19/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینه‌ر و فیلم: سەر شەقام یان ژووری نووستنی شاژن

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

نووسینی: دانا نازەنین

کاتێك لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵێك کرێکاری نەتەوەپەرستی ئەرجەنتینی لە ناو ئاوی ئەرجەنتیندا دەست بەسەر کەشتییەكی دەریایی بەریتانیدا دەگرن، (مارگرێت تاچەری) سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی بەریتانیا؛ جەنگ لەگەڵ ئەرجەنتیندا ڕادەگەیەنێت و بودجەی ئەم جەنگەش ٣ بلیۆن پاوەند دەبێت. لەم کاتەشدا لە هەموو بەریتانیادا نزیکەی ٢ ملیۆن لە خەڵكی بێکار دەبن؛ لە کاتێکدا ڕێژەی دانیشتوان زیاتر لە ٥٠ ملیۆن کەسەوەیە. گەنجێکی کرێکار کارەکەی لەدەست دەدات، بەم هۆیەوە ھاوژینەكەی لێی جیا دەبێتەوە و دوو منداڵەكەیشی لەگەڵ خۆیدا دەبات، ئەم گەنجە ھەرچەند هەوڵ دەدات منداڵەكان بگەڕێنێتەوە سەرکەوتوو نابێت، نازانێت لە كوێ سکاڵا تۆمار بكات لەو بێکارییە و لەو هەڵەیەی سەرۆك وەزیران. ڕۆژێك دەچێتە دەزگایەکی حوكومییەوە و دەڵێت: ”هاتوم سکاڵا لەسەر سەرۆك وەزیران تۆمار بكەم، ئێمە کە بێکارین بۆچی وڵاتەکەمان لە جەنگێکی بێسووددا پارە بە ھەدەر دەدات؟”

کارمەندەكەش بە تانەوە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: ”ئێرە شوێنی گلەیی نییە، ئەگەر دەتوانیت بڕۆ  سەر شەقامەکان، یانیش بڕۆ بۆ لای سەرۆك وەزیران، یان لە هەمووی باشتر بڕۆ بۆ لای شاژنە ئێلیزابێس.”

دوای چەند ڕۆژێك و هەوڵدانێکی زۆر، شەوێك ئەو گەنجە بەسەر دیوارەکاندا هەڵدەزنێت و دەچێتە ناو باڵەخانەی شاژنەوە لە لەندەن، هەموو بەربەستە چاودێرییەکان دەبڕێت و بە نهێنی بەسەر دیوارەکەدا هەڵدەزنێت بۆ ژووری نووستنی شاژن و شووشەی پەنجەرەی ژووری نووستنی شاژن دەشکێنێت و دەچێتە ژوورەوە، شاژن لە خەو ڕادەپەڕێت و دەکەوێتە گفتوگۆ و ڕەخنەگرتن لە سیستەم و بێئاگایی شاژن لە خەڵکی هەژار. ئەم ڕووداوە دەبێتە دەنگوباسی میدیاکان، سەردێری یەکێك لە تەلەفزیۆنەكانی وڵات بەتانەوە دەڵێت: ”چیدی کەس لەم وڵاتەدا پارێزراو نییە، کاتێك پیاوێك پەنجەرەی نووستنی شاژن دەشکێنێت و دەچێتە ژووری شاژنەوە! ئیدی شاژن سەرۆك وەزیران بانگ دەکات و لەسەر جەنگ و بژێوی خەڵك ڕەخنەی لێ دەگرێت و بە پێی دەسەڵاتەکانی خۆی فەرمانی پێ دەکات کە گۆڕانکاریی لە حكومەتدا بکرێت، لە کاتێکدا بەریتانیا جەنگەکەشی بردووەتەوە.”

ئەمە ڕووداوێكی ڕاستەقینەیە و یەکێك بوو لە ڕووداوە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم زنجیرەیە لای من، گەنجێك لەبەر بێکارییەکەی ئەو سەرکێشییە دەکات و داوای مافی خۆی دەکات، لە کاتێکدا بە هەزارەها گەنج لای ئێمە بێکار بوون نەك لە پێناو جەنگی نەتەوەییدا، بەڵکو لە پێناو خۆشی و گیرفان و کەڵەکەکردنی سامانی کەمینەیەکی چینی چەتەگەری فەرمانداردا، بەڵام هێشتا ناڕەزاییەکی ڕاستەقینە سەر ڕێ ناخرێت.

