26/04/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بێرگمان: له‌باره‌ی فیلمی “پێرسۆنا”وه‌

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – چرۆ عیزەت

“زۆر نەخۆش بووم، سەرمام بووبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ھەر دەبوو كار بكەم، سییەكانم دووچاری ھەوكردن بوون و بە پەنسیلین ھەستیاریم ھەبوو، نزیكەی یەك ساڵی ڕەبەق نەخۆش بووم. لەو بڕوایەشدا بووم ئیدی ھەرگیز ناتوانم بگەڕێمەوە سەر كاری فیلمسازی، بەڵام وردە وردە و زۆر لەسەرخۆ دەستمكرد بە نووسینی سیناریۆی فیلمی (پێرسۆنا)، ھەربۆیە پێموایە ئەوەی ژیانی منی ڕزگار كرد (پێرسۆنا) بوو”.

ئینگمار بێرگمان، سەبارەت بە فیلمی پێرسۆنا-١٩٦٦

(ئینگمار بێرگمان)، فیلمسازی سویدیی ھەر لەسەرەتای كاروانی فیلمسازییەكەیەوە ھەتاكوو بەرھەمھێنانی دواین فیلمیشی بەوە ناسرابوو كە فیلمەكانی ئاڵۆز و ڕەشبینانە و تاریك و مەتەڵاوین، بەھۆی ئەزموونەكانی ژیانی و بەتایبەتی تەمەنی منداڵیی و پەروەردە توندەكەی لە لایەن باوكییەوە بەشێكی زۆری فیلمەكانی ڕەنگدانەوەی ئەو ترس و ھەست و كاردانەوانەن كە لە ڕابردوویدا ئەزموونی كردوون، ھەر بەم ھۆیەشە كە (بێرگمان) بە (سویدییە ڕەشبین)ەكە ناسراوە. بەرھەمھێنانی پێرسۆناكەیشی لەدوای نەخۆشكەوتنی و بڕیاری وازھێنانی لە فیلمسازی دێتە ئاراوە.

فیلمەكە وەكوو سەرجەم فیلمەكانی دیكەی (بێرگمان) ئەزموونە كەسییەكانی فیلمسازەكە و ترس و خەم و دڵەڕاوكێیەكانی لەخۆ دەگرێت، گێڕانەوەی ئیرۆتیكی و نواندن و گوفتاری سێكسییانەی نواندكارەكانیش وایكردووە بە یەكێك لە فیلمە سایكۆسێكشواڵە گرنگەكان ئەژمار بكرێت.

ھەر وەكو خۆی باسی لێوە دەكات “ڕۆژێك دوو كەس دەبینێت بە بێدەنگی ڕووبەڕووی یەكدی دانیشتوون ئیدی بیرۆكەی فیلمی (پێرسۆنا) بە مێشكی (بێرگمان)دا دێت و دەست بە نووسینی سیناریۆی فیلمەكە دەكات، بەبێ ئەوەی بیرۆكەیەكی ڕوونی ھەبێت ئاخۆ فیلمەكە دەربارەی چییە، یاخود بیەوێت بواری ئەوە بۆ بینەر بكاتەوە و بڕەخسێنێت كە بڕیار لەسەر بابەتی سەرەكی فیلمەكە بدەن”، كاتێكیش پرسیاری لێ دەكرێت ئاخۆ پەیام و بابەتی سەرەكی ئەم فیلمە چییە، لە وەڵامدا دەڵێت “لەزۆربەی ڕووەكانییەوە ھیچ دڵنیا نییم و ھیچ شتێكیش نازانم”.

پاش تەواوكردنی سیناریۆكە بۆ كاركردن لەسەر فیلمەكە پەیوەندی بە (كینی فانت)ی فیلمسازەوە دەكات، كاتێكیش (كینی فانت) داوای لێ دەكات پەیام و ناوەڕۆك و بابەتی فیلمەكەی بۆ باس بكات (بێرگمان) دەڵێت “فیلمەكە دەربارەی دوو كەسە، یەكێكیان قسە دەكات، ئەوی تریان قسە ناكات، ئەم دوو كەسە دەستەكانیان بەراورد دەكەن و ئیدی تێكەڵی یەكدی دەبن و دەبنە یەك”.

