05/12/2024
DidiMn Logo
Top

به‌شی دووه‌م: ژنانی ڕابه‌ری ئۆركێسترا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

نووسینی: ماریتا نیان – هوا چەنگ
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌شنیار عومه‌ر

لایەنە باشەکانی هەبوونی ڕابەری ژن:

وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بۆشاییەکی کلتوری لە نێوان پەروەردە و بارودۆخی نێر و مێدا هەیە. لەم ڕووبەرە پرۆفیشناڵەی ئەم سەردەمەدا، ئایا ژنان دەتوانن خۆیان بن یان دەبێت بەرگی جیهانی پیاوان بپۆشن؟ ئایا بەڕاستی خۆ سەپاندن باشترین ڕێگایە بۆ سەرکەوتن، یان تەنها ڕێگەیەکی تەقلیدی نێرانەیە؟ ئایا هیچ پیشەیەکی تر هەیە کە ژنان بتوانن ڕۆڵێکی گەورەی تێدا بگێڕنن و تێیدا بەهایەکی زیاتریان بۆ دابندرێت؟

ژنان وا فێرکراون نەرمونیان و لەسەرخۆ بن و پەیوەندییەکانیان بپارێزێن . هەمیشە خۆیان بۆ پاراستنی کۆمەڵگە، هارمۆنی، هاوڕێیەتی، دۆستایەتی تەرخان دەکەن و دەیانەوێت هەموو شتێک بە ڕێکەوتن چارەسەربکەن و خۆیان لە ڕووبەڕووبونەوە بپارێزن و نیشانەی هەستیار لەسەر پێکدادان دادەنێن. ئەمانە ئەو سەرمایەیە کە بەئامێزێکی کراوە لە زۆربەی بارودۆخەکاندا بەکاری دەیهێنن. لە جیهانی بازرگانیدا کۆمپانیاکان ڕوانینێکی بەهادارانەیان بۆ ئەو پرەسنیپانە هەیە کە ژنان پێی دەژین. بۆ نمونە، ژنان دەیانەوێت ستایلی هەرەوەزی لە بەڕێوبردندا لە ئاستێکی فراوانتردا بەکاربێنن. هەمیشە وادەکەن کە ئەوانی تر هەست بە بەهای خۆیان بکەن، لەسەر بنەمای بەکارهێنانی تەکنیکی ( خۆم و خۆت) کارمەندەکان بۆ کاری باشتر هاندەدەن . ئەم جۆرە لە بەڕێوەبەرایەتیە جیاوازە و بێگومان زۆر کۆمپانیا هەیە ئەم شێوازەی پێ باشترە.

بۆ نمونە ، تێبینی ئەوەم کردووە کاتێک لە کاتی ڕاهێناندا کێشە دروست دەبێت ، بە پێچەوانەی ڕابەرە پیاوەکانی ترەوە هەوڵدەدەم دوور لە خەڵك چارەسەری بکەم. تا ئێستا شایەتحاڵی چەندین ڕەخنەی شەرمەزارانە بووم لەلایەن  میوزیک ژەنەوە لەبەردەم تەواوی ئەندامانی ئۆرکێسترادا. بەڵام لەبری وەڵامدانەوە، کەسەکە ئەبەمە دەرەوە و دواتر مامەڵەی لەگەڵدەکەم. هەندێک جار پرسیاری ئەوەیان لێدەکەم کە ئەگەر کێشەیەکی شەخسییان هەبێت و کاری کردبێتە سەر پێرفۆڕمانسەکەیان. هەستم بەوە کردووە سەرئەنجام  میوزیک ژەنەکان بەم جۆرە مامەڵەیە زیاتر دڵخۆشن. بەکارهێنانی مۆدێلی موتڵەق وەک ئەوەی بڕیارەکانت وەک بڕیاری خوابن وهەر حوکمێک کە ئەیدەی هەمیشە ڕاستبێت و یەکسەر ببێتە یاسا، لەگەڵ من ناگونجێت. هەندێک بڕیار هەیە دوای کاردانەوە و گفتوگۆکردن و تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەریدا ئینجا دەزانیت بڕیارێکی باشە. باوەڕم وایە زۆرێک لە ژنان کاتێک دێتە سەر نزیکبوونە لە بڕیاردان لەگەڵ ئەم شێوازەدا هاوڕان.

