02/05/2024
DidiMn Logo
Top

هونه‌رمه‌ندانی هاوچه‌رخ: ئانیش كاپور

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – هونه‌رمه‌ندانی هاوچه‌رخ
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: چرۆ عیزەت

‎ئانیش كاپوور، پەیكەرتاش و نیگاركێشی بەریتانی-ھیندی، ساڵی ١٩٥٤ لە (مۆمبای)ی وڵاتی (ھیندستان) لەدایكبووە، دایكی جوولەكەیەكی عێراقی و كچی قەشەیەك بوو كە لەگەڵ خانەوادەكەیدا لە (بەغداد)ەوە بەرەو (ھیندستان) كۆچ دەكات، كاتێك ئەم لە تەمەنێكی كەمدایە باوكە ھیندۆسییەكەی دەریاوانی كەشتیگەلێكی ھیندیی بوو، بەو ھۆیەوە ئانیش بەشێكی زۆری منداڵیی لە زەریادا گوزەراندووە بە كۆكردنەوەی داتا و نەخشەی ھێزی دەریایی.

‎ھەردوو باوانی كەسانێكی زۆر نوێگەر و جیھانبین بوون و ئانیش و (ڵان)ی برا بچووكی دەنێرن بۆ خوێندنگەی (دۆن)ی بەناوبانگ، كە خوێندنگەیەكی شەو و ڕۆژیی كوڕانە بوو لە (دێھرا دون). لەوێیش كوڕەكان بە یەكسانی مێژووی (ئەوروپا) و زانیاریی پەیوەست بە (ھیندستان) فێردەبوون.

‎بەھۆی پەروەردەو جیاوازیی و بیروبۆچوونی ھاوتای لەگەڵ خانەوادەكەیدا، ئانیش لە تەمەنی منداڵییدا ھەستیدەكرد بیانییەكی نادڵنیایە لە ناسنامەی خۆی لە كۆمەڵگەی (ھیندی)دا. لە دوا ساڵەكانی تەمەنی ھەرزەكاریشدا ئەو ھەستەی كە وای لێ دەكرد وایببینێت کە ئەم بەشێك نییە لەو كۆمەڵگەیە لە ناخەوە دووچاری پەشێویی كرد و لەم بارەیەوە گوتی “ھەر بەڕاستی وێران بووم، لەناخەوە پڕم لە كێشە و ناكۆكی كە نازانم چۆن چارەسەریان بكەم”. لەئەنجامیشدا (كاپوور) پازدە ساڵی دواتری تەمەنی لە چارەسەری دەروونیدا بەسەربردو ئەو ئامڕازانەی بەدەستھێنا كە بۆ چارەسەری ناھەوسەنگییەكەی پێویستی پێیان بوو.

‎كە منداڵ بوو، ئانیش چێژی لە تەواوكردنی تابلۆكانی دایكی دەبینی، بەڵام ھیچ ویستێكی بۆ بوون بە نیگاركێش نەبوو. لە تەمەنی ١٧ ساڵییدا خۆی و براكەی بلیتی خۆڕایی فڕۆكەیان بەكارھێنا بۆ گەشتكردن بەرەو (ئیسرائیل) ھەتاكو لەوێ بژین و لە كۆمەڵگەیەكی پیشەسازیشدا دەستبکەن بەکارکردن. (Gan Shmuel)

‎(كاپوور) بەتەواوی پەیوەستبوو بەو كۆمەڵگەیەو بیرۆكەی نموونەییەوە بۆ درووستكردنی گۆڕانكاری و جیاوازییەك لە جیھاندا. ئەم ئەزموونە ئازادییەكی مەزن بوو بۆ (كاپوور).

‎ھەروەھا ویستی لە (ئیسرائیل) بمێنێتەوە ھەتاكو بخوێنێت و ببێت بە ئەندازیار. لەگەڵ ئەوەیشدا دوای سێ ساڵ و كاتێك بۆی دەركەوت بەتایبەتی لە بیركاریدا ھیچ باش نییە، ئیدی (كاپوور) بیری لەوە كردەوە كە ببێت بە ھونەرمەند و سووربوو لەسەر ئەوەی ڕێڕەوێكی پیشەیی نوێ بۆ خۆی ھەڵبژێرێت. بەخۆڕایی بە (ئەوروپا)دا گەشتی دەكرد و لەكۆتاییدا و ساڵی ١٩٧٣ لە (لەندەن) گیرسایەوە ھەتاكو لەكۆلێژی ھونەریی (Hornsey) دەست بکات بە خوێندن.

