26/04/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بێرگمان: مۆری حەوتەم، گوزەرێک بەناو هونەر و باوەڕداریی لە سەردەمی تاعووندا

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

نووسینی: پیتەر بڕادشۆ، عیماد ئەلعەزری، سارە یەحیا
لە عەرەبییەوە: کاردۆس مشیر

‎‫فیلمی مۆری حەوتەم ١٩٥٧، گوزەرێک بەناو هونەر و باوەڕداریی لە سەردەمی تاعووندا

مۆری حەوتەم دەکەوێتە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمی ژیانی سینەمایی ئینگمار بێرگمانی سویدی و ١٧ەهەمین فیلمیەتی و سیناریۆکەی لە شانۆگەرییەکی بێرگمان خۆیەوە وەرگیراوە بە ناوی ود پەینتینگ، یەکەم کلاسیک فیلمی ئەم پیاوەیە کە شایەنی باس بێت، کاریگەریی مۆری حەوتەم بەسەر سینەمای دونیاوە زیاترە لە ڕەشۆمۆنی کۆرساوا و ڕۆما؛ شاری کراوەی ڕۆسێلینی و فیلمەکانی شەپۆلی فەڕەنسی (ئەمە بەڕای من) ئەمەش بەسە بۆ سەلماندنی ئەوەی ئەم پیاوە چەندی ویستووە تا بیر بکاتەوە و فەلسەفەکەی بخاتە کار و بە ڕوئیا سینەماییەکەی سەرساممان بکات پێش ئەوەی دواتر چەندین کلاسیکی قەشەنگ بەرهەم بهێنێت. ئەمە جیا لەو کاریگەرە ڕۆشنبیریەی بەسەر بونیادی هونەری سینەمایەکی جیاواز جێی هێشت و بە جیهانیتری کرد و ئازاد بوو لە دەستی گەورە هۆڵیودی سەردەم.

‎‫شوێنی ڕووداو گوندێکی سویدە و کاتیش سەدەکانی ناوەڕاست، سەدەی ١٤ کە ئەورووپا تاکو باکووری سوید بە نەخۆشیی تاعوون باڵاپۆش کرابوو، کە ئەوکات بە مردنی ڕەش ناسرابوو، هەروەها ناونیشانی فیلم دەلالەتە لە ماوەیەک لە ڕوئیای یوحەنا کە کۆتا کتێبی ئینجیلی مەسیحییەکانە و تێیدا فیلمەکە بە ماوەیەک دەست پێ دەکات و کۆتایی دێت: کاتێک مۆری حەوتەم کرایەوە بێدەنگییەک بۆ ماوەی نیو کاتژمێر لە ئاسمان ڕووی دا، بەڵام سەر زەوی شوێنی ڕوودانی ڕووداوەکانە کە نیشاندانی ئەمەیە: ئاڵانی مردن و خەڵک بەیەکەوە، ئەو نیو کاتژمێرەش ونبوونی خودا و دەرکەوتنی خراپە و شەڕە، کە لێرەدا بە بەری مردنیدا کردووە و مردنیش شوێنی خەڵک دەکەوێت تا گیانیان بکێشێت، لەبەر ئەمەشە بە تاریکترین و خەفەتبارترین فیلم دادەنرێت، فیلمێک بە تارمایی مردن دەست پێ دەکات و هەر بەویش کۆتایی دێت.

‎‫گرنگترین خاڵ کە فیلمەکە جەختی دەکاتە سەر ئازادیی پرسیارکردنە، تێیدا مەودایەکی فراوانی بۆ تەرخان دەکرێت چ لە لایەن کاستی فیلم و بینەریشەوە، بە جۆرێک لە زۆر ساتی فیلمەکە بە سەرسوڕمانەوە لە خۆمان دەپرسین بۆچی؟ وەکو لەم نموونەیەی خوارەوە: لەو کاتەی ئەنتۆنیۆس مێشکی بەدەست چەندین پرسەوە هەراسان دەبێت، دەچێت بۆ دانپیانان لە کڵێسا (بە پێی بیروباوەڕی خۆی) هەوڵ دەدات بپرسێت و وەڵام وەربگرێت، بەڵام بێ ئەوەی وەڵامێکی تەواو و ڕوون وەربگرێت، لە لایەکی تر هاوڕێکەی ‘جۆنس’ لە دەرەوە چاوەڕێی دەکات و لەگەڵ خزمەتکاری کڵێساکە قسە دەکات و لێی دەپرسێت:

