23/03/2024
DidiMn Logo
Top

به‌شی یه‌كه‌م: ژنانی ڕابه‌ری ئۆرکێسترا

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

نووسینی: ماریتا نیان – هوا چەنگ
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: شنیار عومه‌ر

پێشه‌كی

لە کاتی پلاندانانمان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵەوتارێک دەربارەی پلەوپایەی ژن لە سەرکردایەتیکردنی ڕێکخراوەکانی ئۆرکێسترای سیمفۆنی، دەمانزانی ژمارەیەکی زۆر کەم ژن لە پۆستی بەڕێوەبەری میوزیک و ڕابەری ئۆرکێسترادا هەن. لەبەر ئەوە بە دۆزینەوەی ماریتا نیان هوا چەنگ زۆر شادومان بووین. ماریتا نەک تەنها بەڕێوەبەری  میوزیک و ڕابەری ئۆرکێسترایە بەڵکو مامۆستا و نووسەر و زمانحاڵی ئەو گیروگرفتانەیە کە ژنان لە بواری میوزیکدا ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 لە ناونیشانی وتارەکەوە خوێنەر دەتوانێت بگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە هوا چەنگ ڕەخنەگرێکی بەتوانا و وریای بواری ڕابەڕایتیکردنی ئۆرکێسترایە. خوێندنەوەی یەکەمین دێڕەکانی وتارەکە سەرنجت ڕادەکێشیت و ڕاستەوخۆ درێژە بە خوێندنەوەی دەدەیت.

مێژوو، بەربەستەکان، لایەنە باشەکانی ڕابەری ژن

چەنگ لەم وتارەدا بە بەکارهێنان و پێداچوونەوەی ئامارەکانی کارکردنی ژنان لەسەر ستەیج چ وەک ئەندام یان وەک ڕابەری ئۆرکێسترا، پوختەیەکمان لەسەر مێژووی ژنانی ڕابەری ئۆرکێسترا پێ دەدات. پاشان بە وردی ئەو بەربەست و کێشانە دیاری دەکات کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، هەر لە کێشەی نەبوونی دەسەڵاتەوە بۆ دژایەتیکردن و بەهەندوەرنەگرتنی هونەرمەندانی ناوخۆیی. دوابەدوای ئەوە شیکارییەکی وردمان لەسەر سوودەکانی هەبوونی ڕابەری ئۆرکێسترای ژن بۆ دەکات.

دواتر وتارەکە فۆڕمێکی شەخسی وەردەگرێت. بە ئاماژەدان بە ئەزموونە کەسییەکانی خۆی چەنگ ئەوەمان بۆ باس دەکات کە چۆن لە ئەندامی خێزانێکی چینیی لە شارۆچکەیەکی باشووری ئۆهایۆوە گەشتووە بەم ئاستەی ئێستای. بە ڕاشکاوانە باس لەو ڕێگەیانە دەکات کە گرتویەتییە بەر، پێویستبووە بیانگۆڕێت تا لە پیشە هەڵبژێردراوەکەیدا سەرکەوتوو بێت. ماریتا چەنگ کەسێکی گەشبینە. باوەڕی وایە ئۆرکێسترا دەمێنێتەوە، بەڵام پێوستی بە گۆڕانکاری هەیە، هاوکات پێی وایە وەک بەشێک لەو خۆگونجاندنەی ئۆرکێسترا لەگەڵ جیهانی مۆدێرندا ئێستا دەرگاکان لە بەردەم ژنانی ڕابەری ئۆرکێسترادا کراوەن.

