20/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و فیلم: ئەو جیاوازییەی ژیان لە فیلمی خەوی زستاندا دروستی کردووە

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

فیلم: خەوی زستان (Winter Sleep, 2014)
دەرهێنەر: نووری بیلگە جەیلان
بینەر: ژیر دانا

هەموو بەرکەوتنێکی ئێمە لەگەڵ کەسێکی تردا، تەنها بەرکەوتنی خۆمان و کەسەکە نییە، دەکرێت پێش ئەوەی خۆمان و کەسی بەرامبەرمان بەر یەک بکەوین، دنیایەک شتی تر ئەم کارە بکەن و لە کۆتاییشدا هیچ دەرفەتێک بۆ خۆمانی ڕاستەقینە نەمێنێتەوە، درککردن بەوەی کە قسەکردنی بەردەواممان لەگەڵ کەسەکەندا قسەی ڕاستەقینەی خۆمان نین و لە هیچ کاتێکدا ئەوەی لە مێشکماندایە وەک خۆی ناچێتە مێشکی بەرامبەر، چیمان پێ دەڵێت؟ تووشی چ پرسیارێکمان دەکات؟ هەمیشە وا تێگەیشتووین کە زمان ئامڕازی پەیوەندیی منە بەوانی ترەوە، بەڵام لە هەر کات و لە هەر شوێنێکدا زمان بخەینە ژێر پرسیاری من کێم، ئەوا ڕاستەوخۆ وەڵامەکەی ماسکی تۆ ئەوەیە دەبێت، با تۆزێک بیر بکەینەوە… کوا زمان ئەو توانایەی هەیە حەقیقەتێک لە ناخ و دەروونی من دەربخات و بیگوازێتەوە کە تا ئاستی ناکۆتا قووڵە و بە هیچ ڕێگا و تەکنیکێک ناتوانین بچینەوە سەری، منی ڕاستەقینە ئەو منەیە کە ڕۆژە سادەکانی تەمەنم دروستیان کردووە یان پەروەردەم؟ یان خێزان و عادات و تەقالیدەکانی ناو خێزان؟ یان کلتوور و مێژووی ئەو نەتەوە و شوێنەی کە تیایدا دەژیم؟ لە هەموو ئەمانەیش گرینگتر، ئەو منەی کە لە‌ ڕێگای زمانەوە پیشانی ئەوانی تری دەدەم کام یەک لە منانەیە؟ ئەی ئەوەی کە پیشانی خۆمی دەدەم؟

خەوی زستان فیلمێکی تورکیی ساڵی 2014ەیە، دەرهێنەرەکەی کە نووری بیلگە جەیلانە، یەکێکە لە قسەلەسەرکراوترین دەرهێنەرەکانی هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست، بە تایبەت ئەم فیلمەی کە توانیی لە ڕێگایەوە ببێتە خاوەنی چڵەخورمای ئاڵتوونی لە فێستیڤاڵی کان. فیلمەکانی جەیلان هەتا بڵێیت خاو و درێژن، زیادەڕۆیی لە پیشاندانی کەسایەتیەیکانی دەکات بەبێ ئەوەی ئەو پیشاندانە درێژانە ڕاستەوخۆ بەسترابنەوە بە چیرۆکێکەوە یان ناساندنێک بن، ئەوەی لە بەرچاوتە لاوەکیترین شتەکانی ئەم کەسایەتییانەیە، لە ئەنجامی ئەمەدا دەتوانین بڵێین کە فیلمەکانی جەیلان پیشاندەری دۆخێکن کە تیایدا مرۆڤ لە سادەترین حاڵەتی خۆیدا بەرامبەر بە ژیانێکی هەتابڵێیت ئاڵۆز و توند و هەندێک جاریش بێمانا وەستاوەتەوە، تۆیش لە کاتی سەیرکردنی ئەم دۆخەدا سەرەتای ڕووداوێک نابینێت کە لە کۆتاییدا بە ئەنجامێک بگات، بەڵکو ڕووداوەکان خۆیان دەبینیت بەبێ ئەوەی بتوانیت بە هیچ سەرەتا و کۆتاییەکەوە بیانبەستیتەوە.

