13/11/2018
DidiMn Logo
Top

ئاسمانی شەوی سەرسامكەر

لە لایەن دیدی من 5 مانگ پێش ئێستا

دیمه‌نێك له‌ فیلمی Nothing Personal

ڕۆژدا یاشیك و پێشڕەو موحەممەد
دەربارەى فیلمی Nothing Personal

 

كلاریسا پینكۆلا ئیستس لە كتێبەكەیدا بە ناوی ئەو ژنانەى لەگەڵ گورگاندا ڕا دەكەن دەڵێت: لە كۆندا وشەى ئینگلیزیی alone (تەنیا) بە مانای all one دەهات، واتا هەموان یەك، یان تەواوێتی؛ هەروەها بەپێی دەربڕینەكانی ئیستس لەو سەردەمانەدا واتای تەنیایی یان تەنیابوون، وەك ئەمڕۆ نەرێنی نەبوو، چونكە ئەگەر مرۆڤێك all one بوایە، یان تەواو بوایە، دەیتوانی شاد و ئارام خۆی ببینێت، دەیتوانی خۆى ببینێت و لە بوونی خۆى بەئاگا بێت، بەڵام سەردەمی ئەمڕۆ، زۆر جار دەرفەت بە مرۆڤ نادات بیر لە خۆی بكاتەوە، هەست بە خۆی بكات و بوونی خۆى ببینێت، چونكە سەرتاپای ئێمە، هەمیشە لە لایەن ئینتەرنێت، ڕیكلام، تیڤی، مۆسیقا، كتێب و مرۆڤی دیكەوە سەرقاڵ دەكرێین. لەم سەردەمەدا ئێمە هەموو ڕۆژێك دەربارەى هەزاران مرۆڤ، تواناكان، چیرۆكیان و … زانیاری وەردەگرین، بەڵام لە بنەڕەتدا ئێمە نە ئاگامان لەو كەسانە و چیرۆكەكانیان هەیە، نە ئەوانیش ئاگایان لە ئێمەیە. ئێمە زۆر تەریك كەوتووین، بەڵام بە داخەوە هیچ كات alone (تەنیا) نین.

كچە لاوێكی قژسوور، بە تاقی تەنها لە شوقەكەدا دادەنیشێت، لەوە دەچێت بجووڵێت. هیچ قسەیەك ناكات و سەیری بۆشایی دەكات، زۆر قورسە نیگای زەقی كچەكە تەفسیر بكەین. خەمبارییەكی بێكۆتا لەودا هەیە، بەڵام تووڕەیی و وازهێنانێكیش دەبینرێت. دەبینین موستیلەى هاوسەرگیرییەكەى فڕێ دەدات. بێگومان هەندێك شت هەن ژیانی ژنێكی بەم ئاڕاستەیدا هێناوە، بەڵام فیلمەكەى ئۆرستولا ئەنتۆنیاك (Nothing Personal) هۆكاری پشتی ئەم مەسەلەیە پیشان نادات و ئێمە نازانین چییە؟ شتە هەرە گرنگەكە ئەوەیە كە ئانا لە ئێستادا دەیەوێت بە تەنیا بەنێو جیهانێكدا تێبپەڕێت و ئەمەش هەر بەو مانایە سادەیە. دواتر چی ڕوو دەدات؟ ئێمە لە كۆتایی فیلمەكەیدا دەیبینین.