ژنانی ڕابەری ئۆرکێسترا:
ئایا شەمەندەنەفەرەکە وێستگەکەی جێهێشتووە؟

 جارێکیان لێیان پرسیم کارت چییە و منیش لە وەڵامدا وتم ”ڕابەر” یەکێک لەو کەسانە بە سەرسوڕمانەوە وتی ”ئۆو، زۆر حەزم لە ڕابەری شەمەندەنەفەرە!” زۆر جار خەڵکی نازانن کاری ڕابەری ئۆرکێسترا چییە. هەرچەندە وەڵامی ئەو کەسە وەڵامێکی نائاسایی بوو، بەڵام وا پێدەچێت ژمارەی ئەو ژنانەی ڕابەری شەمەندەنەفەرن هێندەی ژمارەی ئەو ژنانەی ڕابەری ئۆرکێستران کەم بن. هێشتاش لە جیهانی مۆدێرنەی ڕۆژئاوادا دونیای میوزیک مەیدانێکی نێرانەیە. چونکە بە ئێستایشەوە گۆڕانکارییەکان زۆر هێواشن. بۆ نموونە یەکێک لە هەرە یەکەمین ئۆرکێستراکانی جیهان بە ناوی فیلهارمۆنیکی ڤییەننا تەنها یەک ئەندامی ژنی هەیە. هەرچەندە بە لایەنی کەمەوە دەبێت ئاماری ژنانی میوزیکژەنی ئۆرکێسترایی هاوشانی ژمارەی دەرچووانی ژنبن لە پەیمانگە یان خوێندگە  میوزیکییەکاندا یان هیچ نەبێ بگاتە لە سەدا ٥٠ی ڕێژەکە. بەڵام ئەم ڕێژەیە لە ئۆرکێستراکانی نەمسا و ئەڵمانیادا تەنها لە سەدا ١٦یە و لە ئەمەریکاشدا ڕێژەکە لە گۆڕاندایە بۆ لە سەدا ٣٠ لە ئۆرکێسترا گەورەکان و لە سەدا ٥٠یش لە ئۆرکێسترا بچوکەکاندا. واتا بەگوێرەی ئەم ڕێژەیە لە هەر ئۆرکێسترایەکدا بۆ هەر ١٠٠ کەسێک یەک ژنی میوزیکژەنی بەردەکەوێت. (ئەم ژمارەیە لە ئۆرکێسترای باشووری فینگەردا کە من تێێدا بەڕێوەبەری میوزیکم دەگاتە سەدا ٤٢)

وەک ژنێک بوون بە بەڕێوەبەری ١٠٠ پیاو بێهیواکەرە. بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی ئۆرکێسترای سەمفۆنیای ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٩٧ لە کۆی نزیکەی ٤٢٥ ئۆرکێسترای پرۆفیشناڵ تەنها ٢٩ دانەیان ژنیان وەک بەڕێوەبەری میوزیک یان ڕابەری سەرەکی دیاری کردووە. ئەمەش تەنها دەکاتە لە سەدا ٧ هەموو بەڕێوەبەرە میوزیکییەکان. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە تا ئێستا هیچ بەڕێوەبەرێکی میوزیکی ژن لە هیچ کامێک لە باشترین ئۆرکێستراکانی جیهاندا (باشترین ٢٥ ئۆرکێسترای جیهان) بوونی نییە. هەر بۆیە ئێمە هێشتا مێژوو تۆمار دەکەین. بۆ نموونە پۆستگەلی وەک یەکەم بەڕێوەبەری میوزیک، یەکەم ڕابەری ژن لە ئۆرکێسترایەکی پرۆفیشناڵ و یەکەم بەڕێوەبەری ژن کە ئەرکی تەواوی کۆنسێرتێک لە ئۆرکێسترایەکی سەرەکیدا لە ئەستۆ بگرێت، هەموو ئەمانە بەم دواییانە ڕوویان داوە. ئێمە هێشتا لە دەستپێکی گۆڕانکاری و قبووڵکردنداین. بۆیە شتێکی ئاساییە کە تا ئێستاش دەبێت ژنێکی ڕابەری پرۆفیشناڵ بەردەوام لە پێناو بردنەوەدا بجەنگێت.

پوختەیەک لە مێژووی ژنانی ڕابەری ئۆرکێسترا

ئەگەر ئۆرکێسترا دیاردەیەکی نوێ بێت و بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە دەوروبەری ١٧٥٠کانەوە سەری هەڵدابێت، ئەوا ڕابەرایەتیکردن مێژوویەکی زۆر لەوە کورتتری هەیە کە تەنها بۆ ١٧٥ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئەگەر کەمێک زیاتر بگەرێینە دواوە دەتوانین یەکەم ”ڕابەرایەتیکردن” بۆ نزیکەی ٢٨٠٠ی پ.ز بگەڕێنینەوە؛ میسری و سۆمەرییەکان بە جووڵەی دەست یارمەتی ژەنیارانی هارپ و فلوتیان داوە و ڕابەڕایەتییان کردوون، ئەم ڕابەرایەتییە فۆڕمێک بوو لە ڕابەرایەتیکردن کە پێی دەگوترا چیرۆنۆمی (وەرگێڕ: فۆڕمێکە لە ڕابەرایەتیکردنی  میوزیکی، بە تایبەت لە میوزیکی گروپیدا کە تێیدا جووڵەی دەست ئاڕاستەی پێرفۆڕمانسی میوزیکژەنەکان دەکات.) چیرۆنۆمی تا سەردەمی یۆنانی کۆنیش بە بەکارهێنانی جوڵەی دەست و قاچ بەردەوام بوو پاشان لە میوزیکی کەنیسەدا زیاتر گەشەی کرد. ئێمە دەزانین کە ئەم جووڵە دەستییانە سیگناڵ بوون بۆ دروستکردنی جووڵەی میوزیکی و بە شێوەیەکی سەرەکی ئامڕازی بیرخستنەوە بوون.