نووری بیلگە جەیلان، دەرهێنەری فیلمی خەوی زستان

چوونەناو فیلمەکە، چوونەناو چیرۆکێکی درێژ نییە کە تا کۆتاییەکانی فیلمەکە بڕ بکات، چونکە بیرمان نەچێت درێژیی ئەم فیلمە نزیکی سێ سەعات و نیوە، بۆیە سەرەتا وا بیر دەکەینەوە کە پێویستە چیرۆکێکی گەورە هەبێت تا بتوانێت ئەو کاتە درێژە پڕ بکاتەوە، خۆ چیرۆکەکە هەیە، بەڵام هێندە لاوەکییە کە هەڵە نابێت کەمترین سەرنجی بدەینە سەر، هەروەها نابێت تەواوی شتەکان لە چیرۆکەکەدا کورت بکەینەوە، ئەوەی لەگەڵ تۆدا دەرگیر دەبێت لە کاتی بینیندا، کەسایەتییەکان خۆیانن، چیرۆک و هێڵە گشتییەکە و سێت ئەپەکانی هەمان شتن، بەڵام بە بینینی کەسایەتییەکان و گوێگرتن لە قسەکانیان، بۆت دەردەخات کە حەقیقەتی ئەمان زۆر دوورە لەو شتە گشتییانەوە، لەو چیرۆکە یەکگرتوو و درێژەی کە بە دوایدا دەگەڕێیت، ئەوان هەر یەک چیرۆکی خۆیان هەیە، بە ڕووکەش نا، چونکە بە ڕووکەش هەموو شتەکان بۆ هەموان هەمان شتن، بەڵام لە ناوەڕۆکەوە بە جۆرێک جیاوازن لە یەکتری کە تەنانەت نەتوانن لە سادەترین کردەی بەرامبەرەکانیان تێبگەن، سەرەڕای ئەمەیش هەر پێکەوەن و پێکەوە دەژین و پێکەوە ئەم فیلمە سەیرەیان درست کردووە، ئەوەیشی لێرەدا دڵخۆشکەرە، ئەوەیە کە ئەم جیاوازییە زۆرەی نێوان کەسایەتییەکان ئەو جیاوازییە هەزاربارەیە نییە کە لە زۆربەی فیلمەکانی تر دەیبینین و وا دەزانین سەرچاوەکەی پێویستە لایەنە هەرە گەورەکانی کۆمەڵگە و شارستانیەت بێت، بۆ نموونە چینایەتی و پەروەردە و کلتوور، لە سەرەتاوە ڕێک بەر ئەوە دەکەویت و وا دەزانیت ئەوە چینایەتییە کە جیاوازییەکەی دروست کردووە و وای کردووە دوو مرۆڤ لە ناو یەک چیرۆکدا کە یەک خوێندنەوەی بۆ بکرێت، جێیان نەبێتەوە، بەڵام تا فیلمەکە زیاتر دەڕوات تۆ شتی تر دەبینیت، خوشک و برا و ژنومێرد و هاوڕێ لەگەڵ هاوڕێ، هەموو ئەمانە جیاوازن لە یەکتری، بەبێ ئەوەی لە چینی جیاواز بن و خاوەنی پەروەردەیەکی جیاواز بن، لێرەدا ئەوەی لە هەموو شت زیاتر سەرنجی منی ڕاکێشا، زمان بوو، چونکە زمان ناتوانێت ئەم جیاوازییە دەربخات و زۆر بە سەیری کار دەکات، وەک بڵێیت هەموومان لە یەک تێدەگەین، خاوەنماڵ بە کرێچییەکەی دەڵێت: “من لە نەهامەتییەکانت تێدەگەم، بەڵام مافی خۆمە داوای پارەت لێ بکەم.” کرێچی بە خاوەنماڵ دەڵێت: “مافی خۆتە داوای بکەیت، بەڵام منیش نەهامەتیم زۆرە.” لێرەدا لە ئاستی زمان و وشەکاندا تێگەیشتنێکی تەواو هەیە، وەڵام بۆ پرسیارەکان هەیە و شوێنێک نەماوە کە وشەیەکی تر هەڵبگرێت و هەموو شتێک کۆتایی دێت، بەڵام ئایا هەر بە ڕاست وایە؟ هەر ئەوەندە وشەکان چوونە ناو مێشکمان هەمان مانایان دەبێت و ئێمەیش هەمان کاردانەوەمان بۆی دەبێت؟ ئایا هەموومان نازانین کە لەو قسانەدا ئەسڵەن پرسیارێک نەکراوە تا وەڵامەکەی بدرێتەوە؟