ئەم گێڕانەوە سەیر و مەتەڵئامێزە سەرنجی (كینی فانت) ڕادەكێشێت و ساڵی ١٩٦٥ بەرەو دورگەی (فاڕۆ) بەڕێدەكەون و دەست بە كاری وێنەگرتنی فیلمەكە دەكەن. بۆ ڕۆڵی سەرەكییش ھەردوو خانمە نواندنكار (لیڤ ئوڵمان) و (بیبی ئەندەرسن) ھەڵدەبژێرن.

[ئافرەتێكی بەتەمەن، كوڕێكی بچووك لە مەیتخانەیەكدا، گرتە و كاری وێنەگرتنی فیلم، نواندن و دوو خانمە گەنجەكە، دەستپێكە ئاڵۆز و سەیرەكەی فیلمەكەن].

ھەروەك چۆن سەرەتا كاری وێنەگرتنی پێرسۆنا ھەندێك سەخت بوو، بەھەمان شێوەش سەرەتا و دەستپێكی فیلمەكە بۆ بینەر ھەندێك سەخت و سەیرە، كۆمەڵێك دیمەنی ناخۆش و مەتەڵئامێز كە نازانیت ئاخۆ مەبەست لەم دیمەنانە چین؟ بۆچی وێنە و دیمەنەكان بەردەوام نین و پەیوەندییان بە دیمەنەكانی دواترەوە چییە؟

بۆچی فیلمێك بەم دیمەنانە دەست پێ دەكات و ھەر بەم دیمەنانەش كۆتایی دێت؟ وە بێگومان لەناوەڕاستی فیلمەكەشدا ئەم گرتانەمان بیر دەخاتەوە.

خانمە نواندنكار (لیڤ ئوڵمان) بە ڕۆڵی (ئیلیزابێث ڤۆگڵەر)ی نواندنكاری شانۆ و (خانمە نواندنكار (بیبی ئەندەرسن) بە ڕۆڵی (ئاڵما)ی پەرستار لە فیلمەكەدا بەشدارن.

(پێرسۆنا) لە وشەی (ماسك)ەوە وەرگیراوە، لاتینییە و بە واتای (ڕووپۆش) دێت، ئەو ڕووپۆشەی ڕوخساری نوێ بە كەسێك دەبەخشێت و لەژێریشەوە ڕوخساری ڕاستی پێ دەشاردرێتەوە، ھەڵبەتە ڕوخسار و ناوەڕۆك و خودی كەسێك بەتەواویی.

(ئیلیزابێث ڤۆگڵەر) نواندنكارێكی شانۆیە و لەكاتی نمایشی یەكێك لە شانۆگەرییەكانیدا و لەناكاو ڕۆدەچێتە نێو بێدەنگییەكی قووڵەوە و چیدی قسە ناكات و وەڵامی كەس ناداتەوە، ھەروەھا (ئاڵما) پەرستارێكە و ئەركی چاودێریكردنی (ئیلیزابێث)ی پێ دەسپێردرێت.

پاش ئەوەی‫ پزیشکەکان ھیچ ھۆکارێکی تەندروستی بۆ ئەو بێدەنگییەی (ئیلیزابێث) نادۆزنەوە، بەڵکو لە دۆخێکی باشی تەندروستیشدایە، پزیشكەكەی (ئیلیزابێث) بڕیار دەدات یەكێك لە پەرستارەكان كە (ئاڵما)یە ڕاسپێرێت (ئیلیزابێث) بباتە خانووە ھاوینەكەی خۆی لە نزیك كەناری دەریا و چارەسەری بێدەنگییەکەی (ئیلیزابێث) بکات. بەڵام بێدەنگییەكەی (ئیلیزابێث) ئیدی (ئاڵما) دەھێنێتە قسەو كەسایەتییەكەی ئاشكرا دەكات، (ئاڵما)یەكی نەخۆش بە كۆمەڵێك گرێی دەروونی و نھێنی و قسەی نەگوتراوەوە، باسی دەزگیرانەكەی و یەكەم ئەزموونی سێكسی و گەلێك بابەتی شاراوەی ژیانی خۆی بۆ دەكات.