 

دەستپێك

نا بۆ پرسیارە كەسییەكان“ ئەمە ڕێككەوتنی نێوان ژنە لاوێك و پیاوێكە. ئەو لە باخەكەى پیاوەكەدا كار دەكات و ئاگای لە ماڵەكەى دەبێت، ئەویش خواردن و شوێنی مانەوەى پێ دەدات. هەر هەوڵێك بۆ پەیوەندیگرتن بە كچەكەوە، بە توندی لە لایەن ئەوەوە ڕەت دەكرێتەوە. Nothing Personal، فیلمی ئەنتۆنیاكی پۆڵەندیی-هۆڵەندییە، بە توندی پێداگریی لەسەر ئەم ڕێككەوتنە دەكاتەوە. لە كەمتر لە نەوەد دەقەی فیلمەكەدا، مەحاڵە دەربارەى ژیانی شەخسیی ئەم دوو ئەكتەرە شتێكی ئەوتۆ بزانیت. سەرەڕای هەموو نزیكییە گیانیبەگیانییەكان (دوو كەس لە ماڵێكی تەنیادا، وا دەردەكەوێت ئاخرزەمان بێت)، مەودایەكیش دەردەكەوێت كە ئەنتۆنیاك لە فیلمەكەیدا هەرگیز بە ڕەسمی هەوڵ نادات چارەی بكات و نەیهێڵێت. وێنەكان بەگشتی بێدەنگ، درەوشاوەن و سگهەڵگوشینی ئابوورییانەى ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیمان بیر دەهێننەوە: دیمەنەكانی كەناری ئیرلەندا، ژیانی سادەى بێوەپیاوێك كە لەسەر زەوییەكەى دەژیی (تەنها چالاكییەكانی كە لە فیلمەكەدا دەبینرێن، كتێبخوێندنەوە، باخەوانی و ماسیگرییە)، با بەسەر كێڵگەكاندا دێت و دەچێت.

ئەنتۆنیاك لە فیلمەكەیدا بەو هۆیەوە سەرنجمان ڕادەكێشێت، چونكە چیرۆكەكەى لەسەر تەنهابوونێكی خوازراو بونیاد ناوە. ژنێكی 30 بۆ 35 ساڵی واز لە هەموو شتێك دەهێنێت و بە تەنها ڕوو لە ڕێگەوبانان دەكات. ئێمە بەئاگاییەوە هەموو شتێكمان خستە كەوانەوە، چونكە هەر لە سەرەتاوە دەربارەى ژیانی ئەو ژنە و ئەو شوێنەى بەجێی دەهێڵێت، پەیوەندییەكانی و زانیارییە تاكەكەسییەكان، هیچ شتێك باس ناكرێت، بەڵام پاڵەوانی فیلمەكە لە بەردەم پەنجەرەى ماڵێكی گەورە و كراوەدا دانیشتووە و موستیلەكەى لە ناو پەنجەی خۆیدا دەسوڕێنێت، پاشان دەریدەهێنێت و لەسەر پەنجەرەكە دایدەنێت. دەتوانین بڵێین ئانا پێشتر هاوسەرگیریی كردووە و ئیتر هاوسەرەكەى بەجێ دەهێڵێت، هەروەها دەتوانین بڵێین ئەم موستیلەیە نیشانەى هەموو جۆرە هاوسەرگیرییەك، یان تێكەڵبوون، بەرپرسیاریبوون و پابەندبوون و دیلبوونێكیشە.