لە ناوەڕاستی سەدەی پانزەهەمدا پێدەچێت بۆ دروستکردنی ڕیتم و هیشتنەوەی هەمووان لە یەک بازنەدا ڕابەر بە ئاڕاستەی سەروو و خوارەوەدا دەستی جووڵاندبێت. لە سەدەی حەڤدەهەمدا، کیبۆردژەن (ئۆرگانژەن یان پیانۆژەن) دەست یان پارچە کاغەزێکی قەدکراو یان دارێکی تەختەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆرسەکەی بەکاردەهێنا. ئەگەر نمایشەکە لە کەنیسەیەکی تاریکدا ئەنجامبدرایە کە تێیدا بینینی ئیشارەت قورس بوایە ئەوا هەندێک لە ”ڕابەرەکان” بە کلیلێک دەیانکێشا بە قەڕاغی کورسییەکاندا بۆ ئەوەی میوزیکژەنەکان شوێن پێی دەنگەکە هەڵبگرن. هەر بەم جۆرە بوو کە چیرۆکە بەناوبانگەکەی لوڵی ئاوازدانەر/ ڕابەر سەریهەڵدا گوایە لەسەریەک گۆچانەکەی دەستی بە زەوییەکەدا کێشاوە تا ڕێتمەکە بەردەوامی هەبێت، بەڵام ڕۆژێکیان زۆر بەجۆش بووە یان لەوانەیە لە بێزاریدا بووبێت بۆیە لە جیاتی زەوییەکە گۆچانەکەی بە قاچی خۆیدا کێشاوە، دواتر بە هۆی نەخۆشی گەنگریناوە کۆچی دوایی کردووە.

لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەهەمدا، ڕۆڵی ڕابەر درایە کەمانژەن و ماستەری یەکەمی کۆنسێرت. لە سەردەمی هایدنی ئاوازدانەردا دوو ڕابەر هەبوون، یەکێکیان کۆنسێرت ماستەرەکە بوو بە کەمان و کەوانەکەیەوە و ئەوی تریشیان هایدنیش خۆی بوو لەسەر کیبۆردەکەی. هەتا ساڵانی ١٨٠٣کان هیچ ڕابەرێک بە دارەکەی دەستییەوە هاوشێوەی ئەم سەردەمە بە سەربەخۆیی لە بەردەم ئۆرکێسترادا نەوەستاوە. لە ڕاستیدا خودی ئاوازدانەرەکان خۆیان ڕابەری کارەکانیان دەکرد، بۆ نموونە سپۆنتینی سپۆر، وێبرن و مەندەڵسۆن هەریەکەیان خۆیان کارەکانی خۆیان بەڕێوە بردووە. یەکەم ڕابەری پرۆفیشناڵ (بەو تێگەشتنەی ئێمە ئەمڕۆ بۆ ڕابەر هەمانە) لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا دەرکەوت.