‎كە لە (بەریتانیا) گیرسایەوە، بۆی دەركەوت خەریكە شتێك ئەنجام دەدات كە ھەر بەڕاستی بەدڵییەتی، ڕاوێژیكارەكەیشی کە پەیكەرتاشێکی بەریتانی-ڕۆمانی بوو (پاوڵ نێگو) ھانی (كاپوور)ی دەدا بەدوای ھونەر بكەوێت و ئامۆژگارییەكانیشی كاریگەرییان لەسەر ویست و نزیكبوونەوەی (كاپوور) لە پەیكەرتاشی ھەبوو.

‎پاش وەرگرتنی لە خوێندنگەی ھونەریی (چێڵسی) بۆ خوێندنەكانی پاش دەرچوون، (كاپوور) دوای ساڵێك وازی ھێنا، دڵنیانەبوو لەوەی ئاخۆ پیشەی ھونەرەكەی بەرەو كوێی دەبات و بەرەو (ھیندستان) گەڕایەوە، لەم بارەیەشەوە گوتی “لەناكاو بۆم دەركەوت ھەموو ئەو كارانەی لە خوێندنگەی ھونەریی و ستۆدیۆكەمدا ئەنجامیان دەدەم پەیوەندییان بەو شتانەوە ھەیە كە لە (ھیندستان) بینیومن”.

‎گەشتەكەی بۆ (ھیندستان) سێ ساڵ داھێنانی لێكەوتەوەو بووە ھۆی بەرھەمھێنانی یەكەمین كارە سەرەكییەكانی، پەیكەرە ڕەنگدارە شێواز كۆنەكانی

‎بەھۆی كەرەستەكانیشەوە خەڵك لەسەرەتادا وایاندەزانی (كاپوور) خانمێکی ھونەرمەندە. سەرەڕای ئەم پشێوییانەش بەخێرایی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھونەرییدا ناسیاویی پەیداكرد.

‎(نیكۆلاس لۆگسدەیڵ)خاوەنی گەلەری (لیسۆن) لە (لەندەن) ھەر بەزوویی سەرنجی خستەسەر كارەكانی (كاپوور)، لە سەرەتاكانی ساڵانی ھەشتاكاندا (نیكۆلاس) ھەستا بە كۆكردنەوەی كارە ھەمەجۆرەكانی پەیكەرتاشە بەریتانییەكان، كە دواتر بە پەیكەرتاشە بەریتانییە نوێیەكان ناسران و دەیویست (كاپوور) بەشێك بێت لەو گرووپە.

‎لەگەڵ ناوبانگی وەكو ھونەرمەندێكی بەتین و تاو؛ (كاپوور) ساڵی ١٩٩٠ لە (Venice Biennale) نوێنەرایەتی بەریتانیای كردو ساڵی ١٩٩١ خەڵاتی گرانبەھای (Turner)ی بردەوە.

‎(كاپوور) مەیل و ئارەزووی خۆی لە بەكارھێنانی كەرەستەی خاكی و شێوازی كۆندا بینییەوە لەگەڵ تێڕوانینی (نیكۆلاس) بۆ پەیكەرتاشە بەریتانییە نوێیەكان.

‎ئەو گرووپە پەیكەرتاشەیش كە ھەڕەمەكییانە بناتنرابوو پێكھاتبوون لە (جولیان ئۆپای، ئانتۆنی گۆرمڵێی، ڕیچارد دیكۆن، تۆنی كراگ و ڕاچێڵ وایتەرید…) ھەروەھا تۆڕێكی ھاوبەشیان پێكھێنا كە لەڕێگەیانەوە (كاپوور) بۆچوونەكانی باس دەكردن و دەیخستنەڕوو. لە ھەمان كاتدا (كاپوور) سەركەوتنە ھونەرییەكانیشی بنیاتنا، ھەروەھا بە ئارەزووە كەسییەكانیشی گەیشت.

‎ساڵی ١٩٩٥ لەگەڵ خانمە مێژووناسی ھونەریی (سوزانا سپیكەیل) كە لەدایكبووی وڵاتی (ئەڵمانیا) بوو، ھاوسەرگیری كرد. لەكاتێكدا؛ لەكۆتاییدا كێشە و گرفتە دەروونییەكانی چارەسەر دەكرد. چارەسەری دەروونی بۆ باشتر تێگەیشتن لە ھونەر بەكاردەھێنا.

