24/07/2019
DidiMn Logo
Top

بۆچى دەبێت لە فیلمى زەر و پشتگیری لە عەفرین بترسین؟

لە لایەن دیدی من 1 ساڵ پێش ئێستا

حەمە قادر

بانکسی لەسەر کانڤاس
یان بۆچى دەبێت لە فیلمى زەر و پشگیری لە عەفرین بترسین؟!

یەک:

لەبەر ئەوەى زاڵترین گێڕانەوەى سینەمایی لە ناو مێژووى سینەمادا، بۆ کارەساتى بەکۆمەڵ تایبەتە بە کوشتارى جووەکان، هەموو فیلمێکی نوێ لەبارەى ئەم کۆمەڵکوژییەوە پرسێک سەرلەنوێ دەورووژێنێتەوە، یان دەبێت بیورووژێنێت، ئەخلاق! کە لێرەدا ئاماژە نییە بە چاک و خراپ، بەڵکو هێمایەکە بۆ وەفاى نێوان ئیماژ و کارەسات. ئەم باسە لە چەند ساڵى ڕابردوودا دوابەدواى فیلمى کوڕەکەى شاول وروژایەوە، کە بە فۆڕمە تازەکەی مانایەکى نوێی بە وێناسازیی ئەو کارەساتەی هێنایە ئاراوە؛ فیلمێک کە زیاد لە سەدا نەوەدى تەنها کلۆزئاپى پیاوێکە! پێشتر ئەم مشتومڕە لە فیلمەکەى ئالێن ڕێنە (شەو و تەم) تا دەگاتە سەر گێڕانەوەى کۆمیکى رۆبێرتۆ بێنینى (ژیان جوانە) هەمیشە بەشێک بووە لە هەوڵى ڕەخنە و بینینى ئەم جۆرە سینەمایە کە لە ناوە باوەکەیدا بە سینەماى ئەنتى نازیزم ناسراوە؛ بەڵام پرسیارێک کە هەمیشە بە گرنگیی خۆیەوە دەگەڕێتەوە، ئەوەیە کە بۆچى دەوڵەتى ئیسرائیل، نەک کێشەى لەگەڵ ئەم جۆرە فیلمانە نییە، بەڵکو ئامادەیە فاند و پشتگیریی زۆربەشیان بکات؟ ئایا ئەمە تەنها لەبەر وشەیەکى هاوبەشە بە ناوى جوو، کە ئیسرائیل خۆى کردووە بە خاوەن دۆزەکەیان و لەو تایپە فیلمانەشدا هەیە، یان باسێکى قووڵتر هەیە، چۆن دەکرێت دەوڵەت کێشەى لەگەڵ سینەمادا نەبێت؟! ئەوە چ سینەمایەکە کە دەوڵەت کێشەى لەگەڵدا نییە؟!

تیۆریزەکردنى ئەم باسە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵى سێرژ دێنێ (ڕەخنەگرى فەڕەنسی) بۆ بیرکردنەوە لە پەیوەندی نێوان میزانسن و ئەخلاق؛ ئەو کاتەى بە ئیلهام لە گوتەیەکى لوو مولێ (کە جووڵەى تراڤلینگى کامێراى بە ئەخلاقیات چواندبوو) سەرلەنوێ دەکەوێتەوە بیرکردنەوە لە پەیوەندی نێوان جوانیناسیی سینەمایی و ئەخلاق. هەڵبەت نموونەى دێنێ، فیلمێکى جیلۆ پۆنتێ (دەرهێنەری ئیتاڵی)یە کە تێیدا بە گرتەیەکى تراکینگ، دەرهێنەر تەرمى وشکبووى ژنێکى جوو لەسەر تەلبەندەکان نیشان دەدات. ڕەخنەى دێنێ و لەڕاستیدا نائەخلاقیبوونى ئەم گرتەیە لاى ئەم ڕەخنەگرە، دراماتیزەکردن و ڤیژواڵایزکردنى زیاد لە پێویستى ئەم مەرگە دڵتەزێنەیە. لەم گرتەیەدا وێنە بە ڕادەیەک تێر بووە، ئەوەى لە یادەوەریدا دەمێنێتەوە نەک مەرگ و کارەسات، بەڵکو وێنەیەکى تێر، بەڵام خەسیوە. ئەمە نموونەیەکى زۆرباسکراو و لەڕاستیدا سادەیە بۆ ئاماژەکردن بە نائەخلاقیبوون لە سینەما و لە پەیوەندیدا بە کارەساتەکانەوە.