هەتا سەدەی بیستەم و ڕێک تا ١٠٣٩ ژنان لە مەیدانی ڕابەرایەتیکردندا بوونیان نەبووە. لەو ساڵەدا ئەنتۆنیا بریکۆ لەگەڵ فیلهارمۆنیکی بەرلیندا یەکەم کاری خۆی بۆ تاقیکردنەوە و وەرگرتنی ئۆفەری ڕابەری ئەنجام دا. ئەوە بوو دواتر بە دەستی بەتاڵ گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هیچ ئۆفەرێکی ڕابەری وەرنەگەرت. دواتر بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ کۆمەڵەیەکی ئۆرکێسترای بە ناوی بزنسمانەکانی دێنڤەر بەڕێوە برد. دوای ئەوەی جودی کۆڵین لەساڵی ١٩٧٤ فیلمێکی دۆکۆمێنتاری لەبارەی ژیانی بریکۆ دەرهێنا ئینجا توانی بە بەرفراوانی کاری ڕابەری ئۆرکێسترا بکات، بەڵام ئەوە کاتێک ڕووی دا کە ئیتر بریکۆ لە حەفتاکانی تەمەنیدا بوو. لە ساڵی ١٩٣٨، نادییە بۆلانگەر مامۆستای بەناوبانگی کۆپڵاند، پیستۆن، هاریس و ژمارەیەک لە کەسانی بەناوبانگی تر، بووە یەکەم ڕابەری ژنی ئۆرکێسترای سیمفۆنی بۆستن و ساڵی دواتریش سەرکردایەتی فیلهارمۆنیکی نیۆرکی کرد. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم شانازییە بۆ بۆلونگارە شانازی میوزیکژەنێکە چونکە ئەو وەک ڕابەرێک سەیری خۆی نەدەکرد و هەموو کۆنسێرتەکانیشی کۆنسێرتی تاک بوون و ڕابەری پیشەی ئەم نەبووە. هەر بۆیە تا ساڵی ١٩٣٠ ژنان نەیانتوانی وەک ڕابەری کۆنسێرتی سینگلیش ئەژمار بکرێن. تەنانەت خوێندنگەیەکی میوزیکی وەک جویڵیارد تا ساڵی ١٩٦٠کان ژنیان لە پڕۆگرامی ڕابەری  میوزیکدا وەرنەدەگرت.

ئەو بەربەستانەی ژنانی ڕابەر ڕووبەڕووی دەبنەوە

لە ١٩٦٧دا هارڵۆرد شانبێرگ بەڕێوەبەری دەستەی ڕەخنەگرانی ئەو کاتەی نیویۆرک تایمز لە کتێبەکەی بە ناوی ڕابەرە مەزنەکان دەنووسێت ”هەرچی بۆ ژنانی ڕابەرە، میوزیکژەنەکان دەزانن چ کاتێک دەست بکەن بە ڕیتمە خێراکە چونکە ئەمە ڕێک ئەو کاتەیە ژێرکراسەکانیان دەردەکەوێت” بە دڵنیاییەوە هەوڵی داوە گاڵتەئامێز بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆچوونی باوی ئەو سەردەمەی پێناسە کردووە. هۆکار چییە کە دەگوترێت ژن بۆ کاری ڕابەری ئۆرکێسترا نەکراوە؟

سەرەتا با لە کێشەی نەبوونی دەسەڵاتەوە دەست پێ بکەین. توێژینەوە سایکۆلۆجییەکان پێمان دەڵێن ئێمەی مرۆڤ عادەتەن کەسانێک وەک سەرکردە قبووڵ دەکەین کە دەنگێکی زۆر بەرز و تووڕەیان هەیە. ئەگەر وا بێت ژنان ناتوانن لەم کایەدا کێبڕکێ بکەن. لە زۆربەی کولتوورەکاندا ژنان وا فێر کراون یاخود مەرجە کە دەبێت خۆی لەگەڵ خەڵکی و باردودۆخەکان بگونجێنێت و بەردەوام زەردەخەنە بکات. بەگوێرەی نەریتە باوەکان و ئەو دۆخانەی تێیدان ئەگەر ئێمەی ژن بڕیاڕێک بدەین ئەوا تەنها کاتێک سەردەکەوین تێیدا کە ناڕاستەوخۆ ئەنجامی بدەین بە مانایکەی تر بە نهێنی. ئەم تایبەتمەندییانە تایبەتمەندییەک نین کە لە ڕابەرێک چاوەڕێ دەکرێت. ڕابەر دەبێت سەرکردە بێت: خۆسەپێنەر، هەڵخەڵەتێنەر و هیچ جێگەیەکی بۆ گوومان نەبێت و بە تەنها خۆی هەنگاوەکان بزانێت. چونکە ئەو بڕیارانەی لە کاتی کۆنسێرت یا ڕاهێناندا دەری دەکات ڕاسەتەوخۆ کار دەکاتە سەر نزیکەی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ کەس. لە بابەتی خۆسەپاندندا، ململانێ بۆ پیشەی بەڕێوبردن ئەوەندە سەختە بە جۆرێک بۆ ئەوەی ببی بە ڕابەر دەبێت لە تواناتدا هەبێت بەبێ دوودڵی پێش هەموو کەسێکی تر باز هەڵبدەیتە سەر ستەیجەکە. لەم بابەتەدا خۆبەزلزانین و متمانەی زیاد لە پێویست یارمەتیدەرە، بەڵام هێشتا ژنان ئامادەنین بۆ ئەم جۆرە شەڕانگێزییە. هەر بۆیە دەبێت لە دژی نەریتە باوەکان بجەنگن. چونکە ڕابەری ئۆرکێسترا تەنها لە ڕێگەی ڕەزامەندی تەواوی ئەندامانی ئۆرکێسترا و لیژنەی کارگێڕی و گوێگرەکانییەوە دەتوانێت ببێتە خاوەن دەسەڵات.   