‎لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەكان و لە دواتردا مەودای بەكارھێنانی كەرەستەو ماددەكانی فراوانتركردو لەوانەیش پۆڵای بێخەوشی بریقەدارو دواتر مۆمی سوورو ئاویی بەكارھێنا. لەم دواییانەیشدا و لەم دوو دەیەیەدا كارەكانی ئەم ھونەرمەندە گەورەو زۆرو تایبەت بوون.

‎بەھۆی پەیكەرە گەورەكانی و ژمارەیەكی زۆر لە كارە گشتگیرەكانییەوە، (كاپوور) زۆر دەوڵەمەند بوو، بەناوبانگ بوو و ھەروەھا لە نمایش و پێشانگە نێودەوڵەتییە ھونەرییەكاندا لێدوانی ھەبوو. بۆ نموونە، كاتێك چالاكوان و ھونەرمەندی كۆنسێپتواڵ (Ai Weiwei ) لە لایەن حكوومەتی چینەوە بە ھۆی كارە لادەرەكانییەوە بەندكرا، (كاپوور) لە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە ناڕەزایی دژی ڕەفتاری نادادپەروەری بەرانبەر ھاوڕێكەی دەربڕی.

‎ئەم جۆرە ھەڵوێستانەیش وایكرد ببێتە یەكەم كەس لە جیھاندا كە بتوانێت لە تابلۆكانیدا بەڕێژەیەكی زۆر ئەم سێبەرە ڕەشە بەكاربھێنێت. بیرۆكەی دەورەدانی ڕەنگ پێكەنیناویی دەردەكەوت و لەنێوان ھونەرمەندەكاندا كاریگەری خراپی لێ كەوتەوە. نیگاركێشی ئینگلیز (كریستیان فور) لە میانەی گفتوگۆیەكدا گوتی “ھەرگیز نەمبیستووە ھونەرمەندێك شێواز و كەرەستەیەك پەیڕەو بكات و دەستی بەسەردا بگرێت، بەكارھێنانی ڕەنگی ڕەشی خاوێن لە كارێكی ھونەریدا ئەو كارە دەبەستێتەوە، باشترین ھونەرمەندەكان  (تێرنەر، مانێت، گۆیا) ھەموویان بۆ ڕەشی خاوێن كارێكیان ھەیە، ئەم ڕەشەیان لە جیھانی ھونەردا چەشنی تەقینەوەیەكە”.

‎وەكو تۆڵەسەندنەوەیەك، ھونەرمەندی ھاوچەرخی بەریتانی (ستیوارت سێمپڵ) ڕەنگی (پەمەییترین پەمەیی جیھان)ی بنیاتنا و (كاپوور)ی لە بەكارھێنانی قەدەغەكرد، كاتێكیش ڕێگەی بە ئەوانی تر دەدا ئەم بۆیەیە بەكاربھێنن دەبوو لە سەرەتادا ڕازی ببن بەوەی بەشێوەیەكی یاسایی ڕوونی بكەنەوە كە (كاپوور) نین.

‎(كاپوور) ئەم ناكۆكییەی خراپتركردو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی وێنەیەكی پەنجەی ناوەڕاستی خۆی بڵاوكردەوە كە بەنێو بۆیەیەكی پەمەییدا لاری كردبووەوەو لەسەر وێنەكەش نووسیبووی “پەنجەكانتان بەرز بكەنەوە #پەمەیی”.

‎بێگومان جگە لەم سەركێشییانە (كاپوور) لە بەرھەمھێنانی كارە زۆرەكانی بەردەوام بوو، لە ماڵەكەی خۆیدا و لە ستۆدیۆكەیدا لە شاری (لەندەن) كاریدەكرد.

‎(كاپوور) لەڕێگەی مێتافۆڕ و لیرییكەوە نزیكبوونەوەی لە پەیكەرسازییەوە گواستەوە، پەیكەرەكانی ڕووت و ئەبستراكت دەردەكەون و ئاوێنەی بەكارھێناوە، كارەكانی بە جۆرێك نین كە بیرۆكەیەكی دیاریكراویان ھەبێت، بەڵكو دەیویست ژینگەیەك بخوڵقێنێت كە تێیدا خەڵك خۆیان بتوانن بۆ واتایەك بگەڕێن، ھەر بینەرێك دەبێتە بەشێك لە پەیكەرەكە، ھەر كارێكی باس لە بەشێكی دیاریكراو و سەربەخۆ دەكات بەڵام لە شوێنێكی گشتگیردا، پەیكەرەكانی پارادۆكسانە فەلسەفەی ھەناویی لەگەڵ ھەستەكانی ھەر ڕۆژێكدا پێكەوە گرێ دەدەن.