مێژووی فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆرەکان و وڵاتانی جیهانی یەکەم لە ڕابردوودا بە گشتی مێژووی بنەماڵەی شاکان و چینی سەرەوە و ئەرستۆکراتەکان بووە، بەڵام بە هۆی شۆڕش و هەڵگەڕانەوەی سۆسیالیست و چینی هەژاری کۆمەڵگەوە ئەم سیستەمی حوكومڕانییانە یان نەماون و سیستەمی دیكە شوێنی گرتونەتەوە، یانیش ڕیفۆرم و تازەگەرییان تێدا کراوە و گونجێنراون لەگەڵ سیستەمە دیموکراتەکاندا، بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بە ڕیفۆرم لە سیستەمی پاشایەتیی خۆیدا دەرفەتی بۆ شۆڕش و کودەتا نەهێڵاوەتەوە، بۆیە بەردەوام و بە گوێرەی زەمەن بنەماڵەی شا دەسەڵاتەکانیان تەسلیم بە خەڵك کردووەتەوە و مۆدێرنایزیان كردووە و چەند دەسەڵاتێکی ڕەمزییان بە دەستەوە ماوە. ژیری و لێهاتویی و سەنگینی شاژنە ئێلیزابێسی دووەمیش لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا وای کردووە هەمیشە ڕۆڵێکی جوانی نەتەوەیی بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی وڵاتدا، هەر بۆیە لە ئێستادا شاژن بووەتە یەکێك لە سیمبولی هەرە دیاری نەتەوەیی پایەدار و بە قەدرەکانی نەتەوەکانی بەریتانیا، هەمیشە ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە ڕێکخستنەوەی نەتەوەی بەریتانیی و حوكومەتی بەریتانیادا و لە لایەن خەڵکەوە ناوی ”دایکی میللەت”ی لێ نراوە، بە پێچەوانەی سەرکردە داهۆڵئاسا خۆپەرستەکانی خۆمان کە هەمیشە هەوڵی پەکخستن و شپرزەکردن و بازرگانیکردن بە نەتەوە و سامانی نەتەوەییەوەن بۆ پێگە و مانەوەی خۆیان لەسەر ئەو کورسییە فشۆڵەی کە لای هەزارەها گەنجی بێکار قیمەتی تۆزی بەرپێی دڵدارەكەی و کارێکی شیاوی نییە، کەچی لە ڕێگەی ڕاگەیاندکانیانەوە کە بە خوێن و قووتی هەزارەها گەنجی بێکار و کۆچکردوو بونیاد نراوە تایتڵێکی فشۆڵ و دەستكرد و ناشرینی نەتەوەییان بۆ خۆیان داتاشیووە، کە تەنانەت خۆیشیان لە نەشیاوی و نەگونجاویی ئەو تایتڵە لە کەسێتی داهۆڵئاسا قێز دەکەنەوە.

فیلم ڕۆڵێکی باش دەگێڕێت لە گێڕانەوەی مێژوودا، کاریگەریی فیلم لە گێرانەوەی مێژوودا لەسەر بینەر کاریگەرییەکی باشتر و لەبیرنەکراوترە لە کاریگەریی پەرتووك لەسەر خوێنەران، بەڵام ئەو ڕۆڵەی پەرتووكیش دەیگێڕێت لە وردی ڕوداوەکاندا لە توانای فیلم و سینەمادا نییە.

فیلمی تاجی پاشایەتی؛ فیلمێکی مێژووییە و چۆنێتی ژیان و ڕووداوە گرنگەکانی ناو ماڵی بنەماڵەی شاژنی بەریتانیا دەگێڕێتەوە، کێشە خانەوادەییەكان، کێشە سیاسییەکان لەسەر تەختی پاشایەتیی لە نێوان ”شا جۆرج”ی باوکی خاتون و ”دەیڤد”ی مامیدا، ھەروەھا پەیوەندیی و کاریگەرییەكانیان لەگەڵ حوكومەتی بەریتانی و سەرۆك وەزیرانەکانی بەریتانیا و جیهاندا هەر لە پەیوەندییان لەگەڵ نازییەكانەوە ھەتاكو بە جۆرج کەنەدی، وینستن چەرچڵ، مارگرێ تاجەر و هەموو ئەوانی دیكەش دەگات، ھەروەھا چۆنێتی هاتنی شاژن بۆ تەختی پاشایەتیی و ڕۆڵ و ژیانی تایبەتی خۆی لەگەڵ شازادە فیلیپی هاوسەری و مارگرێتی خوشکی و چاڕلس و خاتوو دایانادا و بەهێزی کەسایەتییەكەی لە یەکلاییكردنەوەی کێشە خانەوادەیی و سیاسییەکاندا، لە پاڵ ئەمانەشدا ڕووداوە شەرمەزارییەكانی ناو ماڵی شاژن بە وردی دەگێڕێتەوە، بە تایبەتی پەیوەندیی خاتوو مارگرێتی خوشکی شاژن لەگەڵ بەردەست و هاوڕێکانیدا، ھەروەھا پەیوەندیی چاڕڵسی کوڕی لەگەڵ کەمێلا و خیانەتی هاوسەرگیرییەکەی لە خاتوونە نازدار و شۆخ و شەنگەکەی لەیدی دایانا چۆنێتی جیابوونەوەی لەیدی دایانا لە چاڕڵس و کوشتنی لەیدی دایانا.