هەر وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا ڕێگەی بەردەم ژنانی میوزیکژەن هاوشێوەی ئۆرکێسترا پڕە لە زەحمەتی، ئەوە بەڕێوەبەری میوزیکی هەر واز لێبێنە. ١٦ ساڵ لەمەوبەر، فیلهارمۆنێکی بەرلین بە بەشداریکردنی یەکەم ژن لە ڕیزەکەیاندا وەکو کلارنێتی سەرەکی تووشی شۆک بوون. قسەوقسەڵۆک لەسەر کلارنێست و ڕابەری ئۆرکێسترا ڤان کاراجان گەشتە لوتکە چونکە بەبێ ”ڕەزامەندی” ئەندامانی ئۆرکێستراکە ژنێکی بۆ ئەو ئەرکە دیاری کردبوو. دواتر مامەڵەی ئەندامانی ئۆرکێستراکە بەرامبەر ئەم ژنە بە جۆرێک بوو کە تووشی شوورەییەکی زۆریان کرد و دوای چەند ساڵێکی کەم ئۆرکێستراکەی بەجێهێشت. سەرەڕای هەموو ئەمانە ئەم ژنە بە بەشداریکردنەکەی کۆمەڵێک بەربەستی شکاند دوای خۆی چەندین ژنی تر بە قبووڵکراوی هاتنە نێو مەیدانەکەوە. فیلهارمۆنیکی ڤییەننا، ئەو شارەی خاوەنی شکۆمەندترین مێژووی  میوزیکە لە جیهاندا و جێگەی ئیلهامی ئاوازدانەرە مەزنەکانی وەک مۆزارت، بیتهۆڤن، براهام و زۆرێکی ترە، کەچی بە هۆی هەڕەشە و ناڕەزاییەکانی ڕای گشتی لە مارسی ١٩٧٧دا، هێشتا تەواوی ئەندامەکانی پیاون و تەنها یەک ژنیان تێدایە.

 ئەگەر جوداکارییەکی ڕەگەزی لەم جۆرە بەرامبەر بە ژنانێک بکرێن کە تەنها دەیانەوێت ببنە ئەندامی ئۆرکێسترایەک، ئەوا بیهێنە پێش چاوی خۆت کاتێک داوا لە میوزیکەژەنەکانی هەمان ئۆرکێسترا بکرێت ژنێک وەک سەرکردەی خۆیان قبووڵ بکەن. من وشەی ”سەرکردە” بە مەبەستەوە بەکار دەهێنم، چونکە  میوزیکەژەنەکانی ئۆرکێسترا هیچ ژنێک وەک سەرکردەی خۆیان قبووڵ ناکەن تەنها لە حاڵەتێکدا نەبێت ئەویش ئەوەیە توانای موزیکییان بسەلمێنن.  میوزیکژەنەکان کەیفیان بە ڕابەرەکان نایەت. هەبوونی نوکتەی زۆر لەسەر ڕابەرەکان گەواهیدەری ئەم ڕاستییەیە. بیرکەرەوە ئەگەر ”میوزیکژەنێک پەیوەندیی بە ئۆفیسێکی ئۆرکێستراوە بکات تا قسە لەگەڵ ڕابەرەکەیدا بکات بەڵام پێی بوترێت داوای لێبوردن دەکەم، بەڵام ڕابەرەکە مردووە.” میوزیکژەنەکە دووبارە و دووبارە لەسەریەک تەلەفون دەکاتەوە، بەردەوام هەمان وەڵامیشی دەست دەکەوێت. لە کۆتاییدا کارمەندەکە لە میوزیکژەنەکە دەپرسێت بۆچی ئەوەندە تەلەفون دەکەیت. ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت ”چونکە دەنگی تەلەفونەکە بۆ گوێچکەکانی من وەک میوزیک وایە” بیرمە کاتێک ڕابەرایەتی ئۆرکێسترایەکم دەکرد، کەسی دوومی کەمانی سەرەکی پێی وتم ”من بۆ نانی بەیانی ڕابەرەکان دەخۆم.” بۆ زۆرێکیان قبووڵکردنی ڕابەرێکی ژن وەک هەڵکۆڵینی زامی بریندارێک وایە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە گۆڕانێکی بەرچاو لە زیادبوونی ژمارەی میوزیکژەنە ژنەکان لە ئۆرکێستراکاندا هەیە. ئەمە جگە لەوەی هەست بە جۆرێک لە دۆستایەتی دەکەم لە نێوان ژنانی سەرکەتوودا جگە لە چەند حاڵەتێکی کەمی دیاریکراو نەبێت. ژنانی میوزیکژەن بە هۆی ئاشنابوونیان بە زەحمەتییەکانی هاوڕەگەزەکانیان بە گشتی پاڵپشتییەکی بێوێنەی ژنانی ڕابەر دەکەن و چەپڵەبارانیان دەکەن. سەرەتای پاڵپشتییەکی زۆر و پێشوازییەکی گەرمیان لێ دەکەن و ئامێزیان بۆ دەکەنەوە و پاشان داوای هەمان ئاستی شارەزاییان لێ دەکەن کە لە هەر ڕابەرێکی تر چاوەڕێ دەکرێت.