كاتێك بەرپرسیارێتییە ناكۆتاكان بەرۆكی مرۆڤ دەگرن، كاتێك پەیوەندییە ڕۆژانەییەكان نە تەواومان دەكەن نە بەجێشمان دەهێڵن بەتەنها، كاتێك مرۆڤ تێدەگات و لە قسەى بێكەڵك بێزار دەبێت و ئیدی دەچێت وەك دەربڕینێكی سیحراوی لەسەر بێتاقەتییەكانی ئێمە دەنیشێت. Nothing Personal فیلمێكی داستانییە، لەبەر ئەوەى ئەفسون و سیحری بەجێهێشتن\ڕۆیشتن بە شێوەیەكی داستانی و ئەفسوونی داڕێژراوە. ژنێك بە تاقی تەنیا، لە نێو جوانیی سروشتی ئیرلەندا، بێباك دێت و دەچێت، جگە لە كۆڵەپشتێك، هیچ شتێكی دیكەى پێ نییە. ئەو ئازادە! بەڵێ، پاڵەوانی فیلمەكە لە ناو سروشتێكی هێندە جواندا ون دەبێت، كە مرۆڤ دەبێت بڵێت ئیدی بە هۆى جوانیی سروشت و ئازادییەوە مەست بووە، بەڵام ئەو كاتەى كۆڵەپشتەكەى هەڵدەگرێت، لەسەر ڕێگە بۆ سەیاران دەوەستێت و ڕووی خۆى وەردەگێڕێت تا لەلایەن شۆفێرانەوە نەبینرێت. بەڵێ، لەو دیمەنەدا هەڵبەستێكی ڕێناس ژیان هەیە كە دەڵێت: “لە نێو ڕەوەى بزنەكێوییاندا خەو حەرامە!. لە نێو ئەم سیستمە پیاوسالارییەدا ژنانیش وەك بزنەكێوی دەبێت هەمیشە هۆشیار بن تا ڕاو نەكرێن. كچەكە سواری سەیارەى پیاوێك دەبێت، بەڵام دوای چەند ساتێك ئەو كەسە بە شێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا، بێترس و خۆف دەست بۆ كێری دەبات تا دەستپەڕ لێ بدات، چونكە لە دیدی كەلتووری پیاوسالارییەوە ئەگەر ژنێك بە تەنیا بێت و تەنها كۆڵەپشتی خۆى پێ بێت، دەبێت ئامادەى دەرئەنجامەكانی ئەم جۆرە ئازادییەش بێت. ژنەكە دەرگای سەیارەكە دەكاتەوە، سەرەتا جانتاكەى خۆى و پاشان خۆیشی فڕێ دەداتە ناو گژوگیاكەوە. بەڵێ بە نەزان خۆى پیشان نادات، چاوانی داناخات و دانانیشێت، بە هۆى ترسەوە خۆى كەڕ ناكات، بە هیچ جۆرێك سڵ لەم كەلتووری پیاوسالارییە ناكاتەوە.

پۆسته‌ری فیلمه‌كه‌

بۆ ئەوەى بوونی خۆى درێژە پێ بدات، هەر ژنێك دەبێت باج بداتە كەلتووری پیاوسالاری. ئەو باجەش ئەوەیە كە هەندێك جار بەرانبەر دەستدرێژی، تەحەڕوش و گیروگرفتی زارەكیدا، خۆی كەڕ و ڵاڵ دەكات، هەندێك جاری دیكەش بە هۆشیارییەوە دەست لە ئازادییە بنچینەییەكانی خۆى هەڵدەگرێت.

دوای ئەوەى ژنەكە خۆى فڕێ دەدات، ئەو شۆفێرە كامیۆنەكە ڕادەگرێت و دەست دەكات بە قسەكردن، بەڵام ئێمە دەبینین ژنەكە لە پیاوە هێرشبەرەكە ناسڵەمێتەوە، بە شێوەیەكی پێچەوانە بەسەریدا دەقیژێنێت، وەك بڵێیت شێت بووە.

با بگەڕێینەوە سەر پێكەوەیی ژنەكە و پیاوی خاوەن ماڵەكە، بەڵام هەر چەند فیلمەكە ببینین، زیاتر ڕوون دەبێتەوە كە Nothing Personal كەمتر دەربارەى تەنیایی دەدوێت، بەڵكو زیاتر دەربارەى تەنیابوونە. واتا جیاوازی لە نێوان ئیزۆلەبوون و تەریكبوون لەگەڵ بەتەنهابووندا دەكات. گۆشەگیریی پیاوەكە خۆویستانەیە، هەلومەرجە تایبەتییەکان ئەوی بەرەو ئەم خاڵەى ژیان بردووە.