‎فیلمەکە لە چوار وەرز پێک هاتووە و هەر وەرزێكیش لە دە زنجیرە پێک هاتووە، بەگشتی ڕووداوەكانی سێ چارەکی سەدەی ڕابردووی بنەماڵەكە دەگێڕێتەوە، کاریگەریی فیلمەکە لە ئێستادا دەنگدانەوەیەکی باشی بەخۆیەوە بینیووە لە نێو خەڵکی بەریتانیادا، بنەماڵەی شاژنی ھێناوەتە جۆش، ھەروەھا ئەو بنەماڵەیەی ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر کردووەتەوە لە لایەن خەڵکییەوە، بە تایبەتی لە وەرزی چوارەمدا کە باس لە پەیوەندیی هاوسەرگیریی کچە شۆخوشەنگ لەیدی دایانا و شازادە چاڕڵسی کوڕی خاتوونی شاژن دەکات، کە پەیوەندییەکی سارد و نامرۆڤانەی بنەماڵەی شاژن و چاڕڵس بە تایبەتی لەگەڵ دایانادا، ژیانی تراژیدیی لەیدی دایانا وەکو کچێك کە لە چینەکانی خوارەوە لەگەڵ بنەماڵەیەکی ئەرستۆكرات و چینی سەرەوەدا، لە کۆتاییشدا مەرگی دایانای لێ کەوتەوە بە ڕووداوێكی ناڕوونی پلانبۆداڕێژراو.

‎لەیدی دایانا کچێك کە وەکو چینی خوارەوەی کۆمەڵگەی بەریتانیی دەڵێن ئەو شاژنی ڕاستەقینەی دڵی بەریتانیەکان بوو، کێژۆڵەیەکی جوان و شۆخوشەنگ و ئاسایی کە بەشداری ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی هەژار و پەککەوتەی دەکرد و بەم جۆرەش سەرنجی هەموو دونیا و میدیاکانی بە لای خۆیدا ڕاکێشابوو؛ لەبەر سادەیی و جوانییەکەی و هەستە مرۆییەکەی، بەڵام لە ناوخۆی کۆشکدا پەراوێز و تەنها کرابوو، ئەو کچۆڵەیەی کە خۆشەویستی و جوانی و هەستی مرۆیی دەبەخشییە تەواوی خەڵکی، لە لایەن چاڕڵسی هاوسەری و بنەماڵەی شاهانەوە بێ خۆشەویستی و لە مرۆڤبوون خرابوو، لە جوانی بێبەش کرابوو، کۆشکی بۆ کرابووە زیندانێك و تا رادەیەك کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی چەندان ئازاری تراژیدیی و پەراوێزخستن و بە بێنرخ سەیرکردن دەبووەوە لە لایەن بنەماڵەی شاژنەوە، تەنانەت دواجار بە نەخۆش و ناتەواو پێناسیان کرد و لە کۆشك وەدەریان نا، لە کاتێکدا دایکی هەردوو شازادە ولیەم و هاری بوو.

‎ئەم درامایە و کۆمپانیای نێتفلێکسیش وەك بەرهەمهێنەری زنجیرەکە لە لایەن بنەماڵەی شاژنەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە بەوەی کە گەمەی بە ڕاستییەکان کردووە و ڕووداوەكانی بە هەڵە نیشانی خەڵکی داوە، بەڵام لای زۆرێك لە خەڵکی فیلمەکە بەرز نرخێنراوە چونکە حەقیقەتەکانی ناو کۆشکی خستووەتە ڕوو.

‎زنجیرەکە پشتی بە گێڕانەوەیەکی شانۆیی ”پیتەر مۆرگان” بەستووە، ”ستیفن دۆڵدری” دەرهێنەری فیلمەکەیە و زنجیرەکە لە لایەن خودی کۆمپانیای نێتفلێکسەوە بەرهەم هێنراوە، کە باس لە ژیان و ڕووداوەکانی شاژنی بەریتانیا دەکات لە دوای تەمەنی ٢٥ ساڵییەوە. لە ساڵی ١٩٤٠وە دوای مەرگی باوکی شا جۆرجی حەوتەم تا زەمەنی مۆدێڕنی ئەمڕۆ.

هاوبەشی بکە

Movie, the crown,