ئەم تێنەگەیشتنەی نێوان کەسەکان شتێکی سادەی ناو فیلمەکە نەبوو، کە تەنها لە چەند دیمەنێکدا دەربکەوێت، بەڵکو زۆر بە سیستەماتیکی دەرهێنەر کاری لەسەر ئەمە کردبوو و بە جۆرێک دەردەکەوت کە تەواوی دایەلۆگەکانی فیلمەکە بەشێکی ئەمەت بۆ دەربخەن، سەرەتا بەس تێنەگەیشتنەکەی پیشان دەدایت، دواتر بە جیا دەچووە ناو وردەکاریی هەر یەک لە دوو لایەنە لێکتێنەگەیشتووەکان، زۆر بە وردی هۆکار و ئارگیومێنتی هەر یەکێکیان بۆ دەردەخستیت و دواتر هەمان گفتوگۆی سەرەتا کە لێکتێنەگەیشتنەکەی دروست کردبوو، سەرپێ دەکەوتەوە، بەڵام ئەم جارەیان تەنها لێکتێنەگەیشتن نییە، ئەم جارە تۆ ئارگیومێنتی هەر یەکێکیان دەزانیت کە بۆچی بە جۆرێکی پێچەوانەی بەرامبەرەکەیانن، نایشتوانیت کەسیان بە ڕاست بزانیت و کەسیشیان بە هەڵە، لەوەیش ناخۆشتر بە هیچ جۆرێک ناتوانیت وێنای شتێکی تر بکەیت لە دەرەوەی ئەم تێنەگەیشتنە، سەرئەنجام تەواوی فیلمەکەت لە بەرچاودا دەبێت بە بەسەرهاتێکی سادە کە کۆمەڵێکی زۆر لەو کەسانەی تێدایە کە بە هیچ جۆرێک لە یەکتری تێناگەن و ئەوەی ئەوانی بە یەکەوە بەستووەتەوە، تەنها بەسەرهاتە سادەکەیە کە دەتوانین وەکو ژیان سەیری بکەین، بێگومان زۆر بە ئاشکرایش لایەنی خەتابار دەکات بە هەمان ئەو ژیان و بەسەرهاتە و لە زۆر شوێندا دەیبینین کە ئەوە ژیان بووە تەواوی جیاوازییەکانی دروست کردووە و هەر ئەویشە کە بە سەرسەختی ڕێگری دەکات تا ئەم جیاوازییانە وەک خۆیان دەربخرێن، کە دەڵێم وەک خۆیان زۆر بە مەبەستەوە وا دەڵێم، چونکە بەشێکی ئێجگار زۆری فیلمەکە بە دەرخستنی ئەم شتانەوە ڕۆیشت، بۆ نموونە ژنەکە لە شوێنێکدا بە مێردەکەی دەڵێت: “من ئاگاداری هەموو ئەو هۆکارانەم کە تۆ خەریکی باسیان دەکەیت، دەیشزانم بۆ هەر یەکێکیان قسەی خۆتت هەیە و کەسێک نییت لە خۆتەوە شتێک بکەیت، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش من ناتوانم تۆ قبووڵ بکەم بەم جۆرە، قسەکە لەسەر بۆچوونەکانت نییە، چونکە هەمیشە لۆجیکیان هەیە، بەڵکو قسەکە خۆمم کە تەنانەت لۆجیکیش بەس نییە بۆم.” لێرەدا زۆر بە وردی دەست دەخرێتە سەر کێشەکە و زۆر بە باشییش دەردەخرێت، بەڵام دەرکەوتنێک نییە کە هیچ شتێکی زیادە لە خۆیدا هەڵبگرێت، تەنها وەک خۆی دەردەکەوێت و وەکو خۆیشی دەڕواتەوە ناو ناخی کەسەکە، بەبێ هیچ گۆڕانێک، لەوانەیە ئەوە هیوایەکی نەزۆکی من بێت کە بڵێم ئەم دەرکەوتنە دەرکەوتنی شتەکە نەبووە وەک خۆی و تەنانەت لەم دۆخانەیشدا هێشتا دەکرێت شتەکان وەک خۆیان دەربکەون و توانای دەستکاریکردنێکی بچووکیان هەبێت، بەڵام ئێستا کە فیلمەکە تەواو بووە و دەگەڕێمەوە سەر فیلمەکانی تری جەیلان و ژیانی خۆیشم، هەمیشە بەو جۆرە بووە و هیواکەیش هەرگیز کاری نەکردووە.