‎وەك ھەر پەیكەرتاشێكی تری ھەمان  نەوەی وەكو (ڕیچارد سێرا) و (ئانتۆنی گۆرمڵی)… (كاپوور)یش داوا لە بینەرانی دەكات بپرسن و ھەست بەوە بكەن ئاخۆ چۆن بوونیان ھەیە و لە بۆشاییدا دەجووڵێن، كارەكانی جوان و پایەدارن و ئەو پرسیارە دەھێننە پێشەوە ئاخۆ چۆن مرۆڤ و سروشت یەكدەگرن و ھەوڵ دەدات پەیوەندییەكی سەرنجڕاكیش و بەڕێزانە لەنێوان ئەو دوانەدا دروست بكات.

‎(كاپوور) بۆیەی تێر و شێوەی ئەندازەیی بەكارھێنا بۆ دروستكردنی گروپێك پەیكەر. بەدرێژایی ساڵانی ھەشتاكان كاری لەسەر ئەم پەیكەرانە كردو لەو بڕوایەدابوو كە ھەر كارێك بە جۆرێك لە جۆرەكان پەیوەندی بە كاری دواترەوە ھەیەو ناوی لێنان (ھەزار ناو)، ھەتاكو كارەكان بەردەوامی ھەبێت. ئەم زنجیرەكارە كۆمەڵێك پەیكەری یەك ڕەنگن كە لەسەر زەوی دانراون یاخود بە دیواردا ھەڵواسراون. ئەم پەیكەرە سەرەتاییانە یەكەمین كارەكانی (كاپوور) بوون كە تێیدا ھەست و ھۆشی بینەرانی لە فۆڕم و شێوە و شوێندا بەكاردەھێنا.

‎(كاپوور) بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ بنجوبناوانی مرۆڤ، ھەرچەندە ڕوون و ئاشكرا نییە؛ دەستپێكی ژیان بەجۆرێك لە جۆرەكان ئاماژەی پێكراوە. (كاپوور)  كونی دروستكردووە، لە شێوەی ئەندامی زاوزێی ئافرەت و ھێڵكاری چەماوەی دروستكردووە بۆ پیشاندانی دووگیانی. چەشنی گەشتێك لە منداڵدانی دایكمانەوە، سوور ئاماژەیە بۆ ڕەنگی خوێن و لەش و دەستپێكی گەشتی ژیان.

‎(كاپوور) پاشماوەی خۆرھەڵات و كاریگەرییەكانی خۆرئاوای كۆكردەوەو لەكۆتاییدا ھونەری ڕاستینەی نێودەوڵەتی لێ بەرھەمھێنان.

‎كاریگەری (كاپوور) بەشێوەیەكی فراوان و بەتایبەتی لە كارەكانی پەیكەرتاشی بەریتانی (كۆنارد شاوكرەس)دا ھەستی پێكرا. (كۆنارد) ھەر وەكو (كاپوور) پەیكەری بەكاردەھێنا بۆ ڕوونكردنەوەی مێتافۆڕ و ھۆنراوەی سروشتی. بەم شێوەیە ئەو زمانە لیریكییە ئەبستراكتە نوێگەرییەی كە لە (كاپوور)ەوە سەرچاوەی گرت بەردەوامی گرتەبەر ھەتاكو ببێت بە زمانێكی باوی ھونەر.

‎پەیكەرە ئایكۆنییە گشتگیرەكانی (كاپوور) لە سەرجەم گۆی زەوییدا دەبینرێن و ھونەرەكەی دەربارەی مرۆڤ بۆمان دەدوێت.

‎ئاوێنەی ئاسمان، یەكێكە لەو كارانەی (ئانیش كاپوور) كە لەسەر شێوازی “وێنەدانەوە” دروستی كردوون و ماوەی ٢٠ ساڵ كاری لەسەر كردوون، پەیكەرەکە وا دەردەكەوێت كە ئاسمان بھێنێتە سەر زەوی “ئاسمان دابگرێتە خوارەوە”، ئەو خەیاڵە دروست دەكات كە ئاسمان ھێندە نزیكە بتوانیت لێی نزیك ببیتەوە و دەستی لێ بدەیت.

هاوبەشی بکە

Anish kapoor, Contemporary Art,