Nothing Personal هەندێك جار لە چیرۆكی خۆشەویستی دەچێت بەبێ كەرەستە ڕۆمانتیكییەكان. دەرهێنەر دیمەنێكی ژێستەكانی چەمكی ژیان و خۆتەرخانكردنێكی بێدەنگیی دوو مرۆڤ بۆ فۆڕمێكی پێكەوەیی ژیان بەم جۆرە وەسف دەكات؛ بەڵام ئەمە ئایدیاڵێكی ئاسمانیی چیرۆكی ڕۆمانسە، كە ژن دەستەودامێنی عەشق دەبێت بۆ ماوەیەكی كورت. ئەگەرچی ئەنتۆنیاك باوەڕی بە تێگەیشتنی ئەو بۆ كۆتایی هەیە، كە هەندێك جار دەكرێت وەك زووتێپەڕ، یان تێكدەر بۆ بینەران دەربكەوێت، بەڵام دەرهێنەر سەركەوتوو دەبێت لە وەرگێڕانی دۆخی ناسك و شلۆقی هەست و سۆزی دوو كەس بۆ ناو زمانێكی كراوەی بەهێز و یەكسان.

 

ڕۆمانیسیزم

بەڵام Nothing Personal هەوڵ دەدات ببێتە ئاوارتەیەكی ئەرێنی بەو مانایە ئەمە بریتییە لە هۆشیاریی باكگراوندەكەى وەك ڕەنگدانەوە و پێكەوە بەرهەمهێنانی ڕەخنەییانەى ئەوروپی لە سەرووی كاری نوێنەرایەتیی و نمایشییەكەیەوە. لە كاتێكدا میراتی ڕۆمانیسیزم بە ڕوونی و ئاشكرایی لە فیلمەكەدا ڕەنگ دەداتەوە، كەچی Nothing Personal هەوڵی لەناوبردنی بانگەشەى ڕۆمانیسیزم بۆ ڕەسەنایەتی دەدات، وێنە بەڵێندراوە ئیرلەندییەكان ئاوەژوو دەكاتەوە. فیلمەكەى ئەنتۆنیاك بە گریمانەى پێشبینیی بەڵێندراوی كۆمیدییە ڕۆمانتیكییەكانەوە دەست پێ دەكات: ئانا، ژنێكی هۆڵەندی، هەموو شتێك لە پشتی ژیانە تەواونەكراوەكەى بەجێ دەهێڵێت و سەفەر بۆ وڵاتێكی نەناسراو دەكات، ئەو شوێنەى ژنەكە بەها ئەڵتەرناتیڤەكان دەدۆزێتەوە و پەیوەندییەكی نزیك لەگەڵ بێوەپیاوەكە دادەمەزرێنێت. هەروەك ڕۆزا گۆنزالێس دەڵێت، زۆرینەى فیلمەكانی ئەمڕۆ، ئیرلەندا هەڵدەبژێرن وەك شوێنی مەبەستی ئەم گەشتە ئارامبەخشە ڕۆحییانە؛ بەڵام دەربارەىNothing Personal  ئەمە سنوورداركراوە بۆ كانیمارا (دوورگەیەكی ئیرلەندا) بڕیارێكی ناباو، هەروەك لە گفتوگۆیەكدا دەرهێنەر دەڵێت، لەبەر ئەوەى ستۆدیۆكان لە كۆنتی ویكلۆ هەڵكەوتبوون و بارودۆخەكان بۆ وێنەگرتنی فیلمەكە لە كانیمارا زۆر دوور بوون لە ئامانجەكەوە. وێڕای ئەمانە، ئەم كەموكورتییانە بە ئاسانی لە ڕێگەی كێشی سیمبولیكی و ڕەمزییەوە چارەسەر دەكرێن. لەژێر كاریگەریی ڕۆمانیسیزمی ئینگلیزیدا ئەم ناوچەیە بە شێوەیەكی گشتی تێكەڵی شێوە ژیانی گوندی و هێشتا شێوەژیانی ڕۆحییانەى فیوداڵییە، كە دەتوانێت وەك دژەژەهرێك خزمەت بە شەیتانەكانی مۆدێرنیتە بكات.