بەڵام ئەم تێزەى سێرژ دێنێ، دەستکەوتێکى گەورەترى بۆ ئێمە هەیە، جارێکى تر باوەڕهێنان بە زمانى سینەما و پەراوێزخستنى ناوەڕۆک. ئەخلاق لێرەدا وەفا و لەڕاستیدا سەلماندنى خەمخۆری موئەلیفە لە پەیوەندیدا بە کارەساتەوە، نەک لە ورووژاندنى ناوەڕۆک یان باسێک، بەڵکو لەو زمان و فۆڕمە ستاتیکییەوە دێت کە بۆ نزیکبوونەوە لە کارەسات دروست کراوە. لەبەر ئەمەشە مێژووى سینەما ڕەنگە پڕ بێت لە گێڕانەوەى کارەسات، بەڵام دەگمەن کارەسات لە ناو زمانى سینەماییدا بەرهەم هاتووەتەوە. ورووژاندنى پرسى زمانى سینەما، یان دۆزینەوەى زمانى تایبەت و شایستە بە کارەسات، تاکە دەروازەیە بۆ سەرلەنوێ بیرکردنەوە لەو پرسیارەى لەسەرەوە خرایە ڕوو.

 

دوو:

دواى مردنى عەباس کیاڕۆستەمى (کە تا ڕادەیەک لە کوردستان ناسراوە) سەربارى ئەو شەپۆلە سانتیمێنتاڵەى بۆ مردنى ئەم دەرهێنەرە دروست بوو، پرسیارێکى گرنگیش ورووژا، ئەگەرچى کۆن دەینواند، بەڵام ئەم جارە پێویستى بە داڕشتنەوەیەکى تازە هەبوو؛ واتە گوزەرکردنى لە پرسیاری “ئایا سینەماى کیارۆستەمی سیاسییە؟” بۆ پرسیاری “سیاسەتی کیاڕۆستەمى لە چیدایە؟” پرسیارێک ئاشکرا نەک لە ناوەڕۆک، بەلکو پرسیار بوو لە زمانى ئەو سینەمایە. واتە لەڕاستیدا مەیدانى ڕەخنەکردنەکەش گۆڕابوو بەم پرسیارە، مەیدان لەو ڕەخنەگرانەى سیاسەت لە سینەمادا تەنها لە بابەت و ڕووداوە سیاسییەکانى ناو فیلمدا دەبینن و دەیانەوێت بە تۆپزى تیۆرى سیاسی/فەلسەفی لە ناو سینەمادا وەربگێڕن و لەڕاستیدا بەمەش لە سینەماى بخەن بەخشرا بەو سینەفیلانەى کە پرسیاریان لە ئەزموونى زمانى سینەماى کیارۆستەمى بوو لە پەیوەندیدا بە ژیانەوە. سینەفیلەکان بۆ بیرکردنەوە لەم سیاسەتە لە سنوورەکانى ژیان/سینەماوە دەستیان پێ کرد و بە داڕشتنەوەى پێناسەیەکى نوێ بۆ ژیان کۆتاییان پێ هێنا. ئەوان دەیانزانى ئەگەر ئینسانى دواى برایانى لۆمیەر، هەمان ئینسانى پێشوو نییە، لەبەر ئەو دەستکارییەیە کە سینەما لە پەیوەندیی مرۆڤ و جیهان، مرۆڤ و ژیاندا دروستى دەکات، ئەمەش واتە زمان، واتە شڵەژاندنى زمان. هیچ دەرهێنەرێکى مێژووى سینەماى ئێران نییە بەقەد کیاڕۆستەمى بە فۆڕم و هەوڵى جۆراوجۆر و جیاواز دەستکاریی مێژووى سینەماى کردبێت، نەک ڕێگەى بۆ سینەمایەکى کەمخەرج و سەربەخۆ بۆ گەنجانى دەرەوەى سیستەمى زاڵ کردەوە، بەڵکو بە ئەزموونکردنى پەیتا پەیتاى زمانى سینەمایی و شڵەژاندنى