 ئەنجومەنی ئۆرکێسترا ئەرکی کاروباری ئابووری و کارگێڕی دامەزراوەکە لە ئەستۆ دەگرێت. لە بابەتی پێدانی پۆستی بەڕێوەبردن بە ژن ئەم پرسیارانە دەکرێت، ئایا بەڕێوەبەری میوزیکی ژن شارەزایی لە کێشەی بودجەدا هەیە؟ ئایا دەتوانێت سەرکەتوانە بابەتی زیادکردنی داهات بەڕێوە بەرێت؟ ئایا کەسایەتییەکی کاریزمای یان سەرکردانەی دەبێت؟ ئایا توانای تانەدانی هونەری ئەبێت؟ ئەی چۆن کێشەی ڕاکێشانی سەرنجی سێکسی بۆ سەر خۆی چارەسەر دەکات؟ ئەنجومەنی کارگێڕی بەردەوام لە کۆمەڵە کەسێکی پارێزگار پێک دێت کە دەیانەوێت ڕابەرێکی بە ئەزموون و خاوەن مێژوو وەک بەڕێوەبەری  میوزیک دیاری بکەن. بە دڵنیاییەوە هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ژن ئەم تایبەتمەندیانە نایانگرێتەوە. تەنها سەرکردەی شارەزا دەتوانن ئۆرکێسترای گەورەی وەک کۆلۆرادۆ، لۆنگ ئایلاند و گارند ڕاپیدا بەڕێوە ببەن.