ئەفسانەى خۆرئاوا لە كۆتاییەكانی دەیەى 1990 لەلایەن كێڵگەی جیم شیردیانەوە دووبارە زیندوو كرایەوە و Nothing Pesonal ناترسێت تا سوود لەم ئەنجوومەن و هاریكارییانە وەربگرێت. بۆیە لە دەستپێكی فیلمەكەوە ناكۆكی و دژایەتییەكی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەوروپای كیشوەری و ئیرلەندادا دروست دەكات، لە كاتێكدا لە سەرەتادا ئیرلەندا وەك شار، مۆدێرن، ماتریالیست و هەستكردن بە نامۆبوون دادەنرا و پیشان دەدرا، كەچی فیلمەكەى ئەنتۆنیاك ئیرلەندا وەك گوند، شێوەژیانی پێش پیشەسازی، بەها ڕۆحانییەكان و هەستی هارمۆنیی لەگەڵ خود و دەوروبەردا پیشان دەدات.

هەروەك چۆن كرۆكەكە لە ناكۆكی نێوان مۆدێرن و نەریتییەوە دەست پێ دەكات،Nothing Personal دەكرێت بڵێین لەسەر ماتریكسی پێكهاتەیی ئایدیۆاۆژیای سەرمایەداری دامەزراوە. لە نێوان شاری ئەوروپای كیشوەری و ئیرلەندای گوندیدا شاڕێیەكی ناوچەى نەریتی هەیە، كە هێشتا هەندێك خاڵ دەربارەى زەمەنی ناوەڕۆكی فیلمەكە پیشان دەدات: پێ دەچێت باكان لانیكەم پێشنیار بكەن كە فیلمەكە ئامادەیە بۆ نمایشكردن. وێڕای ئەمە، لەگەڵ ئەوەى كارەكتەر بەتەواوی داخڵی فەزای دووەم دەبێت، بەڵام نیشانە هاوچەرخەكان كەمتر دەبنەوە. لە كاتێكدا چالاكییەكانی وەك بڕینی چیمەنەكان ئەو هەستەمان پێ دەدەن كە دیمەنەكان لە ڕابردوودا ڕوویان داوە. تەنانەت ڕادیۆ، تەنها شێوازی میدیای ناو فیلمەكە، گەڕانەوەیە بۆ ڕووداوە كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەكان كە لەوانەیە لە كاتێكی دیاریكراودا بكەوێتە نێو هەلومەرجێكی تایبەتەوە، كە تەنها خەریكی مۆسیقا و وەرزش دەبێت.

 

ژن و خێزان

دوای كەمێك لە دەستپێكی فیلمەكە، ئێمە دەبینین ژنە لاوەكە بتڵێكی بە دەستەوەیە و دەچێتە لای تاڤگەكە تا پڕی بكات لە ئاوی خواردنەوە، بەڵام هەموو لەشی تەڕ دەبێت. ئێمەش لە بەرانبەردا چی ببینین؟ كانییەكی بچووك لە بەرانبەری تاڤگەكەدا هەیە. مرۆڤ دەتوانێت وەها ڕاڤەى ئەمە بكات كە ئەنتۆنیاك لە ڕێگەی ئەم دیمەنەوە ڕاستەوخۆ دەیەوێت ئەوە نیشان بدات كە پاڵەوانیNothing Personal نەك تەنها تێكەڵبوون لەگەڵ مرۆڤ، بەڵكو لە بەرهەمەكانی مرۆڤیش دوور دەكەوێتەوە. كانییەكە لە نزیكیەوەیەتی، بەڵام لە سەرەتادا نایبینێت و دواتر كە تەڕ دەبێت و ناتوانێت ئاو بخواتەوە، چاوی دەكەوێتە سەر كانییەكە. بەڵێ ئەم دیمەنە دەربارەى كۆتایی فیلمەكە بیرۆكەیەكی گرنگ بە دەستەوە دەدات، بەڵام ئێمە ئێستا ناچینە سەر ئەم بابەتە.