ئەوەی لە کۆتاییدا دەمەوێت باسی بکەم، مۆسیقایە. بە درێژایی فیلمەکە تۆ هەر جارێک گوێت لە مۆسیقا دەبێت، هەر یەک مۆسیقایە دووبارە دەبێتەوە، ئەویش چەند خولەکێکی کەم لە سۆناتەکەی شۆبێرت، ئەم دووبارەبوونەوەیە تا شوێنێک بێزارکەرە و هۆکارێکی وا نابینیت بۆی، بەڵام لە یەکێک لە دیمەنەکاندا (دیمەنی پارەسووتاندنەکە)، هەمان مۆسیقا بە پەیوەند بە شتەکانی تری ناو دیمەنەکە، تەواو جیاواز دەردەکەوێت، بێگومان شۆکی ئەم دیمەنە کە دیمەنێکی تا ڕادەیەکی باش سادە بوو، بۆ من زۆری خایاند، بەڵام دوای شۆکەکە کە هەموو فیلمەکەم هێنایەوە بەرچاوی خۆم، بۆم دەرکەوت تەنها مۆسیقاکە شتە دووبارەکە نەبوو، بەڵکو هەموو فیلمەکە و بەشی زۆری دیمەنەکان بریتی بوون لە دووبارەکردنەوەی یەکتر، بۆ نموونە هەر ئەو بابەتی زمانەی کە پێشتر باسمان کرد، بەڵام لەو دیمەنەدا سەرەڕای ئەوەی کە هەموو شتەکانی دووبارەبوون و شتێکی نوێی تێدا نەبوو، دەرهێنەر بە جۆرێک دروستی کردبوو کە تەواوی شتەکان لە لای تۆ جیاواز دەربکەون، زۆر بە باشی دەمزانی کە کەسایەتییەکان چی دەڵێن و چی دەکەن، چاوەڕێی هەمان شتیش بووم ڕوو بدات و هەر هەمان شتیش ڕووی دا، بەڵام هەر ئەوەندەی شتەکان ڕوویان دا، هەستم کرد جیاواز بوون، بەبێ ئەوەی جیاواز بن، کارەکتەرەکە خۆیشی هەمان هەستی هەبوو، بە درێژایی ژیانی ڕووبەڕووی هەمان لێکتێنەگەیشتن بووەتەوە، لەگەڵ نزیکترین کەسەکانیشیدا، بەڵام ئەم جارەیان تەواو جیاواز بوو، لە ئەنجامدا بە گریانەوە ڕۆیشتەوە ماڵەکەی خۆی و سۆناتاکەی شۆبێرت دووبارە دەستی پێ کردەوە، ئەمە هەمان ئەو ساتەی فیلمەکە بوو کە بینەر تێیدا ڕێک دەبێت بە کەسایەتییەکەی بەرچاوی، بینەریش وەک ئەو دەگریی، دەیشزانێت ئەوەی ڕووی دا هەر هەمان شتەکانی پێشووە، بەڵام نازانێت ئەم جارە بۆچی جیاواز بوو.

خەوی زستان Winter Sleep
هاوبەشی بکە

Film, Winter Sleep,