پڕە لە سەرەڕۆیی و لەڕێ لادان كە خوشكەكەی ھەرگیز بەلایەوە پەسەند نەبووە، لە كاتێكدا ئەمیان  یۆھان سێباستیان باخی میوزیكژەنی خۆشدەوێت و دەبینێت  ئانا ھیچ گرنگییەكی پێ نادات و ناتوانێت حەزە جنسییەكانی بشارێتەوە، بەڵكو كەسێك لەگەڵیدا دەگەڕێتەوە بۆ میوانخانەكە و  ئانا دەیەوێت خوشكەكەی بیبینێت لەو دۆخەدا كە سەرقاڵی جێبەجێكردنی حەزە جنسییەكانییەتی، كلیلی ناكۆكی و ئاژاوەكانیشیان دەسەڵات و زاڵبوون و ڕەفتارەكانی  ئیستەرە بەسەر  ئانادا، بەڵام لە ھەمان كاتدا پەیوەندییە سێكسییەكانی  ئانا و بوێرییەكەی بۆ دەربڕینی حەزەكانی و كردنی ئەوەی دەیەوێت گۆڕانكارییان بەسەردا دێت بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەكی ناشەرعی لەگەڵ خوشكەكەیدا، سەرەرای ئەو ڕقە زۆرەی بۆ ڕەگەزی بەرامبەری ھەیەتی و بەشێوەیەكی ورد و ڕوون دژایەتی ڕەگەزی بەرامبەری دەكات.

 جۆنی بچووك لە پەنجەرەكانەوە دەبابە دەبینێت و نازانین ئاخۆ ئەمانە ڕاستیین یاخود زادەی خەیاڵی خۆیەتی، دەبابەكان ئاماژەن بۆ جەنگ و جەنگیش پەیوەندیی بە مردنەوە ھەیە، ئەویش گۆشەیەكی دیكەی بێدەنگییە، بێدەنگی بەرامبەر جەنگ.

خزمەتكاری میوانخانەكە شادومان دەبێت بە پیشاندانی وێنەی ھاوژینە مردووەكەی بە كوڕە بچووكەكە و ئەمەش سەرەڕای ھەموو ڕەھەندەكانی دیكەی فیلمەكە سەرلەنوێ بابەتی مردن دەھێنێتە پێشەوە.

 جۆن ئاگاداری سەرجەم سەرەڕۆییەكانی دایكییەتی و ڕێز لەو سۆز و خۆشەویستییەی پوری دەگرێت كە لە دایكییەوە دەستی نەكەوتووە، پوری نەخۆشە و لە سەرەمەرگدایە بەڵام بە زیادەڕۆییەوە جگەرە دەكێشێت و لە كاتی ئەنجامدانی كاری وەرگێڕاندا كھول دەخواتەوە، ئەمەش سەرە دەزوویەكی دیكەی بێدەنگییە و دڵنیایی بە بینەر دەدات كە ئەسپێكی چاوبەستراوە و گالیسكەیەك ڕادەكێشێت [واتا، ژیان ھەرچییەكی بوێت بەسەرماندا دەھێنێت بە چارەنووسمان ناچارمان دەكات و دەمانباتەوە بۆ مردن و ئێمەش چاومان بەستراوە، لە دیمەنە بنچینەیی و گرنگەكاندا چركەكانی كاتژمێرەكەش بەڕوونی و بەبەھێزی بەر گوێ دەكەون، لەو دیمەنەدا كە ئەو ڕابردووەی بە دەربڕینی وشەكانی ھەردوو خوشكەكە دەگەڕێتەوە، لەو دیمەنەشدا كە داھاتوو دێت كاتێك كوڕەكە بە پوری دەڵێت ئەوێ بەجێدەھێڵن و دەگەڕێنەوە بۆ نیشتیمان، لەو دیمەنەشدا كە  ئانا لە پەیوەندییە سێكسییەكانی دەبێتەوە.

فیلمەكە كۆتایی پێدێت كاتێك  ئیستەر لە سەرەمەرگدایە و  ئانا گرنگی پێنادات و میوانخانەكە بەجێدەھێڵێت، پێش ئەوەی بزانێت ئاخۆ خوشكەكەی دەژی یاخود دەمرێت.

لەكاتێكدا  ئیستەر لەو ڕووناكییە دەڕوانێت كە لە پەنجەرەكەوە دێت و ئەم دیمەنەش پڕ مێتافۆڕ و سیمبولە و ڕوون ناكرێتەوە، تەنھا ئەوە نەبێت كە چەند بۆچوونێكی جیاواز لەبارەیەوە ھەیە، ئەوانیش ئەوەن كە ئەو ڕووناكییەی لە پەنجەرەكەوە دێت خودایە و لە ئامادەبوونی دڵنیایە و لە ھەمان كاتدا بێدەنگە.