بەردەوام، لە ستایشى بەردەوامى ژیاندا بووە. سیاسەتی کیاڕۆستەمى داڕشتنەوەى زمان و ئەگەرى نوێی سینەماییە، کە لەڕاستیدا ئەگەرى نوێی ژیانیشە، چونکە پێشوەخت زمانى سینەماى بریندار کردووە. هەر بۆیە لەڕاستیدا گرنگترین فیلمەکانی ژان لووک گۆداریش ئەو فیلمانە نین کە گۆدار ڕاستەوخۆ و بێپەردە دژ بە ئەمەریکا و ئیسرائیل دروشم ڕیز دەکات، بەڵکو ئەو فیلمانەن کە لەگەڵ زمان و مێژووى سینەمادا دەکەوێتە دیالۆگ. گۆدار لە بیست سی ساڵى کۆتاییدا باش تێگەیشتووە، کە ئەگەر بڕیارە شتێک بگۆڕێت بەبێ گۆڕینى زمانى سینەما، مەحاڵە. ئەگەر بەم ڕوانگەیە سەرلەنوێ مێژووى سینەما بخوێنینەوە لەڕاستیدا سیاسیترین ئۆتۆرەکانى سینەما ئەوانەن کە تۆمەتى ناسیاسیبوونیان دەخرێتە پاڵ. گرنگیی ئەم ڕوانگە سینەفیلییە بۆ بیرکردنەوە لە سیاسەتى سینەما، ئەوەیە سیاسەت دەباتەوە ئەو شوێنەى دەبێت هەبێت، نەک پێش فیلم، نەک دوای فیلم، بەڵکو فیلمسازى و سینەما خۆى دەکاتەوە بە کایەیەکى سیاسی، بەم جۆرە ئیدی سینەما سیاسی نییە، بەڵکو سینەما سیاسەتە! گرنگیى ئەم پێشەکییە لەوەدایە شتێک بە ناوى سینەماى سیاسی دەکاتە بەدحاڵیبوون، کە زۆر جاریش ئەگەری خیانەت و نائەخلاقیەتى سینەمایی هەڵگرتووە. کارەسات خۆى لە یەک پێناسەى کورتدا ئەزموونێکى ڕاچڵەکێنەرى زمانییە و هەموو هەوڵێکى سینەمایی کە وزەى خۆى لەم پێناسەیەوە وەرنەگرێت، یان کاڵفامییەکى سینەماییە، یان خیانەتێکى سینەماییە لە خودى کارەساتەکە.

 

 

سێ:

ئەگەرچى قسەکردن لەسەر فیلمى زەرى کازم ئووز بەپێى ئەو کاردانەوە هێستریک و چاوەڕواننەکراوەى لە کوردستان دروستى کردووە، مەترسیی ئەوەشى لەگەڵدایە دیسان باسەکە بپەڕیتەوە بۆ ئیبتزالێک کە پەیوەندیی کورد و سینەما دروستی کردووە و نموونەکانى کەم نین، شەرعیەتى ئەم ئیبتزالەش لە شتێکەوە دێت بە ناوى سینەماى سیاسی، بەتایبەت پاش ئەو نائومێدییەى لە باشوور لە پەیوەندیدا بە خواستى نەتەوەیییەوە دروست بووە و دەیەوێت بە خواستى نەتەوەیی/کۆلەکتیڤى باکوور و ڕۆژئاوا خۆى لەم نائومێدییە سڕ بکات و موحافیزکارەکانى باشووری کردووەتە شۆڕشگێرەکانى ڕۆژئاوا، بەڵام وەک چۆن هەر ڕەخنەیەک ڕیسکێک قبووڵ دەکات، ئەم نووسراوەش ڕیسکەکەى تا دەمی تێگەیشتن لە سیاسەتى سینەما قبووڵ کردووە، چونکە ڕەتکردنەوەى فیلمێک کە بانگەشەى فیلمى سیاسی هەیە، لەڕاستیدا بۆ هەر سینەفیلێک ئەرکێکى سیاسییە.