‫(بێرگمان) بە تەكنیكێكی سینەمایی و بە شێوەیەكی لێھاتووانە ڕووخساری ھەردوو خانمە نواندنكارەكە پێكەوە دەلكێنێت و بەجۆرێك ھەر دەڵێیت سێوێكن و كراون بە دوو لەتەوە، وەك ئەوەی (ئاڵما) و (ئیلیزابێث) ھەمان كەس بن بەڵام لە دوو بەرگی جیادا، (ئیلیزابێث) كەسایەتییە ڕاستەقینەكەیە لەژێر ماسكی (ئاڵما)دا كە كەسایەتییە ساختە و درۆزنەكەیە. ھەروەكوو (ئاڵما) خۆی دەپرسێت “ئاخۆ دەكرێت کەس بیت لە یەك کاتدا؟”.

‫لە چەندین دیمەنیشدا گفتوگۆ و نواندنەكان وامان لێ دەكەن ھەست بكەین ئەو بیركردنەوەیەمان تەواو ڕاستە و دەشێت تەواو ھەڵەش بێت!

بۆ نموونە لە ‫دیمەنێكدا (ئاڵما) بە (ئیلیزابێث) دەڵێت “جارێكیان فیلمێکی تۆم بینی، کاتێك گەڕامەوە بۆ ماڵەوە لە بەردەم ئاوێنەکەدا بە خۆمم گوت ئێمە زۆر لە یەك دەچین”.

یاخوود لە دیمەنێكی دیكەدا (ئاڵما) پێی دەڵێت‫ “ھەتاكوو ئێستا ھیچ کەسێك وەکوو تۆ گوێی بۆ ڕانەگرتووم”، كەواتە (ئاڵما) لەگەڵ خوودی خۆیدا قسە دەكات و خۆی دەدوێنێت.

‫لە دیمەنێكی دیكەشدا (ئیلیزابێث) بە (ئاڵما) دەڵێت بچێت بخەوێت، بەڵام (ئاڵما) خەواڵووە و گوێی لێ نابێت، کەچی دواتر خۆی ھەمان قسە دووبارە دەکاتەوە، یاخود كاتێك ھاوسەرەكەی (ئیلیزابێث) دێت و دەیدوێنێت (ئاڵما) بە (ئیلیزابێث) ناو دەبات، ھەروەھا لە گرتەیەكی دیکەشدا (ئاڵما) لە بارەی کار و ویست و منداڵەکەی (ئیلیزابێث)ەوە دوو جار ھەمان قسەگەل دەڵێتەوە واتا ھەرجارێك لە بری ھەر یەکێکیان، كاتێكیش (ئاڵما) دەیەوێت نامەکانی خۆی و خانمەكە ببات و دەبینێت نامەکەی (ئیلیزابێث) کراوەیە و تێیدا نووسراوە خەریکە (ئیلیزابێث) کار لە (ئاڵما) دەکات، كەواتە ئەم كەسایەتییە ساختەیە ھێشتا لەژێر كاریگەری كەسایەتییە ڕاستەقینەكەیدایە و بەسەریدا زاڵە و ڕووپۆشەكەیشی ھێشتا ئازاری دەدات.

‫تاكە سات كە تێیدا خانمە بێدەنگەكە دێتە قسە ئەو كاتەیە كە خانمە پەرستارەكە ھەوڵ دەدات ئاوی گەرمی بەسەردا بڕشێنێت، ئەویش بەترسەوە دەڵێت “نا، وا مەكە”، ئەگەرچی كەسایەتی ڕاستی خۆمان دەناسین و بە ماسكەكانمان خۆمانێكی ساختە درووست دەكەین بەڵام ھەمیشەش دەمانەوێت ئەو بوونە ساختەیەمان بپارێزین، ھەربۆیەش (ئاڵما) ھەموو شتێك دەكات بۆئەوەی ئازار بە كەسایەتییە ساختەكەی نەگات.

‫بەدرێژایی فیلمەكە نزیكبوونەوەیەكی ئیرۆتیكی لەنێوان ھەردوو خانمە نواندنكارەكەدا دەبینین، لە ھەندێك گرتەشدا ھەست دەكەین بینەری فیلمێكی ئیرۆتیكیین، لێرەشەوە كاریگەری سێكس لەسەر دەروون و ڕۆڵی لە درووستبوونی گرێ دەروونییەكاندا دەردەكەوێت بۆمان.

‫دواتریش بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەگەرچی بەردەوام شەڕی نەكەوتنی ماسكەكانمان بكەین بەڵام ھەر لێمان دەكەوێت و خەیاڵی كەسایەتییەكی ساختەی جوان كەسایەتییە ڕاستییە جوانەكەشمان دەشێوێنێت.

هاوبەشی بکە

Ingmar Bergman,