‎‫- ئەم وێنە ترسناکانە چین؟
= سەمای مردنن
– ئەی ئەم هەمووە نەقش و نیگارەی بۆچییە؟
= تاکو خەڵکی مردنیان لەیاد بێت
– هەر ئەمەشە وایان لێ دەکات هەرگیز ئاسوودە نەبن

‎‫مۆری حەوتەم خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە بوو لە ژیانی بێرگمان کە بە بەرهەمهێنەرە سادەکە ناسرابوو، فیلمەکانی بە داهاتێکی کەم و بە ٣٥ ڕۆژ وێنە دەگرت، تەنانەت بۆ دیمەنی سەمای مردنەکە ناچار بوو تیمی دەرهێنان و هاوکارەکانی خۆی بەکار بهێنێت، دوای شەکەتی و ماندووبوونی نواندکارەکانی لەو ڕۆژەدا. لەم قۆناغەشدا گرنگی دا بە تێکەڵکردنی واقیع بە خەیاڵ و مەجاز و ئەسپی خۆی تاودا لە پەیوەندیی نێوان ویست و لەدەستدان و تاوان و گوناهکردن و بە ڕاشکاویش بابەتەکانی مردن و ڕۆح و نەمریی وروژاند بە تۆنێکی گاڵتەئامێزانە و جارجاریش دەربارەی بێباوەڕی خۆی کە تووشی ترسی دەکرد و لای ئەو ژیانکردن لە چاوەڕوانی مردن زۆر لە مردن خۆی ترسناکترە. یاری شەتڕەنجەکە مێتافۆڕێکی زیرەکانەیە بۆ هەوڵدانی پیاوێک کە دەیەوێت بەرەنگاری مردن ببێتەوە لە ڕێگەی کارامەیی خۆیەوە، لەوانەشە ڕوونترین بیرۆکەی ئەم هونەرمەندە بلیمەتە بێت، دیمەنەکانی شەتڕەنجکردنەکە دەکرێت بە لای زۆرێکەوە فیلمەکە بکەن بە فیلمێکی سوریاڵ، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئەمە دروست نییە، سوریالیزم دەکرێت فۆڕمێک لە فۆڕمەکانی واقیع بکات و چێژێکی هەستیار و تێکدەر بدۆزێتەوە تێیدا، بەڵام کارەکەی بێرگمان ڕاستخوازانەیە، بە تووندی خۆی دەبەستێتەوە بە ئازاری باوەڕهێنان، باوەڕ‌هێنان بە خودا کە بە بێدەنگی و بزری دەمێنێتەوە

‎‫لە مۆری حەوتەمدا ئێمە لە بەردەم ڕەفتارێکی مرۆییداین کە ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە، وەکو نوێنەرێکی خراپەکاری و شەڕ بەبێ بوونی هیچ هێزێکی چاکە، هێزی فریشتە یاخود خودا وەکو ئەوەی مرۆڤ بە تەنیا بێت لە جەنگەکەیدا دژی شەڕ و هیچ جیهانێکی تر و مێتافیزیکایەک بوونیان نەبێت. مردنیش بە ڕووێکی تر و بە شەتڕەنج دێت، بەو واتایەی هەموو جیهانەکان ماددین، هەستپێکراون، چاکە بە هۆکاری ڕوون چاکەیە، بە هەمان شێوە شەڕیش هۆکارەکەی ڕوونە بۆ شەڕە، ئەمەش ئەو مردنە دەگرێتەوە کە بە شوێنی خەڵک دەکەوێت تا بیانکووژێت

‎‫لە فیلمەکەدا ڕووبەڕووبوونەوەیەک هەیە لە نێوان ئەنتۆنیۆس بلۆک و مردن، لە یاریی شەتڕەنجەکەدا مردن ڕەنگی ڕەشی بۆ دەردەچێت و دەڵێت بۆ ئەو گونجاوە، سوارچاکەکە ئاماژەیە لە چاکە کە مرۆڤە و مردنیش لایەنە خراپەکەیە، مرۆڤ وەکو ڕزگارکەرێک و مردنیش وەکو بکوژێک، لە نەبوونی تەواوەتی خودا، یان هەر هێزێکی تری چاکە لەم جیهانەدا، هەر ئەمەشە فیلمەکە پێک دێنێت و مەبەستی بێرگمان دەخاتە ڕوو، حوججەتی مادییەت و عەقڵانییەت بەرامبەر باوەڕداری و غەیب.