لە شەمەندەفەرەكەدا  جۆن نامەیەكی پورەكەی پێیە، بە زمانێك نووسیویەتی كە لێی ناگەین، بەڵام  جۆن تەنھا لە یەك وشەی ئەو نامەیە تێدەگات، ئەویش دواین وشەی دەربڕاوی فیلمەكە كە وشەی  ڕۆحە.

 ئاناش لە پەنجەرەی شەمەندەفەرەكەوە سەری دەردەھێنێت ھەتاكو بە ئاوی بارانەكە ڕووخساری بشوات و جەستەی تەڕ بكات [باوەڕھێنان بە خودا و پاكبوونەوە لە تاوان یەكێكە لە پایەكانی ئاینی مەسیحی و ئەمەش لێدانەوەیەكی دینیی ھەیە].

پاككردنەوەی خود لە ھەوڵی بەدەستھێنانی ئاسوودەیی و دڵنیایی و ڕزگاربوون لە دوودڵیی لێدانەوەیەكی بوونگەرایی ھەیە.

فیلمی  بێدەنگی كە یەكێكە لە فیلمە دڵخوازەكانی گەورە دەرھێنەر  كریزستۆف كیشڵۆڤسكی فیلمێكی دووبەرەییە لەنێوان بەرەی بوونی مرۆڤ و بەرەی دیندا، سەرەڕای ئەوەی بابەتی ئەم فیلمە لە بابەتی دوو فیلمەكەی پێشتر جیاوازترە بەو پێیەی بابەتی جنسی و گفتوگۆی مردن و تەنھایی و ھاودەمی و نامۆبوونی دەستەجەمعی و بەكارھێنانی ڕەھەندەكانی ژیان لەخۆدەگرێت. بێدەنگییش كە ناونیشانی فیلمەكەیە دەكرێت لە زۆر ڕووەوە گفتوگۆی زۆری لەبارەوە بكرێت [بێدەنگی بەرامبەر مردنێكی بەتەنھا زیاتر لەوەی گفتوگۆی مردن بكرێت، بێدەنگی بەرامبەر گرنگی ژیان و گرنگی مردن و گرنگی ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگ، بێدەنگی بەرامبەر جەنگ و نھێنییەكەی كە وەكو یاریدەدەرێكی مەرگ كار دەكات، یاخود بێدەنگی بەرامبەر جیاوازی و ناكۆكییەكانی مرۆڤ و تێنەگەیشتنیان بەرامبەر یەكدی، بێدەنگی بەرامبەر ھەڵە و تاوان، بێدەنگییەكەی  ئاناش بەرامبەر سەیریی حەزە جنسییەكانی بۆ بەدەستھێنانی ئەو ژیانەی دەیەوێت] چەندین بۆچوونی دیكەش ھەن بۆ تێگەیشتن لە بێدەنگی لەم فیلمەدا.

فیلمەكە دووربەرەكی و ناكۆكییە لەنێوان لێكدانەوەی بوونگەراییانە و لێكدانەوەی دینییانە بۆ  مردن، نامۆبوون، ڕەگەز و جەستە، كاتێكیش ناونیشانی فیلمەكە  بێدەنگییە ئەوا لێكدانەوەی بوونگەراییانە بۆ فیلمەكە و سیمبولەكانی لێكدانەوەیەكن زۆرترین بۆچوونیان لەسەرە.

بینەرانی سێینەی  بێدەنگی خودا یاخوود كە بە سێینەی  باوەڕیش ناسراوە، ھیچ مایەی شەرمەزاری و تاوانباریی نییە كە ناگەن بە تێگەیشتنێكی تەواو دەربارەی ھەر سێ فیلمەكە و مەبەستەكانیان، بەڵكو تەنھا خۆیان چەند بۆچوونێكیان بۆ درووست دەبێت، لەبەرئەوەی ئەم سێینەیە بە زمانێكی ئەدەبیی فەلسەفیی گوزارشتی لێكراوە و سەختە لە فیلمەكەدا ڕوون بكرێتەوە، ڕەخنەگرەكانیش دەربارەی بێدەنگی [كە بەشێوەیەكی گشتی بەسەر ھەر سێ فیلمەكەدا جێبەجێ بووە] دەڵێن: ئەم وشەیە ھەر واتایەك لەخۆ بگرێت فیلمەكان دژی سینەمای تەقلیدین.

هاوبەشی بکە

Bergman, Ingmar Bergman,