16/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی عەندەلیب: بوێریی عەبدولحەلیم حافز لە بەرامبەر نزار قەبانیدا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڕۆژی حەوتەم (الیوم السابع)
لە عەرەبییەوە: زرار حەمید
سەرپەرشتیاری پەڕاو: لاوک ئەبوبەکر

یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی عەبدولحەلیم حافزی کردووەتە ئەو هونەرمەندە گەورەیە، دەقی گۆرانییەکانیەتی. ئەو هەمیشە بە وردی و لێزانییەکی زۆرەوە شیعرەکانی هەڵدەبژارد. ئەمە تەنها بۆ گۆرانییە ڕۆمانسییەکانی نا، تەنانەت بۆ گۆرانییە سیاسییەکانیشی.

دوو لە گۆرانییە هەرە دیارەکانی حەلیم، دەقی شاعیری ناوداری عەرەب، نزار قەبانییە. گۆرانییەکانی ”نامەیەك لە ژێر ئاوەوە” و ”ژنە قاوەگرەوەکە”، کە ئاوازدانەری ناودار، محەمەد ئەلموجی ئاوازی بۆ دانابوون. عەندەلیب خۆی دەڵێت: ”نزار قەبانی پەخشانی ‘ژنە قاوەگرەوەکە’ی پێش ئەوە لە دیوانەکەیدا بڵاو بکاتەوە، لەگەڵ پەیامێکدا بۆ ناردم.”

قەبانی لە پەیامەکەدا هەم وەسفی شیعرەکەی خۆی و هەم هیی عەندەلیبی کردووە: ”وشەکانی ئەم پەخشانە بە کەڵکی ئەوە دێن بکرێنە کارێکی هونەری، چونکە لە ڕووی شیعریەتەوە نوێن. ئەگەر هاتو بکرێتە گۆرانی، ئەوا بێگومان بیرۆکەیەکی باش دەبێت؛ بەڵام بوێریی کارێکی وا لە کەسدا نابینم. لەگەڵ ئەوەیشدا دەیڵێمەوە: وشەکانی ئەم پەخشانە ناوازەن و دەکرێت بکرێتە کارێکی هونەریی باڵا.”

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیی دەگمەندا، کە تێیدا حەلیم و قەبانی پێکەوە دەردەکەون، حەلیم ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە سەرەڕای ناوازەیی دەقەکە، قەبانی هەندێک شتی بۆ زیاد کردووە، بۆ ئەوەی زیاتر وەک گۆرانی دەربکەوێت، بەڵام ئەم گۆڕانکاری و زیادکردنانە لە دیوانەکەدا دانەنراونەتەوە. گۆڕانکارییەکانیش لەسەر داوای عەندەلیب خۆی بوون. هەرچەندە لە سەرەتادا قەبانی ڕای لەسەریان نەبووە، بەڵام لە کۆتاییدا ڕازی بووە و ئەو شاکارەیان لێ بەرهەم هێناوە، کە نزیکەی دوو ملیۆن کۆپیی لێ فرۆشرا.

بەشێك لە قەسیدەی ژنە قاوەگرەوەکە:

دانیشت و ترس لە چاویدا بوو
ورد دەیڕوانییە فنجانی هەڵگەڕاوە
وتی: کوڕم، خەمبار مەبە
خۆشەویستی لە چارەنووست نووسراوە
کوڕەکەم، شەهیدە ئەو کەسەی
ڕۆحی بۆ مەعشوق نەزر کراوە
زۆرم قاوە گرتووەتەوە، لێ تا ئێستا
فنجانێکم نەدیوە لەمەی تۆ بچێ
زۆرم قاوە گرتووەتەوە، لێ تا ئێستا
کەسەرێکم نەدیوە لەمەی تۆ بچێ

لە چارەنووست نووسراوە، دەبێ بۆ هەتاهەتایە
لە دەریای عیشقدا بیت
تەواوی ژیانیشت، کتێبێکی ئەسریناوی بێت
لە چارەنووست نووسراوە،
زیندانیی نێوان ئاو و ئاگر بیت
وێڕای گشت سووتانەکانی
وێڕای گشت پێشینەکانی
وێڕای ئەو خەمەی شەو و ڕۆژ لە ڕۆحماندایە
وێڕای زریان، وێڕای سەرما و سۆڵە و وەیشوومە و باران
سەرباری هەموو ئەمانە، کوڕەکەی خۆم
خۆشەویستی قەشەنگترین قەدەرە

ژنێک هەیە لە ژیانتدا، چاوانی ئەو ژنە بێ هاوتان، پڕ لە ئەفسوون
دەمولێوی نەخشین وەکو هێشووەترێ،
پێکەنینی گوڵەباخە و ئاوازی ڕوون
قژی قەرەجانەی شێتی… سەفەر دەکا بۆ گشت دنیا
ڕەنگە ژنێ بێ کوڕەکەم، هەرچی دڵە عاشقی بێ، هەر خۆی بێ دنیا

بەڵام ئاسمانی تۆ کوڕم، پڕبارانە، بەری ڕێیشت لێ گیراوە
خۆشەویستەکەی تۆ کوڕم، لە کۆشکێکدا ڕاکشاوە… لە بەرچاوە
ئەوەی خۆی بە ژووریدا بکا
ئەوەی داوای دەستی بکا
ئەوەی خۆی لە پەرژینی باخچەکەی هەڵسوێ
ئەوەی دەستی بەر بسکی هۆنراوی بکەوێ
بێسەروشوێنە، کوڕەکەم… بێسەروشوێن

کوڕەکەم، بۆ دۆزینەوەی… ڕوو لە هەموو شوێنێ دەکەی
لە شەپۆلی دەریاکان و بەردی پیرۆزەیی کەنار، پرسیار دەکەی
دەبی بە گەڕیدەی دەریاکان
لافاو هەڵدەسێنی بە گریان
خەمت هێندە گەورە دەبێ… تاکو دەبێ بە دارستان
وەلێ ڕۆژێ دێ بێیتەوە بە بەزیوی و
دەزانی چەند دڵشکاو بووی
پاش تێپەڕینی تەمەنێ… دەردەکەوێ
هەڵوەدای خەیاڵی خاو بووی
چونکە خۆشەویستەکەی تۆ کوڕم
نە خاکی هەیە، نە نیشتمان، نە ناونیشان
ئای چەند سەختە عاشقی ژنێک بیت کوڕم
بێ ناونیشان… بێ ناونیشان!

تێبینی: بۆ وەرگێڕانی بەشێک لە پەخشانەکە سوود لە وەرگێڕانی ئازاد بەرزنجی وەرگیراوە.

هاوبەشی بکە

Abdul halim Hafiz, nzar qabani,