ساڵانێک لەمەوبەر، ئەو کات سلێبریتییەک بە ناوى مەحسون قرمزگول هاتە هەڵەبجە و دەنگۆى ئەوە بڵاو بووەوە کە ئەم پۆپ ستارە (کە لە سینەماشدا هەر پۆپ ستار مابووەوە!) دەیەوێت لەسەر کارەساتى هەڵەبجە فیلمێک دروست بکات، پرسیارێکیشى لەگەڵ خۆیدا هێنا، ئەى بۆچى مەحسون فیلم لەبارەى کارەساتى دەرسیمەوە دروست ناکات؟ زەمەن تێپەڕیی و مەحسون نە لەسەر هەڵەبجە و نە لەسەر دەرسیم فیلمى دروست نەکرد، پێم وایە گرنگترین کارێک کردبێتى هەر ئەمە بوو، چونکە بەو فۆڕمە سینەماییەی لە فیلمێکى وەک بەیاز مەلەک بینیبوومان، مەترسیی ئەوەش بێنرخترین گێڕانەوەی لەسەر ئەو کارەساتانەش هەبێت، بەڵام ئەوەى قرمزگول نەیکرد، ئێستا کازم ئووز لە فیلمێک بە ناوى زەر کردوویەتی.

پرسیارێک کە دواى بینینى فیلمەکەی کازم ئووز و هەڵسەنگاندنى دۆخى بینەران دواى هاتنەدەرەوە لە هۆڵى نمایش لای من دروست بوو، ئەوەیە بۆچى هەموان لە دواى بینینی ئەم کارەساتە بەم جۆرە دڵخۆش و ڕازى دێنە دەرەوە؟ بینەرەکان پێکڕا و بێ جیاوازى ڕازین، ئەمە چ گێڕانەوەی کارەساتێکە، کە هیچ بینەرێکی ڕاڕا و دوودڵ نەکردووە؟  فیلمی زەر، فیلمێکى جادەییە لە بارەى کوڕێک بە ناوى ژان کە لە ئەمەریکا موزیک دەخوێنێت و شەوێک کە بە لاى جەستەى نیوەگیانى داپیرەیەوە دانیشتووە، گوێى لە ورتەورتى گۆرانییەکى کوردى دەبێت و بڕیار دەدا بە دواى ڕەگوڕیشەى ئەم گۆرانییەدا بچێت و لە گەڕانەوەیدا بۆ تورکیا ڕێی دەکەوێتە گوند و دەشت و دۆڵەکانى باکووری کوردستان. لە کۆتاییدا لە کوردبوونى نەنکى ژان تێدەگەین، کوردبوونێک کە بە هۆی کارەساتى دەرسیم تا ئەوکات و بە شاراوەیی مابوویەوە.

مەکینەى دەستپێکى فیلمەکەى کازم ئووز، لە کڵێشەیەکى کازابلانکاییەوە دەست پێ دەکات؛ یان عەشق یان شۆڕش! سەندنەوەى هەموو وزەیەکى شۆڕشگێڕانە لە عەشق. ژان (کە ناوەکەى فەڕەنسییە و دواتر دەردەکەوێت ژان و ئازاری کوردییە!) لە ئەمەریکا گیرۆدەى جۆرێک پوچێتییە و ناتوانێت لە پەیوەندیی خۆى و دەوروبەر و کچەهاوڕێکەیدا مانایەک بدۆزێتەوە. دەرهێنەر بە زێدەڕۆیى لە هاى و لۆ ئەنگلەکانى کامێرا و نیشاندانى ژان لە بەردەم بیناسازیی مۆدێرنى نیۆرک، بەردەوام ئەم دۆخە پاسیڤە دەگوازێتەوە. پاڵەوانى فیلمەکە بە ترازان لە فەزاى شار، لەم خۆشەویستییە پاسیڤەش ڕزگارى دەبێت و بە هەوڵەکانى بۆ دۆزینەوەى ژێرپێستەکانى دەرسیم! “مانا” بۆ ژیانى دەگەڕێتەوە. جەستە ساردەکانی ئەپارتمانەکەی نیۆرک و جەستە گەرم و پڕ ژیانەکانی گوندەکانی تورکیا، کۆنتراستی زەقی جلوبەرگی و ڕووخساری ژان لەگەڵ بەرگ و ڕووخساری گریلاکان هەموو تێکڕا فیلمەکە جەمسەربەندی دەکەنەوە، جەمسەری دۆخە دژبەیەکەکان و بێتوانایی لە هەڵگۆزینی دۆخە ڕادیکاڵەکانی هەر دۆخێک بۆ خۆی. کە ڕوانگەی دەرهێنەرمان بۆ کۆی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەرسیم لەگەڵ تەنانەت سینەماش بۆ ڕوون دەکاتەوە.