لە کۆتایدا، ئەو وێنەیەی خەڵکی لە مێشکیاندا بۆ ڕابەر هەیانە وێنەی پیاوێکە. هاوشێوەی دیمەنی فیلمی فانتازیا کاتێک میکی ماوس تەوقە لەگەڵ شتۆکۆسکی ڕابەردا دەکات و بینەرەکانی تووشی شۆک دەکات، بە هەمان شێوەش ڕای گشتی کاتێک بۆ یەکەم جار بیرۆکەی ڕابەرێکی ژن دەبیستن قبووڵکردن بۆیان زەحمەت دەبێت. کەسی ڕابەر زۆر دیارە لەبەرچاو و بە ئامادەبوونی هیچ گومانێک نامێنێت لەسەر ئەوەی کێ نمایشەکە بەڕێوە دەبات. کەواتە ئێمە دەبێت لە هەموو کۆنسێرتێکدا کارێک بکەین ٢٠٠٠ بینەر قەناعەت بەم گۆڕانکارییە بهێنن. کاریکاتێرێک هەیە کە ژنێکە بە زۆر مێردەکەی لە کۆنسێرتی سیمفۆنیدا ڕائەکێشێتە دەرەوە. ئایا هەمان شت بەرامبەر ئەو ژنانە دەکەن کە لە دەسەڵاتدان؟ ئەبێت ژنێکی ڕابەری گەنجی سەرنجڕاکێش چ کاریگەرییەکی هەبێت؟ ئەم پرسیارانە هیشتا هیچ وەڵامێکی یەکلایکەرەوەیان نییە.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بە هیچ جۆرێک لە بەرژەوەندی کەسدا نییە ئەگەر ژنێکی ڕابەر لە پیناو تێرکردنی چاوەڕوانی ئەوانی تردا بکەویتە داوی نماییشی جەستەیەوە. ئایا ژنی ڕابەر پێویستە لەسەری گرنگییەکی زۆر بە ڕووکەش یان جوانی خۆی بدات؟ هەندێک لە ژنەکان کاتێکی زۆر بە نرخ لە جوانکاریدا بەفیڕۆ دەدەن کە دەتوانرێت ئەو کاتە لە میوزیک و گفتوگۆکاندا بەسەر ببرێت. پرسیارەکانی وەک، کۆتا جار کەی بوو ئەم عەزییەم لەبەر کرد؟ ئایا ئەم ملیوانە زۆر کراوەیە، ئەی ئەم عەزییە بێپشتەیان چۆنە؟ ئایا تا چەند ملی کراوە بۆ بەڕێوەبەرێکی گشتی ژن گونجاوە؟ ئەم جۆرە پرسیارارانە نانەت نابێت بیریشیان لێ بکرێتەوە.

یەکێکی تر لەو بەربەستانەی ژنان لە کاتی بەڕێوبردندا ڕووبەڕووی دەبنەوە سنوورداربوونی پەیوەندییەکانیانە. ئەگەر بێینە سەر ئەو ڕاستییە تەنانەت لە جیهانی بازرگانیشدا، ژمارەیەکی زۆرم کەم ژن گەشتوون بە پلەیەکی بەرزی بەڕێوبردن چونکە ژمارەی بەڕێوەبەرە ژنەکان زۆر کەمن. بوون بە سەرکردە بە بەکارهێانی سیستمی ”کۆتا”ش (ئەو دیاردەیەی کە تەنها ئەندامێک وەک نوێنەری تەواوی گروپێک قبووڵ دەکرێت) گومانی تازە لەسەر توانای ژن دروست دەکات. لە مەسەلەی ڕابەرایەتیکردندا کێشەکە هێز و ڕاکێشانی ئەوانی ترە بە لای خۆتدا. هێشتا هەموو ژنێکی ڕابەر لە ململانێدایە، هیچ ژنێک ناناسم لە پێگەکەی خۆی ڕازیبێت و لە پێناویدا کات و هێزی ئەوەی هەبێت یارمەتی ڕابەرە گەنجەکان بدات.

کێشەی سێهەم یەکێکە لەو کێشانەی کە ژنانی خاوەن پیشە لە هەموو بوارێک ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەویش تێکەڵبوونی ئاڵۆزانەی ژیانی شەخسی و ژیانی خێزاندارییە. ئایا دەکرێت پیشە، هاوسەرگیری، دایکایەتی، بەڕێوبردنی کاروباری ماڵ، خۆبەخشی و هەموو ئەمانە و زۆر شتی تریش لە یەک کاتدا بکرێت؟ ڕابەری ئۆرکێسترای پڕۆفیشناڵ بۆ ئەوەی بتوانێت پێش بکەویت ئەبێت بەردەوام لەم ئۆرکێسترا بڕوات بۆ ئەوی تر. سوڕانەوە بە دەوری زەویدا بۆ ماوەیەکی کاتی وەک ڕابەرێکی میوان و زۆر بە دەگمەن جێگیر بوون لە یەک شوێندا بە هۆی پیشەکەتەوە. ئەبێ کێ باجەکەی بدات؟ ڕابەرەکان خشتەیەکی کارکردنی زۆر نائاساییان هەیە. لە زۆرێک لە ئۆرکێستراکاندا ڕۆژانی ڕاهێنان دەکەوێتە ئێوارانی ڕۆژەکانی هەفتەوە و کۆنسێرتەکانیش دەکەوێتە ئێوارانی ڕۆژانی هەینی، شەممە و یەکشەمان، ئەو کاتەی کە کاتی پشوودان و بەسەربردنی کاتەکانیانە لەگەڵ خێزانەکانیان و نیوەکەی تری جیهان لە ماڵەوەیە. بەگشتی ژنی ڕابەرە پیاوە بەناوبانگەکان بە تەواوی دڵسۆزی خۆیان بۆ پیشەی مێردەکانیان پیشان داوە. شتە پێکەنیناویەکە ئەوەیە، کە ژنانی ڕابەریش پێویستیان بە ژنێکی ماڵەوەیە. (ئەمە بۆ زۆربەی ژنانی خاوەن پیشە ڕاستە.) لە کۆتاییدا، بە هەموو ئەو کاروبارە کۆمەڵایەتیانەی کە دەروونمان هیلاک دەکەن، هێشتاش دەرکەوتن بۆ ژنێکی ڕابەر و بەناوبانگبوونی بەبێ ئەوەی ئیگۆی مێردەکەی بریندار بکات وەک تەحەدایەک وایە. ژمارەیەکی کەمی پیاو ڕێگە بەوە دەدەن ببنە کەسی دووەم لە خێزاندا. هەموو ئەم بارودۆخانە بەربەستێکی گەورەن لە بەردەم ژناندا لە پیشەی ڕابەرایەتیکردندا.

