25/07/2024
DidiMn Logo
Top

ئەستێرەکانی کەلار: دەربارەی نمایشە شانۆییەکەی کەلار

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – هیوا فایەق

نازانم ناونیشانی نمایشە شانۆییەکەی کەلار چییە، زانیارییەکانیشم لەبارەیەوە زۆر زۆر سنووردارن، ئەوەیشی لە ڕێگەی فەیسبووکەوە دەیخوێنمەوە، بە تەواوی باسی چیرۆکی نمایشەکە ناکات و نایشزانم لە سیاقدا چییان وتووە، بە دیاریکراوییش نازانم كاردانەوەکان چۆن بوون، بەڵام بۆ ئەوەی سڵ لە قسەکردنیش نەکەینەوە، ڕەنگە بینینی ئەو ڤیدیۆ یەک خولەکییەی نمایشەکە و جنێو و سووکایەتییەکان وەک کاردانەوە دژ بە نمایشەکە و لە هەموویشی خراپتر، فەرمانەکەی بەڕێوەبەرێتیی ڕۆشنبیریی کەلار، بەشی ئەوە بکات شتێکی لەبارەوە بڵێین.

لە ڤیدیۆکەدا بە ئاشکرا ئەوە دەبینین کە کارەکتەرێکی کچ دژی شێوازی مارەبڕینە لە لایەن ”مەلایەکی لاکۆڵانی ڕیش درێژی دەمپیسەوە”، هەر دوای ئەوەیش کارەکتەرێکی کوڕ دەچێتە سەر کورسییەک و هەمان ئەو قسانەی مەلا هەڵۆ دووبارە دەکاتەوە، کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کردنی و ئەو پیاوانەی بە گەواد ناوزەند کرد کە ڕێگە بە سفووربوونی ژن و خوشک و دایکیان دەدەن. پێدەچێت مەبەستی هەردوو کارەکتەرەکە خودی مەلا هەڵۆ بێت.
ئەوەی سەیرە بەلامەوە ئەوەیە، بەڕێوەبەرێتییەک سزای کارەکتەرێک بدات لەسەر ئەوەی تەقلید یان هەمان قسەی کارەکتەرێکی واقیعیی کردووەتەوە، کە مەلا هەڵۆیە، مەلایش بۆخۆی بەبێ سزا لەسەر ئەو تەشهیرە گەورەیە، بە ئازادی دەسووڕێتەوە!

مومارەسەکردنی ئازادیی هونەریArtistic Freedom) ) شتێک نییە هونەرمەندی لەسەر سزا بدرێت، هەمیشە پانتایی ئازادی لە هونەردا فراوانترە لە هەموو پانتاییە ئازادەکانی تر. ئازادی لە هونەردا ناخرێتە بەردەم خەڵک بزانێت قبووڵیەتی بیڵێت/بیکات یان قبووڵی نییە. زۆر جار ئازادیی هونەری هەموو هاوکێشە ئەخلاقییە باوەکان هەڵدەگێڕێتەوە و تەواو دژەباوە، پێویستیش ناکات کەس بەوە تووشی شۆکی ئەخلاقی ببێت، چونکە بەشێک لە خەسڵەتی هونەر خۆی لێدانە لە پیرۆزی و ڕەخنەکردنی. نموونە بۆ ئەم جۆرە لە ئازادیی هونەری، هەم لە ڕووی تەکنیک و هەم لە ڕووی ناوەڕۆکەوە زۆر زۆرە، یەکێک لەوانە کاری هونەرمەند مارینا ئەبرامۆڤیچە، کە لەمبەر و ئەوبەری دەرگایەکی تەسکی چوونەژووەرە، کوڕ و کچێکی بە ڕووتوقووتی بەرامبەر یەک دانابوو، بینەرەکانیش دەبوایە بەو دەرگا تەسکەدا ڕەت بوونایە و بچوونایەتە ژوورەوە. لەو کارەدا بینەر پێوستە ئەوەی لە بیر بێت لە بەردەم کارێکی هونەریدایە، خەڵک تەواو ئازادە لەوەی ئەو کارەی قبووڵ بێت یاخود نا، بەڵام لە ڕاستیدا ئازاد نییە کە وا بزانێت لەو دەرگایەوە دەچێتە ناو یانەیەکی لەشفرۆشیییەوە.

کاری هونەریی پێرفۆرمانسی ژنە هونەرمەند، مارینا ئەبرامۆڤیچ


کۆتوبەندکردنی ئازادیی هونەری، دژی مافەکانی هونەرمەندە، هەروەها کوشتنی خەیاڵ و بیرکرنەوەکانیشیەتی، ئەم ئەخلاقی کۆتوبەندکردنەەش تەنها لەو وڵاتانەدا بەرجەستە دەبێت کە دەسەڵاتێکی ستەمکارانە و ئایینی تێیدا باڵادەستە. هەر بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی فریمیوز، کە لە ساڵی ۲٠۱٦دا دەرچووە بە ناونیشانی ”هونەر لەژێر هەڕەشەدایە”، ئاماژە بەوە دەکات کە بێجگە لە دەسەڵاتە ستەمکارەکان، ئێستا گرووپ و ڕێکخراوی ناحکومیی توندڕەو دروست بوون و کاریگەرییان لەسەر دەسەڵات دروست کردووە بۆ کۆتوبەندکردنی ئازادیی هونەری و دەسەڵاتیش داواکارییەکانیان بە تەواوی بۆ جێبەجێ دەکات؛ وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە کەلار بە فەرمی بینیمان، چۆن سزای گرووپێکی شانۆیی دەدەن و بۆ ماوەی ساڵێک کاری هونەرییان لێ قەدەغە دەکەن، هەڕەشەیش لەوانە دەکەن کە دەیانەوێت بەو جۆرە، ئازادانە بیر لە کارکردن بکەنەوە.

بۆ ئەوەی ئەو هێز و حەماسە داعشییەی لەم کۆمەڵگەیەدا کە بە تواناوە لەگەشەدایە، نەهێڵین داهاتوومان وێران بکات و نەوەی دوای ئێمە بە دەیەها ساڵ خوێنڕشتنی پێویست بێت بۆ ئەوەی بیوەستێنێت، پێویستمان بە بەندێکی دەستووری هەیە کە ئازادیی مرۆڤەکان بخاتە سەرووی هەموو پیرۆزییەکانی ترەوە و پاشان بوونی هێزێکی یاساییش بۆ بەرگریکردنی. ئەگەرنا، خوێنڕشتنی داهاتووی ئەم کۆمەڵگەیە هیی ئەو کەسانە دەبن کە دەیانەوێت ئازاد و ئارام بژین، بەبێ ئەوەی ئازاری هیچ کەسێکیشیان دابێت، بە دەستی ئەو کەسانەی کە لەسەر بیروباوەڕی دۆگما و توندڕەو بۆ ئەو کوشتارەگەیە لە ئێستاوە پەروەردە دەکرێن.

هاوبەشی بکە

Art, Freedom, Theatre,