ژان کە ڕووخسارە درەوشاوەکەى ئەکتەرەکانى دراما تورکییەکانمان بیر دەخاتەوە، لە فەزایەکى ئێجگار ڕەنگاڵە، بە زێدەڕۆیى لە دیزاینى جلوبەرگ و ئاڕت دایرێکتینگى ڕیکلامئاسا، ئەم گەشتە گرنگەى لە ئەستۆیە. دەرسیم لە کوێدایە؟ کوێ لێرەدا هێڵى گێڕانەوە یان ناوى دەرسیم نییە؟ بەڵکو ئەو دۆخە زمانییە لە کوێدایە؟ ئەو ڕاچڵەکاندنە زمانییە؟ گرتە و فرەیمینگى فیلمەکەى کازم ئووز بە جۆرێک پێناسەکراو و باو و جوانن کە سەرلەبەر فیلمەکەى کردووەتە ڕیکلامێکى درێژ. ڕەنگ و فەزاسازى و سەرجەم ڕەگەزەکان نەک هەر کەمێک بۆنى زمانى کارەساتیان پێوە دیار نییە، بەڵکو بە توندى دژ بەو زمانەن کە کارەسات دروستى دەکات، دەوەستنەوە. فیلمی زەر بێئەندازە جوانە، ئەوەندە جوان کە ناتوانین دەرسیممان پێ دزێو بێت، ئەمە لەڕاستیدا هەمان قەلەقی و ترس بوو کە لەسەرەوە و لە تێزەکەى سێرژ دێنێ لە پەیوەندیدا بە گێڕانەوەى کارەساتەوە باس کرا. کازم ئووز، ئەم کەلینە قووڵ و هەستپینەکراوەى بە نیشاندانى وێنەى بێگەردی گەریلاکان و وێنەى ئەحمەد کایا لەسەر دیوار زیاتر کردووە، وێنەگەلێک بۆ بینەر کە دەیانەوێت فیلم کارێک بکات کە خۆیان نایانەوێت، یان ناتوانن بیکەن! ئەو بزەیەى کە بینەرە سیاسەتزەدەکانى فیلمى زەر دواى بینینى فیلمەکە و هاتنەدەرەوە لە هۆڵ لەسەر لێویانە، بزەی لەکۆڵخستنەوەى کارێکە کە فیلمەکە بۆى کردوون و لەڕاستیدا لە سینەمایەکى گرنگ و ڕادیکاڵدا بینەران دەیکەن، گەریلاکانمان بەو جۆرەى لە خەیاڵدایە نیشان داوین، وێنەى گەورەى ئەحمەد کایاش، باسى دەرسیمیشی بۆ کردووین، لەڕاستیدا فیلمەکە لەبرى ئێمە سیاسەتى کردووە، بەڵام لە فۆڕمە نوێنەرایەتییەکەى و ئەمە دیارترین خەسڵەتى سینەماى سیاسییه، کە لەڕاستیدا بەم مانایە سینەمایەکى ڕیفۆڕمیستییشە، چونکە هیچ لە پەیوەندیی ئێمە و فیلم و ئیمە و دەرسیمیش ناکات.