ئەو دوایی دەست دەكات بە خواردنی نیوە خراپ، نیوەى لەفەكەى دەردەخات، بە شتی ناباش سكی خۆى تێر دەكات و لە بەرانبەریدا خێزانێك لەگەڵ منداڵەكانیان دانیشتوون و خواردن دەخۆن، كە باش ئامادە كراون؛ ژنی خێزانەكە لە كچەكە دەپرسێت ”پێویستت بە هاوكاری هەیە؟ ئەو وەڵام دەداتەوە: ”نەخێر، ئەى تۆ؟ ژنەكەش ڕووی خۆی ترش دەكات و ڕووی وەردەگەڕێنێتەوە لای خێزانەكەى، ئەم جارە پاڵەوانەكەمان دەپرسێت: ئایا دەتوانن هەندێك خواردنی پێ بدەن؟ بەڵام وەڵام ئامادەیە: ”نەخێر، خواردن بۆ منداڵەكانمانە.

خێزانەكە زۆر داخراون. ئەندامانیان لە بەرانبەر خەڵكی بیانی كە سەر بە خێزانەكەیان نەبن، زیاتر پشتگیریی یەكتر دەكەن، بەڵام پاڵەوانی فیلمەكە هەم بە پرسیارە ئازا و نەترسەكەى خۆى ڕووی ژنی خاوەن خێزانەكە ترش دەكات و هەم دواجار هەندێك خواردن داوا دەكات. واتا هەم دەڵێت ڕاستە من بە تەنیام بەڵام لە ئێوە كەمتر نیم، پێشی دەڵێت باوەڕت بە خێزانبوون نەبێت، دەبێت تۆش پێویستت بە من هەبێت، هەم دووبارە دەیەوێت بڵێت هەندێك لە دەستكەوتی خۆیشت بدەرە من.

 

سیحرێكی سەیر

دوای چەند ڕۆژێك لە ناو سروشتی ئیرلەندادا، بەڕێكەوت ڕێی دەكەوێتە سەر ماڵێك. هاوشێوەى چیرۆكێك بە ناوی فاتكا هەتیو، فاتك كاتێك دەكەوێتە نێو ماڵی حەوت جوچك، دەست دەكات بە شوشتنی كەلوپەلی پیس، ماڵ پاك دەكاتەوە، پاڵەوانی فیلمەكەش دەست دەكات بە ڕێكخستنی كوپی قاوە، دەچێتە ژووری خەوتن و لەسەر نوێنەكانەوە جووڵەى خۆش و ئەملاو و ئەولا دەكات، بەڵام مرۆڤ لە جووڵەكانی ئەوەوە دەتوانێت وا لێكی بداتەوە كە هەرچەندە ئەو بەتەنیایە، جووڵەكانی نیشان دەدات كە ئەو جووڵانە بە هیچ جۆرێك خۆشی و شادییەكی تاكەكەسی نین. كەسێكی خەیاڵی هەیە. بۆیە كاتێك ڕا دەبێت، چەند تاڵی پرچی خۆى لەسەر نوێنەكان دادەنێت. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت پاڵەوانەكە هەرچەند بە دوای تەنهاییەكی پێرفێكتدا دەگەڕێت، بەڵام دەردەكەوێت وردە وردە مرۆڤ ئەوەش دەبینێت ئەو بەتەواوی داخراو نییە، بەتایبەت بۆ پەیوەندی لەگەڵ هەندێك مرۆڤی دیكەدا.