‎‫لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بێرگمان پرسیاری ئەوەی لێ کرا بۆچی مردنی بە مرۆڤ و کارەکتەرێک نیشان داوە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: گەر بینەر مردن نەبینێت بڕوای پێ ناکات لەبەر ئەوە بێرگمان مردن خۆی نیشان دەدات نەوەکو شوێنەواری، مردن لە بەرگی کارەکتەرێکدا کە دەجووڵێت و خەڵکی ئاڕاستە دەکات بەرەو کۆتا ساتەکانی ژیانیان و مردنیان، کە ئەمەش لە جوانترین دیمەنەکانی فیلمەکەیە کە دیمەنی کۆتاییە، کۆکردنەوەی خەڵک و بردنیان بۆ کۆتا کۆچی ژیانیان، بێرگمان –کە بە هۆی کورتهێنانی بودجەوە سیناریۆی فیلمەکەی بۆ چەندین ساڵ لای خۆی هێشتەوە- کاتێک دەبینێت ئاسمان هەوراوییە لە کۆتایی ڕۆژدا، لە ساتێک بەردەست و نواندکارەکانی لە شوێنی تۆمارکردنی دیمەنەکان نەماون ئەمەی بە خەیاڵدا دێت کە تەواوکردنێکە بۆ ڕووداوەکانی پێشوو و کۆتا ڕووداویشە، بێرگمان نەیویست ئەمەی لە دەست بچێت و ئەوانەی لەوێ مابوونەوە و ئەوانەشی بەوێدا تێدەپەڕین کۆیکردنەوە و جلوبەرگێکی ڕەشی لەبەر کردن و ناردیانی بەرەو مردنی خۆیان و سەمایان دەکرد بێ ئەوەی بزانن چی دەکەن، هەروەها بە دیمەنی دوور و دوور لە ڕووخسار و ئاماژەکانی چاو و ڕوو تۆماری کرد بۆ تەنیا چەند چرکەیەک و کردیشی بە دیارترین دیمەنەکانی فیلمەکە

‎‫هۆکاری مانەوەی مۆری حەوتەم وەکو یەکێک لە کلاسیکییە دیارەکانی سینەما گەلێک زۆرن سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ٦٠ ساڵە پەخش کراوە، دیارترینیان پشتنەبەستنیەتی بە کات سەرەڕای ئەوەی کاتی پەخشکردنی فیلمەکە پاش جەنگی جیهانیی دووەم و سەرەتای جەنگی سارد و باس و خواسی بۆمبی ئەتۆمییە، بەڵام بەکارهێنانی مێتافۆڕێکی سادە و بەرهەمهێنانی فیلمەکە بە شێوەیەکی فەلسەفییانەی دەوڵەمەند وایان کرد تا ئەمڕۆ فیلمەکە بە زیندوویی بمێنێتەوە، ئەمە جیا لەوەی فیلمەکە دووپاتکردنەوە و دەرخستنی ژیانە نەک هەر باسی مردن، ئەوەتا جۆف و میا و میکایل کە فیلمەکە بەوان کۆتایی دێت، سەلمێنەری ئەوەن ڕووناکیی ژیان هەمیشە لە تاریکترین ڕۆژەکانیشدا دەربازی دەبێت

‎‫هەروەها نواندنە نایابەکانی سەرجەم نواندکارەکان، گونار بۆڕنشتراند و ئاکێ فڕیدل و گونێل لیندبڵۆم و بیبی ئەندرسن، لە سەروو هەمووشیانەوە ماکس ڤۆن سیدۆی پاڵەوان و هاوڕێ و هاوکاری هەمیشەیی بێرگمان، گرتە سینەمایی و سینەماتۆگرافییەکەی سینەماتۆگرافەر گونار فیشەر کە خوێندکارێکی سادەی کاڕڵ تیۆدۆر درێیەری گەورە فیلمسازی دانیمارکییە، وێنەگرتنێکی ڕەشوسپی کارامە بۆ فیلمێک کە کەلێنێک بوو لە نێوان تاریکی و ڕووناکی.

هاوبەشی بکە

Bergman, Ingmar Bergman,