لە کاتی ڕاهێناندا نمونەی زیاتر لە هاوڕانەبوون ڕوودەدات. کاتێک مەسەلەکە دەبێتە حوکمدان ( نازانیت کێ ڕاستە و کێ هەڵەیە) هەوڵدەدەم لە هەردوولاوە شتێک وەربگرم. لەڕاستیدا هەندێک جار ئەم شێواز مانایاکەی بەهێزتری  میوزیکی دەدات بە کارەکە و ڕێگە بۆ بۆچوونی نوێ خۆشدەکات. بە بۆچوونی من لە چارەسەرکردنی کێشەدا باشترە زیاتر لە چەند بیرکردنەوەک هەبێت وەک لە یەک دانە. هەمیشە ململانێییەکی  میوزیکی لە نێوان دونیابینی و بۆچۆنی هونەری ڕابەر و ڕای گشتییدا هەیە. لەبری ئەو ململانێیە هەردوولا دەتوانن پێکەوە بوونیان هەبێت تەنانەت سوود لە یەکتریش وەربگرن. توێژینەوەکان ئەوەیان نیشانداوە کە  میوزیکژەنی ئۆرکێستراکان لە زۆربەی بوارەکانی کارکردندا لە کارەکانیان ڕازی نین و داهاتێکی کەم و دەسەڵاتێکی کەمیان هەیە. 5 هەرلەبەرئەوەیە  میوزیکژەنەکان ئارەزوویان لەوەیە کە گوێیان لێبگیرێت. بۆ نومونە کاتێک کار دێتە سەر هەڵبژاردنی لیستی میوانەکان و بەرنامەڕێژی هەوڵدەدەم بۆچوونی  میوزیکژەنەکانیش وەربگرم. بەدڵنیایەوە بڕیاری کۆتای لای منە، بەڵام باوەڕم وایە کە سەرئەنجام کۆبوونەوە و هاندان ئەنجامی داهێنەرانەی دەبێت و ئەمەش لە سوودی هەمووانە هەر لە دامەزراوەکە و  میوزیکژەنەکانەوە بۆ گوێگرەکان و خۆشم.

گۆڕان گرنگە. بەدڵنیاییەوە ژنان دەبێت پشتیوانی گۆڕانکاری بکەن. ئەو وڵاتانەی بانگەشە بۆ ئایدۆلۆژیای فێمینیستی دەکەن کاتیک دێتە سەر مەسەلەی یەکسانی بۆ ژنان زۆر دوورن لە واقیعەوە. لە دنیایی نمونەیدا ژن و پیاو بەردەوام لە گۆڕاندان و لە یەکترییەوە فێردەبن، لە مامەڵەکردندا هاوکاری یەکتری دەکەن. کاتێک شتەکان جگە لە زۆرانبازی و خۆسەپاندن شێوەیەکی تر وەردەگرن ئەو کاتە دەبێتە هەنگاوی یەکەمی ڕێگایەکی ڕاست. بەمجۆرە جیهان بەزیادەوە سود لەم گۆڕانکارییە دەبینێت.