هەموو دەنگەكانی فیلمەكە بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر بۆ بەشێكی بینەران ترسناكە، بەڵام نامۆییەكی گونجاوە. لەوانەیە ئەمە بە هۆى ئەكتەرەكەوە بێت، كە بۆ سەر شاشەى سینەما لە دایك بووە، كە دەتوانێت ڕۆڵێكی زۆر گرنگی لە ڕێگەی تەنیاییەوە پێ بدات. پێ دەچێت ئەمە وێنەیەكی خەیاڵی بێت، بەڵام وێنەی دەقیقی تەنیاییەكی باكوور-خۆرئاوای ئیرلەندا كە لەوانەیە تەنانەت بۆ ساتێكیش ئایدیای خواستنی ڕێگەی خەباتی ئەو بە ئێوە بدات لە نێو ئەم تەنیاییەدا. ئەمە دیمەنی سیحرێكی نامۆیە لە لایەن فیلمەكەوە پێشكەش دەكرێت، كە وا دەكات هەموو شتێك بە ڕووناكی و سروشتی دەربكەوێت و لەڕاستیدا بەهێز و ئازاردەریش بێت.

بۆیە تەنانەت جۆرە چیرۆكێكی خۆشەویستییش هەیە. ژنەكە چۆن بێوەپیاوەکە بەتەمەنتر لە خۆی دەبینێت؟ ئەوان بە ئاسانی قبووڵی دەكەن كە پیاوەكە خواردن بە كچەكە بدات، یارمەتی بدات و ئەویش ماڵەكە و باخەكەى بۆ ڕێك بخات، بەڵام ژنەكە هەموو پرسیارێكی شەخسی ڕەت دەكاتەوە، تەنانەت ناوی خۆیشی، بە تەنها لە دەرەوە لە سەرەتادا نان دەخوات و لە نێو خێمەیەكی بچووكیشدا دەخەوێت، بەڵام دواجار هەردووكیان لە هەمان هەنگاوی بچووكدا دێن و دەچن. پێكەنین و خەندە بەیەك دەبەخشن، یەكتر دڵخۆش دەكەن بە شتگەلێكی وەك هەنگاونان و پەتاتەخواردن، بێدەنگیی یەكتر دەپارێزن و تەنانەت هێشتا دەتوانن بە قورسیی خۆیان بشارنەوە و یەكتریش تەفسیر بكەن. كەچی هەندێك نهێنیی خۆیان دەزانن، چێژ لە پێكەوەبوونیان وەردەگرن و ئیتر هیچ مەودایەك دروست ناكەن.

دواجار خاوەنی ماڵەكە دەبینین و تێدەگەین ئەویش تەنیابوونێكی بە دڵخوازی خۆى هەڵبژاردووە، بەڵام ئەمەش بۆ ئەو ئارام، باوەڕبەخۆبوو و بڕیاردەرانەیە. دواجار پەیوەندییەك دروست دەبێت؛ پەوەیندیی Nothing Personal. واتا دەبێت هیچ شتێكی تاكەكەسی دابەش نەكرێت، تەنانەت دەبێت ناوی یەكترییش نەزانن، بەڵام دواجار ئێمە دەبینین ژنەكە وەك كێوییەك كە فێری شەكری دەستی مرۆڤان بووبێت، هێواش هێواش ماڵی دەبێت و زیاتر و باشتر خوو بە ماڵەوە دەگرێت. ماڵەكە هیی پیاوەكەیە و ژنەكەش هەنگاو بە هەنگاو دەكەوێتە نێو ماڵێكی دیكە، یان گرێدراوی پەیوەندییەكی دیكە دەبێت، بەڵام ئەم جارە لەگەڵ بێوەپیاوێك. ئێمە دەبینین، ئیدی ژنەكە بیر لە دەرمانی پیاوەكە دەكاتەوە، سەرقاڵی تەندروستیی ئەو دەبێت، بەڵام پیاوەكە بە توندی وەڵامی دەداتەوە. دیارە كە ئەویش بە ئاسانی ئامادە نییە بۆ تێكەڵبوونێكی دیكە و بە زەحمەت سنوورەكانی دەبینرێن. بەڵێ ئەو بە ئاسانی ماڵەكەى خۆى لەگەڵ ژنەكە دابەش دەكات و دواجار چیرۆكی ژیانی خۆیشی دەگێڕێتەوە، بەڵام هێشتاش بەتەواوی ڕێگە نادات كەسی بیانی بكەوێتە ماڵەكەیەوە. بەڵێ ژنەكەش لە پەیوەندیی مرۆڤان دوور كەوتووەتەوە و بە توندی وەڵام دەداتەوە و بە شێوەیەكی ئاشكرا وەڵامی خۆى بەرانبەر هەموو هەوڵێكی نزیكبوونەوە پیشان دەدات، بەڵام لە كۆتاییدا دەكەوێتە ماڵی كەسێكی دیكە و كاتێكیش پیاوەكە جەستەى كەروێشكی مردووی پیادا دەكێشێت و بۆی فڕێ دەدات، واتا جۆرێك توندیی بەرانبەر دەنوێنێت، ژنەكە ئیتر دەبێتە پەزێكی ماڵی و بە دوای ئەوەوە دەچێتە ماڵەوە.