 

 

چوار:

فەڕمیترین و زاڵترین سیستمە سینەماییەکانیش کە دەرکەوتەى ڤیژواڵى سیاسەتى دەوڵەتین، خۆیان زۆر ئاسان لەگەڵ هەموو ناوەڕۆکێکدا دەگونجێنن؛ سەردەمانێک لە ئەمەریکا ورووژاندنى کەیسی هاوڕەگەزخوازان، ڕەشپێستەکان و تەنانەت فیگۆرە چەپەکانیش، نەدەگەیشتنە ناو سیستەمى ڕەسمی. ئێستا هۆلیوود خاوەنى چەندین فیلمە لەسەر چێ گیڤارا، ساڵانە خەڵاتى تایبەتیی هەیە بۆ ڕەشپێستەکان، گاڵتەش بە ترامپ دەکەن (ترامپێک کە سینەماى ئەمەریکا خۆى دروستى کردووە)، بێ پەردە و دەنگبەرز باسی سێکسیزمیش لە پیشەسازیى هۆلیوودا دەکەن، چونکە لەڕاستیدا هەموو ئەم کەمینانە لە ڕوانگەى ئەم پیشەسازییەدا خاوەنى بڕێک پارەن کە دەتوانن بلیت بکڕن و بازاڕێکى گەورەتر دروست بێت؛ ناوەڕۆک، یان هەمان سینەمای سیاسی، بەم جۆرە دەبێتە خۆراک بۆ ئەو پیشەسازییە، بەڵام شتیک کە هەمیشە و بەردەوام وەک قەدەغەیەک دەمێنێتەوە، زمانگۆڕین و شڵەژاندنى زمانى سینەماییە، چونکە بازاڕى سینەمایی لەسەر زمانێکى پێناسەکراو دەگەڕێت تا بلیتەکانى بفرۆشێت. هەر بۆیە سیاسەت لێرەدا ڕزگارکردنەوەى جارێکى تری سینەمایە بە کۆمەکى خودى سینەما و بە زمانى خۆی. تەنها بەم جۆرە ئەم مەکینەیە لە ئیش دەکەوێت و مەترسی و قەیرانسازى دەکرێت. قەیرانێک کە لە سینەماى سیاسیدا ڕووى لە ئەوانى ترە نەک ئیمە، بەڵام سیاسەتى سینەما لەڕاستیدا ئێمە و ئەوانیش بریندار دەکات و بینەر (لە هەر پێگە و دۆخێک)دا دەشڵەژێنێت و ناچار بە خۆڕێکخستنەوەی دەکات. وێنەى ئەحمەد کایا و باسى کارەساتى دەرسیم، ڕەنگە هەندێک بیرۆکراتى سینەمایی تورکیا تووڕە بکات و سانسۆرى بکەن (لە تورکیا مەگەر چى سانسۆر ناکەن؟!)، بەڵام بزە دەخاتە سەر لێوى ئێمە و ئەمە ڕێک ئەو ساتەیە کە فیلمى زەرى تێدا دەمرێت و لە دەرسیم دایدەماڵێت، چونکە ئەوەی سیاسەتى سینەما بە پێچەوانەى سینەماى سیاسییەوە دەیکاتە پرسیار، ئەوەیە کە لە پەیوەندیدا بە کارەساتەوە مەکینەى شاردنەوەی کارەسات (کە سینەماى فەڕمییە) لە کار دەخات؛ واتە وێرانکردنى زمانێک کە لە زمانى خستووین! ئەمە پێناسەى سیاسەتى سینەمایە و فیلمێکى وەک زەر بەو بانگەشەیەى کە هەیەتى خیانەتى لێ دەکات، چونکە بە هەمان زمان کە لە زمانى خستووین، دەدوێت. ئەمە ڕەنگە وەڵامى ئەو پرسیارەى سەرەتاش بێت؛ لەبەر ئەمەشە ئیسرائیل کێشەى لەگەڵ هیچ کام لەو فیلمانەدا نییە کە بە زمانى فەڕمى/دەوڵەتى، کارەساتی کۆمەڵکوژیی جووەکان دەورووژێنێت.