ئەزموونەکانی خۆم:

با بێینە سەر باسی ڕابورردی خۆم. لە کلتوری کۆنی چینیدا کوڕ گرنگییەکی زیاتری هەیە لە کچ. لەبەرهەمان هۆکار کاتێ شوویان دەکرد ئیتر خێزانەکانین دەست بەرداریان دەبوون و بەتەواوی دەبوونە بەشێک لە خێزانی مێردەکانیان. هەربۆیە شتێکی ئاسایی بوو کە هیچ گرنگییەکیان پێنەدرێت و ملکەچ و ژێردەستەی خۆیانیان بکەن و نەیاننێرنە بەر خوێندن. بۆیە من زیاد لە پێویست بەبەختم کە چانسی ئەوەم هەبووە لێرە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا لەنێو خێزانێکدا گەورەبم کە دەیانویست کچەکیان خاوەن پیشەی خۆیبێت. هەرچەندە زۆرینەمابوو پێچەوانەکەی ڕووبدا چونکە دەبوایە باوکم دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی لە ئەمریکا بگڕایەتەوە بۆ چین. ئەگەر ئەوەی بکردایە ئەوا من ژیانێکی زۆر قورسم دەبوو. بۆیە بەدڵنیاییەوە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە لە ئەمریکا ڕێک ڕێگایەکم هەڵبژارد کە پێچەوانەی ئەوەی بوو هەر کچێکی تر دەبوو بیکات .

ڕاستییەکی تر هەبوو ئەویش ئەوەبوو ئێمە وەک تاکە خێزانی چینی لە شارۆچکەکەمان لە باشووری ئۆهایۆ هەمیشە جیاواز بووین. هەر لە قۆناغی خوێندنگەوە هەتا کۆلێژ لە نێو ئەو پۆلەی تێیدا بووم من تەنیا کەس بووم کە سپی پێست نەبووم و شێوەیەکی جیاوازترم هەبوو لە هاوپۆلەکانم. گرنگ نەبوو چەنێک هەوڵمبدایە نەمدەتوانی وەک ئەوان بم، هەوڵدان بۆ ئەوەی کەسێکی خۆشویستراو بێت ئامانجێکی هەموو کچێکی ئاسایی گەنجە. ئەم جیاوازییە سوودێکی زۆری پێگەیاندم و جۆرێک لە هەستی سەربەخۆیی تێمدا دروست کرد کە لەوانەیە یەکەم هەنگاوی ڕێگاکەم بێت بەرەو بوون بە سەرکردە. زۆربەی کچانی چینی و زۆرێک لە کلتوورەکانی تریش ئەم شێوازە ژیانە نەژیاون. لەجیاتی ئەوەی ببمە کەسێکی پاسیڤ و بێدەنگ و دەستەمۆ بوومە  میوزیکەژەنێکی ئۆرکێسترایی و سەرکردە و سەنتەری سەرنجی هەمووان. هەربۆیە پێشینە کاریگەری زۆری هەیە.

ئەو کاتەی خوێندنگە و هەتا لە کۆلێژیش بووم دوو ژن هەبوون من وەک پاڵەوانی خۆم سەیرم دەکردن، هەردووکیان ڕابەری کۆرس بوون. ئەوان نیشانیاندام کە بوون بە ڕابەر بۆ ژنێک شتێکی مەحاڵ نییە. لە سەردەمی ئەواندا و لەگەڵ بوژانەوەی پیشە گەلێکی زۆر لە ساڵانی ٥٠ و ٦٠کاندا، ڕابەری ژنی سەرکەوتوو لای ئەوان ڕابەری کۆرس بوو نەک ئۆرکێسترا. ڕابەری کۆرس ئەرکی ئامادەکردنی ئەو کۆرسانەی لەسەر شانە کە دواتر ڕابەری ئۆرکێسترا لە کۆنسێرتەکەدا ڕابەرایەتی دەکات، هەربۆیە چینایەتیەکی شاراوەی بێدەنگی تێدا هەستپێدەکرێت بەوەی کە دەوترا ڕابەری ئۆرکێسترا لە ڕابەری کۆرس گرنگترە. دانیشتن لە ڕیزی گوێگراندا لە کۆنسێرتێکدا کە تۆ کۆرسەکەیت ئامادەکردووە و بەلام کەسێکی تر ڕابەری دەکات بە شێوەیەکی سروشتی هەستی تووڕەبوون دەدات بە ڕابەری کۆرسەکە. هەردوو پاڵەوانەکانم ئیڤا هیات و لۆرنا کۆکی دێ ڤارۆن زۆر گرنگیان بەم مەسەلەیە دەدا. بەڕێز مارگرێت هیڵیس ڕابەری کۆرس و ئەو کەسەی کە من لە ڤیستیڤاڵی ئاسپین  میوزیک کارم لەگەڵ کرد ڕووبەڕووی هەمان دۆخ بۆتەوە. لە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠کاندا زۆر بە پیشەی ڕابەری ئۆرکێسترای سەرسام بووە، بەڵام هیچ گریامانەیەکی نەبینووە وەک ژنێک بتوانێت لەو بوارەدا هەوڵبدات و سەربکەوێت بۆیە دواتر بە بڕیارێکی ڕیاڵیستیانە بریاری داوە ببێتە ڕابەری کۆرس.