 

هۆشیاریی سیاسی

ئەو ڕاستییەى كە فیلمەكە بەرەو ڕەهەندە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان دەچێت، بەگشتی لە شێوازە توندوتیژەكەى فیلمەكەدا دەردەكەوێت. لە هەموو فیلمەكەدا توندوتیژی بە شێوەیەكی شاراوە دەردەكەوێت و دووبارە دەبێتەوە، هەندێك جار لەناكاو هەندێك جار بە شێوەیەكی پێشبینینەكراو. بینەر بۆ یەكەم جار لە ناوچەى ئینتیقالیی ڕێگە دەكەوێت، توندوتیژیی ڕێگە دەبینرێت كە نیشانەى ئاژۆتنی پیاوانەیە. ئەگەرچی ئێمە هەردەم بەر جۆرە توندوتیژییەك دەكەوین، بەڵام دەكرێت بڵێین چیتر ئەمە توندوتیژیی سێكسیستی و جێندەریی پیاوانە و ژنانە نییە، بەڵكو هەندێك جار توندوتیژیی دوو ئینسانە كە یەكتریان قبووڵە، بەڵام بە شێوازێكی توند یەكترییش ڕەت دەكەنەوە و یەكتر ڕەخنە دەكەن، وەك دوو ئینسانی باوەڕبەخۆبوو، ئیتر توندوتیژی دەبینرێت، بەڵام نەك بە شێوازێكی زایەندێك، یان ڕەگەزێك لە بەرانبەر ڕەگەزێكی دیكەدا، تخوبی ڕەگەز و جێندەر كۆتایی پێ هاتووە و سنوورەكانی مرۆڤبوون دەستی پێ كردووە.

لە كۆتاییدا پیاوەكە تەنیابوونی خۆى دەخوڵقێنێت و دەیپارێزێت، بەڵام ژنەكە بە شێوەیەكی ئاسان دەستی لێ هەڵدەگرێت. لە شوێنێكدا پیاوەكە لە ژنەكە دەپرسێت چی دەوێت؟ وەڵامی ژنەكەش زۆر ئاسانە ”دەمەوێت وەكو تۆ بم، لێرە و تەنیا، بەڵام لە دیمەنی كۆتاییدا ئێمە دەبینین ژنەكە دیسان جانتاكەى هەڵدەگرێت و دواتر دەچێتە هۆتێلێكەوە.

 

تێبینیی: ئەم وتارە لە سەرەتادا بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و پاشان لە لایەن هەردوو نووسەرەوە كراوە بە كوردی (هەم سۆرانی و هەم كورمانجی)

 

 

وردەكاریی فیلمەكە:

Nothing Personal

Director: Urszula Antoniak

Writer:  Urszula Antoniak

Stars:  Lotte VerbeekStephen ReaTom Charlfa

1h 25min | Drama | 8 April 2010 (Germany)

 

 

Nothing Personal, Wtari Cinema,