 

پێنج:

لە دۆخى ئێستاى کوردستاندا (کە لە کاتى نووسینى ئەم دێڕانەدا عەفرین وەک جوگرافیا نزیکە لە داگیرکردن) ورووژاندنى ئەم باسە بۆ ئێمە گرنگیی زیاتر دەبێت؛ ئەگەرى ڕوودانى کارەسات هەیە و خودى کەیسى عەفرینیش، ئەگەر وەک هەوڵێک بۆ مێژووسازی قبووڵى بکەین، ڕووداوێکى سینەماییە (ئەگەر مێژووەکانى سینەمامان قبووڵ بێت نەک مێژووى سینەما)، ئەوەى فیلمێکى وەک زەر دەیکات، داخستنى ئەگەرەکانى مێژووە بە سەر خۆیدا، چونکە وەک زمان هیچ پانتاییەکى نوێ لە پەیوەندیدا بە تێماکەى خۆی ناکاتەوە و بگرە داشیدەخات. وەک چۆن هەر هەوڵێک بۆ نزیکبوونەوە لە کارەساتى وەک دەرسیم بەم جۆرە هەوڵانەى وەک فیلمى زەر ترسناکە، ئاوهاش ڕێزگرتن و پشتگیری لە عەفرین بە فیلمى هاوشێوەى زەر بە فیلمگەلێک بۆ بینەری سیاسەتزەدەى ناوەڕۆکپەرست، جۆرێک خیانەتە لە عەفرین خۆى، عەفرینێک کە بڕیار وایە دەستکاریی ڕیکخستنە چەسپاوەکانی جیهان بکات، کە داهێنانى زمانێکى نوێی ململانێ و ئامادەییە، نابێت بە فیلمگەلێکى لەم جۆرە خیانەتى لێ بکرێت، بەتایبەت بە لۆگۆ و سپۆنسەری ڕووداوى نێچیرڤان بارزانى و ماڵى سوهرەوەردىی هێرۆ خان، کە هەموان دەزانن لە کوردستان دوو فیگۆری چەسپاوی داخستنى دەرگای هیوا و ئەگەر و زمانى  تازەن و سەرجەم کارەکە بەو مانایەى لە سەرەوە باس کرا، دەکاتە کارێکى نائەخلاقی. ئەم جۆرە ڕێزگرتنە سینەماییانە، لە سەندنەوەى دیوار دەچێت لە کارە گرافیتییەکانى بانکسی، واتە کێشانى هەمان نیگار لەسەر کانڤاس؛ هەموان دەزانن کارەکانى ئەم هونەرمەندە گەورەیە لەسەر دیواری شوێنە گشتییەکانى شارەکان نەبێت، دەبێتە کۆمەڵێک وێنەى نیگارکێشێکى تازەکار، کە تازە لە پەیمانگەى هونەرە جوانەکان خەریکى ڕاهێنانە. سینەماى سیاسی و ئەو ڕۆڵەى لە کوردستان پێى دەگێڕدرێت و ئەو کارەى پێى دەکەن، بانکسییەکى بێ دیوارە، ناوەڕۆکێک کە لە شوێنەکەى خۆى نییە، شتێک کە لە زمانى خۆی داماڵراوە و لەڕاستیدا زمانێک کە زمانى بێزمانەکان (عەفرینییەکان) نییە.

عەفرینیش، وەک هەموو فیلمێکى شاکاری سینەمایی دەکرێت لە کۆتاییەوە دەست پێ بکات. ئەمە بنەڕەتێکى سینەفیلییە بۆ مامەڵەى سینەما و کارەسات، هەر بۆیە لەو شوێنەى گەنجێک، سەربەخۆ، بە زمانى نوێ، فیلمێکى ناڕیکوپێک دروست بکات، ئەگەر باسی عەفرینیش نەکات، عەفرین دەست پێ دەکاتەوە، چونکە ئەو زمانە جیهانییە/وێنەییە لە کار دەخات کە عەفرینى لە زمان خستووە.

 

 

Afrin, Hama Qadr, Wtari Cinema, Zer,