منیش لە سەرەتادا وەک ڕابەری کۆرس دەستمپێکرد، چونکە پێموابوو ئەو چانسانەی لەو بوارەدا هەن لە بەڕێوبردنی ئۆرکێسترادا بوونی نییە. بەهەرحاڵ دوای حەوت ساڵ، بەهۆی ئەو پێشینە هونەرییەی وەک پیانۆژەنێک و چێلۆژەنێک هەمبوو بۆم دەرکەوت کە توانا هونەرییەکانم خۆی لە لە شانشینی ئۆرکێسترادا دەبینێتەوە. هەڵبەت ئەمە ڕێگایەکی نائاسایی بوو گرتبوومە بەر و لەو کاتەوەی بووم بە ڕابەری ئۆرکێسترای هەمیشە تاکە ژنی نێو هەموو تاقیکردنەوە و چاوپێکەوتنەکان بووم. بەردەوام پرسیاری ئەوەم لێدەکرێت، بوون بە ژنێکی ڕابەر چ هەستێکت دەداتێ؟ کێ هەیە بتوانێت بە ڕاستگۆی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە؟

بۆ ئەوەی وەڵاممان دەستکەوێت با پرسیارەکان ئاسانتر بکەین: ئایا وەک ڕابەرێکی ئۆرکێسترای ژن تووشی هیچ زەحمەتییەک بوومەتەوە لە پیشەکەمدا؟ پێش ئەوەی مەزندەی هیچ شتێک بکەن با دوو نمونەی بچووکتان بدەمێ، جارێکیان گۆرانیبێژێکی زۆر بەڕێز پێی وتم ( لەو باوەڕەدام مەبەسەتی ئەوە بوو تەنها تێبینییەکی پۆزەتیڤ بڵێت) ”زۆر جەربەزانە وەک پیاو ڕابەری دەکەیت.” بەهەمان شێوە ڕابەرێکی پیاوی بەناوبانگی تر پێێ وتم ”تۆ کەسێکی دەگمەنی، چونکە بە پێچەوانەی زۆربەی ژنانی ترەوە کە هەوڵی بوون بە ڕابەر دەدەن، تۆ دەستت لە ژنبوونی (فێمینیتی) خۆت هەڵنەگرتووە.” تێبینی لەم جۆرانە وامان لێدەکەن باشتر بیربکەینەوە.

ئایا دەبوو بگۆڕامایە؟ بەڵێ.  میوزیکژەن بۆ ئەوەی سەرکەوتووبێت دەبێت بەردەوام ڕەخنە لە ئەدای خۆی و ئەوانیتریش بگرێت. هەروەها دەبێت خاوەنی دیسپلین و ستانداردای هونەری تایبەت بەخۆیان بن ئەگەر نا لە جیهانی پڕ لە پێشبڕکێ پرۆفیشناڵی  میوزیکدا سەرکەتوو نابن. لە سەروو هەموویانەوە ڕابەری ئۆرکێسترا دەبێت گوێچکەیەکی ڕەخنەیی هەبێت. لە ڕاستیدا، هەر لەسەر ئەم باسە نوکتەیەکی ترلەسەر ئۆرکێسترا هەیە کە دەڵێت ” بۆچی ڕابەرەکان دڵیان بۆ دانراوە؟ خۆ ئەوان زۆر بە کەمی بەکاریدەهێنن. ” بۆ ئەوەی قبووڵبکرێم و لەسەرخۆبم و لە جیاتی سەرکردایەتی کردنیان دڵخۆشیان بکەم ئەبوایە زۆر شت بگۆڕم، بۆ نمونە:

  •  جاران کاتێک هەر هەڵەیەک ڕوویبدایە زەردەخەنیەکی لێخۆشبوونم دەکرد، بەڵام ئیتر دەستم لەو ڕەفتارە هەڵگرت، چونکە واپێدەچوو پێکەنینەکەی من ئەو پەیامە بگەیەنێت کە هەڵەکردن و ئامادە نەبووون شتێکی ئاسییە.
  • پاشان وازم لە پشتگیریکردنی لە ڕادەبەدەر هێنا، بۆ نمونە بە شتێک بڵێم باش کاتێک لە ڕاستیدا باش نەبوو. ئێستا ئەو  میوزیکژەنانەی لەگەڵمدا کاردەکەن دەزانن ستاندارد هەیە و و ئاسمانیش سنووری هەیە.
  • وا ڕاهاتبووم بە نەرمی قسەبکەم و لەرینیکی بەرز لە دەنگمدا هەبوو، بەجۆرێک هەندێک جار بڕگەکانی دەنگم لەجیاتی نزمببنەوە بەرزتر دەبوونەوە. دواتر بۆم دەرکەوت ئەم شێوازی بەکارهێنانەی دەنگ هیچ سیمایەکی زاڵبوونی پێوە دیارنییە. بۆیە دەنگمم بەهێزتر کرد و لەرینەوەکە نەما.
  • نازانم بابەتەکە تەنها سیمبولی بوو یان بەهۆی تەنزەکەی هاڕۆڵد شاچۆنبێرگەوە بوو، بەڵام ئیتر بەهیچ جۆرێک لە کاتی ڕاهێناندا تەنورە و عەزیم لەبەرنەدەکرد. چونکە لەبەرکردنی پانتۆڵ دەسەڵاتێکی زیاتری دەدایتێ و سەرنجی ڕەگەزی بەرامبەریشی کەمتر ڕادەکێشا.
  • دواتر وازم لەهەوڵدان بۆ بوونە هاوڕێیی هەموو کەسێک هێنا. ئەگەر بتەوێت ببیتە سەرکردە ناتوانی کەسێکی کۆمەڵایەتی بیت، چونکە ئەو دوو شتە پێکەوە ناگونجێن.
  • لە کۆتایدا، بەو پەروەردە ئاسیاییەی کە هەمبوو ئەوەی کە لە هەمووی قورستر بوو بۆم ئەوەبوو فێربووم لەسەر حسابی  میوزیکی و لە پێناو دڵخۆشکردنی ئەوانی تردا هیچ سازشێک نەکەم کاتێک باش بزانم کە نە لە بەرژەوەندی دەمەزراوەکە و نە میوزیکیشدایە. ڕابەر دەبێت بیرۆکە و تێڕوانین و ئاڕاستەی ڕوونی بێت.

 بە گشتی، بە زۆر قۆناغی فێربوون و پرۆسەی خۆ پەروەردەکردندا ڕۆشتم تا ببمە سەرکردەیەکی باشتر.

