25/04/2024
DidiMn Logo
Top

پڕۆژه‌ی مێینه‌: ئازارە هەڵواسراوەکانی مێینە

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بیار ڕه‌شید

سەرنجێک لەسەر پڕۆژەکەی تارا عەبدوڵا

هەر کارێک کە پێی دەوترێ کاری هونەریی یان پڕۆژەی هونەریی، ئەگەر بتەوێ قسەی لەبارەوە بکەی، بۆ ئەوەی قسەکردنەکەت پەیوەندی دروست بکات لەگەڵ کارەکە پێویستت بەوە هەیە ماتریاڵی کارەکە لە چوارچێوەیەکی هونەرییدا ببینیت و بخوێنیتەوە، واتە بە دیدێکی هونەریی لە کارەکە بڕوانیت. پاشان شتێکیش لەوە بزانی ئایا ئەم کارە سەر بە چ ڕێبازێکی هونەرییە.

پڕۆژەکەی تارا کارێکی ئینستڵەیشنە، کە دەچێتە چوارچێوەی هونەری هاوچەرخەوە، ئەگەر بە دیدێکی هونەریی لێی بڕوانین، ئەو کات ئەم پارچە جل و بەرگانە وەک هەر پارچە جلوبەرگێکی ڕۆژانە نابینین، دێین لە بیرۆکەی کارە هونەرییەکەوە (جلوبەرگی ئەو مێینانەی توندوتیژییان بەرامبەر کراوە) خوێندنەوەی بۆ دەکەین. بۆ من کە شوێنی دەوام و کارەکەم شاڕێی سالمە و ڕۆژانە پێیدا دەڕۆم و دەگەڕێمەوە ماڵەوە، ئەمڕۆ ڕۆژێکی جیاواز بوو. جیاوازییەکەشی تەنها کارەکەی تارا بوو، بەڵام بۆچی جیاواز بوو، چونکە ئەمڕۆ من بینەری سەدان ئازاری هەڵواسراو بووم لە شاڕێی شاردا کە هەریەکەیان ڕەنگێکی هەبوو؛ ئازارێک بە ڕەنگی پەمەیی، یەکێکی دی بە ڕەنگی مۆر و یەکێکی تر بە ڕەنگی سپی، لە خۆم دەپرسی تارا چۆن بەرگەی دوورینەوەی ئەم هەموو ئازارەی گرتووە! چاوم دەچووە سەر عەزییەک هاواری دەکرد، لە تەنیشتییەوە بلوزێک خەونەکانی کیژۆڵەیەکی نمایش دەکرد کە براکەی لە چواردیواردا دیلی کردبوون، بیجامەیەک کۆمەڵێک جنێوی لێ کەوتە خوارەوە، جنێوەکان ئەوەندە ناشیرین بوون، کاتێک کەوتنە سەر شەقامەکە لە شەرما سوور هەڵگەڕا! چەندین وشەی نەخێر، بۆت نییە، بێدەنگ بە، خۆت داپۆشە، عەیبە، بڕۆ ژوورەوە، بێ ئەخلاق، قەحبە، پیت پیت شی دەبوونەوە و شەقامەکەیان تەنیبوو. ئەو پارچە جلانەی تارا پێکەوەی دووریون، بۆ من کفنی سەدان خۆزگە و ئاواتی بەدینەهاتووی مێینەکانی ئەم کۆمەڵگایەیە، سەدان کۆتی داب و نەریتن کە بە عەموودەکانەوە شۆڕ بوونەتەوە، ئیدی ئەوان تەنها پارچە جلێک نین، بەڵکو تابلۆی ئازارێکی هەزارو چوارسەد مەترین، ئازارێک کە زۆرینەمان بەشدارین لە چێکردنیدا و بە دەم باوە لە بەرچاوماندا دەشنێتەوە.

شوێنی هەڵواسینی کارەکە بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش و گونجاو بوو، تارا زۆر لێزانانە شوێنەکەی هەڵبژاردووە، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەرمان بکەوێت و بپرسین ئەم کارە بۆ؟ ئەو لە شاڕێیەکی گشتی شاردا هەموو ئەو جلانەی هەڵواسیوە کە خێزانەکان شەرم دەکەن بە تەنافیشەوە هەڵیواسن و بیبینن، تابلۆکەی تارا هەموو ئەو پارچە جلانەیە کە لە شوێنێکی پەنهاندا بە ئازاری خاوەنەکانیانەوە وشک دەبنەوە، بەڵام تارا لەم پەنهانییە دەریاندەهێنێت و دەیانخاتە ناو فەزای گشتی تا هەموومان بیبینین. کۆتایی تابلۆکەش کە بەردەم دادگای سلێمانییە، دیسان پرسیارێکی گەورەی لە خۆیدا هەڵگرتووە بەرامبەر سەدان کەیسی توندوتیژی.

هونەرمەند ئازاری مرۆڤەکانی کۆمەڵگامان وەک خۆی نیشان دەداتەوە، نە میکیاژی دەکات و نە بۆشی ساڕێژ دەکرێت، جیاوازیی هونەرمەند لەگەڵ ئێمە ئەوەیە؛ ئێمە ڕۆژانە بەسەر سەدان شتدا تێدەپەڕین و نایبینین، بەڵام ئەو دەیبینێت و لەبەردەماندا دایدەنێتەوە تا لێی بڕوانین، وەک ئەو سەدان ئازارەی تارا پێکەوەی گرێداون.

هاوبەشی بکە

Contemporary Art, Feminine, tara abdulla,