کۆتا کێشە پەیوەندیی بە هەر یەک لە ڕابەری ژن و پیاویشەوە هەیە، ئەویش مەسەلەی بەهەندوەرنەگرتنی هونەرمەندانی ناوخۆیی و توانای ناوخۆییە. ئێمەی ئەمەریکی خوویەکی کۆنی هێنانەناوەوەی بەهرەی بیانیمان هەیە بە تایبەت لە میوزیکدا. هیشتا لە ڕووی  میوزیک و ڕۆشنبیرییەوە هەست بە کەمی دەکەین هەر بۆیە بۆ دۆزینەوەی ڕابەری ئۆرکێسترا وڵاتانی تر دەگەڕێین. تەنانەت هەتا سەدەی بیستەمیش متمانەمان بە ئاوازدانەرە ئەمریکییەکان نەدەکرد، کۆپڵاند یەکەم کەس بوو کە لە ١٩٢٠کاندا ناوبانگی دەنگی دایەوە. هەمیشە کەسانی بیانی بە شێوەزارە قورسەکانیانەوە بە باشتر دەبینران و ڕاستەوخۆ وەردەگیران. گۆڕینی ئەم شتە کاتی دەوێت. بیهێنە پێشچاو هەر پێنج ئۆرکێسترا گەورەکەی ئەم سەردەمە: فیلهارمۆنیکی نیۆرک کورت ماسری ئەڵمانی هەیە، ئۆرکێسترای فیلادیفیاش وڵفگانگ سواڵیشی ئەڵمانی هەیە و ئۆرکێسترای بۆستنیش سێجی ئۆزاوای ژاپۆنی هەیە و ئۆرکێسترای شیکاگۆش دانیاڵ بارینبۆیمی ئیسانی هەیە و هەرچی ئۆرکێسترای کڵیڤلاندیشە، کریستۆڤ ڤۆن دۆهانی ئەڵمانی هەیە. هیچ یەکێک لەم ڕابەرە میوزیکیانە بە ڕەگەز ئەمەریکی نین. لە دوای ئەوان هەر یەکەل پێنج ئۆرکێسترای پتستربۆرگ، لۆس ئەنجلۆس، ست لویس، سان فڕانسیسکۆ، ناشێۆناڵ تەنها دوو ڕابەری بە ڕەگەز ئەمریکی تێدایە ئەوانیش مایکڵ تیڵسۆن تۆماس و لێۆنارد ستاڵکین. لە کتێبەکەی سکۆنبێرگدا لە کۆی ئەو ٢٥ ڕابەرەی باسی دەکات هیچ یەکێکیان ژن نییە و تەنها ٣ دانەشیان بە ڕەگەز ئەمریکین.4 زۆر کەسی بەهرەداری بە ڕەگەز ئەمریکی ناچاربوون بۆ دەستکەوتنی کار ڕووبکەنە ئەوروپا. منیش خۆدی خۆم بۆ ئەوەی وام بەسەر نەیەت و لە پێشکەوتن نەوەستم دەبوایە لە جیاتی ماریتا ناوی دووەمم   ( نین-هوا) بەکاربهێنم و هەروەها بە شێوەزارێکی چینی قورسی قسەبکەم.

هاوبەشی بکە

Orchestra, women conductors,