لە کۆتایدا

هەروەکو هەموومان دەزانین ، لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە ئاسانترین ڕیگە ئەوەیە پابەندی نەریتەکان ببین وەک لەوەی سنورەکان بشکێنین. تێکشکانی کڵێشەی نەریت کارێکی قورسە. هەرلەبەرئەوەیە هەتا ئەو کاتەی هەبوونی ڕابەری ژن شتێکی ئاسایی و قبووڵکراو دەبێت، ژنی ڕابەر دەبێت بەهێز بێت و ئامادەی سەرکەشی بێت. هەڵبەت هیچ گەرەنتیەک نییە بەڵام دەبێت ئامانجەکانیان زۆر لەوە مەزنتربن. دەبێت زیاتر لە کەسانی ئاسایی کاربکەن و بەمانای وشە تێبکۆشن. هێشتا چاوەڕوانییەکان لە ژن لە ئاستێکی باڵادان بۆیە دەبێت هەمیشە باشترینی نێو یارییەکە بن.

کۆتا بەربەست دۆخی ئەمڕۆی ئۆرکێسترا خۆیەتی . ئەگەر بەردەوام نێۆرک تایمز بخوێنیتەوە لەوانەیە وا بیربکەیتەوە کە هونەری ئۆرکێسترا لە مەترسیدایەو خەریکە بەرەو لەناوچوون دەچێت. ئایا بەڕاستی ئۆرکێسترا بەهۆی پێویستی زۆریان بە شومەک وبچووکی ڕووبەرەی شوێنە کۆنەکانیان دووچاری قەیرانی ئابووری دەبنەوە؟ ئەگەر ئەمە هۆکارەکە بێت، ئەوا دەبوایە بە ڕووخان و داخستنی ئەم ساڵانەی دوایی ئۆرکێستراکان ژمارەیان کەمتر و کەمتر بوایەتەوە وچانسەکانیش بۆ ژنانی ڕابەری ئۆرکێسترا کەمتر بوونایە. من هێشتا باوەڕم بەم شتە نییە. چونکە ئۆرکێسترا مێژوویەکی درێژیان هەیە و نامرن؛ بەڵکو دەگۆڕێن. بە گۆڕانیێکی مێتامۆرفیدا دەڕۆن هاوشان لەگەڵ گۆڕانی بابەت و پڕۆگرامە پەروەردەییەکان. من لەو باوەڕەدام کە  میوزیکی کلاسیکی هەمیشە بەرز دەنرخێندرێت. هەربۆیە دەرفەتی پیشەی ڕابەری بۆ ژنانیش هەر بوونی دەبێت. لە ڕاستیدا، مادەم ژنان لە پێشکەوتندان، لەوانەیە ئەوە ئێمە ببین کە بەخێرای خۆمان دەگونجێنین.

ئەمڕۆ ژنانی ڕابەر پێشکەوتنێکی بەرچاو و جێگیریان بەدەست هێناوە. دەرگاکان کراونەتەوە. هەربۆیە بەم میتافۆڕە کراوە کۆتای بە وتارەکە دەهێنم

“هەمووان سواری شەمەندەنەفەرەکە بوون!”

ماریتا نیان-هوا چەنگ بەڕێوەبەری  میوزیک و ڕابەری ئۆرکێسترای فینگەر لەیەکی باشووریییە و هەروەها پرۆفیسۆری  میوزیکە لە زانکۆی کۆلگەیت. لە کۆلێژی سیمز بەکالۆریسی تەواو کردووە و هەروەها لە پەیمانگای نیو-ئینگلاند بۆ  میوزیک بڕوانامەی ماستەری لە بواری بەڕێوبردندا بەدەست هێناوە.

پەراوێزەکان:

1 From material developed for A Quantitative Analysis of Women in Leadership

Roles in Symphony Orchestra Organizations that begins on page 91 of

this issue.

2 Normally I use the term “conductor,” not “woman conductor,” but for the

purposes of this article, I’ll live with the distinction.

3 Schoenberg, Harold. 1967. The Great Conductors. New York: Simon & Schuster.

4 The Great Conductors.

5 For instance, see Judy, Paul R. 1996. Life and Work in Symphony Orchestras:

An Interview with J. Richard Hackman. Harmony 2 (April), 1-13.

هاوبەشی بکە

Orchestra, women conductors,